شەڕى گەلنازکێ

شەڕى گەلنازکێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو بوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى لە ٢٤ ئابى ١٩٨٤، لە ئەنجامى هێرشێک کە حکومەتى بەعس کردیە سەر چەند ناوچەیەکى زاخۆ لە دەڤەرى بادینان، دواى هەشت ڕۆژ هێرش و پەلامارى بەردەوام، هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێگەیشت.


ڕژێمى بەعس بۆ مانەوەى لە دەسەڵات و لابردنى بەربەست و ئەو مەترسییانەى کە ڕووبەڕووى دەبوونەوە، هەموو ڕێگایەکى تاقی دەکردەوە، کام پلان کاریگەر بوو و بە سوودى خۆى تەواو دەبوو بەکارى دەهێنا، دیارە ئەو ناوچانەى کە لە ژێر هەژموونى شۆڕشدا بوون شوێنى بنکە و بارەگاى پێشمەرگە بوون، هەمیشە هەڕەشەیەکى گەورە بوون لەسەر بەرژەوەندییەکانى ڕژێمى بەعس، بۆیە لە ناکاودا دەکەوتنە بەر هەڕەشە و گوشارى هێزە سەربازییەکانى و هێرشى زەمینى و ئاسمانی بۆ دەکرا بە مەبەستى پاکتاو کردنیان و خاپوور کردنى گوند و دێهاتەکانى کوردستان(بارزانى، ٢٠٢١، ٢٨٩).

  سوپاى ڕژێم لە ئابی ١٩٨٤ هێرشێکى فراوانى کرد بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە زاخۆى دەڤەرى بادینان، حکومەتى بەعس لەو هێرشەدا بارەگاى لێژنەى ناوچەى دهۆک و  زاخۆى کردە ئامانج، تاکو چالاکییەکانى پێشمەرگە بوەستێنێ و دەنگى شۆڕش لە ناوچەکە کپ بکات، هێرشەکە پێکهاتبوو لە هەزاران سەرباز و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) کە لەلایەن ئەرشەد زێبارى و جەعفەر مستەفاوە پێشەوایەتى دەکران، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زریپۆش و ڕاجیمە و هەلیکۆپتەرى جەنگى.

   لە بەرەبەیانى  ٢٤/ ٨/١٩٨٤ هێرشەکە لە سێ میحوەرى سەرەکییەوە دەستىپێکرد:

یەکەم: میحوەرى بابۆخکێ و گەلنازکێ

دووەم: میحوەرى زێوکا عەبۆى و ناڤشکێ و ئۆسمانا

سێیەم: میحوەرى لێفێ بۆ سەر بارەگاى لێژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەلى هارینا(مراد، ٢٠٠٧، ١٤٤).

 هێزى پێشمەرگە بە گوێرەى هێرشى هێزەکانى حکومەت بەسەر میحوەرەکاندا دابەش بوون، لەبەر ئەوەى لەو سەردەمەدا هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى ڕێکخستنى حزبى وەک لق و ناوچە ڕێکخرابوو (گەردى، ٢٠٢١، ٢٦٩)، هێزى پێشمەرگەى ڕێکخراوى شەهید شەهیاز ساڵح و ڕێکخراوى هەڤاڵ سادق گەلنازکى لە میحوەرى  بابۆخکێ و گەلنازکێ  سەنگەریان گرت، میحوەرى زێوکا عەبۆى و ناڤشکێ و ئۆسمانا بە هێزى پێشمەرگەى ڕێخکراوى ڕێنجبەران و خالید کۆچەر و شەهید محەمەد حەمدى و کۆمەڵێک هێزى بەرگرى میللى سپێردرا. فەتاح گولى بەرپرسى لێژنەى ناوچەى دهۆک سەرپەرشتی هێزى پێشمەرگەى دەکرد لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا. هێزێکى ترى هاوبەشى پێشمەرگەکانى پارتى و دەستەیەکى حزبى شیوعى پێکهات بە فەرماندەى محەمەد مراد وەک هێزى ئامادە بۆ ئەو میحوەرەى کە حکومەت لێیەوە پێشڕەوى کرد، تاکو ببن بە پشتیوانى ئەو هێزە پێشمەرگەى ئەو میحوەرەى پێ سپێردراوە، ئەو هێزە لە سەرووى گوندى زێوکا عەبۆى نێوان هەردوو میحوەرى شەڕ جێگیر بوون (حەمدى، ٢٠٠٧، ١٤٥).

  لە بەیانییەکى زوو هێرشى هێزەکانى حکومەتى بەعس بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەکانەوە دەستیپێکرد، هێزى پێشمەرگە لەو شوێنەى کە بۆیان دیاریکرابوو ڕووبەڕوویان بوونەوە، شەڕێکى قوڕس لە نێوانیاندا ڕوویدا، سەرەتا هێرشەکەیان تێکشکاندن و گورزى گەورەیان لێدان، بەڵام لە میحوەرى ناڤشکى سێ پێشمەرگە شەهیدبوون، بۆیە هێزى حکومەت بەرەو گوندى ئۆزمانا پێشڕەوی کرد، هێزى پێشمەرگە سەنگەرەکانى بەرگریان بەهێزتر کرد و هێزى ئامادەش بۆ پشتیوانى گەیشتە گوندى ئۆزمانا و بەرسینگى هێزى هێرشبەریان توند کرد، خەڵکى گوندەکەش بە هەموو شێوەیەک هاوکارى پێشمەرگە بوون، زۆر بە توندى و بەو چەکە سوک و قوڕسانەى لەبەر دەست بوو بەرپەرچى هێرشى حکومەتیان دایەوە، لە هەموو ئەو شوێنانەى پێشڕەویان لێیەوە کردبوو شکستیان پێ هێنان و تا پشتى گوندى زێوکا عەبۆى ڕایانماڵین (حەمدى، ٢٠٠٧، ١٤٥).

   هێرشى ئەم جارەى حکومەت نەک تەنیا لە زەمینەوە بەڕێوەچوو، بەڵکو لە ئاسمانیش درێغى نەکرد لە تۆپباران و بۆمبارانى فڕۆکەى جەنگى، لە ماوەى شەڕدا هەشت فڕۆکە بەردەوام لە ئاسمانى ناوچەکە دەسوڕانەوە بۆ پشتیوانى هێزە زەمینییەکانی حکومەت و سەنگەرکانى پێشمەرگەیان ئاگرباران دەکرد، لە ئەنجامى ئەوەدا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید بوون (حەمدى، ٢٠٠٧، ١٤٥). بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەنجامى جەنگەکان سوپاى عێراق بەردەوام بە فڕۆکە هێرشى دەکردە سەر بارەگا و بنکەکانى پێشمەرگە، لەهەموو شەڕێک لەگەڵ پێشمەرگە پەناى بۆ تۆپبارانکردنى سەنگەرەکان دەبرد (زێبارى، ٢٠١٥، ٣١٨)

  ئەم هێرشەى ڕژێمى بەعس ماوەى هەشت ڕۆژى خایاند کە بەردەوام هێزە سەربازى و چەکدارییەکان بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکە ڕووبەڕووى هێزى پێشمەرگە دەبوونەوە، پێشمەرگەش بەو چەکەى لە دەستى بوو و بە پاڵپشتى هێزى میللى بەرگرى بەرسینگى ئەو هێزە زەبلاح و پڕ چەکەى گرتبوو و بەرپەرچى سەرجەم هێرشەکانى دەدایەوە، هەرچەندە هێزەکانى عێراق لە ماوەى ئەو هەشت ڕۆژەدا پێشمەرگەیان زۆر ماندوو کرد، بەڵام پێشمەرگە لە بەرگریکردندا سڵى نەکرد، لە ڕۆژى هەشتەمدا هێزى پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەکان هێرشێکى پێچەوانەیان بۆ سەر هێزەکانى حکومەت دەست پێکرد، لە ناکاو هەڵیان کوتایە سەر پێشەنگى هێزەکانى حکومەت، لە ماوەیەکى کەمدا ڕیزەکانیان لەبەریەک هەڵوەشاندن و سەرکەوتنى بەرچاویان بەسەردا سەپاندن، هێزەکانى حکومەت تێکشکان و پاشەکشەیان کرد، لە ئەنجامدا شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو کۆتایی هات.

 لەو هێرشەدا هێزەکانى حکومەت زیانى زۆریان پێ گەیشت لە کوژراو و بریندار، لە ناویاندا کوژرانى مقەدەم عەبدوڵا هەبوو براى لەتیف زێباری، مستەشارى چەکدارە بەکرێگیراوەکان(جاش) کە لە نزیک گوندى گەلنازکێ کۆتایی بە گیانى هات، دەیان لاشەى کوژراو لە مەیدانى شەڕ بەجێمان و ژمارەیەکى زۆریش بەدیل گیران، ژمارەیەکى زۆری چەک و تەقەمەنی کەوتە دەستى هێزى پێشمەرگە و بوو بە دەستکەوتى شۆڕش، تۆمارکردنی سەرکەوتنی ئەم شەڕە بە خوێنی هەشت شەهیدی ڕێگای کوردستان بەدیهات کە پێنجیان بە بۆردومانی فڕۆکە شەهید بوون (حەمدی، ٢٠٠٧، ١٤٦).

 ئەم هێرشانەى حکومەت بۆ سەر ناوچەکانى ژێڕ دەسەڵاتى شۆڕش بە درێژایی مێژووى خەباتى ڕزگاریخوازى کورد بەردەوامى هەبوو، بەڵام کە  شکستى دەهێنا و تواناى دەست بەسەرداگرتنى ئەو ناوچانەى نەبوو بە هۆى بەرگرى بەهێزى پێشمەرگەوە، دەبوو بە دەستکەوتێکى مەزن بۆ شۆڕش و بەرزبوونەوەى مۆڕالى پێشمەرگە، لە هەمان کات دەنگدانەوەیەکى گەورەى لەناوچەکەدا بە دواى خۆیدا دەهێنا، ئەوەشیان دیسان بۆ حکومەت دەچووە چوارچێوەى  شکستى مەعنەویی گەورە. 


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕوكسانا- ٢٠٢١).  

٢-گەردی، غازى عادل، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، (تورکیا- ٢٠٢١).

٣- مراد، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ- ٢٠٠٧).

٤- زێباری، شیمال، هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥).


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندى بانە سوور ١٩٨٤

چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە لە نزیک گوندى بانەسوورى دەوروبەرى دهۆک لە دەڤەرى بادینان، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ڕێنجبەران بۆسەیەکیان لەسەر جاددەى سەرەکى مانگێشکێ دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى چەکدارانى بەکرێگیراو(جاش) کەوتە بۆسەکەوە و بە ماوەیەکى کەم دەستى بەسەردا گیرا و تەواوى سەرنشینانى کوژران و دەست بەسەر تەواوى چەکەکانیاندا گرت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەشتمرێ ١٩٨٧

شەڕی دەشتمرێ چالاکییەکى پێشمەرگە بوو بەرانبەر بنکەیەکى سەربازیی سوپاى عێراق و تێیدا هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆ لە شەوى ٩ لەسەر١٠ى شوباتى ١٩٨٧، هێرشیان کردە سەر ڕەبایەیەکى سوپاى عێراق لە نزیک گوندى دەشتمرێ لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان و بە ماوەیەکى کەم توانیان بچنە ناو بنکە سەربازییەکە.

زانیاری زیاتر