نەجمەدین گۆرۆنى

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، ناسراو بە نەجمەدین گۆرۆنى، فەرماندەو پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، سەرلق بووە و ئەرکى پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ کۆچى دوایی کردووە.


ژیاننامە

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، لە ١ی تەمووزى ١٩٣٥ لە گوندى گۆرۆنى قەزاى چۆمانى سەربە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، لەبەر ئەوەى گوندەکەیان قوتابخانەى لێ نەبووە نەچۆتە بەر خوێندن، دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول لەلایەن کاربەدەستانى حکومەتى عێراق بۆ شارى دیوانیە دوور دەخرێتەوە، پاش دووساڵ مانەوەى لەو شارە، ساڵى ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و دواتریش  لەگەڵ خانەوادەکەى بۆ وڵاتى ئێران کۆچ دەکەن و لەو وڵاتە نیشتەجێ دەبن، ساڵى ١٩٩١ دەگەڕێتەوە کوردستان لەشارەدێی پیرمام نیشتەجێ دەبێت. بەهۆى سەختى برینەکەى لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى شارى نەغەدەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کۆچى دوایی کردووە.


خەباتنامە

ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، ساڵى (١٩٦٤-١٩٧٤) سەرلق و بەرپرسی پاسەوانانى بارەگاى بارزانى بووە، لە شەڕەکانى چیاى زۆزک بەشدارى کردووە، ساڵى ١٩٧٤ وەک فەرماندە بەشدارى شەڕى گەروى عومەرئاغا لە ناوچەى دیانا دەکات و بەسەختیش بریندار دەبێت و برایەکیشى بەناوى وەسمان عەبدوڵڵا شەهید دەبێت.

ساڵى ١٩٧٦ لە دەسپێکى هەڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگە دەکاتەوە، لە دەڤەرى باڵەکایەتى وەک مەفرەزەى سەرەتایی ڕۆڵ دەگێڕێت، چەندین ئەرک و بەرپرسیارەیەتى لە شۆڕشى گوڵان وەردەگرێت لەوانە ساڵى (١٩٧٩-١٩٨٤) بەرپرسی لێژنە ناوچەى باڵەک، ساڵى (١٩٨٤-١٩٨٨) بەرپرسى لێژنە ناوچەى ڕواندز و هێزى باڵەک، ساڵى ١٩٨٨ کارگێڕى لقى ٢ى پارتى دیموکراتى کوردستان بەشى عەسکەرى و لەهەمانکاتدا بەرپرسی هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى بوو لە دەڤەرى باڵەکایەتى.

لە قۆناغى شۆڕشى گوڵان وەک بەرپرسی لێژنە ناوچەى باڵەک و ڕواندز و فەرماندەى هێزى باڵەک سەرپەرشتى ئەنجامدانى چەندین شەڕ و چالاکى پارتیزانى کردووە، ساڵى ١٩٨١ شەڕى کۆسپێ سپى لە خوار گوندى پیرسوانى دۆڵى منجەلایەتى، ساڵى ١٩٨٢شەڕى قوبەى گەڵاڵە لە ناحیەى گەڵاڵەى سەر بەقەزاى چۆمان، ساڵى ١٩٨٢ کوشتنى ئەفسەرێکى سوپاى ڕژێم کەوا ناسراوبوو بە(زابتە شێتە) ئەو ئەفسەرە فشارێکى زۆرى بۆ سەر دەروونى خەڵکى ناوچەکە درووست کردبوو، بوو بە مایەى هەڕەشە و مەترسى زۆر بۆ خەڵکى دەڤەرەکە. ساڵى ١٩٨٤ لێدانی فەرمانگەی کشتوکاڵى ناحیەى گەڵاڵە، ساڵى ١٩٨٥ لێدانی هەواڵگرى حکومەت لە ناو شارى چۆمان، هەمان ساڵ لێدانى سەیتەرەى ناوپردان.

ساڵى ١٩٩١ وەک فەرماندەیەک بەشدارى لە ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستان کردووە، هەمان ساڵ لەکاتى دووبارە هێرشکردنەوەى سوپاى عێراق بۆ گرتنەوەى تەواوى کوردستان، نەجمەدین گۆرۆنى یەکێک بوو لەو فەرماندانەى لەشەڕى کۆڕێ بەرگرییکرد. چەند ئەرک و بەرپرسیاریەتى وەرگرتوون، لەوانە ساڵى ١٩٩٢ ئەندامى لقى ٢ و بەرپرسی بەشى عەسکەرى، ساڵى ١٩٩٣ فەرماندەى لەشکرى ٥ی باڵەک، ساڵى ١٩٩٤ لە پێکهێنانى لقى ١٠ کرا بە کارگێڕى لق و بەرپرسی بەشى عەسکەرى، لە  ئەیلوولى ١٩٩٤ کرا بە ئەندامى مەکتەبى عەسکەرى لە پیرمام. ساڵى ١٩٩٤ لە شەڕى ڕواندز بەسەختى بریندار دەبێت، هەمان ساڵ لە قوبەى شارەدێی گەڵاڵە دەکەونە کەمین بەو هۆیەوە بەسەختى بریندار دەبێت و  بەهۆى سەختى و کاریگەرى ئەو برینەى شەهید دەبێت.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ڕەشید عەلى بێشونی

ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، لە بنەماڵەى شێخ فەرەخی گەورەیە، لە بنەڕەتدا خەڵکى باکوورى کوردستان شارى جزیرەیە، پێش لەدایکبوونى بنەماڵەکەیان هاتوونەتە باشوورى کوردستان، پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییان لەگەڵ شێخانى بارزان هەبووە، ڕەشید بێشونى هەر لەتەمەنى لاوێتیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ڕێبازى بارزان.

زانیاری زیاتر

حەسەن ئاغا بەرزێوەیی

حەسەن عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەسەن ئاغا بەرزێوەیی، ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەى جێگرى بەتالیۆنى (١)ی زۆزکى وەرگرتووە، ساڵى ١٩٧٩ دەکرێتە ئامر هێزى سەرکردایەتى، ساڵى ١٩٨٦ پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندزى وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت مەلا ئیسماعیل

شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەرپرسی دەزگای بێتەلی شۆڕش بووە،پلەی فەرماندەى بەتالیۆنى سێی هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ساڵی ١٩٧٠ و لیوا لە ساڵی ١٩٩٢ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ خانەنشین کراوە.

زانیاری زیاتر

بابەکر پشدەری

فەرماندە بابەکر مەحمود حەوێز، ناسراو بە بابەکر پشدەرى، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ئەندامى لێژنە ڕێکخراوى سەنگەسەر بەشى عەسکەرى بووە، ساڵی ١٩٩١ نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە لەپشدەر و بێتوێن.

زانیاری زیاتر

مستەفا گۆرۆنی

مستەفا عەبدوڵڵا حەمەد ئەحمەد، ناسراو بە مستەفا گۆرۆنى، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گۆڵان بووە، بەشداری ڕاپەڕینی ١٩٩١ کردووە، ساڵى ١٩٧٩ ئەندامی کۆنگرەی ٩ بووە.

زانیاری زیاتر