مارگرێت جۆرج شێلۆ

مارگرێت جۆرج شێلۆ یەکەم کچە ئاشوورییە کە لەسەرەتای هەڵگیرسانییەوە پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلوول کردووە و لەنێو پێشمەرگە بە "دای کوردستان" ناسرابوو. لەساڵی ١٩٤٢ لە گوندی دووری سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە و شانبەشانی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری چەندین داستانی قارەمانانەی کردووە و دیارترینیان داستانی زاویتە بوو، دوای ئەو شەڕە بە بڕیاری سەرکردایەتی شۆڕش دەکرێتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە.


ژیاننامە

مارگرێت جۆرج شێلۆ لە ٢١ى کانوونى دووەمى ١٩٤٢ لە گوندی دووری سەر بە دەڤەری بەرواری باڵای قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک لە دایک و باوکێکی مەسیحی لە دایکبووە. بنەماڵەکەیان ساڵی ١٩٣٠ لە ڕووسیاوە هاتونەتە کوردستان و لە گوندی دووری سەر سنووری نێوان تورکیا و عێراق نێشتەجێ بوونە.  دواتر جۆرجی باوکى ماڵى دەگوازێتەوە بۆ ناحیەى زوومار و لە وێشەوە دەچێتە کانى ماسی.  مارگرێت دەچێتە بەر خوێندن و تا دواتر وەک کارمەندى پزیشکى لە نەخۆشخانەى کانى ماسى دادەمەزرێت. خێزاندار بووە لەگەڵ موسا خومو هاوسەرگیرى کردبوو، پاش ماوەیەک جیابوونەوە.  

مارگرێت جۆرج شێلۆ، بە شۆڕشی فەرەنسی و (جوان ئۆف ئارك)ی ژنە شۆڕشگێڕى فەرەنسى، کە ڕۆڵێکى سەرەکى هەبوو لە تێکشکاندنى هێزەکانى بەریتانیا لە فەرەنسا سەرسام دەبێت، ئەو کاریگەرییە واى لێدەکات ببێتە ئافرەتێکى یاخى و دژى زۆردارییەکانى ڕژێمى بەعس چەک هەڵبگرێت و پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بکات.

خەباتنامە

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦١  کاتێک سەرۆک مستەفا بارزانی بەهێزێکەوە دەگاتە گوندی دووری، جۆرج شێلۆى باوکی مارگرێت پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکات و پاڵپشتی خۆی بۆ شۆڕش دەربڕی  و ماڵەکەی خۆشی وەک شوێنی نێشتەجێ بوونی کاتی سەرۆک مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی بەکار دەهێنا.  باوکی مارگرێت(جۆرج) کە پێشتر لە  فەرماندەی پۆلیسی کانی ماسی بوو، دوای هاتنی مەلامستەفا بارزانی بۆ گوندەکەیان جۆرج لەگەڵ پۆلیسەکانی کانی ماسی بە چەکەکانیانەوە پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتى مستەفا بارزانى یەوە کردبوو.  

مارگرێت ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە یەکەمین ئافرەتى پێشمەرگە. رژێمی ئەوکاتی عێراق بۆ دەستگیر کردنی مارگرێت و جۆرج شیلۆی باوکی خەڵاتی تەرخان کردبوو.

ساڵی ١٩٦٣ سوپای عێراق هێرشی کردە سەر گوندی ڕەئس عەین، لەلایەن هیزێکی پێشمەرگە بەرپەرچیان درایەوە و هەتا ئێواری شەڕێکی سەختیان کرد، لەو کاتەدا مارگرێت بەهێزێکەوە بە هانای ئەو هێزەی  پێشمەرگە دەچێت و توانیان بەرپەرچی هێزەکەی دوژمن بدەنەوە و زیانێکی زۆریان لێ بدەن.  مارگرێت وەک پێشمەرگە و پزیشکیش ڕۆڵى لە نێو هێزى پێشمەرگە بینیوە، چونکە پێش ئەوەى پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگە بکات، کارمەندى نەخۆشخانە بووە.

دانا ئادەمز شمیدس لە کتێبی گەشتێک بۆ پیاوە ئازاکان لەسەر زاری ئەسعەد خۆشەوی چیرۆکی مارگرێت جۆرج بۆ گێڕاوەتەوە کە لە ناوچەی ئاکری فەرماندەی یەکەیەکی بچووکی دەکرد بوو  و  لە ڕۆژنامەکانی ئەوروپا بە ژاندارکی شۆڕشی کورد ناوی دەهات.

دواى ئەوەى بۆ جارى دووەم فڕۆکەکانی سوپاى عێراق هێرشیان کردەوە سەر گوندی دووری، ئەمجارە خەڵکی گوند شوێنەکەیان بەجێ هێشت و ئاوارە بوون و خێزانی جۆرج  بەرەو چیاکانی بارزان ڕوێشتن و لە لایەن شێخ ئەحمەد بارزانی پێشوازیان لێکرا. دواتر بە بڕیاری سەرۆک مستەفا بارزانی ماڵەکەیان گواسترایە رانیە.  هەروەها مارگرێت یەکێک بوو لە بەشدارانی کۆبوونەوەی فروانی ساڵی ١٩٦٣ی پارتی لە کۆیە.

لە دوای 8 ساڵ خەبات لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان لە شەوی٢٦ى کانوونى یەکەمى ١٩٦٩ لە دووەم ڕۆژی کریسمس لە گوندی قەلاقومری سەر بە ناوچەی بەرواری باڵا، لە بۆسەیەکدا لەلایەن بەکرێگیراوان هێرشی کرایە سەر و بریندار بوو، هەرچەندە گەیاندرایە نەخۆشخانە،  بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی سپارد و ناوی چووە ناو کاروانی شەهیدانی کوردستان.


سەرچاوەکان:

  • داود مراد ختاری، الپێشمەرگە الشهیدە مارگریت جورج و دورها فی ثورە ایلول الکوردستانیە، مطبعە جنگل، تهران.
  • دانا ئادەمز شمیدس،  گەشتێک بۆ پیاوە ئازاکان لە کوردستان.
  • چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژ جۆرج شێلۆ خۆشکی مارگرێت، ٢٧ی تشرینى یەکەمى ٢٠٢٥ لە شارى دهۆک.
  • ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

وەحید مەمو سەمەد ئەرگۆشی

وەحید مەمو سەمەد ئەرگۆشی مزوری، لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە رێخستنەکانی پارتی کردووە، لە هەمان ساڵدا بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٨٢ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

نەجات محەمەد محەمەد بەنانى

نەجات محەمەد محەمەد، ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە

زانیاری زیاتر

سوبحی ئەسکەندەر حاجی ئەرگۆشی

شەهید سوبحی ئەسکەندەر حاجی ئەرگۆشی لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک دەبێت.لە ساڵی ١٩٨٥ دەبێتە پێشمەرگە.لە ساڵی ١٩٩١ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

بەدیع محەمەد عادل ئەرگۆشی

بەدیع محەمەد عادل ئەرگۆشی مزوری، ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنیەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٤ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

کوردۆ سەدیق عەزیز ئەرگۆشی

کوردۆ سەدیق عەزیز ئەرگۆشی لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٨٥ پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر