شەڕی بالیسان ١٩٨٨

شەڕی دۆڵی بالیسان بریتى بوو لە هێرشێکى بەربڵاوى سوپا و چەکدارانى ڕژێمى بەعس بۆ سەر هێزى پێشمەرگە لە ٢٦ى شوباتى ١٩٨٨، لە میحوەرى بێتواتە و خەلیفانەوە سوپاى عێراق هێرشێکى فراوانى کردە سەر دۆڵی بالیسان کە لە ژێر دەسەلاتى پێشمەرگەدا بوو، بە پشتیوانى تانک و تۆپ و دەبابە و فڕۆکەى جەنگى، هێزى پێشمەرگە بە ئامادەکاری و نەخشەى سەربازى توکمەوە ڕوووبەڕووی هێزەكانی عێراق بۆوە و بەرسینگیان گرتن، لە ئەنجامدا لە ئێوارەى هەمان ڕۆژ لەو بەریەدا هێزەکانى حکومەت شکستیان خوارد و هێرشەکەیان تێکشکێندرا.


ساڵى ١٩٨٨ حکومەتى عێراق بە پلانێکى بەرفراوانەوە هێرشى بۆ سەر ئەو ناوچانەى کوردستان دەستیپێکرد کە کەوتبوون ژێر هەژموونى پێشمەرگەوە، دیارە بەهۆى بوونى شەڕى عێراق – ئێران ١٩٨٠تا١٩٨٨ حکوومەت خاوەن ئەو هێزە زۆرە نەبوو کەوا بتونێ دەستى بەسەر تەواوى ناوچەکانى کوردستاندا بڕوا، بۆیە بوار بۆ هێزى پێشمەرگە هاتە پێش کە باڵادەست بێ بەسەر چەندین ناوچەدا([1])، ساڵى هەشتەم شەڕى نێوان هەردوو دەوڵەت بەرەو کزى هەنگاوى نا چونکە لە کۆتایی و ڕێککەوتن نزیک دەبۆوە، بەو پێیە دەرفەتێک بۆ عێراق هاتە پیش کەوا بکەوێتە خۆ و دژى شۆڕشى کورد هەنگاوى کوێرۆانە بگرێتەبەر بە ئامانجى سەرکوتکردن و لەباربردنى شۆرشى گەلى کورد.

    دیارە جێبەجێ کردنى پلانەکەى حکومەت خۆى لە قڕکردن و وێرانکردنى ناوچەکان دەدۆزیەوە، ئەوە بوو لە ٢٦ى شوباتى ١٩٨٨ کاتژمێر حەوتى بەیانى لە میحوەرى بێتواتە و خەلیفانەوە سوپاى عێراق پیشڕەویەکانى دەستپێکرد و هێرشێکى فراوانى کردە سەر دۆڵی بالیسان([2]) لە ڕۆژئاواى سلێمانى کە سەربە پارێزگاى هەولێرە([3])، بە هاوکارى و پشتیوانى فڕۆکەى جەنگى و تۆپ و تانک و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، هێزى پێشمەرگە بە ئامادەکارى پلانى توکمەوە ڕووبەڕوویان بوونەوە و بەرسینگیان گرتن، لە ئەنجامدا بەهۆى بەرگرى توندى پێشمەرگەوە لە ئێوارەى هەمان ڕۆژ  لەو بەریەدا هەواڵی شکستى سوپا و هێزە عێراقییەکان بە هێزى پێشمەرگە گەیشت کە هێرشەکەیان تێکشکێندرا، بەڵام  لە تێکشکاندنى ئەو هێرشەى سوپا و چەکدارنى بەکرێگیراو، سێ پێشمەرگە شەهید بوون([4]).


سەرچاوەکان:

  1. حاجى میرخان دۆڵەمەرى: گەڕان بە دواى دادپەروەریدا، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.
  2. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وە‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوارە‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021.
  3. https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%B3%D8%A7%D9%86

 


[1] - حاجى میرخان دۆڵەمەرى: گەڕان بە دواى دادپەرەریدا، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، کوردستان – ٢٠٢١، ل٢٤٥.

[2] -- مه‌سعود بارزانی: مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وە‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوارە‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021، ل٨٣.

[3] - https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%A8%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%B3%D8%A7%D9%86

[4] - مه‌سعود بارزانی: هەمان سەرچاوە، ل٨٣.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر