شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.


      هاوینى ١٩٨٢ بارەگاى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردسان لە دۆڵى بالیسان و بارەگاى لێژنەى ناوچەى باڵەکێش لە شێخ وەسانان بوو، کە ناوچەیەکى ئازادکراو و بە چیاى بەرز و سەخت دەور دراوە، لەبەر ئەوەى کە شۆڕش بە شێوەیەکى فراوان ناوچەکانى کوردستانى تەنی بوو، ئەو شوێنانەى بۆشایی هێزى سەربازى عێراقى بوون و نەیدەتوانى کۆنتڕۆڵیان بکات، بارەگاکانى شۆڕشى لێ جێگیر کرابوو، مەفرەزە و هێزە تایبەتەکانى پێشمەرگەش بۆ هەموو شوێنێکى کوردستان ڕەوان دەکران و چالاکیەکانیان لە ناوەو دەرەوەى شار و ڕێگا و ڕەبایە سەربازیەکان بەردەوامى هەبوو.

      بە پێى ئاماژەى عەلى وەستا حمەد پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، هەواڵى هاتنى چەکێکى زۆر بۆ شارۆچکەى هەریر لە لایەن ڕژێمى بەعسەوە بە هێزى پێشمەرگە گەیشت، بۆ ئەوەى خەڵکێکى زۆرى ناوچەکە چەکدار بکات، بە ناوى سوپاى میللى (جیش الشعبي)، ئەوەش چەند ڕەهەندێکى لێ دەخوێندرێتەوە، وەکو چەکدار کردنى بەشێکى زۆرى خەڵکى کوردستان و بڕینەوەى مووچە بۆیان، وێڕای بەکارهێنانیان لە دژی شۆڕشى کورد و شەڕى ئێران، هەڵبەتە سەرقاڵ بوونى بەشى هەرە زۆرى سوپاى عێراق بە شەڕى ئێران و چۆلکردنى زۆرێک لە سەربازگە و ڕەبایەکان و پڕکردنەوەى ئەو شوێنانە بەو هێزانە، لە لایەکى تریش ڕێگریکردن لە زۆرێکى خەڵکى کە پەیوەندى بە ڕیزەکانى شۆڕشەوە بکەن بەهۆى کردنیان بە مووچەخۆرى حکومەت.

     دواى ئەوەى کە هەواڵى هاتنى ئەو چەکانە و کۆگاکردنیان لە بنکەى ڕێخکستنی هەریرى حزبی بەعس بە هێزى پێشمەرگە گەیشت، دەستبەجێ فەرماندەکانى پێشمەرگەى لقی دوو بە سەرپەرشتى محەمەد مەلا قادر بەرپرسى لق بانگهیشتى هێزى پێشمەرگەى ناوچەى باڵەکیان کرد کە چالاکیەک ئەنجام بدەن، دواى ئەوەى کە تاو و توێى هەواڵەکەیان کرد هێزێکیان پێکهێنا بە فەرماندەیی بەشێک لە بەرپرسانى لق و فەرماندە سەربازیەکانى ناوچەى باڵەک وەک نەجمەدین گۆرۆنى و ئەحمەد کەشخە و چەندانى تر، تاکو لە کاتێکى زوودا هێرش بکەنە سەر ئەو بنکەیە و ئەو پلانەى ڕژێمى بەعس شکست پێ بهێنن، کە دروستکردنى هێزێکى میللى بوو لە دانیشتوانى شارۆچکەى هەریر.                

      هێزەکەى پێشمەرگە لە شەوێکى هاوینى ١٩٨٢ خۆیان ئامادە کرد بە چەک و تفاقى جەنگى و پێداویستیەکانى دیکەى ڕێگا و ئاو و خواردن و خۆراک، لە دۆڵی ئاڵانەدا بەڕێکەوتن بەرەو چیاى بەنى هەریر ڕێگایان گرتەبەر، کە گەیشتنە نزیک شارۆچکەى هەریر هێزێکى پێشمەرگەیان لە دەرەوەى شار جێگیر کرد لە شوێنێک کە دوو ڕێگاى لێ دەردەچوون بۆ بەرزایی قەدى چیاکە، بۆ سەلامەتى ڕێگا لە کاتى گەڕانەوەى هێزى پێشمەرگە و پارێزگارى کردنیان، هێزەکەى دیکەى پێشمەرگە بە نەخشەیەکى توکمەى پارتیزانى خۆیان خزاندە ناو کوچە و کۆڵانەکانى شارۆچکەکە تاکو خۆیان گەیاندە دەوروبەرى بنکەى ڕێکخراوى بەعس، دواى ئەوەى کە ئامادەکارى تەواویان کرد بۆ لێدان و هێرشکردن،  بەو چەکانەى دەستیان کە ئاڕ پى جى و چەکی دیکەى دەستى هەڵمەتیان برد، شەڕێکى گەرم دەستى پێکرد، لە ماوەیەکى زوودا ئاگریان لە دوو ئۆتۆمبێلی ڕێکخراوەکە بەردا، شەڕەکە بۆ ماوەى زیاتر لە نێو کاتژمێرى خایاند ئەو هێزەى لەناو ڕێکخراوى بەعسدا بوون بەرگریەکى زۆریان کرد هەرچەند ٢-٣ کەسیشیان لێ کوژران بەڵام ئەوانى تر بەرگریەکى بەهێزیان کرد، چەند پێشمەرگەیەکیان شەهید و بریندار کرد، دواى ئەوەى کە هێزى پێشمەرگە شەهید و برینداریان لێ کەوت شەڕەکەش لە ناو شار بوو مەترسى هاتنى هێزى دیکەى پشتیوانى حکومەت هەبوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى پێشمەرگە هەروەها سوتانى ئۆتۆمبێلى ناو ڕێکخراو شوێنەکەى زۆر ڕووناک کرد پێشمەرگە بەباشیان نەزانی زیاتر بمێننەوەو درێژە بە شەڕ بدەن تاکو بچنە ژوورەوەو دەست بەسەر چەکەکاندا بگرن، بەڵکو بڕیارى کشانەوەیاندا تاکو بتوانن فریاى دەربازکردنى شەهید و برینداران بکەون بۆیە شوێنەکەیان جێ هێشت.

      ئەنجامى ئەو چالاکیە و زیانەکانى ڕژێمى بەعس بریتى بوو لە کوژرانى ٢-٣ لە پاسەوانانى بڕێکخراو و سوتانى دوو ئۆتۆمبێل لە ناو بارەگاى ڕێکخراو، زیانەکانى شۆڕشیش شەهید بوونى سێ پێشمەرگە و بریندار بوونى ژمارەیەکى تر، دواى ئەنجامدانى چالاکیەکە حکومەت چەکەکانی گواستەوە بۆ شەقلاوە و دابەشى نەکردن واتا لە دەرەنجامى ئەو چالاکیەى هێزى پێشمەرگە حکومەت نەیتوانى ئەو پلانەى دایڕشتبوو جێبەجێى بکات لە چەکدارکردنى خەڵکى هەریر شکستى هێنا، هەروەها ژمارەیەک خەڵکى دانیشتوانى هەریریان دەستگیرکردن بە تۆمەتى ئەوەى کە خزمیان پێشمەرگە بوون و یارمەتیان داون لە هاتنیان بۆ ناو شار و ئەنجامدانى چالاکى، وێڕای دەنگدانەوەیەکى زۆر کە پێشمەرگە توانى لە ناوجەرگەى شارۆچکەى هەریر چالاکى ئەنجام بدات.


سەرچاوە:

١- چاوپێکەوتنى عەلى وەستا حمد خەلکانى، پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، بەشداربووى شەڕەکە، دانیشتووى سۆران، گەڕەکى چەمى ریزان، ٤ى ئایارى ٢٠٢٦.

            


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر