شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.


لە کانوونى دووەمى ١٩٨٣ بەرپرسانى پێشمەرگە لە ناوچەى دهۆک، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانى پێشمەرگە و هێرشکردنە سەر بنکە و ڕەبایەکانى بەعس، بۆ ئەوەى بە سەختى هێرش بکەنە سەر هێزەکانى ڕژێمى بەعس و ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە دڵى هێزەکانیان و هێز و تواناى پێشمەرگەیان بیر بخەنەوە. بەرپرس و ئەندامانى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتی دیموکراتى کوردستان و بەرپرس و ئەندامانى ڕێکخراوى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، دەستەیەکیان پێکهێنا وەک دەرچوونى بەرایی کە بچن شوێنێک دەستنیشان بکەن، بۆ شارەزایی و کۆکردنەوەى زانیارى و چۆنیەتى هێرشکردنە سەر بنکە سەربازیەکە، دەستەکەى پێشمەرگە لە هەشت کەس پێکهاتبوون بە سەرپەرشتى محەمەد ساڵح، لە شەوى ٩ لەسەر ١٠ى کانوونى دووەمى ١٩٨٣ ڕەبایەیەکیان لە سنورى گوندى بادێ دیارى کرد (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٠). 

 

  لەو ماوەیەدا چالاکییەکانى شۆڕشى کورد لە شەڕى پارتیزانیدا دژ بە ڕژێمى سەردەست زیاتر خۆى لە هێرشکردنە سەر ڕەبایە و بنکە سەربازیەکان دەبینیەوە (بارزانى، ٢٠٢١، ٩٣ )، پێشمەرگە خۆیان گەیاندە نزیک ڕەبایەکە، کە لەسەر شوێنێکى بەرزى سەخت هەڵکەوتبوو، بە چەند ڕیز دەوروبەرى مینڕێژ کرابوو، پێشمەرگەکان زۆر بە وریایى بێ ئەوەى سەربازانى ڕەبایە بە ئاگا بێن مینەکانیان هەڵگرتنەوە و پوچەڵیان کردنەوە و لە شوێنى خۆیان دانانەوە تاکو سەربازان هەستى پێنەکەن کە دەستکاری کراون، پاشان سێ خاڵیان دەستنیشان کرد لە بەشى ڕۆژئاواى ڕەبایەکە ٤٠ – ٥٠م لە یەکتر دوور بوون، دوو شوێنیان بۆ جێگیرکردنى ئاڕپیجی و ئەوەى تریان بۆ بیکەیسى کە لەوێوە تەقە لە ڕەبایەکە بکەن، دواى تەواوبوونیان لە ئەنجامدانى پلانى یەکەم، شوێنەکەیان جێهێشت. ڕۆژى دوایی گەڕانەوە بارەگاى ناوچە و تەواوى پلان و زانیاریەکانیان بە بەرپرسانى هێزى پێشمەرگە ڕاگەیاند (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٠).

 لەو سەردەمەدا هێزى پێشمەرگە لە چوارچێوەى ڕێکخستنى حزبى وەک لق و ناوچە و ڕێکخراو ڕێکخرابوون (گەردى، ٢٠٢١، ٢٦٩). بەرپرسى ناوچە و هەردوو ڕێکخراوى ناوبراو پێشمەرگەکانیان کۆکردبوونەوە و هێزێکیان لە ٢١ پێشمەرگە بە سەرپەرشتى محەمەد ساڵح پێکهێنا، بێ ئەوەى هیچ یەکێک لە پێشمەرگەکان پێیان بگوترێ کە چی دەکەن و بۆ کوێ دەچن. 

لە ١٠ى مانگ بەرەو گوندەکانى بویتا و باکۆزێدا بەڕێکەوتن و چوونە گوندى بادێ، بۆ خواردنى نانى ئێوارە بەسەر ماڵاندا دابەش بوون و پاشان بۆ پشوودان چوونە مزگەوتى گوندەکە، لە نیوەشەودا واتا دواى خەوتنى دانیشتوانى گوند، هەستان و خۆیان ئامادەکرد، بەرپرسى هێزەکە نەخشەى هێرشکردنی بۆ سەر ڕەبایەکەى نزیک گوند بۆ پێشمەرگەکان ئاشکرا کرد، هێزەکەی بەسەر ئەو خاڵانەدا دابەشکرد کە پێشتر پلانیان بۆ دانابوو، بۆ هەر خاڵێک چوار پێشمەرگە دەستنیشان کران بۆ بەکارهێنانى ئاڕپیجی و بیکەیسى کە هەڵمەتى یەکەمى هێرشەکە بوو (مراد، ٢٠٠٧، ١٦١).

 کاتژمێر ١٢ى شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێزەکەى پێشمەرگە لە گوندى بادێ دەرکەوتن بەرەو بەرزاییەکەى سەرەوەى گوند کە ڕەبایەیەکى هێزەکانى سەربازى حکومەتى لێ دانرابوو بۆ چاودێریکردنى گوند و دەوروبەرى لە بوونى هێزى پێشمەرگە، نیوە شەوێکى سارد و سەرماى بەفراوى زستان، پێشمەرگەکان یەک بە دوای یەک ڕیزیان بەست، بە بەرزاییەکەدا هەڵگەڕان، بۆ کاتژمێر یەکى شەو گەیشتنە شوێنى مەبەست کە خاڵى دانانى ئاڕپیجی و بیکەیسى بوو، لە کاتێکى زوو بێ ئەوەى ساردەخەمى بکەن، وەک چۆن نەخشەی بۆ دانرابوو هەر تاقمە و بەرەو خاڵی خۆى ڕێگایان گرت و بەرپرسى چالاکییەکە محەمەد ساڵح ڕێنمایی دەکردن، ئاڕپیجى و بیکەیسى بەدەستەکان لە شوێنى دیاریکراو جێگیر بوون (مراد، ٢٠٠٧، ١٦١).

  کاتژمێر یەکى شەو فەرمان لەلایەن بەرپرسى هێز درا هەڵمەتى یەکەم بەرێوەبچێ کە دوو ئاڕپیجى و بیکەیسى بوون، لەگەڵ وەرگرتنى فەرمان لە سێ خاڵەوە تاق و دیوارەکانى ڕەبایەکە سووربوونەوە بە لێدانى لە ناکاو، شەوى تاریک و ئەنگوستەچاو بوو بە ڕۆژى ڕووناک، پریشکى تەقینەوەکانى گولەى ئارپیجى و بیکەیسى بە چوار دەورى ڕەبایەدا بڵاوبوونەوە،  لە ماوەى ٢٠ خولەکدا هەر ئاڕپیجیەک ٦ گولەیان بە دیوارەکانى ڕەبایەدا تەقاندەوە، کاتێک پێشمەرگەکان زانیان سەربازانى ڕەبایە لە خاڵى پاسەوانیدا هیلاک و زیانمەند بوون، هێرشى ئاڕپێچیان ڕاگرت و هەڵمەتى دووەم دەستىپێکرد کە هێرشکردن بوو بۆ ناو ڕەبایە.

پێشمەرگە لە دیوارەکانى ڕەبایە نزیکبوونەوە و بە نارنجۆکى دەستى جارێکى تر ناو ڕەبایەیان ئاگر دا، هەر شوێنێک دەنگى تەقەى سەربازانى لێ دەهات، چەند نارنجۆکێکیان تێ دەگرت و بێدەنگ دەبوو. کاتێک زانیان ئیتر بەرگرى کۆتاییهات، چەند پێشمەرگەیەک خۆیان خستە ناو ڕەبایەکە و دەستیان بەسەر تەواوى ڕەبایەکەدا گرت، چەند گولەیەکیان سەر هەوراز بە ئاسماندا تەقاندەوە، وەک ئاماژەى سەرکەوتن و گرتنى ڕەبایەکە(مراد، ٢٠٠٧، ١٦٢).

 دواى ئەوەى دەست بەسەر ڕەبایەکەدا گیرا هەموو ئەو سەربازانەى تێیدا لە ئەرکدا بوون ٩ کەسیان کوژران و چواریان بەدیلگیران، کە یەکێکیان بەرپرسى ڕەبایەکە بوو، تەواوى چەک و تەقەمەنیەکان دەستى بەسەردا گیرا، بڕەکەى بریتى بوو لە ١٠ کلاشینکۆف و ٤ ئاڕپیجى و ٧ قەناس  لەگەڵ ٣٠٠ فیشەکى کلاشینکۆف و ١٥ گولەى ئاڕپیجى و ٧٠٠ فیشەکى بیکەیسى و ١٢٠ نارنجۆکى دەستى و ٦٤ ساجۆر(مخزن)ى تفەنگ و هەندێک کەلوپەلى دیکە، پاشان دەستکەوتەکانیان هەڵگرت و دیلەکانیان دایە پێشخۆ و شوێنەکەیان جێهێشت، بەرەو گوندى بادێ بەڕێکەوتن لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێلێک بەرەو گوندى زێوە، دواى پشوودانێکى کورت، بەرەو بارەگاى لێژنەى ناوچە بەڕێکەوتن، کە گەیشتن لە لایەن بەرپرسى ناوچە و تەواوى پێشمەرگەکان پێشوازییەکى گەرموگوڕیان لێکرا، دیلەکان و دەستکەوتەکانیان پێشکەش بە لێژنەى ناوچە کردن، دواى کۆبوونەوەیەک دەستکەوتەکان بەسەر پێشمەرگەکاندا دابەشکران، ئینجا ئاهەنگیان سازکرد، دەستیان بە گۆرانى و هەڵپەڕکێ کرد بەبۆنەى سەرکەوتنەکەوە (مراد، ٢٠٠٧، ١٦٣).


سەرچاوەکان:

١- بارزانی، مه‌سعود، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.  

٢- مراد، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

٣- گەردی، غازى عادل، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندى بانە سوور ١٩٨٤

چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە لە نزیک گوندى بانەسوورى دەوروبەرى دهۆک لە دەڤەرى بادینان، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ڕێنجبەران بۆسەیەکیان لەسەر جاددەى سەرەکى مانگێشکێ دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى چەکدارانى بەکرێگیراو(جاش) کەوتە بۆسەکەوە و بە ماوەیەکى کەم دەستى بەسەردا گیرا و تەواوى سەرنشینانى کوژران و دەست بەسەر تەواوى چەکەکانیاندا گرت.

زانیاری زیاتر