ژیاننامە
محه‌مه‌د عادۆ خدر دۆڵه‌مه‌ری، ناسراوه به تۆینار، ساڵی ١٩٢٥ له گوندی زێدا سه‌ربه قه‌زای مێرگه‌سۆری پارێزگای هه‌ولێر لە دایک بووە. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لە یەکێتی سۆڤییەت له شاری كه‌ركوك ده‌بێته فه‌رمانبه‌ر له فەرمانگەى كشتوكاڵی شارەکە.ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول بۆ جاری دووه‌م ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت و ماوەیه‌ك له ئوردۆگای ره‌بعه‌ت مه‌شهه‌د نیشته‌جێ ده‌بێت، ساڵی ١٩٧٩ به‌ماڵ و خێزان ده‌گه‌ڕێته‌وه شارى ورمێى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ساڵی ١٩٩٦ ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و ڕۆژی٢ى حوزەیرانى ١٩٩٩ بە هۆى نەخۆشى کۆچى دوایی دەکات و لە قەزاى مێرگەسۆر بەخاک دەسپێردرێت.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٢ له ته‌مه‌نی ١٧ ساڵیدا به هۆی ئه‌وه كه خواردن بۆ جەنگاوەرانی مستەفا بارزانی ده‌باته چیای برادۆست، له لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌وسای عێراق له گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵێكی دەسگیر دەکرێت و ماوه‌ی ٢ ساڵ زیاتر لە بەندینخانەى موسڵ زیندانى کراوە، دواى ئازادبوونى پەیوەندى بە شۆڕشی دووەمى بارزان دەکات و به‌شداری شه‌ڕی مه‌یدان مورێك دەکات. لە ١١ی تشرـینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه. به‌شداری له چه‌نده‌ها داستان له سه‌قز و مل قه‌ره‌نی و ته‌رگه‌وه‌ڕ و مه‌رگه‌وه‌ڕ و هه‌روه‌ها ساڵی ١٩٤٧ پێش ڕووخانی كۆماری كوردستان به‌شداری له شه‌ڕی هه‌ورس ده‌كات، له به‌ر ئازایه‌تی و قاره‌مانیه‌تی له‌و شه‌ڕە‌دا بارزانی به ناوی تۆینار بانگی كرد و له‌وكاته‌و به‌وە ناسراو بووه.
دواى ڕووخانی کۆمارى کوردستان و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان، به‌شداریی شه‌ڕەکانی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە تاکو لە ڕێکەوتى ١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە سەر سنووری ئێران- عێراق خۆی بەدەستەوە نەداوە و لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بووە. جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ڕێکەوتى٦ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور (کۆتۆل) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵان، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى هەڤاڵانى بارزانى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە محه‌مه‌د عادۆ خدر لە مانگی تشـرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، محه‌مه‌د عادۆ خدر له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ له گه‌ڵ ده‌ستپێكی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولدا له كه‌ركوك ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ده‌ڤه‌ری بارزان و به‌شداری له شۆڕشی ئەیلوول دەکات له بادینان و له گه‌ڵ شه‌هیدی فه‌رمانده میرزائاغا ڕه‌شۆ مێرگه‌سۆری و به‌شداری له شه‌ڕە‌كانی زاوێته و سه‌رێ ئاكرێ و چیای پیرس و ته‌واوی شه‌ڕە‌كانی سنووری ده‌ڤه‌ری بادینان دەکات، ساڵی ١٩٦٢- ١٩٧٣ له‌و ماوه‌یدا له گه‌ڵ حه‌سۆ میرخان دۆڵه‌مه‌ری فه‌رمانده‌ی هێزی شێخاندا بووە و دەبێتە سه‌ر لق و دواى ماوەیەک پلەى جێگری هێزی شێخان وەردەگرێت. ساڵی ١٩٧٣- ١٩٧٥ له سه‌ر بڕیاری بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو باره‌گای بارزانی.
ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان دەکاتەوە و له گه‌ڵ فه‌رمانده حه‌سۆمیرخان دۆڵه‌مه‌ری و ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستان بۆ ئەنجامدانى چالاکى پارتیزانى و بەشدارى چەندین شەڕ لە دژى سوپاى عێراق دەکات.
سه‌رچاوه‌کان:
١- چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوسەرى، لەلایەن سەفەر ژاژۆکی، قەزاى سۆران، ڕۆژى ٢ى ئەیلوولى ٢٠٢١.
٢- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئیسنكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان