عەشقی ئارەب بادین

ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی ڕێزان لەناوچەی بارزان سەر بەقەزای مێرگەسوری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، لەساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵانەوە دەکات و دەبێتە پێشمەرگە لە هێزی بارزان، لەگەڵ ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان.


عەشقی ئاراب لەگەڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی ئەیلوول لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە لەلای حارس بێدارونی و لەگەڵ بارزانی نەمر بووە لەچیای پیرس، و ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ بارزانی نەمر دەپەڕێتەوە بۆ ناوچەی سۆران و باڵەک، عەشقی ئاراب لەگەڵ هێزەکەی خۆی و بەفەرماندەیی حارس بێدارونی چۆتە ناوچەی باڵەک و پشدەر، لەکاتی هێرشکردنە سەر قشڵەی ڕایات لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، ناوبراو لە چیای هەڵگورد هێزی پشتیوان بووە بۆ ڕێگەگرتن لەهاتنی سوپای عێراق و جاش بۆ شکاندنی گەمارۆی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر قشڵەی ڕایات، لەهەمان ساڵدا گەڕاوەتەوە بۆ سرێشمە و لەوێوە بۆ چیای برادۆست و بۆ بارزان، لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداری کردووە لە شەڕەکانی بەرگریکردن لەو هێرشانەی کەکرایە سەر ئەو ناوچەیە و لەئەنجامدا دوژمن ناچاربووە پاشەکشێ بکات، لەهەمان ساڵدا لەگەڵ هێزەکەی حارس بێدارونی و بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی سۆران و تاکو ساڵی ١٩٦٥ لە سەنگەسەر بووە، لەهەمان ساڵدا گواستراوەتەوە بۆ مەکتەبی سیاسی و ئەرکی پاسەوانی بەشی پاراستنی شۆڕشی پێ سپێردراوە کە مەسعود بارزانی بەرپرسی بووە، تاکو ساڵی ١٩٧٤ لەو ئەرکە بەردەوام بووە و دواتر کراوە بە فەرماندەی بەتالێونی یەک.

پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەساڵی ١٩٧٥ سەرەتا لەکۆمەڵگای ڕەبەت لەناوچەی سەردەشت بووە و دواتر چۆتە نەغەدە و بۆتە پاسەوانی ماڵی بارزانی نەمر، لەساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵانەوە دەکات لە هێزی بارزان و گەڕاوەتەوە بۆ زێوە و لەگەڵ دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر چووەتە بێدار و کەتینە و لەوێ بارەگای هێزیان داناوە و بە مەفرەزەی گەڕۆک زەبریان لە پێگەکانی ڕژێم وەشاندووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٨ بارەگایان گواستۆتەوە بۆ حەیات و گەلی ڕەش، دوای شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژیانی پێشمەرگایەتی بەشداری دەیان شەڕی کردووە و لەشەڕەکانی چیای بەرزێوە لەدەڤەری باڵەک لەساڵی ١٩٦٤ و چیای پیران لەساڵی ١٩٨٤ و چیای وەرتێ و دڕەبی و شەڕی ڕەواندز لەساڵی ١٩٩٥بریندار بووە، باوک و برایەکی لەشەڕی چیای بێدارون لەساڵی ١٩٣٧شەهیدبوون، برایەکی دیکەی لەساڵی ١٩٨٨ لە پشت گوندی کەکلە لەدەڤەری مێرگەسور شەهید بووە، لەکۆنگرەی ١٣ی ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە، ئێستا بەپلەی عەقید لە ڕیزەکانی لەشکەری پێشمەرگەی کوردستان لە بارزان درێژە بەخەباتی خۆی دەدات.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

جەوھەر ئەسعەد فەتاح ئاغا هەرکی

جەوھەر ئەسعەد فەتاح، ناسراو بە (جەوهەر ئەسعەد ئاغا)، ساڵى ١٩٥٢ لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ میدالیای بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی ساڵی ١٩٥٠ لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە. دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوەتە پاسەوانی سنوور. ساڵی ١٩٧٣ لە لایەن حکوومەتی عێراق دەستگیر کراوە. ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە شۆڕشی گولان کردووە. ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەسەن شێخ مستەفا بۆسەلی

حەسـەن شــێخ مســتەفا بۆســەلى، ســاڵی ١٩٤٨ لە گونــدی بۆسەل لە قەزای زاخــۆی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زاخۆ، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کراوە بەفەرماندەی عەمەلیاتی سوپای چوار، لەرۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

جەعفەر مستەفا مەعروف

جەعـفەر مسـتەفا مەعـروف ناسـراو بە (شـــێخ جەعـــفەری جامانەســـور)، ســـاڵی ١٩٥٧ لەگونــدی گوندی سەرکان ناوچە ســرۆچک سەربە ناحییەی بەرزنجەی پارێزگــای سلێمانی لەدایـک بـووە، سـاڵی ١٩٧٠ پەیوەندى بە ڕیــزی یەکێتــی قوتابیــانی کوردســتاندا کردووە، لەساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن بووە، ١٩٩٦ بە قایمقامی هەڵەبجەی شەهید دەستنیشان کراوە، سالانی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ وەکو قایمقامی شاری ئاکرێ لە ئەرکدا بووە

زانیاری زیاتر

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر