شەهید لوقمان عەزیز مستەفا ناسراوە بە لوقمان عەزیز مەلەکی لە ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی مەلەکانی سەربە ناحیەی خەلیفانی قەزای سۆران لە دایکبووە، دانیشتووی شاری هەولێر بووە، تا پۆلى چواری ئامادەیی لە قوتابخانەی خالید بن وەلید خوێندووە. ساڵى ١٩٨٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە شارى هەولێر گولەباران کراوە.
شەهید لوقمان عەزیز، ساڵى ١٩٨٥ پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنییەکانى یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە، لە هەمانکاتدا بۆتە ئەندام لە شانەی ڕێکخستنى نهێنى سابیر عەلی مەشی لە شاری هەولێر سەربە لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان. چەندین چالاکى نهێنییان لە شارەکە ئەنجام داوە.
ساڵى ١٩٨٦ بەهۆی زۆرى چالاکییەکانییان لە شاری هەولێر، سابیر عەلی بەرپرسی شانەکە، لەلایەن ئەمنی گشتی شاری هەولێرەوە دەستگیر کراوە، دوای دوو مانگ، لە ٢٢ی ئاداری ١٩٨٦ بە هۆی ئاشکرابوونى ئەندامانى شانە نهێییەکە، لەلایەن هێزێکى ئەمنى هەولێر لوقمان عەزیز لەکاتى دەوامى قوتابخانە دەستگیر کراوە و براوەتە گرتووخانەی ئەمنی هەولێر، دوای هەشت ڕۆژ زیندانی و ئەشکەنجەدانێکی زۆر، لوقمان عەزیز هاوشان لەگەڵ دوو هەڤالی ترى بە ناوەکانی یاسین مەحمود خەتێ و مەغدید وەستا وەلید لە ٣٠ی ئاداری ١٩٨٦ لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر گولەباران و شەهید کراون.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.