شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

یەکێک لە چالاکییەکانی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان لە ساڵى ١٩٨٧، بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ کە بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى ئەو سەربازانەى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.


ساڵى ١٩٨٧ لە زۆربەى ناوچەکانى باشورى کوردستان، سنوورى چالاکى و هەڵمەتى پێشمەرگە بۆ سەر بنکە و بارەگا و هەموو ئەو شوێنانەى کە بە سەنگەرەکانى سەربازى و چەکدارى هێزەکانى عێراق تەندرابوون، بەو ئەندازەیە فراوان بوو تەنانەت دەزگا سەربازیەکانى حکومەتى عێراقیان بەردەوام خستبووە دۆخى ئامادەباشى([1])، هەرچەندە لە زۆر کاتى جیاواز و شوێنى جیاوازدا هێرش و پەلامارەکانى سوپا و چەکدارانى بەکرێگیراو و تەواوى هێزە عێراقیەکان هێرش و پەلاماریان ئەنجام دەدا بۆ ئەو ناوچانەى کەوتبوونە ژێر هەژموونى پێشمەرگەوە، بەڵام هێرش و هەڵمەتە سەربازیەکانى حکومەت کاریگەرى ئەوتۆیان نەبوو لەسەر پەکخستنى چالاکیەکانى پێشمەرگە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ چالاکیەکان لە زیادبووندا بوون([2])،  

       بۆ ئەو مەبەستە ساڵى ١٩٨٧ لە بارەگاى لقى (١) پارتى دیموکراتى کوردستان لە کوماتەى دەڤەرى بادینان کۆبوونەوەیەکى بەرپرسانى پێشمەرگە بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا هێزێکى پێشمەرگە پێکهات، لە ژێر سەرپەرشتى ملازم محەمەد و زێوەی جێگرى، لەگەڵ بەرپرسانى ترى دەستە و تاقمى پێشمەرگە، تاکو گورزێک لە هێزە سەبازیەکان بوەشێنن لە ڕێگاى هێرشکردنە سەر سەنگەر و بنکە و بارەگا سەربازى و چەکداریەکان، دواى ئەوەى ئەو هێزەى پێشمەرگە ڕوویان کردەوە سنوورى چالاکی خۆیان، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە تاو و توێ کران دەربارەى ئەنجامدانى چالاکی و دیارى کردنى شوێنەکە، بۆ ئەو جارە یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراقی دەستنیشان کرا  لە بەرامبەر شارۆچکەى شێلادزێ سەر ئاڤا زێ([3])، دیارە ئەو جۆرە خاڵە سەربازیانەى کە حکومەت لەو شوێنانە جێگیرى کردبوون مەبەستى باڵادەست بوون بوو بەسەر ناوچەکە و ڕێگرى کردن بوو لە جموجۆلى پێشمەرگە.

    هێزى پێشمەرگە نەخشە و پلانی داڕشت بۆ جێبەجێ کردنى ئەو کارەى کە پێیان سپێردرابوو،  سعاتى سفر دانرا بۆ هێرشکردن، ئەو شەوەى کە دیاری کرا بۆ لێدانى خاڵە سەربازیەکە لە کات و شوێنى دیاریکراو جێ بە جێ کرا، هەرکە هەڵمەتى هێرشى پێشمەرگە دەستى پێکرد بە ماوەیەکى زۆر کەم  توانیان دەست بەسەر ڕەبایەکەدا بگرن، هەموو ئەو سەربازانەى کە لە ڕەبایەکەدا لە ئەرکدا بوون هەموویان کوژران و دەست بەسەر تەواوى چەکەکانیاندا گیرا کە لە جۆرى کلاشینکۆف بوون، دواى بەجێ گەیاندنى ئەرک و  گرنگیەکەیان پێشمەرگە شوێنەکەیان بەجێهێشت و بەبێ زیان گەڕانەوە بارەگاى لق لە کوماتە([4]).

  شیانى باسە هەموو ئەو چالاکیانەى کە لەو جۆرە لە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە ئەنجام دەدران پەیامێک بوون بۆ دەسەڵاتدارانى بەعس کە شۆڕشى کورد سل ناکاتەوە لە بەدیهینانى مافە دیموکراسیەکانى، کە ساڵەهایە لە پێناویدا دەجەنگێ و قوربانى بۆ دەدا.  


سەرچاوەکان:

١-مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

٢-محەمەد مراد: خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

٣-شیمال زێباری: هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥.             

 


[1] - مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٦٥-٨٧.

[2] - شیمال زێباری، هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥، ل٣٥٤-٣٧٤.

[3] - محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧، ل١١٧.

[4] - محەمەد مراد: هەمان سەرچاوە، ل١١٧.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر