ژیاننامە
ئەمیر عاز عەزیز مەحمود لە ساڵی ١٩٣٧ لە قەزای مەخمور لە دایکبووە. ئاستی خوێندەواری سەرەتایی بووە، لەگەڵ کوڕێکی بە ناوی سەردار ئەمیر بەیەکەوە شەهید دەبن. خێزانی ناوی مەیاس حەمەدە و کوڕەکانی ناویان سالار، فەرهاد، سەردار و کچەکانی چنار، بێخاڵ، مەهابادە.
خەباتنامە
لە ساڵی ١٩٥٨ برایەکی ناوبراو بە ناوی مەلا غەریب هێزێکی سەربەخۆ دروست دەکات لە خزم و کەسانی نزیکی خۆیان کە ژمارەیان ١٧ کەس دەبێت و دەچنە پێشوازی گەڕانەوەی سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کوردستان. هەر دوابەدوای ئەوە، لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٦٠ دەچنە چیای قەرەچوغ. بەهۆی چالاکبوونیان لە ساڵی ١٩٦٦ دەبێتە فەرماندەی مەفرەزەی بارەگای بارزانی و لە شارەکانی بەغداد، موسڵ، کەرکوک، هەولێر، دهۆک و چەند شارێکی تریش چالاکی ئەنجام دەدات.
لە ساڵی ١٩٦٩ هەواڵی پێدەگات کە بازگەیەکی ڕژێمی بەعس لە رێگەی کەرکووک زۆر رێگری لە هاتوچۆی هێزی پێشمەرگە دەکات، لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەک دەچن و بازگەکە تێکدەشکێنن، بەڵام جاشى سەر بە ڕژێمى بەعس لە پشتەوە لێیان دەدەن و ناچاری پاشەکشەیان دەکەن و دێنەوە ناو گۆڕستانی شێخەڵای هەولێر، چواردەوریان دەگیرێت، بەڵام ناوبراو قارەمانانە خۆی و هاوڕێیەکی دەرباز دەکات و دەچنە ماڵەکانی ناو بازار، دواتر لە رێگەی کەسێکەوە داوای هاوکاری فیشەک و دەربازکردن لە کەسێک دەکات، بەلام ئەو لەباتى هاوکاریکردن، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر رێکدەکەوێت و دەیانباتە بازگەی شەقڵاوە و لەوێ رادەستیان دەکات. دەستگیردەکرێت و لە زیندان دەبێت تا لێبوردنی بەیاننامەی ١١ی ئازار، بەڵام لە لێبوردنە گشتیەکە ناوبراو ئازاد نابێت، تا دواتر مەلا غەریبی برای دەچێتە لای جەنابی بارزانی و پێی دەڵێت کە کاکۆ ئازادنەکراوە، ئەویش نامەیەکی تایبەت بۆ جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دەنێرێت بە وەڤدی گفتوگۆدا کە دەچنە بەغداد. دواتر بە فەرمانی جێگری سەرۆک کۆمار ئازاد دەکرێت.
دوای ئازادبوون و گەڕانەوەى بەڵێن دەدات کە تۆڵەی ئەو کارە لە سمکۆ بکاتەوە، تا یەک مانگ لەدوای ئازادبوونی جەنابی سەرۆک مستەفا بارزانی نامەیەکى بە فەرەنسۆ هەریری بۆ دەنێرێت و لە نامەکەدا دەفەرموێت (کاکۆ کوڕم من لە هەموو جاش و خۆفرۆشەکان خۆشبووم، تۆ ناتوانی لە یەک کەس خۆشببیت) لە هەمانکاتدا کاک فەرەنسۆ دەڵێت سمکۆ لەناو سەیارەکەی منە و لەبەر دەرگای خۆتە چی لێدەکەیت هەقی خۆتە، بەم شێوەیە کاکۆ لە سمکۆ خۆشدەبێت و دوای دوو رۆژ دەچێتە خزمەت بارزانی لە گەڵالە و دەستدەکاتەوە بە کارەکانی خۆی لە بارەگای بارزانی، تا لە ساڵی ١٩٧٤ ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت.
لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٧ کاک ئیدریس بارزانى نامەیەکی بۆ دەنێرێت و رایدەسپێرێت بۆ ئامادەکردنی هەر کەسیک کە دەیەوێت ببێت بە پێشمەرگە و بچێتەوە سەر سنور، بۆیە کاکۆ لە تاران بارەگایەکی نهێنی دروست دەکات و هەرکەس بیەوێت بگەڕێتەوە کەلوپەلی بۆ ئامادەکات کە کە بریتین لە عەقیبە، مەتارە، قەمە، پلیتی سەیارە، وشەی نهێنی و هەر داواکارییەکی تریان هەبێت، بەم شێوازە لە تاران رەوانەی رەزایەیان دەکردن و لەوێشەوە بۆ سەر سنوور.
ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، تا ساڵی ١٩٧٩ دوای کودەتای شۆڕشى ئیسلامى دەگەڕێتەوە شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و کار بۆ رێکخستنی کۆنگرەی نۆیهمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەکەن.
لە ساڵێ ١٩٨١ دەگەڕێتەوە سەر سنوور و روو لە چیاکانی کوردستان دەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٨٢ مەلا غەریبی برای کە فەرماندی هێز دەبێت کۆچی دوای دەکات و کاکۆ لە جێگەی ئەو دەکرێتە فەرماندی هێز. لە سالی ١٩٨٣ هێزەکەی دەبات و دەچێتە گوندی لێوژە، دەبینێت پێگەیەکى گرنگ هەیە لە بەرزایی چیای قەندیل و پشت هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت بڕواتە ئەوێ، لە رێکەوتى ١٣ی ئابی ١٩٨٣ هێزێکی زۆری دوژمن بە چاوساغیی خەڵکی دەڤەرەکە دێنە سەر بارەگایەکەیان و تووشی شەڕێکی دەستەو یەخەی قوڕس دەبن کە هێزەکەى ئەو پێکهاتبوون لە ٢٠ پێشمەرگەی هێزەکەی و ٨ پێشمەرگەی لقی زاخۆ، دوای چەند کاتژمێرێک لە شەڕکردن کاکۆ شەهید دەبێت و کاریگەریەکی زۆری لەسەر تەواوی هێزەکەی دەبێت و سەرداری کوڕی ناوەستێت تا لە تەنیشت شەهید کاکۆی باوکی شەهید دەبێت، دواتر هەر یەک لە کەمال، جەمال، قادر، مامەند شەهید دەبن. دواتر هێزە ٨ کەسیەکەی لقی زاخۆ دەکەونە بۆسەی دوژمن و هەر ٨ کەسەکە بە زیندووێتی گولە باران دەکرێن.
دوژمن تەرمی شەهید کاکۆ بە پشتوێنەکەی خۆیەوە لە دارێک دەبەستن و بە کەندێکی بەرزەوە شۆری دەکەنەوە، ئەوکات چەند ناسراوێکی خۆی دەچن تەرمەکەی هەر لەوشوێنە بە خاک دەسپێرن و لە ساڵی ١٩٩٣ کوڕێکی بە ناوی سالار دەچێت و تەرمى ئەو و پێشمەرگە شەهیدەکانى دیکە دەهێنێتەوە .
سەرچاوە:
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.