شەڕی پیرەمەگرون تشرینى دووەمى ١٩٦٩

شەڕی پیرەمەگرون لە پایزى ١٩٦٩ ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە بە فەرمانى سەرکردایەتى شۆڕش هەڵمەتى سەر ئەو ناوچانەى دەست پێکرد کە ڕژێمى بەعس بە هەماهەنگى و پشتیوانى هێزەکانى مەکتەبى سیاسى کۆن داگیرى کردبوون، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى پێشمەرگە و شکستى هێزەکانى حکومەت کۆتایی هات و پێشمەرگە دەستى بەسەر پیرەمەگروندا گرتەوە.


سەرکردایەتى شۆڕشی ئەیلوول پێی وابوو کە پێویستە هێزى پێشمەرگە لە دۆخى بەرگرییەوە بچێتە قۆناغى هێرش و گرتنەوەى ئەو ناوچانەى کە سوپاى عێراق بە پشتیوانى هێزى ئاسمانى و تانک و تۆپ و زریپۆش و چەکدارانى مەکتەبى سیاسى کۆن دەستیان بەسەردا گرتبوو، هەر وەک لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٨و بە درێژایى ساڵى ١٩٦٩ هەڵمەتێکى سەربازى چڕوپڕى بۆ سەر زۆربەى ناوچەکانى کوردستان دەست پێکرد، لە پایزى ١٩٦٩ هێزى پێشمەرگە کۆمەڵێک هەڵمەتى بۆ سەر چەند ناوچەیەکى سلێمانى و گەرمیان ئەنجامدا و سەرکەوتنى تێدا بە دەست هێنا، دەسەڵاتى حکومەت و هێزەکانى مەکتەبى سیاس کۆنى لێ دەرکرن و شوێنەکان گەڕانەوە ژێر دەسەڵاتى شۆڕش، وەک ناوچەکانى مەرگە و سورداش و قەرەداغ و گەرمیان.

پلانى ئەم جارەى سەرکردایەتى شۆڕش ئازادکردنى پیرەمەگرون و دەوروبەرى بوو، ئەم هەڵمەتەى پێشمەرگە بە هێزى ڕزگارى و بەشێک لە هێزى هەڵگورد و بەشێکى زۆرى پێشمەرگەکانى هێزى قەرەداغ و بەتالیۆنى شوان سپێردرا، بەرپرسیاریەتى هەڵمەتەکەش خرایە سەر شانى فەرماندەى پێشمەرگە ڕەشید سندى، بەڵام فەرماندەرى هێرشى مەیدانى بە حەمید بەروارى و حەمەسور حسێن و عەبدولڕەحیم بارزانى و حاجى شێخ قادر و سەید عاسى سپێردرا، سامی عەبدولڕەحمان سەرپەرشتى گشتى شەرەکە بوو، هەروەها دانشتیوانى ناوچەکەش ئامادەیی و هاوکارى خۆیان بۆ پشتیوانى هێزى پێشمەرگە دەربڕی.

١٨ى تشرینى یەکەمى ١٩٦٩ ڕێکەوتى دەست پێکردنى هێرشەکە بوو، نەخشەى هەڵمەتەکە بە جۆرێک داڕێژرابوو هەر لە دەستپێکەوە پێشمەرگە لە پێشڕەویدا بوون تاکو توانیان بە ماویەکى کەم دەست بەسەر پێرەمەگروندا بگرن، هەروەها توانیان دەست بەسەر لوتکەى هەلاجیشدا بگرن کە شوێنێکى ستراتیژى ناوچەکەیە، ئەم هەڵمەتەى شۆڕش لاى دۆڵە ڕووت و خەمزە و قەیدانیشى گرتەوە و کەوتنە بەردەستى پێشمەرگە، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا چەکدارانى هێزى مەکتەبى سیاسى کۆن کە لە ناوچەکە بڵاو ببوونەوە و لە پشتیوانى سوپاى عێراقدا بوون وەکو ئاردى ناو دڕی پەرش و بڵاو بوونەوە، هێزەکانى حکومەت زیانى گیانى زۆریان بەرکەوت کە بە ١٢٠ کوژراو مەزەندە دەکرا و لاشەیان لە مەیدانى شەڕدا بەجێمان. 

ڕەفتار و کردارى هێزەکانى سەربە مەکتەبى سیاسى کۆن لەگەڵ ئەو ناوچانەى کە دەستیان بەسەردا دەگرت بە جۆرێک بوو، هەر کەسێ کە تواناى هەڵگرتنى چەکى هەبوایە بە زۆرى و زۆرداى چەکدارایان دەکرد، لە بەرژەوەندى خۆیان بەکاریان دەهێنان، بەرپرسەکانیان بە هاوبەشى و هەماهەنگى لەگەڵ ئەفەسەرانى سوپادا لیستى مووچەیان بەناوى ئەو چەکدارانە ڕێکدەخست و پارەکەشیان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد، ئەمەش هۆکار و پاڵنەرێکى دیار و بەرچاو بوو بۆ چەکدارەکان هەر کاتێ دەرفەتیان بۆ دەڕەخسا ڕیزەکانى بەکرێگیراویان بەجێ دەهێشت و پەیوەندیان بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە دەکرد، ئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە یەکێک لە ئەنجامەکانى ئەو شەڕە و چوونەوەى دەسەڵاتى شۆڕش بۆ ناوچەى پیرەمەگرون ژمارەیەکى زۆرى چەکدارانى هێزەکانى ناوبراو هاتنە پاڵ پێشمەرگە و پەیوەندیان بە شۆڕشەوە کرد. 

شایانى باسە بەهۆى ئەو شکستەى کە حکومەتى بەعسیەکان لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٩ لەسەر دەستى شۆڕشی ئەیلوول تێیکەوتبوو، دۆخى دەوڵەت گەیشتە قۆناغێک کە نەتوانێ چیتر بەرگەى شەڕی کورد بگرێ و بەردەوامى پێ بدات، بە هۆکارى خراپى دۆخى ئابوورى و دارایی کە خەزێنەى دەوڵەت بەتاڵ ببوو لەبەر خەرجى شەڕەوە، هەروەها بوونى کێشە ناوخۆییەکانى ناو حزبى بەعس کە لەو ڕۆژگارەدا هێشتا نەیاندەتوانى دەزگا گرنگەکانى دەوڵەت وەک هێزەکانى سوپا و پۆلیس و ئاسایش بخەنە ژێر ڕکێفیان و بە ویستى خۆیان یاری پێ بکەن، چونکە نەیارى زۆریان هەبوو لە ناو ئەو دەزگایانە، بۆیە ناچار بوون بیر لە ڕێگا چارەى تر بکەنەوە کە گفتوگۆ و ڕێکەوتى ئاشتى بوو.                      


سەرچاوەکان:     

١- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

٣- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.

٤-ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٥- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر