ئیبراهیم محەمەد سلێمان ئەحمەد

ئیبراهیم محەمەد سلێمان، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، ساڵی ١٩٨٤ لە ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی لەلایەن سەرۆک جاشێکەوە دەستگیر کراوە و دوای حەوت مانگ زیندانی لە گرتووخانەی ئەبوغرێب لە سێدارە دراوە.


ئیبراهیم محەمەد سلێمان، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی وڵەسمتی بناری چیای سورێنی سەربە قەزای سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی لە دایکبووە، لە سەرەتادا گوندنشین بووە و لە گوند قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ڕژێمی ئەوکاتی عێراق گوندەکانی ئەو دەڤەرەی وێران کردووە و خەڵکەکەی بە زۆرەملێ دابەشی سەر چەند ئۆردوگایه‌كی ژێرکۆنترۆڵی خۆی کردوون، هەر بۆیە ئیبراهیم محەمەد نیشتەجێی ئۆردوگای شانێری نزیک لە سەیدسادق کراوە.

ساڵی ١٩٨١ بۆتە پێشمەرگە لەلای ئەنوەری حاجی عوسمان کە سەربە هێزی سورێنی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، بەشداری شەڕی ڕەزڵە و پاڕەزان، شەڕی بەڵخە، چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور، شەڕی ناڵپارێز، شەڕی کەوڵۆز کردووە.

لە تەموزی ١٩٨٣ لەگەڵ دەستەیەک هاوسەنگەری و بە فەرماندەیی ئەنوەری حاجی عوسمان لە دوای ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور، پێشمەرگەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەسەر ماڵەکانی ئۆردوگای شانێریدا دابەشبوونە تا بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، بەڵام ئیبراهیم محەمەد سلێمان لە لایەن سەرۆک جاشێکەوە دەستگیر کراوە و ڕادەستی ئەمنی سەیدسادق کراوە، دواتر گوازراوەتە بۆ هەیئەی شاری کەرکووک و دوای حەوت مانگ ڕەوانەی گرتووخانەی ئەبوغرێب کراوە و لە شوباتی ١٩٨٤ لە سێدارە دراوە و شەهید بووە. 


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


بابەتی پەیوەندیدار

ئەسحەد چیچو یەحیی دری

ئەسحەد چیچو یەحیی، ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی درێ لە دایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٨٨ لەداستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل یاسین حامد ستونی

شەهید ئیسماعیل یاسین حامد ستونی، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی ستونی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٨ لە داستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر