ساڵى ١٩٨٥ سەدان چالاکی لە لایەن پێشمەرگەوە ئەنجام دران، بەو هۆیەوە زیانى زۆر بەر هێزەکانى سوپای عێراق کەوت لە کوژراو و بریندار و دیلکراو، وێڕاى زیانى ماددى و دەستکەوتەکانى پێشمەرگە لە چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازى یەکێک لەو چالاکییانەى کە لەو ماوەیە ئەنجام دران شەڕى گەلى قیرکی بوو لە حوزەیرانى ١٩٨٥، لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوەیەکى ئەنجام دا لەگەڵ لێژنەى ڕێکخراوەکان بە مەبەستى درێژەدان بە چالاکییەکانى پارتیزانى لە سنوورى ناوچەکەیان، لەو کۆبوونەوەیەدا دەستەیەکى پێشمەرگە ڕاسپێردران بۆ دەستنیشانکردنى شوێنێک کە ڕەبایە یان هەر بنکەیەکى دیکەی هێزەکانى سوپای عێراقى لێ بێت بۆ ئەوەى هێرش بکەنە سەرى و گورزێکیان لێ بوەشێنن و چالاکییەکى پێشمەرگەیی تۆمار بکەن، لە ٢ى حوزەیرانى ١٩٨٥ ئەو پێشمەرگانەى کە بۆ ئەو کارە ڕاسپێردران لە ژێر سەرپەرشتى سەدیق حاجى حسێن بەرپرسى ڕێکخراوى شەهید حفزوڵا و ئەمین خالد نەسرى بەرپرسى ڕێکخراوى شەهیدانى ئەشکەوتى دەکان، بە کارى خۆیان هەستان و ڕەبایەى گەلى قیرکییان (سەرێ مەغارا) دیارى کرد بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکە.
لە نەخشەى سەربازیدا بەر لە ئەنجامدانى چالاکی دەستەیەکى پێشمەرگە لە شێوەى مەفرەزەیەک ڕێکدەخران و سەردانى ئەو شوێنەیان دەکرد کە نیازى چالاکییان لێی هەبوو، بۆ کۆکردنەوەى زانیارى و شارەزایی ناوچەکە و بەرچاوڕوونى و هەڵسەنگاندنى هەلومەرجى سەربازى لە ڕووى قەبارە و هێزەوە، هەروەها چۆنیەتى دانانى نەخشە و پلانى هێرشکردن.
دەستەى پێشمەرگەکان خۆیان لە ڕەبایەکە نزیک کردەوە و نەخشەى هێرشەکەیان بەو شێوەیە داڕشت:
_ تۆپێکى ٥٧ملم لە بەشى ڕۆژهەڵاتى ڕەبایەکە دابمەزرێنن و ژمارەیەک پێشمەرگەى بۆ تەرخان بکەن بۆ لێدانى ڕەبایەکە و بەرگرى بکەن ئەگەر هەر هێزێک لە دەوروبەر نیازى هێرشى هەبێ بۆ شوێنى چالاکییەکە.
_ دۆشکەیەکى ١٢,٥ملم لە سەرەوەى گەلیەکە جێگیر بکرێ بۆ بەرگریکردن لە ئەگەرى هەر هێرشێکى دەوروبەر.
_ هێزێکى پێشمەرگە تەرخان کرا بۆ هێرشکردنە سەر ڕەبایەکە بە فەرماندەى سەدیق حاجى حسێن بەرپرسى ڕێکخراوى شەهید حفزوڵا و ئەمین خالد نەسرى بەرپرسى ڕێکخراوى شەهیدانى ئەشکەوتى دەکان بەو پێیەى کە خۆیان شارەزایی شوێنەکە بوون.
لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥ هێزەکەى پێشمەرگە، کاتژمێر سفرى دانا بۆ هێرشکردنە سەر ڕەبایەى گەلی قیرکی، دواى ئەوەى کە هەموو پێشمەرگەکان لەو شوێنانەى کە بۆیان دیارى کرابوو جێگیر بوون، فەرماندەى پێشمەرگە سەدیق حاجى حسین خۆى یەکەم ئاڕپیجی لە ڕەبایە دا، پاشان هێزى پێشمەرگە لە هەموو لایەکەوە دەستڕێژى گوللەیان لە ڕەبایەکە کرد، سەربازانى ڕەبایەکە کە لەلایەن پێشمەرگەوە هێرشىیان کراوەتە سەر و گەمارۆ دراون بەئاگا هاتن و بەرگریان کرد، لە ئەنجامى ئەو بەرگریەوە شەڕ گەرم بوو هێزى پێشمەرگە تەنگى بە ڕەبایەکە هەڵچنى، بەڵام لە گەرمەى شەڕدا سەدیق حاجى حسێن کەوتە بەر سێرەى سەربازان و شەهید بوو، بۆ ئەوەى پەشێوى لە هێرشى پێشمەرگەوە دروست نەبێ و ورەیان نەڕوخێ ئەمین نەسرى شوێنەکەى گرتەوە و دەستى دایە ئاڕپیجى و بەرەو ڕەبایەکە هێرشى کرد، بەڵام هێندەى نەخایاند ئەویش پێکرا و شەهید بوو، بە شەهیدبوونى ئەو دوو فەرماندەیەى هێزى پێشمەرگە شلۆقى کەوتە هێرشەکەوە، هەرچەندە شەڕ هەر بەردەوام بوو، بەڵام هێزەکەى پێشمەرگە بیرى لەوە کردەوە دەست لە هێرش هەڵگرن و بکشێنەوە.
دواى ئەوەى هەردوو فەرماندەى پێشمەرگە شەهید بوون هێزى پێشمەرگە نەیتوانى درێژە بە هێرشەکە بدات بەڵکو کەوتنە فریاى گواستنەوەى تەرمى هەردوو شەهیدەکە، بەو هۆیەوە نەیانتوانى دەست بەسەر ڕەبایەکەدا بگرن و کشانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێى زانیارییەکانى کە دەستى پێشمەرگە کەوت لە ماوەى شەڕدا ژمارەیەک سەرباز کوژران.
سەرچاوەکان:
١- مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- ٢٠٢١).
٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ- زاخۆ- ٢٠٠٧).
٣- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بە دواى دادپەروەریدا، بەرگى دووەم، چاپى دووەم، (کوردستان- ٢٠٢١).