ژیاننامە
عەبدولڕەحمان حەبیب ئەبوبەکر، ساڵی ١٩٢٧ له گوندی بێدارونی سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕەتووی قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، به ئه‌سڵ خه‌ڵكی گوندی پیره‌ساڵه، له ٢١ حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه. دوای چوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت ساڵی ١٩٥٠ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ دلیارا ئه‌ستارونا ئیسلام پێكهێناوه، كوڕێك و كچێكیان هەبووه به ناوه‌كانی جمیله (١٩٥١) و موجاهید (١٩٥٥). عەبدولڕەحمان حەبیب له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و ساڵی ١٩٥٣ بڕوانامه‌ی په‌یمانگا له زانكۆی پارت شكۆلا وه‌رگرتووه، ساڵی ١٩٥٨ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له به‌شی مێژووی زانكۆی ئاسیای ناوه‌ڕاست به‌ده‌ستهێناوە، له ٢٨ كانوونی دووه‌می ٢٠٠١ كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی پیره‌ساڵ به خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
عەبدولڕەحمان حەبیب ئەبوبەکر له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، دوای ڕووخانی کۆمار و گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕی گه‌لی قتور و شەڕی پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریای خەزەر لە باكۆی پایتەختی كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانی، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکە له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەی خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشی حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەردەسەرییەکانی هەڤاڵانی خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هەڤاڵانی بارزانی و دواجار بڕیاری لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شاری ڤریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ و بەپێی هەردوو ماددەی سێیەم و حەوتەم و بڕگەی (أ) لە ماددەی دەیەم و کارکردن بە ماددەی (١١) بە پشت بەستن بە یاسای هەموارکراوی ژمارە ١٩ لە ساڵی ١٩٥٩ دا، خۆی و هەڤاڵانی بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان. دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول کە شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو لە کوردستان، به‌شداری شۆڕشەکە دەکات و له شه‌ڕه‌كانی به‌شدار دەبێت.
سه‌رچاوه‌كان:
١-چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.
٢-حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
٣-سه‌فه‌ر یووسف میرخان ژاژوكی، له یادی ٥٠ ساڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڤاڵانی بارزانی نه‌مر له یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بۆ خاكی كوردستان، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٣١٤٨، هه‌ولێر، ١٦ نیسانی ٢٠٠٩ز.
٤-شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
٥-عەبدولڕەحمان مه‌لا حه‌بیب ئەبوبەکر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
٦-كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤیەت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
٧-گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
٨-مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
٩-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.