چالاکى لێدانى کۆمپانیاى نەوتى عەین زالە

دواى سەرکەوتنەکانى هێزى پێشمەرگە لە شەڕى گەلى زاخۆ، عیسا سوار داواى لە بارزانى کرد بۆ لێدانى کۆمپانیاى نەوتى عەین زالە هێزێکى تایبەت پێکبهێنرێ...


بارودۆخی پێش چالاکییەکە

دواى سەرکەوتنەکانى هێزى پێشمەرگە لە شەڕى گەلى زاخۆ، عیسا سوار داواى لە بارزانى کرد بۆ لێدانى کۆمپانیاى نەوتى عەین زالە هێزێکى تایبەت پێکبهێنرێ، دواى ڕەزامەندى وەرگرتن و تاوتوێکردنى هەموو لایەنەکانى کردەکە، ئامادەکارییەکان بەشێوەیەکى تەواو نهێنى دەستى پێکرد، ئیتر ئەسعەد خۆشەوى فەرماندەى گشتى دەڤەرى بادینان، عیسا سوارى بۆ فەرماندەیی کردە سەربازییەکە دەستنیشانکرد. سەرکردەکانى ناوچەکە بایەخییاندا بە کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر شوێنى عەین زالە کە نزیکەى ١٥ تا ٢٠کم لە ناوچەى چیایی دوور بوو، ماوەى بە پێ ڕۆیشتنى ٨ تا ١٠ کاتژمێر بوو لە نزیکترین شوێنى پێشمەرگە، ڕووبارى دیجلە بەربەستێکى ئاوى بوو بۆ پەڕینەوەى پێشمەرگە، دەبوایە ئەو کردەیە لە ماوەیەکى پێوانەیی ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەى لە کاتى پاشەکشەدا ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت نەبنەوە و لە بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان دوور بکەنەوە. ئەوەى کردەکەى بۆ پێشمەرگە ئاسانکرد، لە ئەیلوولى ١٩٦٢ دوو پۆلیسى کورد بە ناوەکانى حەمە سور حوسێن بەرزنجى و مستەفا فەرەج شوانى بوو کە لە کۆمپانیاى نەوتى عەین زالە کاریان دەکرد پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد، دواى گفتوگۆ لەگەڵ فەرماندەکانى ناوچەکە و ڕاوێژ و وەرگرتنى زانیارى و ڕاگۆڕینەوە ئامادەییان دەربڕى کە بەشدارى لە کردەکەدا بکەن، ئیتر ڕەزامەندى کۆتایی لەسەر کردەکە درا.


ئامادەکارییەکانی پێشمەرگە

پێش ئەوەى پێشمەرگە لە ڕووبارى دیجلە بپەڕێتەوە، عیسا سوار کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەموو سەرقۆڵەکان و بەرپرسانى پێشمەرگە دەکات، لەو کۆبوونەوەیە هێزەکە بە سەر سێ کۆمەڵە دابەش دەکات و هەر کۆمەڵێک فەرماندەیەکى لەگەڵ ئەرکەکەى بەم شێوەیە بۆ دەست نیشان دەکات:

کۆمەڵەى یەکەم: هێزى عیسا سوار لەهەر یەک لە مەلا حەمدى عەبدولمەجید سەلەفى، عەبدولرەحیم جەسیم، عەریف دەروێش و حاجى قادو گراڤى لەگەڵ ڕێبەرى سەرەکى مستەفا فەرەج پێکهاتووە، ئەرکى ئەم کۆمەڵەیە کۆنتڕۆڵکردنى دەروازەى سەرەکى کۆمپانیەکە بوو.

کۆمەڵەى دووەم: هێزى هاشم مێرۆزى کە هەریەک لە عەلى عەلى سەیفەدین و موراد مومێ و شاهین شێخۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگە و ڕێبەرى سەرەکى حەمە سور حسێن بەرزنجى پێکهاتبوو، ئەرکى سەرەکى ئەم کۆمەڵەیە هێرشکردن بۆ سەر بنکەى پۆلیسى عەین زالە بوو.

دوا کۆمەڵە بەسەرپەرشتى عه‌لى هالۆ عه‌لى بوو لەگەڵ سەردەستە عەبدولڕەحمان دینو و ژمارەیەک لە پێشمەرگەى تر، ئەرکى ئەم کۆمەڵەیەش کۆنتڕۆڵکردنى چەندین دەزگاى گرنگ بوو لە ناو کۆمپانیاکە بە تایبەت ژوورى (بەدالە و بێتەل). لەگەڵ هێزێکى یەدەک کە لەسەر گردەکانى دەوروبەرى کۆمپانیاکە بڵاوەیان پێکرا بوو.


زیانەکانی دوژمن و دەستکەوتەکانی پێشمەرگە

شەوى ١١ لەسەر١٢ی تشرینى یەکەمى ١٩٦٢ پێشمەرگە دەستى بە ئەنجامدانى کردارەکە کرد، بە گوێرەى ئەو پلانەى پێشتر بۆى دانرابوو، دواى ڕووبەڕووبوونەوەیەکى سەخت لەگەڵ پاسەوان و پۆلیسەکانى ناو کۆمپانیا توانرا ئامانجەکانیان بپێکن، لە ئەنجامدا ژمارەیەک پۆلیس کوژران و بریندار بوون، هەروەها توانییان ٧٠ پۆلیس و ئەفسەر بەدیل بگرن و کە لە ناویان بەڕێوەبەرى کۆمپانیاکە (دیک دانکورت) و دوو ئەندازیارى بەریتانى هەبوو. هاوکات پێشمەرگە کۆگاى نەوت و بدالەى تەلەفۆن و هەشت ئۆتۆمبێڵى کۆمپانیاکەیان سوتاند و دەستکەوتەکانى پێشمەرگە لەو کردارە ٣٣ تفەنگ و ڕەشاش، شەش دەمانچە و دوو ڕەشاشى برێم و دوو کامیرەى وێنەگرتن لەگەڵ بڕێکى زۆرى کەرەستە و پێداویستى پزیشکى بوون، زیانى هێزەکانى پێشمەرگە لەو داستانە شەهیدبوونى پێشمەرگەیەک بوو بە ناوى شاهین شێخۆ، کە دواتر تەرمەکەى لەلایەن هێزەکانى عێراق لە گۆڕ دەرهێنرا و بە شێوەیەکى نامرۆڤانە سوکایەتى بە تەرمەکەى کرا و دواى ئەوەى بە ئوتۆمبێڵێکى سەربازى لەناو عەین زالەش ڕاکێشکرا. 


دەنگدانەوەی چالاکییەکەی پێشمەرگە

لەبەر گرنگى و دەنگدانەوەى سەرکەوتنى کردەکە مەلا مستەفا بارزانی، بروسکەیەکى پیرۆزبایی بۆ عیسا سوار نارد، دواى ئەوەى هەرچى پۆلیس و فەرمانبەرى کۆمپانیاکە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە ئازاد کران. تەنها لەسەر فەرمانى سەرۆک بارزانى دیلە بیانییەکان ڕەوانەى بارەگاى ئەو کران، لە کاتێ گەیشتنە بارەگاکەى لەلایەن خودى بارزانییەوە پێشوازییان لێدەکرێت و ڕێزێکى گەورەیان لێنرا و هەموو پێداویستییەکى حەسانەوەیان بۆ دابین کرا، دەبێت بگوترێت لە کاتى ئازادکردنى ئەو دیلانە و هەموو کەسانى بیانى لەلایەن شۆڕشى کوردەوە بە هیچ جۆرێک داواى دەسکەوتى ماددى لە هیچ لایەنێک نەکراوە، بێ بەرانبەر ئازادکراون.

 ئەمەش ئەوە دەگەینێ کە شۆڕشى کورد بە ڕێنوێنى ڕابەرى شۆڕش مەلا مستەفا بارزانی، هەمیشە ڕەچاوى بنەماکانى مافى مرۆڤ و بەها مرۆڤایەتییەکان و یاساکانى جەنگ بووە و هەرگیز پەنایان بۆ ئازاردانى دیلەکانى شەڕ و توندوتیژى نەبردووە، سەرەڕاى دڕندەیی مامەڵەى سوپاى دوژمن و نەبوونى پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ شۆڕشەکەى، کە تەنها چیاکان دۆستى بوون و پشتى پێ دەبەستان.     


چالاکی عەین زالە لە یادەوەری فەرماندە سەربازییەکانى سوپاى عێراق

تەنانەت ئەم چالاکییە گەورەیەى ئاماژەى پێکرا لە نووسین و یاداشتى فەرماندە سەربازییەکانى سوپاى عێراقیش ئاماژەى ڕوونى پێکراوە، کە دوژمنى شۆڕشى کورد بوون، بۆ نموونە فەریق سەعید حەمۆ تەلەعفەرى فەرماندەى فەوجى دووى ئەوساى لیواى ١١ى سوپاى عێراق شایەتى دەدات و نووسیویەتى: "ئەو کردە بۆێرانە پێویستى بە توانایەکى جەستەیەکى بەرز هەبووە، چونکە پێشمەرگەکان دووجار توانیویانە لە ڕووبارى دیجلە بپەڕنەوە، کردەوەکە لە دوو شەو و ڕۆژێک ئەنجام دراوە". هەروەها عەمیدى ڕوکن عەبدولکەریم فەرحان فەرماندەى فرقەى یەک لە سوپاى عێراق نووسیویەتى: "شۆڕشگێڕانى کورد هەڵمەتێکى سەرکەتوو و بوێرانەیان بۆ سەر بیرە نەوتییەکانى عەین زالە، لە باکوورى ڕۆژئاواى موسڵ ئەنجام داوە".


 ئامانج لە چالاکییەکە

مەبەست لەو کردە ئەوە بوو پیشانى حکومەتى عێراق بدرێ کەوا دەستى پێشمەرگە وەنەبێ تەنیا تا ناوچە چیاییەکان بڕ بکات، بگرە دەتوانێ لەوە زیاتر بڕوا و کارى وەک کارە چیاییەکان لە دەشتە تەختە بەرفراوانەکانیشدا بکا، لە لایەکى دیکە ئەم هێرشکردنەى سەر کۆمپانیاى عەین زالە دەنگدانەوەیەکى گەورەى لە ناو کۆڕوکۆمەڵە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا هەبوو، لە ئەنجامى ئەو کارەدا لە داڵانە نێودەوڵەتییەکاندا بایەخدان بە شۆڕشى کورد دوو بەرابەر بووە، لە بەرانبەر ناوبانگى حکومەت هاتە خوارەوە، چونکە نەیتوانى دامەزراوەکانى خۆى بپارێزێ، هاوکات ترسێکى بەخشییە ئەو وڵاتە بیانییانەى کە بەرژەوەندى نەوتییان لە عێراقدا هەبوو.

 دەکرێت باس لە لایەنێکى ترى ئەرێنى ئەم کردە بۆ ناوبانگى شۆڕشى کورد و لەکەدارکرن و ناوزڕاندنى شۆرەتى حکومەت بکەین ئەویش گاریگەرى هەبوو لەسەر هاندانى ڕۆژنامەوانانى بیانى بۆ سەردانیکردنى کوردستان و لێکۆڵینەوە لەسەر شۆڕشى کورد و هۆکارەکان و کوژرانى گەلى کورد و گەیاندنى دەنگى شۆڕشى کورد بە جیهاندا.


سەرچاوەکان:

1- عبدالفتاح علي البوتاني، منطقة بادينان 1925 – 1970، ج 2، مطبعة جامعة صلاح الدين، اربيل، 2017، ص 178 – 179.

1- روژین چلبى منیر، زاخۆ 14ى تیرمەها 1958 – 6ى ئادارى 1975، سەنتەرى زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردى، زاخۆ، 2018، ل 162 – 164.

3- مەسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى سێیەم، بەشى یەکەم، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، 2004، ل 95.

4- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، رۆژانێ لە مێژووى شۆڕشى ئەیلول، چاپى دووەم، نووسینگەى تەفسیر، هەولێر، 2006، ل 125.

5- سعيد حمو، مذكرات أمر لواء مشاة، بغداد، 1977، ص 52.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر