شەڕی تەلخێم

شەڕى تەلخێم لە ٦ى حوزەیرانى ١٩٦٣ لە بنارى چیاى قەرەچوغ لە گوندى تەلخیم ڕوویدا، کە حەرەس قەومى و سەرباز و پۆلیس پەلامارى گوندى ناوبراویان دا، لە بەرەبەیانى ئەو ڕۆژە تا کاتژمێر یەکى دواى نێوەڕۆ شەڕەکە بەردەوامى هەبوو، لە ئەنجامدا هێزى پێشمەرگە و دانیشتوانى گوندەکە توانیان شکست بە پەلامارى حکومەت بهێنن و زیانى زۆرى گیانى و ماددى پێ بگەیەنن و پاشەکشە بە هێزەکانیان بکەن.


دواى ئەوەى کەوا گفتوگۆى سەرانى شۆڕش و حکومەت ڕووى لە تێچکوون کرد، سیماى دەستپێکردنەوەى شەڕ لە ئاکار و ڕەفتارەکانى حکومەتى بەعسیەکان بە سەرۆکایەتى عەبدولسەلام عارفدا بەدیار کەوت، بارەگاى لێژنەى ناوچەى پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناو شارى هەولێر دەرچوو، بنکەیەکیان لە چیاى قەرەچوغى دەڤەرى مەخمور- کەندیناوە دامەزراند، بە سەدان کەس پەیوەندیان پێوەکردن، حکومەتى عێراقیش هەر لە ناوەڕاستى مانگى نیسانى ١٩٦٣ ئامادەکارى هێرشى سەر کوردستانى دەکرد کە هێزە سەربازیەکانى بە پشتیوانى چەکدارە بەکرێگیراوەکانى (جاش) عەربى بەدو لە مانگى حوزەیراندا دەستیان کرد بە هێرش و پەلامار و گرتن و ڕاوەدوونانى کورد.  

هێزى پێشمەرگە کە لە چیاى قەرەچوغ جێگیر ببوون لەلایەک هەڕەشەى سوپاى عێراقیان لەسەر بوو، لەلایەکى دیکەش خەڵکى مەخمور بەردەوام هەواڵیان پێ دەدان کە هەمیشە هەڕەشەى گرتن و کوشتنى حەرەس قەومى حکومەتیان لەسەرە و دەستیان داوەتە تاڵان و زەوتکردنى موڵک و ماڵى خەڵکى زۆربەى دێهاتەکان، هەروەها گرتن و ئازاردان و فڕێدانە زیندان لەسەر دەستى حەرەس قەومیەکان تەشەنەى سەندبوو، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەى کەوا دووچارى گێچەڵى دەستدرێژى ئافرەتانیشیان بۆتەوە لەلایەن هێزى ناوبراو، هێزى پێشمەرگەش بۆ ئەوەى بەهانایانەوە بچن و ئەم ستەم و دەستدرێژیە قبوول نەکەن و لەسەریان بڕەوێننەوە مەفرەزەیەکی پارتیزانیان پێکهێنا، لە نێوان گوێڕ و مەخمور بۆسەیەکیان بۆ حەرەس قەومیەکانى مەخمور دانایەوە و ٤ چەکداریان لێ کوشتن و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرت.

دواى ئەو شەڕە حەرەس قەومیەکان بە فەرماندەیى شێخ عەنەش و محەمەد شەحادە لەگەڵ هێزێکى زۆرى پۆلیس و سەرباز کە ژمارەیان نزیکەى ٨٠٠ کەس دەبوو بە پاڵپشتى تانک و تۆپخانە و  چەندەها ئۆتۆمبێلى سەربازى لە بەرەبەیانى ٦ى حوزەیرانى ١٩٦٣ لە چەند قۆلێکەوە هێرشیان کردە سەر قەرەچوغ و گوندى تەلخێم، هێزێک لە باکوورەوە لە ڕێگاى هەولێر- دیبەگەوە بەرەو مەخمور بۆ بازاڕگە، هێزێکى تر لە باشوورى سنوورەکە لە کەرکووکەوە و لە ڕێگاى دبس – دیبەگە بەرەو گوندى سلێمان بەخش، هێزێکى دیکە لە ڕۆژئاواوە کە سریەیەک تانکیان لەگەڵ بوو چوونە گوندى سەرگەڕان نزیک چیاى قەرەچوغ بۆ ئەوەى هیچ هێزیک نەتوانێ بچێتە چیاکە و بەرگری بکەن.

لە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکى بەیانى ٦ى حوزەیران لە گوندى تەلخێم لە بنارى چیاى قەرەچووغ لەسەر هەردوو گردى تەلخێم و کێلەسپى پێشمەرگە و خەڵکى گوندەکە بەرەنگارى هێزەکانى حکومەت بوونەوە، شەڕێکى گەرم لە نێوان هێزى هێرشبەر و هێزى بەرگریکار ڕوویدا تا کاتژمێر یەکى دواى نیوەڕۆ بەردەوامى هەبوو، لە ئەنجامدا هێزەکانى حکومەت دووچارى شکست بوونەوە لەگەڵ بەرکەوتنى زیانێکى گەورە کە بریتى بوو لە ١٢کوژراوى سەرباز و حەرەس قەومى و ژمارەیەک بریندار، لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلێک و جیهازێکى بێتەل، لە هێزى پێشمەرگەش چوار شەهید و هەروەها لە دانیشتوانى گوندەکەش ٧ کەس شەهید بوون کە پیشەیان جوتیارى بوو. 

دواى ئەوەى پێشمەرگە و دانیشتوانى گوندەکە شکستیان بە هێرشەكه‌ هێنا هێزەکانى حکومەت لە پاشەکشەیاندا لە سنوورەکانى دیبەگە و مەخموور لە دەشتایی هەموو ڕیگاکان چەندین هاووڵاتى بێ تاوانیان دەستگیر کرد و لەگەڵ خۆیان ڕاپێچ کردن.       


سەرچاوەکان:

١- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٢- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیروەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.

٣- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى، چاپى یەکەم،١٩٩٧.

٤- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٥- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر