ژیاننامە
عەبدولڕەحمان موفتى تەیب له قه‌زای ئامێدی سه‌ربه پارێزگای دهۆك له‌دایكبووه، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و ساڵی ١٩٥٤ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له به‌شی سیاسه‌ت و ئابووری وه‌رگرتووه، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ساڵی ١٩٥٤ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ واسیلیا محه‌مه‌د جار حەمید پێكهێناوه، کوڕێکیان هەبووە به‌ناوی ڕه‌شوان عه‌بدولڕه‌حمان (١٩٥٦). عەبدولڕەحمان موفتى ساڵی ١٩٩٣ كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی ئه‌بوغرێب به‌خاك سپێردراوە.
خەباتنامە
عەبدولڕەحمان موفتى تەیب له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ به‌شداری ڕێڕه‌وى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و ڕاوێژكاری مه‌لا مستەفا بارزانی بووه، له شه‌ڕه‌كانی ڕێڕه‌و به‌شدار بووه، له ڕێكه‌وتی ٢٨ی ئایاری ١٩٤٧ له‌سه‌ر داوای میرحاج ئه‌حمه‌د به‌شداری كۆبونهوەى گوندی جیرمێى كردووە.
لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە. دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
له ڕێكه‌وتی ١٩ی كانوونی دووه‌می ١٩٤٨ له كۆنفرانسی گشتیی باكۆ كه لەلایەن نوێنه‌رانی كوردی کوردستانى عێراق و ئێران به‌سترا، بووه ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی سیاسی له كوردستانی عێراق.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له به‌غدا دامه‌زرا و دواتر پله‌ی ڕائیدیان پێ به‌خشی، ساڵی ١٩٦٣ خانه‌نشین كرا و دواتر له‌گه‌ڵ میرحاج ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق زیندانی كران.
سه‌رچاوه‌كان:
١- چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.
٢-حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
٣-زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌ریه‌كانم له ساڵانی ١٩٤٣-١٩٧٧دا، (سلێمانی - چاپخانه‌ی ره‌هه‌ند - ٢٠٠٢ز).
٤-شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
٥-كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
٦-مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
٧-نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
٨-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.