ئەنجومەنی سەرکرادایەتیی شۆڕشی ئەیلول

کۆتایی هاتنی سیستەمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٥٨ و هاتنە سەرکاری سیستەمێکی نوێی سیاسی لە عێراق کۆمەڵێک چاوەڕوانی زۆری بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بە دوای خۆیدا هێنا. هەمووان چاویان لەوە بوو کە سیستەمی کۆماری گۆڕانی بیری سیاسی لە عێراقد دروست بکات و ببێتە هۆی کرانەوە و قبوڵکردنی فرەیی لە وڵاتدا. لە ڕاستیشدا بەشێک لەم چاوەڕوانیانە لە دوای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، بەدیهاتن و...


کۆتایی هاتنی سیستەمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٥٨ و هاتنە سەرکاری سیستەمێکی نوێی سیاسی لە عێراق کۆمەڵێک چاوەڕوانی زۆری بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بە دوای خۆیدا هێنا. هەمووان چاویان لەوە بوو کە سیستەمی کۆماری گۆڕانی بیری سیاسی لە عێراقد دروست بکات و ببێتە هۆی کرانەوە و قبوڵکردنی فرەیی لە وڵاتدا. لە ڕاستیشدا بەشێک لەم چاوەڕوانیانە لە دوای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، بەدیهاتن و لەم نێوەندەشدا و وەکو بەشێک لە کرانەوەیە، زەمینە بۆ گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە یەکێتی سۆڤیەتیەوە بۆ کوردستان سازبوو.

دوای ساڵانێک لە دوورە وڵاتی، لە ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ مستەفا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەتەوە گەڕایەوە کوردستان. لەبەر ئەوەی ئەم گەڕانەوەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراقدا بەڕێوەچوو بۆیە چاوەڕوانییەکی زۆری لەلای کوردستانیان دروستکرد لە بارەی دەستپێکردنی سەردەمێکی جیاوازی پڕ لە ئاشتی و ئارامی لە عێراق و کوردستان. بە پێچەوانەوە ئاسۆی ئەم چاوەڕوانییە زۆر درێژەی نەکێشا و حکومەت و بە تایبەتیش شۆڤێنییەکان ئاراستەیەکی دژ و دوژمنکارانەیان گرتەبەر تا ئەو جێیەی کە هەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیان دا. پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی هەموو هەڵێکی خۆیدا کە ئەم دەرفەتی ئاشتییە بپارێزێت و تەنانەت لەم پێناوەشدا نەرمیی زۆری نواند بەڵام وادیاربوو کە بڕیاری حکومەتی شتێکیتر بوو.

بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتنە نێوان دوو ڕیانێکی چارەنووسساز کە ئەوانیش بریتی بوون لە سازشکردن لە بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییە ڕەواکان یان دەستپێکردنەوەی خەبات و قوربانیدا و لە ئەنجامدا ڕێگەی یەکەم بەبێ هیچ دوو دڵییەک ڕەتکرایەوە و بژاردەی دووەم وەکو ڕێگەیەکی ناچاری هەڵبژێردرا و لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرسا و ''ناوچەیەکی بەرفراوان لە زاخۆ تاوەکو خانەقین بووە مەیدانی شەڕی نێوان کورد و حکومەتی عێراقی... بەشێوەیەک لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا لە بەرەی ڕۆژئاوا تاوەکو سنووری عێراق و تورکیا لە بەرەی باکوور و سنووری عێراق و ئێران لە ڕۆژهەڵات و بەشێکی ڕووباری دیجلە و چیای حەمرین و شەنگال لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ کەتنە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی شؤڕش. دواجار بە هۆی بەردەوام بوونی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە تشرینی یەکەمی ١٩٦٥ بە دواوە نزیکەی ٣٥٠٠٠کم٢ لە ڕووبەری ئەو ناوچانە لەلایەن شؤڕشگێڕانی کوردەوە ئازادکران'' و بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەری، بەڕێوەدەبران.

شۆڕش لە بنەڕەتدا بریتییە لە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتێکی دیاریکراو و دامەزراوە جێبەجێکارەکانی بەڵام کارەکانی شۆڕشێکی سیستەماتیک لێرەدا کۆتاییان پێنایات چونکە بیرنەکردنەوە لە شوێنگرەوەی دامەزراوە ڕەتکراوەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی شێرازەی بەڕێوەبردنی وڵات و دروستبوونی پاشاگەردانی. شۆڕشی ئەیلول وەکو شۆڕێکی ڕیخکراو هەر لەسەرەتاوە بیری لە پڕکردنەوەی بۆشایی دامەزراوەکان لە سنووری ناوچە ئازادکراوەکاندا کردەوە. لەم پێناوەدا ''یەکێــک لەکارنامەکانــی مســتەفا بارزانــی بــه ڕێكخراوەكــردن و بــه دامەزراوەكردنــی دامودەزگاكانــی شــۆڕش بــوو، بــەڵام لەبــەر هەندێــک هــۆكاری ناوخۆیــی و دەرەكــی بــۆ ماوەیــەك ئــەو بەرنامەیــە دواكــەوت''. لە ڕێکەوتی ٢٨-٢٩ی ئەیلولی ١٩٦٤ کۆنگرەیەکی ئامادەکاری بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە شاری قەڵادزێ بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی و ئامادەبوونی ٣٥٠ کەسایەتی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری کوردستان سازکرا و پاش خوێندنەوەی دۆخەکە و ئەنجامدانی ئامادەکارییە پێویستەکان سەرئەنجام لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٤ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش پێکهێنرا و بەم شێوەیە ئەم ئەنجومەنە بووە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان لە کوردستان.

ئەنجومەنی سەرکرادایەتی شۆڕش لە نزیکەی شەست و پێنج ئەندام پێکهاتبوو کە نوێنەرایەتی حزب و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگایان دەکرد و لە شێوەی دامەزراوەی یاسادانان کاری دەکرد، بەم شێوەیەی خوارەوە:

  • ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان
  • فەرماندەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان
  • دوو ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعیی عێراقی
  • دوو زانای ئاینی
  • قەشەیەکی کریستیان
  • چەندین کەسایەتیی دیاری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان

ئەنجومەنی سەرکرایەتیی شۆڕش بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان و باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکانی، پێنج لیژنەی تایبەتی پێکهێنا کە بریتی بوون لە:

  • لیژنەی سەربازی بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروباری سەربازی و هێزەکانی پێشمەرگە.
  • لیژنەی دارایی بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروباری گومرک و باج و دارایی،
  • لیژنەی کارگێڕی بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکان.
  • لیژنەی دادوەری بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروباری دادوەری و بەڕێوەبردنی دادگاکان.
  • لیژنەی دەستور بە مەبەستی داڕشتنی پەیڕەوی ناوخۆ و پرۆگرامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش.

لە ١٧ی تشرینی یەکەم لیژنەکان کارەکانی خۆیان تەواو کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا ئەندامانی ئەنجومەن دەستوری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشیان پەسەندکرد و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا مستەفا بارزانی وەکو سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرا. لەبەر ئەوەی بەڕیوەبردنێکی سەردەمیانە و دامەزراوەیی لە پاڵ دامەزراوەی یاسادانان پێویستی بە دامەزراوەیەکی دیکە هەیە بۆ جێبەجێکردن، ئەنجومەنی سەرکرایەتی شۆڕشی ئەیلول لە نێو خۆیدا لیژنەیەکی دیکەی بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژارد کە بە لیژنەی تەنفیزی ناودەبرا. ئەم لیژنەیە وەکو حکومەت و دامەزراوەی جێبەجێکردن لە وڵاتدا کاری دەکرد.

         مەکتەبی تەنفیزی باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوو لە وڵاتدا و لە ١٢ ئەندام پێکهاتبوو. ئەم مەکتەبە بۆ خۆی لە هەشت مەکتەب و بەشێ جیاواز پێکهاتبوو کە بریتی بوون لە: مەکتەبی سیاسی، مەکتەبی سەربازی، مەکتەبی داد، مەکتەبی دارایی، مەکتەبی کاروباری دەرەوە، مەکتەبی ئابوری، بەشی ئاسایش و پشکنین و بەشی شێوازەکانی ڕاگەیاندن.

         ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بە پێی دۆخ و قۆناغە جیاوازەکان و ئەو پێشهاتانەی کە لەو ماوەیەدا هاتنە پێش لە کارەکانی بەردەوامبوو هەتا ١١ی ئاداری ١٩٧٠. لە ڕاستیدا هیچ بەڵگەنامە و بەیاننامەیەکی فەرمی بەردەست نییە کە بە فەرمی ئاماژە کۆتاییهاتنی کارەکانی ئەنجومەنەی سەرکردایەتیی شۆڕش بکات بەڵام لەگەڵ هاتنە پێشەوەی ئەو هەلومەرجە نوێیەی کە لە دوای ڕێکەوتنی ١١ی ئادار هاتەکایەوە، دۆخەکە چووە سەردەمێکی نوێوە و پێویستی بە ڕێکخستنەوەیەکی دیکە هەبوو بۆیە چیتر ئەم ئەنجومەنە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەما.

         ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی تەمەنیدا توانیی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر بگێڕێت لەو بوارە و سێکتەرانەی کە کاری لەسەر دەکرد و شوێن پەنجەی لە بوارەکانی ڕێکخستنی کارگێڕی و دارایی، تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، کشتوکاڵ، دادوەری، کاروباری پێشمەرگە و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. لەو ماوەیەدا و لە سایەی ئەم ئەنجومەنەدا شۆڕش فۆرمێکی دامەزراوەیی و سیستەماتیکی بەخۆوەگرت و بۆشایی دامەزراوەی یاسادانانی پڕ کردەوە.


سەرچاوەکان:

  • ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  • ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول لە کوردستان-عێراق، د.شێرزاد زکریا محمد
  • کوردستانی عێراق، وەک قەوارەیەکی نەتەوەیی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٦٩)، د. عیسمەت شەریف وانلی
  • ڕووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول، موقەدەم ڕوکن سەنگەر ئیبراهیم خۆشناو

بابەتی پەیوەندیدار

لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان- شۆڕشی ئەیلوول

شۆڕشى مەزنى ئەیلوول لە ١١ى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦١ بە سەرۆکایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى هەڵگیرسا. لەبەرئەوەى شۆڕشەکە سەرتاپاگیر بوو، بۆیە ژمارەیەکى زۆرى پێشمەرگە تێیدا بەشداربوون و بەرگریان لە خاک و هاووڵاتیانى کوردستان دەکرد. کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، پێشمەرگە لە سەربازگە و بنکەکانى پۆلیس هاتنە دەست و لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان دەریانپەڕاندن. دواى ئەمە پەیتا پەیتا و دەستە دەستە هاونیشتمانى خۆیان دەگەیاندە سنوورى ناوچە ئازادکراوەکان و پەیوەندییان بە لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستانەوە دەکرد.

زانیاری زیاتر

بەعەرەبکردنی کوردستان

دەستەواژە یان وشەی بەعەرەبکردن لە ڕووی پێناسەوە، گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ناوچەیەکی نیشتەجێبوونى گەل و نەتەوەکانی دیکەیە بۆ ناوچەیەکی عەرەبنشین، ئەمەش بە هۆی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب و سەپاندنی زمانی پەیڤین بە عەرەبی و گۆڕینى پەیتا پەیتای سیمای فۆلکلۆری، داب و نەریتى ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دوور مەودا و لەسەر بنچینەی ڕەگەزپەرستی، نیشتەجێکردنى خەڵکی عەرەب لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی عەرەبی....

زانیاری زیاتر

دامەزراوە تەندروستییەکانى شۆڕشى ئەیلوول

شۆڕشى ئەیلوول؛ شۆڕشێکى سەرتاپاگیر لە زاخۆوە تا خانەقین، زیاتر لە ٦٥٠٠٠ کم٢ خاکى ئازادکراوى کوردستانى لەبەردەست بوو، زۆربەى ئەو خاکە ئاوەدانى بوو و خەڵکى تێدا نیشتەجێبوو. ناوچەکە پێویستى بە بەڕێوەبردن هەبوو، بۆیە سەرۆک مستەفا بارزانى سەرکردەى شۆڕش بیرى لە دامەزراندنى دامەزراوەیەک کردەوە بەناوى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش. ئەم ئەنجوومەنە لە مانگى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦٤ دامەزرا، هاوشێوەى هەر حکومەتێک دامەزراوەکانى خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرد.

زانیاری زیاتر

لێژنەی ئازادی

لێژنەى ئازادى هەروەها (هەیئەى ئازادى و کۆمیتەى ئازادى)شى پێدەگوترا، لێژنەیەکى ڕێکخراوى تۆکمە بوو، لە ڕێکەوتى ١٥ى کانوونى دووەمى ساڵى ١٩٤٥ لە بارزان بە سەرۆکایەتى مەلامستەفا بارزانى و ئەندامێتى ئەو ئەفسەرە ئازادیخوازانە پێکهات کە لە سوپاى عێراق جیاببوونەوە و پەیوەندییان بە شۆڕشى دووەمى بارزانەوە کردبوو.

زانیاری زیاتر

ڕاهێنان و مەشقی پێشمەرگە

فه‌رمانی سه‌ربازی لەبارەی ڕێكخستنی ده‌سته‌ی پێشمەرگەی کوردستان بەپێی پێویستی بەرژەوەندی شۆڕش و بەمەبەستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌ربازی ده‌سته‌ی پێشمەرگە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، لەڕووی ڕێكخستن ‌و پڕچه‌ككردن و مه‌شق و ڕاهێنان و كارامه‌بوون، ئه‌م نامیلكه‌یه‌مان ده‌رکرد و فه‌رمانمان بەوانە‌ كرد کە بایه‌خ به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی چه‌کداره‌ شۆڕشگێره‌کانمان ده‌ده‌ن، له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و نامیلكه‌یه‌ ئه‌وپه‌ڕی توانا و هێزیان بخه‌نه‌گه‌ڕ.

زانیاری زیاتر