ژیاننامە
شێخ قادر سەید یونس سەید عەلی سەید ئەحمەدی بریفکانی ناسراو بە (دکتۆرقادر بریفکانی)، پزیشک ولە کەسایەتییە دیارەکانی @شۆڕشی ئەیلوولی مەزن هەڤاڵێکی زۆر نزیک و باوەڕپێکراوی مستەفا بارزانی و سەربازێکی ونی ڕێگەی کوردایەتی بوو. ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی بریفکا لە قەزای دهۆک و پارێزگای موسلی ئەوکات، لە بنەماڵەیەکی سەیدە کە بەڕەچەلک دەچێتەوە سەر بنەماڵەی شێخ نورەدینی بریفکانیی سەر بە تەریقەتی قادری لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی خۆی هەر لە گوندی بریفکان بە کۆتا هێناوە. قوتابییەکی زیرەک و گوێڕایەڵ بووە. لە خانەوادەیەک بوو ئەندامانی خێزانەکەی بریتی بوون لە برایەک و سێ خوشک بە ناوکانی مستەفا، شەمس، عائشە و خەدیجە، هەر لە سەرەتای ١٩٤٠ لەتەمەنی هەرزەکاری دا لە پاش تێک چونی بارودۆخی گوندەکەیان، شێخ قادر بە ناچاری لەگەڵ دایکی و خوشکێکی گوندەکەی خۆیان بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکاتە شاری موسڵ و خوێندنی ئامادەیی بەردەوام تەواو دەکات. لەتەمەنی ١٨ ساڵیدا وەک هەر هاوڵاتیەکی عێراقی ناوی بۆ خزمەتی سەربازی دێ و لە ١٩٤٤ دەبێتە سەرباز لە سوپای عێراق، ساڵی ١٩٤٥ لە نەخۆشخانەی ڕەشیدی سەربازی دەچێتە خوڵێکی سەربازیی تایبەتەوە و دواتر دەچێتە خولی برین پێچی وبە پلەی نایاب دەردەچێت، هەر لە نەخۆشخانەی رەشیدی سەربازی وەک یاریدەدەر لە بەشی نەشتەرگەری دەستبەکار دەبێ، بەهۆی زیرەکی و ئەزموونە سەرکەوتووەکانییەوە، پلەی ملازم سەربازی وەردەگرێت. لە پاش شەڕی جیھانی دووەم لە ساڵی ١٩٤٨ بەشداری لە شەڕی ڕزگاری فەلەستین دەکات و لە یەکە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەی سەربازی لە بواری نەشتەرگەریدا کاردەکات. دوای تەواوبوونی شەڕ بە فەرمانێکی سەربازی دەگوازرێتەوە بۆ شاری کەرکووک و لە نەخۆشخانەی کەرکووکی سەربازی دەست بەکار دەبێت، هەر لەوێش لەگەڵ دایکی نیشتەجێ دەبێ و ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێ، دەبێ بە خاوەنی دوو منداڵ، کچێک و کوڕێک، لەو سەردەمەدا ژمارەیەک لاوی بادینان بەهۆی کارکردنیان لە بواری سەربازی بە خۆ و خێزانەوە لە کەرکووک نیشتەجێ دەبن، ئەم خانەوادانە پەیوەندییەکی پتەوی خێزانی لەگەڵ خانەوادەی شێخ قادر دروست دەکەن کە زۆربەیان یەکتریان دەناسی و تێکەڵاویان هەبوو ودانیشتوی گەڕەکی شاترلوی کەرکووک بوون، ماوەی ١٨ ساڵ لە بواری سەربازی و نەشتەرگەری کاری کردووە، دکتۆر شێخ قادر خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ شاری کەرکووک و کەرکووکیەکانی هەبوو، ڕایەڵەیەکی پتەوی کوردەواری و کۆمەڵایەتی ئەوی بە کەرکوکەوە گرێدابوو.
خەباتنامە
لە سەرەتاو ناوەڕاستی چلەکان ئەو دەمەی حیزبی هیوا لە باشوری کوردستان پەرەدەستێنێ لە رێگای خزمێکی بە ناوی محەمەد سدیق شەرەفانی و سەیدا ساڵح یوسفی پەیوەندی بە حزبەوە دەکا و وەکو ئەندامێکی کارای ڕێکخستنی حزبی هیوا چالاکانە کار دەکات. دوای هەڵوەشانەوەی حزبی هیوا لە ١٩٤٤، دوای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی بە ریزەکانی پارتی دەکات و وەک ئەندام لە ئۆرگانەکانی ئەو حیزبە چالاک دەبێ.
لە سالی ١٩٦١ لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی و بە بڕیارێک داوا لە هەڤاڵان دەکرێ ئەوەی خاوەن پیشەی تایبەتە، پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە بکەن.
لە١٥ی ئابی ١٩٦٢ کە دکتۆر کەماڵ خاوەر کە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەربازی کەرکوک بوو هەواڵ بە شێخ قادر دەدات کە هەندێ لە هاوڕێکانی لە ئۆرگانە حیزبییەکاندا گیراون و ئاشکرا بووە، لە هەوڵی گرتنی ئەودان و دەبێت بە زووترین کات شاری کەرکووک بەجێ بهێڵێ.
لە شەوێکی تاریک بە هاوکاری شانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئافرەتێکی تێکۆشەر کە شارەزای ڕێگایە بە ناوی دایکی سەعید لە ڕێگای خاسەی کەرکووکەوە دەربازی ناوچەی چیمەن دەکرێ و دەگەیەنرێتە لای مولازم یوسف لەوێوە بە نهێنی دەگەیەنرێتە ڕیزی شۆڕش لە چەمی ڕێزان، دکتور قادر دەرمانێکی زۆر لە گەڵ خۆیدا دەبا بۆ ناو شۆڕش، لەو سەردەمەدا دوو دەرمانخانەی کۆن لە کەرکووک هەبوون یەکەمیان دەرمانخانەی فەخری کە یارمەتیدەرێکی باشی شۆڕش بووە، شایانی باسە دەرمانسازی بەتوانا دکتۆر فەخری عومەر شریف لە ساڵی ١٩٥٩ دەرمانخانەی فەخری دامەزراندبوو، لەگەڵ دەرمانخانەی فاتح، دکتۆر فەخری پیاوێکی کورد پەروەر، چاونەترس لە تەواوی تەمەنیدا لە خزمەتی نەخۆش و خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتدا بوو تا درەنگانی شەو بەهۆی توانا و لێهاتووییەوە هەم جێگەی دکتۆری بۆ هەژارانی شار گرتبووەوە وهەمیش بەردەوام لە خزمەتی شۆڕشدا بووەو سڵی لە پێدانی داودەرمان نەدەکردەوە و جۆرەها دەرمانی دژەهەوکردن و نەخۆشییەکانی پێستی بە بێ ڕەچەتەی پزیشکی دەدا بەکەسانی نەناسراو ، ئەم دەرمانخانەیە جێگای دکتۆریشی بۆ خەڵکی لادێکان گرتبووەوە.
دواتر شێخ قادر لە (چەمی ڕێزان) لەگەڵ دکتۆر حکمەت حەکیم دەست بەکار دەبن، نەخۆشخانەی شۆرش دادەمەزرێنن.
خانەوادەکەی شێخ قادر (ژن و منداڵی) لە ترسی حکومەت خۆیان دەشارنەوە، ئیتر چارەنووسیان بە تەواوی بە نادیاری مایەوە کەس نەیزانی لە کوێین، تەنانەت خودی جەنابی مستەفا بارزانی لە ڕێگەی شانە نهێنییەکانەوە حزبە هەوڵی دۆزینەوەیان دەدات. ساڵی ١٩٦٥ شێخ قادر بەهۆی هاوڕێیەکی خەڵکی سلێمانییەوە هاوسەرگیری دووەم لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی نەعیمە عەبدوڵا ساڵح دەکات ئەو ئافرەتە وەک ئافرەتێکی کورد پەروەوەرو و تێکۆشەر شان بەشانی دکتۆر شێخ قادر هەنگاو بە هەنگاو لە ڕۆژە سەخت و نەهامەتیەکاندا هاوکاریی کردووە، زۆر جار بە کاری نهێنی ناردراوە بۆ کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ دابین کردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ شۆڕش و گواستنەوەی برینداری شۆڕش بۆ چارەسەرکردنی لە سلیمانی یان کەرکووک، نەعیمە خان لە ساڵی ١٩٦٦ کە دووگیان بووە بە بوردومانی فڕۆکەی عێراقی بریندار دەبێت، دکتۆر مەحمود عوسمان بە مەبەستی چارەسەری ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکات.
یەکێک لە جۆمگە سەرەکیەکانی شۆڕش کەرتی تەندروستی بوو، کە هەر لە سەرەتای شۆرشەوە بۆ مەبەستی خزمەتکردن بە نەخۆش و بریندارانی شۆڕش دامەزرا بوو و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی پێشمەرگەو هاوڵاتیانەوە هەبوو. لە ڕێی ئەم کەرتەوە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەشی هاولاتیان وهیزەکانی پێشمەرگە دەکرا. لەو سەردەمەدا ناوچە ئازاد کراوە کانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش لە هەموو بوارێکەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوولەوانەش باری تەندروستی، هەموو لایەکەوە گەمارۆ خرابووە سەر ناوچەکانی ژێر کونترۆلی شۆڕش. حکومەتی عێراق ڕێگەی نە دەدا هیچ ئامێر یان داودەرمانێک بچێتە ناوچە ئازاد کراوەکان، بۆیە دابینکردنی داودەرمان بۆ هەزاران پشمەرگەو هاوڵاتیان زۆر سەخت و دژوار بوو، کارمەندی تەندروستی، پزیشک و پەرستاری زۆر کەم بوون، بەڵام دکتۆر شێخ قادر بریفکانی ئەزموونێکی سەربازی و پەرستاری و نەشتەرگەری زۆری هەبوو هەر وەک زۆر لە شاهد حاڵەکان دەگێرنەوە چەندەها نەشتەرگەری قۆرس و بە کوتوپڕی بەبێ بەنجی گشتیی ئەنجام داوە، هەندێک لەو پێشمەرگانە تا ئێستاش لە ژیاندا ماوون. لە و سەردەمەدا بە گشتیی ژمارەی کەسانی پیشەوەر و خوێندەوار کەم بوون. لەو کاتەدا شێخ قادر بیری لەوە کردەوە چەند خولێکی پەرستاری بۆ ژمارەیەک لە قووتابیان بکاتەوە. هەر خولێک ماوەی سێ مانگی خایاندووەو بڕوانامەیان بە قوتابیەکان بەخشرا، ساڵی ١٩٦٦ دوو بەرەکی دەکەوێتەنێوان ڕیزەکانی شۆڕش مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، جەلالی و مەلایی وەکو دوو هێزی نەیار جیا دەبنەوە. شێخ قادر لەگەڵ مستەفا بارزانیی نەمردا دەچێتە ڕانیە، لەوێ لە سەر داخوازیی مەلا مستەفا بارزانی بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی بۆڵێ دەکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی هەڤاڵانی پێشمەرگەو خەڵکی دەڤەرەکە لەگەڵ د. حکمەت حەکیم بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت، هەر لە دەستپێکی گواستنەوەی بۆ ڕانیە، دادگای سوپای عێراق بە غیابی بڕیاری سزای لێسەندنەوەی متمانەو پلەی سەربازی و گرتنی بۆ دەردەکەن و دەست بەسەر ماڵ و مڵکیدا دەگیرێت. بەڵام ئەو بیرو باوەڕێکی زۆر پتەوی بە شۆڕش هەبوو، هەر بۆیە بەردەوام دەبێ لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و کاری پیشەیی خۆی، چونکە هەمیشە ئایدیۆلۆجیای بیرو باوەڕی شۆڕشگێڕی، بەسەر بەرژەوەندی تاک و تایبەتی ئەودا زاڵ بوو.
دواتر لە سەر بڕیاری دکتۆر مەحمود عوسمان سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی نێردرایە نەخۆشخانەی هێزی ڕزگاری و لە وێ بوو بە بەرپرسی نەخۆشخانە و ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ گەیاندووە، دوای چەند ساڵێک کارکردن لەهێزی ڕزگاری، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکەی هێزی کاوە، کە ئەو کاتە حەسۆ میرخان ژاژۆکی ئامر هێز بووە وە لەوێش کاری خۆی بە دڵسۆزانە ئەنجام داوە، لە دواییدا لە سەر داخوازیی خودی مستەفا بارزانی چۆتە نەخۆشخانەی هێزی ئاکرێ لە گوندەکانی شوش و شەرمن تا ساڵێ ١٩٧٣ هەر لەوساڵەدا لەسەر بڕیاری مەکتەب تەنفیزی گواستراوتەوە بۆ ناوچەی بێتواتە لای عەلی شەعبان لەوێش نەخۆشخانەی بەڕێوە بردووە. لە زۆربەی شەڕەکاندا وەکو دکتۆرێکی ئازا و بە جەرگ، بەشداریی کردووە لەوانە داستانی ھەندرێن کە لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٦لە سەرەتایی شەڕەکە تا کۆتاییی بەبێ پشوودان وەک دکتۆرێک ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ هێناوە.
بەردوامی ململانێ، شەڕ و هێرشە چڕەکانی سوپای عێراق لە ساڵی ١٩٧٤ و بوردومانی هاوڵاتی و گوند و ناوچەکانی شۆڕش بە بومبی ناپاڵم شێخ قادرو هەڤاڵانی ناچار کرد بۆ چارەسەری نەخۆش و بریندارەکان لەسەر سنوری عێراق- ئێران نەخۆشخانەی شۆڕش دامەزرێنن، دیسان شوێنەکە ئارام نەبوو، بە مەبەستی دابینکردنی شوێنێکی ئارامتر بۆ نەخۆش و بریندارکان چوونە رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) لە شاری مەهاباد، لەوێش لە نەخۆشخانەی خانەی جەوانان بوو بە بەرپرسی نەخۆشخانە.
لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) هەر وەک سەدان خێزانی تر ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و گەیشتنە ئۆردوگای زێوە. لە زێوە بۆ ماوەی شەش مانگ لەگەڵ خێزانەکەیدا هیچ هەواڵێکی یەکتریان نەدەزانی و لە ماڵ و منداڵی دابڕا بوو، دوای یەکتر دۆزینەوە لە سەر بڕیاری بارزانی خانەوادەکەی گەیشتە مهاباد و لەوێ نیشتەجێ بوون.
لە کۆتایی ١٩٧٥ دوای گەرانەوە بۆ عێراق لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوون. ساڵی ١٩٧٨ گەڕایەوە کەرکووک، دیارە ژیان کردن بۆ کەسێکی گومان لێکراوی وەکو شێخ قادر لە شارێکی وەکو کەرکوکدا، شتێکی هەروا ئاسان نەبوو، ئەوکات پلەی سەربازی نەمابوو، لە پیشەکەی دەرکرابوو، لەو ماوەیەدا توشی زۆر تەنگ و چەڵەمەو ئاستەنگی زۆر بوو لەوانە گرتن و لێپێچینەوەو تەنانەت زۆرجار گۆشاری دەخرایە سەر کە ببێتە بەعسی و لەگەڵیان کاربکات، یان فەوجی مەفرەزە خاسە و جاشێتی، و ئەو بەم داوایانە ڕازی نەبوو، هەموو پلەو پۆست و پایەیەکی ڕەتکردەوە. هەر لەبەر ئەوە ڕێزێکی تایبەتی لە ناو خەڵکی کەرکووک و هاوڕێ و هەڤاڵانیدا هەبوو، زۆر پلە و پێگە و پایەی ڕەت کردەوە، لە پێناو بیروباوەڕی پتەوی دۆزەکەی بە شاهیدی سەدان کەسی ئەو شارە و خۆشەویستی ناو خەڵک و هەڤاڵانی بوو.
ساڵی ١٩٩١ لە کاتێ راپەڕین باوەشی دڵسۆزانەی بۆ پێشمەرگە و راپەڕین خوازانی ئەو شارە کردەوە یەکەم دەرگا کە بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو و پێشمەرگە و شانە چەکدارەکان کرایەوە دەرگای ماڵی دکتۆر شێخ قادر بریفکانی بوو، کاتژمێر چواری بەرەبەیان لە سەربانی ماڵەکەی ئەوەوە لە گەڕەکی یادگار بەرانبەر بارەگای حزبی بەعس کە زۆربەی جاش و ڕەفیق حزبییەکان خۆیانیان تێدا حەشار دابوو، شەڕ دەستپێدەکات بە چەکی سووک و مامناوەندی و چەکی قورس تاکو شەو شەڕێکی زۆر گەورە بوو تا ئەو شوێنە پاک کرایەوەو و بە دەیان ڕەفیق حزبی و جەیشی شەعبی و جاش لەو شوێنەدا کوژران و هەندێکیش دەرباز بوون. لە هەموو کوچە و کۆلانەکانی کەرکووک شەڕ بەردەوام بوو ، شێخ قادر بەپێی ئەزموونی سەربازیی خۆی ڕێنمایی پێشمەرگەکانی دەکرد لەوکاتەدا دەرگا کردنەوە بۆ پێشمەرگەو خەڵکی ڕاپەڕیو سزایەکی قورسی لەسەر بوو، چونکە ئەگەر ئەو ڕۆژە ڕاپەڕین دەستی پێنەکردایە پلان وابوو دوای ئەنفالی پیاوەکان دەست بە ڕەشبگیری ژنانیش بکەن تەنانەت پاسێکی زۆریان هێنابووە گەراجی بارەگایەکە. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە نەیان توانی ئەو بڕیارە نەگریسە ئەنجام بدەن.
دیارە ئەم دڵخۆشیە زۆری نەخایەند هێرشی سوپای عێراق دەستی پێکرد و بە هەزران کەس کوژراون و دەربەدەر کران، هەر بۆیەشە جارێکی تر شەپۆڵی ئاوارەبوونی خەڵکی کەرکووک لە بەهاری ١٩٩١ بەرەو سنووری ئێران دەستی پێکرد و لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون، هەر بە گەیشتنی بۆ سەر سنووری ئێران دوای چەند کاتژمێرێک ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیی گەیشتنە ئەوێ و خێوەتێکی یارمەتیی سەرەتاییان هەڵدا، دکتۆر شێخ قادر و کچەکەی بە ناوی بێگەرد قادر بریفکانی کە قوتابی بەشی تیشک بوو خۆبەخشانە لەگەڵ تیمی خاچی سور دەستیان بەکار کرد، لە دواییدا گوێزرانەوە بۆ ئۆردوگایەک لە سەقز لەوێش وەك پێشمەرگەیکی دڵسۆز، بنکەیەکی تەندروستی خۆبەخشانە بەڕێوە دەبرد بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩١ گەڕایەوە بۆ کەرکووک بەڵام بۆ پێنجەمین جار ماڵێ تاڵان دەکرێ و بەعسییەکان بە هەڕەشە ماڵەکەیان داگیر کرد، بەهۆی هاوکاری و ڕێنیشاندەری پێشمەرگەکان بۆ کوشتنی دەیان ڕەفیق حزبی ناچار بووە کەرکوکی بەجێ بهێلێت، ئەم خەمە قورسە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستیی هەبوو و بەوهۆیەوە توشی خوێنبەربوونی مێشك بوو و دواتر بە خێزانەوە دەچێتە شاری دهۆک و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. بەڵام بەهۆی کاریگەریی نەخۆشییەکەیەوە ٢٨ی نیسانی ١٩٩٨ کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوە:
چاوپێکەوتن لەگەڵ بێگەرد قادر یونس بریفکانی، ٢٠٢٦




