ڕژێمى بەعس بە مەبەستى بەگژدا چوونەوەى شۆڕشى کورد هەموو ڕێگایەکى تاقیکردەوە، یەکێک لەو ڕێگایانەى کە گرتیەبەر، چەکدارکردنى گەنج و لاوى کوردستان بوو، لە چوارچێوەى چەندین مەفرەزەى تایبەت و فەوجی خەفیفەدا ڕێکیخستن (بارزانى، ٢٠٢١، ٩)، ئەمەش چەند ئامانجێکى بە دواوە بوو، لەوانە: بەگژیەکداکردنى کورد لە لایەک و هەموو ئەوانەى کە لە سەربازیى ڕایاندەکرد، لە برى ئەوەى پەیوەندى بە ڕیزى شۆڕشەوە بکەن، دەچوونە ڕیزی چەکدارانى بەکرێگیراو، لە تەواوى هێرش و پەلامارەکانى سوپاى عێراق بۆ سەر هێزى پێشمەرگە شان بە شانى سوپاى عێراق بەشدار دەبوون، تا وای لێهات بوون بە بەشێکى گەورە لە هێزى چەکدارى دەوڵەت، زۆرێک لە بنکە سەربازییەکان و ڕەبایەکان ڕادەستى ئەو چەکدارانە کران، وێڕاى ئەوەش بەشدارى کارایان هەبوو لە هێرش و پەلامارەکانى سەر ناوچەکانى ژێر هەژموونى شۆڕش (علی، ٢٠١٦، ٧١).
لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧ هێزێکى زۆرى چەکدارانى بەکرێگیراو بە پاڵپشتى تانک و زریپۆش و بلدۆزەر هێرشیان کردە سەر گوندى شیڤێ لە دەڤەرى گولیا، بە مەبەستى ڕوخاندن و کاولکردنى گوندى ناوبراو و گوندى کورکا، بەر لە دەستپێکردنى هێرش هێزەکانى حکومەت دەستیانکرد بە تۆپبارانى چڕ لە ناوچەکە.
هێزى پێشمەرگە لە ناوچەکەدا سەنگەریان گرتبوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانى حکومەت، بینیان کە قافڵەى ئۆتۆمبێلى سەربازى و بلدۆزەر بەرەو گوندى شیڤێ هەنگاو دەنێن، هێزێکى پێشمەرگە کە بۆ پارێزگارى گوندەکان و بەرەنگاربوونەوەى هێرشى هێزەکانى حکومەت بوونیان هەبوو لە ناوچەکە، هەرکە هێزەکەى حکومەتیان بنیى دەستیان بە تەقە کرد تاکو دانیشتوانى گوند لە هێرشى حکومەت ئاگادار ببنەوە، بەو پێیە لەوە دەچوو دانیشتوانى گوند لەو هێرشەى حکومەت بێ ئاگا بن، بەیانى زوو هێزى پێشمەرگە لەگەڵ ژمارەیەک بەرگری میللى یەکیان گرت و لە گوندەکانى کۆرکێ و کانیاتا کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا نەخشەى ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى هێرشبەریان دانا، دابەشى سەر چەند دەستەیەک بوون و پاشان چوون بۆ گوندى شیڤێ، تاکو بەر بە هێرشەکە بگرن، کاتێک کە لە هێزەکانى حکومەت نزیک بوونەوە، پێشمەرگەکان دابەشى سەر چەند خاڵێک بوون، تاکو لە چەند قۆڵێکەوە بەرپەرچیان بدەنەوە و بەرەى شەڕ فراوان بکەن (مراد، ٢٠٠٧، ١٧٠).
لە کاتژمێر ٨ى بەیانى هێزەکانى حکومەت بەرەو گوندى شیڤێ دەستیان بە هێرش کرد، هێزى پێشمەرگە بەرەنگاریان بوونەوە و شەڕ بە گەرمى دەستی پێکرد، دواى ئەوەى چەند گولەیەکى ئاڕپیجى و دەستڕێژى تەقەى پێشمەرگە بە پێشڕەوییەکانى هێزە چەکدارەکانى بەکرێگیراودا تەقینەوە، پێشڕەوییەکەیان وەستاند و نەیانتوانى بێنە پێشەوە، هەرچەندە بۆ ماوەى دوو کاتژمێر شەڕ بەردەوام بوو بەڵام هێزەکانى حکومەت نەیانتوانى خۆڕاگربن، بەڵکو لە ئان و ساتێکدا مەیدانى شەڕیان چۆل کرد و ڕایانکرد (مراد، ٢٠٠٧، ١٧٠).
هێزى پێشمەرگە لە شەڕەکەدا سەرکەوتن، وێڕاى ئەوەى شکستیان بە هێرشى چەکدارانى حکومەت هێنا، زیانى گیانیشیان پێگەیاندن کە لاشەى ٤ کوژراویان لە مەیدانى شەڕدا بەجێما، دەستیان بەسەر بڕێک لە چەک و تەقەمەنیشدا گرت وەک: قەناسێکى ڕووسی لەگەڵ ٤ کلاشینکۆف و ٤ سندوقى فیشەک و یەک هاوەن و١٠ گولەى هاوەن و تێکشکاندنى بلدۆزەرێک کە بۆ ڕوخاندنى خان و ماڵى هاوڵاتیانیان هێنابوون (مراد، ٢٠٠٧، ١٧١).
سەرچاوەکان:
١- بارزانی، مەسعود، بارزانى و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی
دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- مردا، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.
٣- عەلى، نورى حەمە، مێژووى تێکۆشانى پێشمەرگەیەک لە نێوان ژیان و مەرگدا، چاپى دووەم، چاپخانەى شەها، هەولێر _ ٢٠١٦.