هەوڵەکانی تیرۆرکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی

هەمیشە ئەو باوەڕە لە ناوەوەیە کە بە مردن یان لەناوبردن یان تیرۆرکردنى سەرکردەیەک، ڕەنگە شۆڕشێک یان دۆزى نەتەوەیەک کۆتایى بێت، بەڵام ئەمە هەموو کات و لاى هەموو نەتەوەیەک وەڕاست ناگەڕێت. دوژمنانى گەلى کورد زۆر لە مێژبوو لەو ڕاستییە تێگەیشتبوون کە سەرۆک مستەفا بارزانى بڕیاردەر و چەقى قوڕسایى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردە، بۆیە چەند جارێک هەوڵى تیرۆرکردنى درا.


یەکەمین هەنگاوى لەناوبردنى، لە دەستگیرکردن و دوورخستنەوەى دەستپێدەکات، کاتێک تەمەنى سێ ساڵى بووە، عوسمانییەکان بەهۆى شۆڕشى شێخ عەبدولسەلام بارزانى، لەگەڵ خانەوادەکەى لە زیندانى موسڵ زیندانی دەکەن و دواتر بڕیارى دوورخستنەوەیان بۆ سلێمانى دەدەن. دواى ئەمە بارزانى دەگاتە تەمەنێک کە دەستى چەک بگرێت و ئیدى لە شەڕەکان پشتى پێ دەبەسترێت و وردە وردە ناوى دەکەوێتە سەر زارى هەموو کوردێک.


یەکەم: هەوڵى تیرۆرى مەلامستەفا بارزانى لە ساڵی ١٩٣٦

دواى دامرکانەوەى شۆڕشى یەکەمى بارزان و ڕادەستکردنى شێخ ئەحمەدى بارزانى و مەلامستەفا بارزانى لەلایەن تورکەکانەوە بە حکومەتى پاشایەتى عێراق و دەستبەسەربوونی خۆیان و خانەوادەکانیان لە موسڵ، هەروەها دواى ئەوەى خۆشەوی ئاودیش شۆڕشى خۆشەوى هەڵدەگیرسێنێت، حکومەتى پاشایەتى و بەتایبەتى حسامەدین جومعە کە ئەوکات هەم بەڕێوەبەرى پۆلیس بوو، هەمیش کاروبارەکانى پارێزگارى پێشوو کە عومەر نەزمى بوو، بەڕێوەدەبرد، باوەڕیان وابوو کە ئەوە مەلامستەفایە هانى بزوتنەوەکەى خۆشەوى دەدات و ئەوان ئیلهامى خۆیان لەو وەردەگرن، بۆیە لە ساڵى ١٩٣٦ هەوڵى ژەهرخواردنى مەلامستەفا بارزانى دا و ژەهرى بۆ کردە ناو قاوەکەى، دواى ئەمە مەلامستەفا بارزانی بۆ ماوەى دوو هەفتە بێ هۆش کەوت و بە موعجیزە لە مردن ڕزگارى بوو.

لە هەوڵى ڕزگارکردنى مەلامستەفادا، ئەوانەى ناویان دێ: شێخ عەجیل یاوەرە و خانەوادەى کەشمولە و عەباوین، هەروەها ئەو دەنگۆیە لەناوەوەیە ئەوکات پزیشکێکى فەرەنسى کە لە سووریا دەژیا، ڕۆڵى هەبووە لە چارەسەرکردنى مەلامستەفادا.

 

 

دووەم: هەوڵى تیرۆرکردنى مەلامستەفا بارزانى لە ساڵی ١٩٦١

دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول لە ١١ى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦١ و سەرکەوتنى پێشمەرگە لە چەند شەڕێکدا، حکومەتى عێراق بە ڕووکەش هەوڵى نزیکبوونەوە و دانوستانى لەگەڵ سەرکردایەتى سیاسى کورد و بە تایبەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى دەدا، بەڵام ژێراوژێر چەندین جار هەوڵى کوشتن و تیرۆرکردنى مەلامستەفایان دەدا و چەند جارێکیش بانگەشەى مردن و کوژرانى مەلامستەفایان بڵاوکردەوە.

عەبدولکەریم قاسم کە بەتەواوى لەخۆى دەرچووبوو و هەوڵى چەسپاندنى زیاترى حوکمە تاکڕەویەکەى دەدا لە عێراق و دەیەویست مەلا مستەفا بارزانى دەستبەردارى مافە ڕەواکانى گەلى کوردستان بێت و بۆ خۆى بچێت لە بارزان دابنیشێت، بۆ ئەم مەبەستە نامەیەک بۆ شێخ ئەحمەد بارزانى دەنێرێت و داواى ئەوەى لێدەکات سەرۆک مستەفا بارزانى هان بدات و لەگەڵیان دابنیشێت، شێخ ئەحمەدیش ئەمە ڕەتناکاتەوە و دوو نوێنەرى خۆى دەنێرێتە لاى مەلامستەفا تا ڕازى بێت لەگەڵ نوێنەرى عەبدولکەریم قاسم کە عەمید حەسەن عەبودى لێپرسراوى لیواى پێنج بوو، کۆببێتەوە. مەسعود بارزانى لە بەشى یەکەمى بەرگى سێیەمى کتێبى (بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد) ئەمە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە:

لە ١٧ى کانوونى یەکەمدا، حکومەت شوێنێکى لە نێزیکى سەرسەنگ بۆ هەردوو گفتوگۆکەر دیارى کرد، بەڵام بارزانى نەچووە ئەو شوێنە و لە شوێنێکى نزیک گوندى بامەڕنێدا مایەوە، ئینجا چەند نێردەیەکى نارد بۆ ئەو شوێنەى بۆ کۆبوونەوەکە دیارى کرابوو، تا چاوەڕوانى گەیشتنى حەسەن عەبود بکەن و لەگەڵ خۆیانى بەرن بۆ ئەو شوێنەى بارزانى خۆى بۆ کۆبوونەوەکەى هەڵبژاردبوو. بۆچوونەکەى ڕاست دەرچوو و قاسم نیازى وابوو، ئەویش و حەسەن عەبودى نێردەى خۆشى لە شوێنى بەیەکگەیشتنەکەیاندا، پێکەوە لەناو ببات. هەر کە حەسەن عەبود شوێنەکەى بەجێهێشت و لەگەڵ نێردەکانى بارزانى چوو بۆ لاى بارزانى، چوار باڵەفڕ هاتن و شوێنەکەیان زۆر بەتوندى و بەوردى بۆمباران کرد. حەسەن عەبود ئەو بۆمبارانە توندەى لە دوورەوە بەچاوى خۆى دى و شەرمەزارییەکى سەخت داى گرت و ئەو هەڵوێستەى تا ڕادەیەکى زۆر بەلاوە گران بوو.

وەک لەم گێڕانەوەیەدا دەردەکەوێت، ئەزموون و دووربینیى بارزانیى نەمر پیلانى دوژمنانى  پوچەڵکردەوە و نەیهێشت ئاواتیان بێتە دى و هەوڵە تیرۆرستییەکەیان شکستى خوارد. مستەفا بارزانى هەر لەوێ بە حەسەن عەبودى گوتبوو: ''من داواى هیچ لە قاسم ناکەم بمداتێ. ئەو با مافەکانى گەلى کورد بدات و من عێراق بەجێ دەهێڵم و دەڕۆم''.


سێیەم: هەوڵى تیرۆرکردنى مەلامستەفا بارزانى لە ساڵی ١٩٧١

وێڕاى ئەوەى شۆڕشى ئەیلوول بەشێک لە ئامانجەکانى وەدەستهێنابوو، هەروەها بۆ یەکەمینجار بە فەرمى دان بە ئۆتۆنۆمى بۆ کوردستان نرا، بەڵام دوژمنانى کوردستان و سەرۆک مستەفا بارزانی لە هەوڵەکانیان نەکەوتن و بەردەوام بوون لە پلان و پیلان بۆ تیرۆرکردنى.

لە ١٥ی ئەیلوولى١٩٧١ دوو زانای ئایینی کە یەکێکیان ناوی عەبدولجەبار ئەعزەمی زانایەکی ئایینی سوننە بوو لەگەڵ عەبدولحسێن دەخیلی کە زانایەکی ئاینی شیعە بوو، سەردانی مستەفا بارزانیان کرد و ئەویش پێشوازیەکی گەرمی لێ کردن. ئەو دوو زانا ئاینییە باسیان لەوە کرد کە بەهۆی خراپی باردودۆخی نێوان شۆڕش و ڕژێمی عێراق و کاریگەری ئەو باردۆخە لەسەر ڕای گشتی، سەردانیان کردووە، هەروەها لەوە ئاگاداریان کردەوە کە بە نیازن هەڵمەتێک لە نێو زانایانى ئایینى و خەڵکیش بە گشتى بکەن، بۆئەوەى ناکۆکییەکان کەم بکەنەوە و ئەو ئاشتییەى لە ئارادایە، پتەوترى بکەن، بۆئەمەش پێویستیان بە بۆچوونى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو.

بارزانى ڕاى خۆى پێ گوتن و هەوڵ و کارەکەى ئەوانى پێ پەسند بوو و پشتگیری کردن. تا ئێرە کارەکە ئاساییە، بەڵام ئەوەى نائاساییە ئەوەیە، ئەو شۆفێرەى دوو زانا ئایینییەکەى هێنابوو، پیاوى دەزگاى هەواڵگرى عێراق بوو هاتبوو ڕێکارە ئەمنییەکان کە دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنى مەلا مستافا بارزانى ببینێت و ئاشناى جوگرافیاى ناوچەکە و بارەگاى بارزانیش بێ و بزانێ بارزانى لە کوێ دادەنیشێ و لە کوێ پێشوازیى لە میوانەکانى دەکات.

لە ٢٩ى ئەیلوولى ١٩٧١ شاندێک هاتنە حاجى ئۆمەران کە لە عەبدولحسێن دەخیلی،  شێخ عەبدولجەبار ئەعزەمی، شێخ عەبدولوەهاب ئەعزەمی، شێخ ئیبراهیم غانم خوزاعی، شێخ ئەحمەد هیتی، شێخ باقر مزەفەر، شێخ غازی ئەلدلێمی، شێخ نور یاسین، شێخ عەبدولجەلیل ئەلموسەوی پێکهاتبوون و بۆ ئەو مەبەستە هاتبوون کە گرفتەکانى نێوان شۆڕش و حکومەتى عێراق چارەسەر بکەن. ئەم شاندە بە دوو ئۆتۆمبێل هاتبوون، یەکێکیان توێتا پیکاب بوو،  ئەوەى دیکەشیان شۆڤرلێتێکى مۆدێل ١٩٦٣ بوو کە سلێمان کوخی و محەمەد کامل ئیسماعیل شۆفێرى هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بوون و لە هەمان کاتیشدا سەر بە دەزگاى هەواڵگریى بەغدا بوون. 

لە بازگەى حاجى ئۆمەران ڕێ بە تێپەڕبوونى ئۆتۆمبێلەکان نەدرا، بەڵام ئەندامێکى شاندەکە کە عەبدولجەبار ئەعزەمى بوو، هەڕەشەى سکاڵاکردنى لە پاسەوانانى بازگەکە کرد کە ئەگەڕ ڕێگەیان پێنەدەن بڕۆن، لاى سەرۆک مستەفا بارزانى شکایەتیان لێ دەکا، بۆیە ئەوانیش ڕێگەیان دابوون بڕۆن.

ئەو کاتەى شاندەکە گەیشتن، سەرۆک مستەفا بارزانى و دکتۆر مەحمود و مەسعود بارزانی بەیەکەوە بوون. بارزانى لەوە ئاگادارکرایەوە کە میوانەکانى گەیشتوون و ناوى میوانەکانیشى پێ ڕاگەیەنرا، بارزانی بڕیارى دا دواى نوێژى عەسر بیانبینێ.

 میوانەکان قورئانێک و کتێبێکى شەرعیى دیکەیان بۆ مەلامستەفا هێنابوو، ئەویش لێی وەرگرتن و سوپاسى کردن. دواى ئەمە چایچى بارەگا هاتە ژوورەوە و لە شێخ هادى خەزرەجى کە لە بەرانبەر سەرۆک مستەفا بارزانى دانیشتبوو، دەستى بە دانانى چای کرد. شێخ هادى کە بە نهێنى تەسجیلێکى هێنابوو بۆ تۆمارکردنى دەنگى مەلامستەفا، هەلى تەقەتەقى پیاڵە و پێشگیرانى لەلایەن چاچیەکەوە قۆستەوە و پەنجەیەکى بە تەسجیلەکەوە نا، بەڵام لەباتى ئەوەى دەنگ تۆمار بکا، تەسجیلەکە تەقیەوە و شێخ هەر لەوێ پارچە پارچە بوو و ژوورەکە پڕى دووکەڵ بوو.

مەسعود بارزانى کە بەر لە تەقینەوەکە لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانى بووە و دواى بیستنى دەنگى تەقینەوەکەش ڕاستەوخۆ بەرەو شوێنى تەقینەوەکە روێست، دەڵێت: سەرەتا وامزانى ماڵى باوکم تەقێنراوەتەوە، دواتر بۆم دەرکەوت کە باوکم لەو کاتەى دیاریکردبوو، زووتر چوو بووە لاى میوانەکان و لەوێشەوە کارە تیرۆرستییەکە ڕوویدابوو. من وامزانى باوکم تیرۆر کراوە، دواتر یەکێک لە پاسەوانەکانى پێى ڕاگەیاندم کە سەرۆک مستەفا بارزانى تەنیا ساچمەیەکى بەرکەوتووە و سەلامەتە.

 مەسعود بارزانى ڕووداوەکانى دواى کارە تیرۆرستییەکە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە: لە ژوورى پێشوازیدا چوار لەوانەى هاتبوون، بە ساچمەى بۆمبا تەقێنراوەکە کوژران. دانیشتووەکانى لاى ڕاست و چەپى باوکیشم برینداربوون و کێیان توانى ڕاکاتە دەرەوە ڕاى کرد، بارزانیش ژوورەکەى بەجێ هێشت و بانگی پێشمەرگەکان کرد: کەسیان مەکوژن، بەڵام دوو شوفێرەکە پاش ئەوەى کە نەیانتوانى بگەنە لاى ئۆتۆمبێلە شیفرۆلێتەکە- کە ئەویش، وەک ئۆتۆمبێلەکەى تر، بۆمبڕێژکرابوو و لە جێگەى لایتەکانى پاشەوەیدا ڕۆکێت قایم کرابوو تا ئەگەر شۆفێرەکان سەرکەوتن و هەڵاتن بیاننێن بە هەر ئۆتۆمبێلێکەوە شوێنیان بکەوێ، ئەم دوو شۆفێرە چۆنیان بۆ ڕێ دەکەوت، نارنجۆکى دەستییان هەڵدەدا... سەعات پێنج و بیست و پێنج خولەک بە کوژرانى پیلانگێڕەکان هەموو شتێک بڕایەوە.

لەم کردەوە تیرۆرستییەدا، نۆ کەس لە مەلاکان لەگەڵ دوو شوفێرەکە کوژران و دوو پێشمەرگەش شەهید بوون و چواردە کەسى دیکەش برینداربوون. هەروەها پاش ئەوەى خەڵکەکە هەموو بڵاوەیان پێ کرد، ئۆتۆمبێلە تۆیۆتا کات بۆ دانراوەکەش تەقییەوە، بەڵام هیچ زیانێکى نەبوو.

بۆ سەرساغى لە بارزانى و دڵخۆشبوونیان! بە ڕزگاربوونى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە هەوڵە تیرۆرستییەکە، سەرەتا سەرکردایەتى وڵاتى عێراقى حیزبى بەعس بروسکەیەکیان نارد، دواتریش سەرۆک کۆمار عەبدوسەتار جەوارى کە وەزیر بوو، بە نوێنەرایەتى خۆى ناردییە لاى سەرۆک بارزانى و هەردوولاش بێ ئاگایی خۆیان لە کارە تیرۆرستییەکە دەربڕى.

بۆ دەرخستنى ڕاستییەکان و دەستنیشانکردنى ئەوانەى لەکارە تیرۆرستییەکەوە تێوەگلاون، لێژنەیەکى هاوبەش پێکهات، بەڵام بێ ئەنجام بوو، چونکە بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەزگاى پاراستنی شۆڕش دەستیان خستبوون، ڕژێم خۆى پلانەکەى داڕشتبوو. 

ڕەنگە نازم گزار کە ئەوکات بەرپرسی دەزگاى هەواڵگریى عێراق بوو، ڕۆڵى کاریگەرى لە جێبەجێکردنى پلانەکەدا هەبووبێت، بەڵام بڕیاردەر لە سەرووى ئەوەوە بووە و ئەویش تەنیا جێبەجێکار بووە. مەسعود بارزانى لە بەرگى سێیەمى بەشى دووەمى کتێبى بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد دەڵێ، مام جەلال بۆى گێڕامەوە کە لەو کاتەى لە ساڵى ١٩٨٣ بۆ گفتوگۆ لە بەغدا بوو، سەدام دانى بەوەدانابوو کە ئەو ئاگاى لە هەوڵى تیرۆرکردنى مەلامستەفا هەبووە و زۆریشى پێناخۆش بووە کە هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبووە.


چوارەم: هەوڵى تیرۆرى ساڵى ١٩٧٢

 دواى هەوڵە نەزۆکە تیرۆرستییەکەى دەزگاى هەواڵگریى عێراق لە بارەگاى بارزانى، ئەو دەزگایە پەندى وەرنەگرت و بەردەوام بوو لەسەر کارە تیرۆرستییەکانى، ١٥ی تەموزى ساڵى ١٩٧٢ کەسێک بە ناوى ئیبراهیم گابارى لە سوریاوە دێتە عێراق کە گوایە حکومەتى سوریا ڕاوى ناوە،  گابارى زۆر هاتوچۆى لقى پێنجى پارتى کردووە و پەیوەندیش لەگەڵ دەزگاى هەواڵگریى عێراق دروست دەکا و ئەوانیش ئەرکێکى پێ دەسپێرن.

نازم گزار کە ئەوکات بەرپرسى هەواڵگریى عێراق بوو، ئیبراهیم گابارى ڕادەسپێرێ، تا خۆى لە بارەگاى بارزانى نزیک بکاتەوە و هەوڵى تیرۆرکردنى سەرۆک مستەفا بارزانى بدات، ئەگەر نەشیتوانى ئەو تیرۆر بکا، ئەوا یان ئیدریس بارزانى یان مەسعود بارزانى کە کوڕى ڕابەرى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان بوون، یەکێک لەوان تیرۆر بکات. گابارى بەمە قایل دەبێت و بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش دێت و لەوێ داوا دەکا مەسعود بارزانی ببینێ، چونکە نهێنییەکى گرنگى لەلایە.

مەسعود بارزانى گابارى دەبینێت و گابارى ئەو داواکارییەى دەزگاى هەواڵگریى عێراق لەویان هەبووە، بە مەسعود بارزانی دەڵێ، ئەویش پێى ڕادەگەیەنێ کە وازنەهێنێ و لەسەر کارەکەى بەردەوام بێ، داخۆ داواى چیتریشى لێ دەکەن.

دەزگاى هەواڵگریى عێراق، بۆ ئەوەى باوەڕ بە گابارى بکەن کە ڕاست دەکا لە بارەگاى بارزانى نزیکە، داواى لێدەکەن، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانى و مەسعود بارزانى وێنە بگرێت، ئەم داوایەى گابارى لەلایەن مەسعود بارزانییەوە جێبەجێدەکرێ. بە بردنەوەى وێنەکان بۆ لاى نازم گزار، باوەڕ بە گابارى دەکات و جانتایەکى پڕ لە (تى ئێن تى) پێ دەنێرنە ناوچە ئازادکراوەکانى بن دەستى شۆڕش، تا مەلامستەفا بارزانى پێ تیرۆر بکا و ئەگەر نەشکرا (تى ئێن تی)ەکە بە یەکێک لە دوو کوڕەکەیدا بتەقێنێتەوە.

جانتا (تى ئێن تی)یەکە ڕادەستى هەواڵگریى شۆڕش دەکرێت و دواتر هەواڵى هەوڵە نەزۆکەکەى تیرۆرى بارزانى لە ڕۆژنامەى خەبات بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ڕژێمى بەعس، وەک کارە تیرۆرستییەکانى پێشوویان، نکۆڵى لەم هەوڵە تیرۆرستییەش دەکەن و بێ ئاگایى خۆیانى لێ ڕادەگەیەنن و وەزارەتى ناوخۆیان هەبوونى پەیوەندیى هیچ دامودەزگایەکى حکومەتى عێراق بەم هەوڵە تیرۆرستییە ڕەتدەکاتەوە.

سەدام حسێن لێژنەیەکى بۆ بەدواداچوونى ڕاستییەکان پێکهێنا کە پێکهاتبوون لە عەبدولخالق سامەڕایی نوێنەری حزبی بەعس و موکەرەم تاڵەبانی نوێنەری حزبی شیوعی و محەمەد مەحمود عەبدولڕەحمان نوێنەری پارتی و عەزیز شەریف و دارا تەوفیق و ئیحسان شێرزاد.  لێژنەکە هات بۆ ناوپردان و سەیری بەڵگەکانیان کرد و چاویان بە ئیبراهیم گاباری کەوت کە دانی بە هەموو شتێکدا نا، هەروەها ناوی ئەو ئەفسەرانەی کە بەشداربوون لەو پیلانە ئاشکرا کرد، لەوانە ئەفسەر باسل ئەعرەجی. عەبدولخالق سامەڕایی پرسیاری سەروسیمای ئەو ئەفسەرەی لە ئیبراهیم گاباری کرد و دەرکەوت کە قسەکەی ڕاستە، چونکە ئەو دەیناسین. سامەڕایى بەڵێنى دا کە ئەنجامى لێژنەى بەدواداچوونەکە بەرزبکاتەوە بۆ سەرووى خۆى، بەڵام حزبی بەعس هیچ ڕێکارێکی بۆ ئەم ڕووداوە نەگرتەبەر، هەتا ئەو کاتەی کە نازم گزار لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٧٣ز کودەتایەکی ئەنجامدا بۆ لەناوبردنی سەرۆک کۆمار ئەحمەد حەسەن بەکر و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی عێراق، ئەوکات ڕژێمی بەعس دانی بەوەدا نا کە هەوڵە تیرۆرستییەکەى ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١ز و هەوڵە تیرۆرستییەکەى ١٥ی تەمووزی ١٩٧٢ز کاری نازم گزار بووە بەهاندانی دەستی دەرەکی.

بێجگە لەم هەوڵانە چەند هەوڵێکى دیکەى تیرۆرستى هەبوون کە بە مەبەستى شێواندنى ئاسایشى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش دەنران، بەڵام بەهۆى وریایى دەزگاکانى ئاسایشى شۆڕش، هیچی ئەنجامیان نەدەبوو. ئەوەى لەمەش گرنگترە ئەوەیە، هیچ کات و لە هیچ بارودۆخێکدا سەرکردایەتى شۆڕش وەڵامى هەوڵە تیرۆرستییەکانى بە هەوڵى تیرۆرستى نەدایەوە و هەمیشە شۆڕش و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستان، ئەگەر بیویستبا تۆڵە بکاتەوە، تۆڵەى لەو کەسانە دەکردەوە کە کارە تیرۆرستییەکەیان ئەنجامداوە، نەک ژن و منداڵ و خەڵکى بێگوناھ، ئەمەش کارێک بوو کە سەرۆک مستەفا بارزانى بە تەواوى باوەڕى پێى هەبوو و هەمیشە دەوروبەرەکەى و سەرکردەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستانیشى هاندەدا کە هەرگیز چالاکییەک ئەنجام نەدەن کە خەڵکى بێ تاوان تێیدا ببێتە قوربانى.


سەرچاوەکان:

1.مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٣١- ١٩٥٨، چاپی یەکەم (هەولێر- چاپخانەی وەزارەتی پێشمەرگە- ٢٠٠٤).

2.مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی یەکەم (هەولێر- چاپخانەی وەزارەتی پێشمەرگە- ٢٠٠٤).

3.ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.

زانیاری زیاتر

هەوڵی تیرۆرکردنى ئیدریس مستەفا بارزانى

ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن.

زانیاری زیاتر

تۆپخانەی شۆڕش

تۆپخانەی شۆڕش بەشێکى گرنگ و کاریگەرى ناو هێزى پێشمەرگە بوو، بە شێوەیەکى گشتى لە ساڵى ١٩٦٥ بە دواوە گەشەسەندنێکى زۆرباشى بەخۆوە بینى لە دابینکردنى ئەفسەر و پێشمەرگەى ڕاهێنراو لە ڕێى ئەنجامدانى خولى تایبەت و پەیوەندى هەندێک ئەفسەرى سوپاى عێراق کە لە تۆپخانەدا شارەزاییان هەبوو.

زانیاری زیاتر

هێزی زاخۆ

دامه‌زراندنی هێزی زاخۆ بۆ ئه‌وكاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك مسته‌فا بارزانی و ٤٠٠ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بارزانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ڤه‌ری بادینان، چوونی بارزانی و هێزه‌كه‌ی بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ سه‌ره‌تاییه‌كی گرنگ و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو بۆ ناوچه‌كه‌.

زانیاری زیاتر