شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.


لە دواى بەستنى کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ساڵى ١٩٧٩، ڕێکخستنى پێشمەرگە لە چوارچێوەى لێژنەى ناوچە و ڕێکخراو داڕێژرایەوە (مراد، ٢٠٠٧، ١٥٧)،  پاشان بۆ فراوانکردنى چالاکییەکان و گەیاندنى دەنگى شۆڕش بە هەموو شوێنێک، پێشمەرگە پۆل پۆل بەرەو ناوچەکانى کوردستان ڕەوانە کران (بارزانى، ٢٠٢١، ١٤)، هەر لە هەمان کۆنگرەوە بڕیارى درێژەدان بە خەباتى چەکدارى بە شێوەى پارتیزانى درا .

      ڕێکخراوى شەهید شەهیاز ساڵح نێردرایە دەڤەرى بەروارى باڵا، بۆ ئەوەى لەم دەڤەرە چالاکییەکانى پیادە بکات و ڕێکخستن ببووژێنێتەوە، دیارە بەشێک لە کارى ڕێکخراو و لێژنەى ناوچە ئەنجامدانى چالاکیى پێشمەرگانە بوو کە خۆى لە هەڵکوتانە سەر ڕەبایە و بنکە و دامەزراوەکانى ڕژێمى بەعس دەبینیەوە. لە سۆنگەى ئەو ئەرکە گرنگەوە کە پەیوەست بوو بە چالاکییەکانى پێشمەرگەوە، ڕێکخراوى ناوبراو ڕیزەکانى خۆى ڕێکخستەوە و پلانى ئەنجامدانى چالاکییەکانى داڕشت، ئەویش هەڵکوتانە سەر بنکەیەکى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو لە سنوورى ناوچەکە، بۆ جێبەجێکردنى پلانەکە، ڕەبایەى گرێ ئیسفکایان دەستنیشان کرد کە لە بەرامبەر گوندى گەرە گۆهێ بوو لە دەڤەرى بەروارى باڵا، تاکو گورزێک لە هێزەکانى حکومەت بدەن و هێز و بازووى شۆڕشى کوردستانیان پێ ئاشنا بکەنەوە و بەرژەوەندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە .

       شەوێکى مانگى تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٨١  کە هێزەکەى پێشمەرگەى ڕێکخراوى ناوبراو تەواوى زانیارییەکانیان کۆکردنەوە، کاتى ئەوە هات پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. هێزەکە پێکهاتبوو لە ٢٠ پێشمەرگە، چەکى گەورەیان یەک (ئاڕ . پی . جى) و توپێکی (٥٧میلم) بوو لە دواوە وەکو هێزى پشتیوانى بۆ پارێزگاریکردن و سەرقاڵکردنى ڕەبایەکانى دەوروبەر تاکو چالاکییەکە بە سەرکەوتوویى کۆتایی بێت، هەر کە ئامادەکارییەکان تەواو بوون، بە پلانێکى تۆکمەوە هێزەکەى پێشمەرگە خۆیان لە ڕەبایەکە نزیک کردەوە و بە تەڕدەستیى هەڵیان کوتایە سەرى و بە (ئاڕ . پی . جى) و چەکى سووکى دەستیان دۆخێکیان هێنائارا، سەریان لە سەربازانى ناو ڕەبایەکە شێواند، خۆیان خزاندە ناو کون و کەلەبەرەکانى ڕەبایەکە و بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەردا گرت. ژمارەیەک سەرباز کوژران و هەموو ئەو چەک و کەلوپەلە سەربازییەى تێیدا بوو دەستیان بەسەردا گیرا، کە بریتى بوون لە ٩ پارچە چەکى سووک و ١٠ سندوقى فیشەک و هاوەنێکى (٦٠میلم) و بڕێکى زۆر نارنجۆکى دەستى و کەلوپەلى دیکەى سەربازى.

     دواى ئەوەى پێشمەرگەکان پلانەکەیان جێبەجێ کرد و ئەوەى گرنگ بوو ئەنجامیان دا، خۆیان کۆکردەوە و کشانەوە، بەڵام کە حکومەت لە ڕووداوەکە ئاگادار بووەوە، وەکو پیشەى هەموو جارێکى، ناوچەکە و ڕێگاى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان تۆپباران کرد، بەڵام پێشمەرگەکان بێ زیان لێی دەرچوون، هەردوو ڕۆژ دواى گرتنى ڕەبایەى ناوبراو، بۆ درێژەدان بە چالاکییەکان هەر هەمان هێزى پێشمەرگە بە چەکى دوورهاوێژى دۆشکە و هاوەن هێرشیان کردە سەر فەوجى سەربازى چەقەلا و ڕەبایەکانى دەوروبەرى، بۆ ماوەیەکى دیاریکراو تۆپبارانى خاڵە سەربازییەکانیان کرد، توانیان زیانى زۆریان پێ بگەیەنن لە کوشتار و بریندارکردنى سەربازانى سوپاى ڕژێمى بەعس . 


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، (چاپخانه‌ی ڕوكسانا- ٢٠٢١).

 ٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گوڵانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ- زاخۆ- ٢٠٠٧).       

٣- دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان، مێژووى پارتى دیموکراتى کوردستان – کۆنگرە و کۆنفرانس (پڕۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆ)، بەرگى یەکەم، چاپى یەکەم، (چاپخانەى ڕؤژهەڵات- ٢٠٢١).        


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر