شەرى گەلى ڕەشاڤا ١٩٨٧

شەڕی گەلى ڕەشاڤا لە ١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٧ ڕوویدا، کاتێ کە هێزى پێشمەرگە لە ڕێگا سەرەکیەکانى نێوان ئامێدى و دێرەلووک هێرشیان کردە سەر قافلەى ئوتۆمێلە سەربازیەکانى سوپاى عێراق و بارەگاى فەوجى دێرەلووک و بارەگاى بەعس و بنکەى ئەمنى شارۆچکە، بە ئامانجى کەمکردنەوەى گوشارى هێزەکان عێراق لەو هێرشەى کە لەو ماویەدا کردبوویە سەر ئەترۆش و قەڵاى کانیکا.


دۆڵى ڕەشاڤا دەکەوێتە ناوچەى ئامێدى و دێرەلووک لە دەڤەرى بادینان([1])، بەهۆى هەڵکەوتەى جوگرافی و هاوسۆزى دانیشتوانى ناوچەکە بۆ  هێزى پێشمەرگە ئەنجامدانى چاڵاکى پارتیزانى ئاسنتر بوون, هەر بۆیە لە ڕووى شۆڕش و بەرخودانەوە وەکو سەرجەم ناوچەکانى دیکەى کوردستان ڕۆڵى کاریگەریان هەبووە لە پاڵپشتى شۆڕش، حکومەتى عێراق لە زۆربەى کاتدا هەڵمەتى فراوانى بۆ سەر کوردستان دەست پێدەکرد لە هەندێ ناوچەى تایبەت، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو شوێنانەى کە کەوتبوونە بەر دەستى پێشمەرگە و کپ کردنى دەنگى شۆڕش بە گشتى، بە تەواوى هێزە چەکداریەکانى بەرەنگارى هێزەکانى شۆڕش دەبۆوە، چونکە جموجۆڵى پێشمەرگە و چاڵاکیەکانیان لە زۆربەى ناوچەکان زۆر بوو بوون، هەر لە سەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى ١٩٨٧ سوپاى عێراق و هێزە چەکدارەکانى تر هەڵمەتێکى فراوانیان دەستپێکرد بۆ سەر ئەترۆش و قەڵاى کانیکا لە بادینان نزیکە ٢٠ ڕۆژى خایاند، بە بیانووى ئەوەى کە ئەو ناوچانە کەوتبوونە ژێر دەسەڵات و هەژموونى هێزى پیشمەرگە([2]). 

      هێزى پێشمەرگەى کوردستان بەو توانا سەربازیەى کە لەبەر دەستیدا بوو لە ڕووى ژمارەى پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنییەوە بەرەنگارى هێزەکانى حکومەت دەبووەوە و زەبرى کوشندەى پێدەگەیاند، دیارە هەروەکو ئاماژەى پێکراوە حکومەت لەسەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى ١٩٨٧ هەڵمەتێکى سەربازى گەورەى لە ناوچەى ئەترۆش گرتبووە بەر، هێزى پێشمەرگەش لە ناوچەکانى دیکە بۆ کەم کردنەوەى گوشارى سوپا و هێزە چەکدارەکانى حکومەت لە بەرەى شەڕ ڕێیان لە قافلە سەربازییەکان دەگرت و چاڵاکى جۆرا و جۆریان ئەنجام دەدا.

     سەر لە ئێوارەى ١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٧ دەروبەرى کاتژمێر چوار لە گەلی ڕەشافا دەنگى تەقەیەکى زۆر بیسترا، هێزى پێشمەرگە هەر لە ئامێدى تا دێرەلوک ڕێگا سەرەکیەکانیان گرتبوو زۆر بە توندى قافلە سەربازییەکانیان کردە ئامانج و هێرشیان بردنە سەر کە بەڕێگاکەدا ڕەتدەبوون بە ئاراستەى بەرەى شەڕ، وێڕای ئەوەش هێرشیان کردە سەر بارەگاى فەوجى دێرەلوک و بارەگاى حزبى بەعس و بنکەى ئەمنى شارۆچکەکە، دیارە ئەو هەڵمەتەى هێزى پێشمەگە بۆسەر هیزەکانى عێراق زیانى گەورەى پێگەیاندن کە بریتى بوو لە سووتاندنى بارەگاکانى فەوج و حزبى  بەعس و بنکەى ئەمن هەروەها تێکشکاندنى تۆپێکى ٨٢ملم و دوو تانکى سەربازى و یەک زرێ پۆش و ئۆتۆمبێلێکى سەربازى([3]).        

       شایانى باسە چاڵاکیەکانى پێشمەرگە لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان بە جۆرێک تەشەنەى سەندبوو حکومەتى هەراسان کردبوو کە هەمیشە لە بیرى ئەنجامدانى هەڵمەتى سەربازیدا بێ بۆ دوور خستنەوەى مەترسى سەر دەزگا و دامەزراوەکانى.


     

سەرچاوەکان:

  1. https://www.facebook.com/103736608439721/photos/a.106062804873768/106311994848849/?type=3
  2. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021.  
  3. شیمال زێباری: هنده‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – 2015.  

 


[1] - https://www.facebook.com/103736608439721/photos/a.106062804873768/106311994848849/?type=3

[2] - شیمال زێباری: هنده‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – 2015، ل٣٥٦-٣٧٤.  

[3] - مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021، ل٧٥.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر