ژیاننامە
ساڵى ١٩١٣ لە گوندى سێلکێ سەر بەناحیەى شێروان مەزن لە قەزاى مێرگەسۆری پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، لە ٢١ حوزەیرانى ١٩٣٢ لەگەڵ بنەماڵەکەى ئاوارەى وڵاتى تورکیا بووە، خێزاندار بووە و خاوەنى دوو کچ بووە بەناوەکانى فەهیما و جەمیعا، لەیەکێتى سۆڤیەت خوێندوویەتى و بڕوانامەى پەیمانگاى وەرگرتووە، هەر لەوێش بۆ جارى دووەم ژیانى هاوسەرگیرى لەگەڵ نەزیرا فازل پێکهێناوە و دوو کوڕیان هەبووە بەناوى سلێمان و شەوکەت. ساڵى ١٩٥٩ دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، شەکر محەمەد بە فەرمانبەر لە شەقڵاوە دامەزراوە، شارەزایی لە زمانى کوردى و ڕوسى هەبووە. ساڵى ١٩٧٣ لەشەڕى چیاى پیرس بریندار بووە، پاشان تووشى نەخۆشییەکى کوشندە بووە و لەهەمان ساڵ کۆچى دوایی کردووە و لە گوندى سێلکێ بەخاکسپێردراوە.
خەباتنامە
شەکر محەمەد ئەحمەد، لەبنکەى پۆلیسى بیرە کەپرا پۆلیس بووە، لە ١٥ى تشرینى یەکەمى ١٩٤٣ بنکەى پۆلیسى گوندى بیرەکەپراى ڕادەستى شۆڕشگێڕان کردووە و پەیوەندی بە ڕیزەکانى شۆڕشى دووەمى بارزان کردووە، لە ٢٠ى تشرینى یەکەمى ١٩٤٣ بەشدارى گرتنى بنکەى پۆلیسى زێتى کردووە. لە ١٩ی ئابى ١٩٤٥ بەفەرمانى عورفى سەربازى عێراق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە، لە ١١ى تشرینى یەکەمى ١٩٤٥ دواى نسکۆى شۆڕشى دووەمى بارزان ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە ٣١ى ئادارى ١٩٤٦ لە هێزى بارزانى سەربە سوپاى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد دەبێتە پێشمەرگە، بەشدارى شەڕەکانى ڕاژان و شنۆ و مەهاباد دەکات.
دواى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کورستان بۆ باشوورى کوردستان بەشدارى شەڕى نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کردووە.
لە ١٩ی نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى باکوورى کوردستان بۆ دەڤەرى شێروان و مزوورى گەڕاوەتەوە، دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشداریکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری یەکێتیی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆ بکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردۆتەوە، پلەى ئامر سریەى لە ناو هێزى پێشمەرگە وەرگرتووە، بەشدارى شەڕەکانى بارزان و دیانا و دەڤەرى دۆلەمەرییان و مێرگەسۆرى کردووە، ساڵى ١٩٧٣ بەشدارى شەڕى چیاى پیرسى لە دەڤەرى ئاکرێ کردووە.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
-
سه‌فا جاف، شۆڕشی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئهیلوول و هه‌یبه‌تی ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره - 2007ز).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - 2013ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری – 2001ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره 154، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، 15 نیسانی 1959.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی نادیار - 2012ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مەهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز).