شوان میرخان بادین ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە لەلای حەسۆ میرخان دۆڵەمەری و لەشەڕەکانی شووش و شەرمن لەساڵی ١٩٦٢ و شەڕی سەری ئاکرێ بەشداری کردووە، ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ بارزانی نەمر پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەی سۆران هەر لەوساڵەدا لە شەڕەکانی سەری سەفین، سیساوە، سپیلک، خەلیفان، دۆڵی هیران و نازانین بەشداری بووە، ساڵی ١٩٦٤ پێشمەرگە بووە لەگەڵ تاهیر عوزێر ئاغای زراری، ساڵی ١٩٦٨ گواستراوەتەوە بۆ بارەگای بارزانی نەمر لەقەسرێ و دیلمان، لەساڵی ١٩٦٩ و شەڕەکانی دەڤەری بارزان بەشدار بووە، هەر لە ساڵی ١٩٦٩ دوای ئەوەی کە سوپای عێراق ناوچەی پشدەر داگیردەکات، شوان میرخان یەکێک بووە لەو ٧٠ پێشمەرگەیەی کە بەفەرمانی بارزانی نەمر دەچن بۆ ئازادکردنی پێگەی (ماخوبزن) لە ناوچەی سەنگەسەر، دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوە بە فەرماندەی بەتالیۆن و بەرپرسیارێتی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی شۆڕش لەحاجی ئۆمەرانی پێ سپێردراوە، دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ ڕۆشتووە بۆ ئوردوگای زێوە و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ کەرەج، لە ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی گوڵان و گەڕاوتەوە زێوە، لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ ١٠٠ پێشمەرگە بەسەرپەرشتی کاک ئیدریس بارزانی و شێخ محەمەد خالید چۆتە کەتینە و ماوەی شەش مانگ لەوێ بووە.
لە ساڵی ١٩٨١ بەشدار بووە لەو مەفرەزانەی کە لەناوچەکانی بارزان و مێرگەسور و گۆڕەتوو چالاکیان ئەنجام داوە و زەبریان لە دوژمن وەشاندووە، لەساڵی ١٩٨٢ بریندار بووە، لە ساڵی ١٩٨٨ لەداستانی خواکوڕک بەشداری کردووە، دوایی شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان، لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیکە ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی بارزان.
دووخوارزای بەناوی کەریم مستەفا حەدۆ و مستەفا شەکر مستەفا شەهیدن بوون، لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە، ئێستا بەپلەی عەقید لە فەرماندەیی بارزان درێژە بەخەباتی خۆی دەدات.
سەرچاوە:
١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.