مەلا محەمەدئەمین گوێزلینگەی

مەلا محەمەدئەمین مەلا حاجی مەحموود ناسراو بە مەلا محەمەد ئەمین گوێزلینگەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین بووە، لە ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بە ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە، ئەندامی کۆنگرەکانی ٧، ٨، ٩، ١٠، ١١، ١٢، ١٣ بووە، هەڵگری میدالیای بارزانی نەمرە.


ژیاننامە

مەلا محەمەدئەمین مەلا حاجی مەحموود ناسراو بە مەلا محەمەد ئەمین گوێزلینگەی لە ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی گوێزلینگەی دەڤەری باڵەكایەتی لە سنووری قەزای چۆمان لەدایک بووە، دوای نسكۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ مەلا محەمەدئەمین و خانەوادەكەی ئاوارەی ئێران دەبێت و دەگوازرێنەوە بۆ شاری ئەسفهان، خاوەنی ٥كوڕ و ٢ كچە، لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا لە ١٧ی حوزەیرانی ساڵی٢٠٢٠ كۆچی دوایی دەكات و لە گوندی گوێزلینگە سەربە قەزای چۆمان بەخاك دەسپێردرێت.


خەباتنامە

 لە ساڵی ١٩٥٨ پەیوەندی بە ڕێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و دەبێتە كارگێڕی ڕێكخراوی هەڵگورد لەشاری كەركووك، مەلا محەمەدەمین گوێزلینگەی لە كەركووك سەرباز بووە و لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و ڕوو دەكاتەوە دەڤەری باڵەكایەتی.

 دوای تێپەڕبوونی ساڵێك لە پێشمەرگایەتی لە ساڵی ١٩٦٢ مەلا محەمەدەمین، لە گوندی بێشەی سەربە ناحیەی سمیلان، بۆ یەكەمینجار چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی دەكەوێت، هەر لەو دیدارەدا دەبێتە جێگای متمانەی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداری داستانی بەرسیرین دەكات، لە گرتنی مەخفەرەكانی ناحیەی گەڵاڵە و ڕایات دەوری باڵای دەبێت و دوای تۆماركردنی ئەو سەركەوتنانە مامۆستا مەلا محەمەدەمین لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی دەچێتە دەڤەری بێتواتە، لەساڵی ١٩٦٤ لەگەڵ هەڤاڵانی دەگەڕێنەوە دەڤەرەكە و بارەگایان لە دەرگەڵە و هاودیان و دێڵزیان جێگیر دەكەن، چەندین داستانی پڕ سەروەری تۆمار دەكەن، لەساڵی ١٩٦٧ بە فەرمانی سەركردایەتی دەبێتە ئەندام لە بەشی سەربازی مەكتەبی سیاسی، لە ساڵی ١٩٧٠ دەبیتە ئەندامی ناوچەی باڵەك و لە دادگای شۆڕش بەردەوام دەبێت لە خزمەت.

دوای نسكۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران دەبێت و دەگوازرێنەوە بو شاری ئەسفهان و هەر لەوێ دەبێتە بەرپرسی ڕێكخراوی ئەسفهانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی ١٩٨٣ دەبێتە بەرپرسی ئیدارە لە بارەگای سەركردەی نەمر ئیدریس بارزانی لە ناوچەی حاجی ئومەران، لە ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە كارگێڕی ناوچەی باڵەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە نێوان ساڵانی (١٩٨١-١٩٩٣) دەبێتە كارگێڕی لقی٢ و بەرپرسی بەشەكانی دارایی و شەهیدان.

ساڵی ١٩٨٨ وەك بەرپرسی هێزەكانی لقی دوو بەشداری داستانی خواكوڕک دەكات و ڕۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت و هەر لەو داستانەدا بریندار دەبێت. لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەشداری ئازاد كردنی كوردستان دەكات و ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە ئازادكردنی شاری كەركووك.

لە كۆنگرەی ٧ تا كۆنگرەیی ١٣ وەك ئەندام بەشداری كردووە و لە كۆنگرەی ١١ لە ساڵی ١٩٩٣ بەربژێر بووە بۆ سەركردایەتى پارتی دیموكراتی كوردستان، لەساڵی ١٩٩٣ دوای كۆنگرە دەكرێتە كارگێڕی لقی ١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ نێوان ساڵانی (١٩٩٩-٢٠٠٠) دەبێتە ئەندامی دەزگای ئەیلوولی سۆران، لە ساڵی ٢٠٠٧ دەبێتە ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول، لە ساڵی ٢٠١٠  لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان  بەهۆی لێهاتوویی و ڕۆلی دیاری لە ناو حزب و پێشمەرگایەتیدا، لە لایەن سەرۆك مەسعود بارزانی میدالیای ڕێزلێنانی بارزانی دەبەخشرێت.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

 


بابەتی پەیوەندیدار

ڕەشید عەلى بێشونی

ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، لە بنەماڵەى شێخ فەرەخی گەورەیە، لە بنەڕەتدا خەڵکى باکوورى کوردستان شارى جزیرەیە، پێش لەدایکبوونى بنەماڵەکەیان هاتوونەتە باشوورى کوردستان، پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییان لەگەڵ شێخانى بارزان هەبووە، ڕەشید بێشونى هەر لەتەمەنى لاوێتیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ڕێبازى بارزان.

زانیاری زیاتر

حەسەن ئاغا بەرزێوەیی

حەسەن عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەسەن ئاغا بەرزێوەیی، ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەى جێگرى بەتالیۆنى (١)ی زۆزکى وەرگرتووە، ساڵى ١٩٧٩ دەکرێتە ئامر هێزى سەرکردایەتى، ساڵى ١٩٨٦ پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندزى وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت مەلا ئیسماعیل

شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەرپرسی دەزگای بێتەلی شۆڕش بووە،پلەی فەرماندەى بەتالیۆنى سێی هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ساڵی ١٩٧٠ و لیوا لە ساڵی ١٩٩٢ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ خانەنشین کراوە.

زانیاری زیاتر

نەجمەدین گۆرۆنى

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، ناسراو بە نەجمەدین گۆرۆنى، فەرماندەو پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، سەرلق بووە و ئەرکى پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

بابەکر پشدەری

فەرماندە بابەکر مەحمود حەوێز، ناسراو بە بابەکر پشدەرى، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ئەندامى لێژنە ڕێکخراوى سەنگەسەر بەشى عەسکەرى بووە، ساڵی ١٩٩١ نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە لەپشدەر و بێتوێن.

زانیاری زیاتر