شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە، کاتژمێر ٩ی شەو دوو ئۆتۆمبێلى پۆلیسى شار کەوتنە بۆسەکەوە، هێزەکەى پێشمەرگە لە هەموو لایەکەوە دەستڕێژى گوللەیان لێ کردن، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەردا گرتن و هەردوو ئوتۆمبێلەکەیان سووتاند، ژمارەیەک لە پۆلیسەکان کوژران و ئەوانى دیکەش بەدیل گیران و دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیرا، پاشان هێزەکەى پێشمەرگە توانیان بە سەلامەتى لە شار دەرچن و بگەڕێنەوە بارەگاى ناوچە.
دواى سەرهەڵدانى شۆڕشى گوڵان پەیتا پەیتا دەستە و تاقمى هێزى پێشمەرگە بە فەرمانى سەرکردایەتى شۆڕش خۆیان خزاندە ناو شار و لادێکان، هێزى پێشمەرگە لە زۆر ناوچەدا بنکە و بارەگایان دامەزراند، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخى شۆڕشى کورد لە ڕووى چالاکى و ڕووبەڕووبوونەوەى دامودەزگا ئەمنى و هێزە سەربازییەکانى سوپاى عێراق پەرەى سەند، لە زۆربەى ناوچە جیاجیاکان لە تۆمارکردنى چالاکى پێشمەرگە لە شێوەى پارتیزانی بە ڕووى هێزە سەربازییەکانى بەعسدا دەچوونەوە و زیانى زۆریان پێ دەگەیاندن، بەشێکى گرنگى ستراتیژیەتى ئەو چالاکییانە پەیامێک بوون بۆ ڕژێمى بەعس کە شۆڕشى کورد بەردەوامە و سل ناکاتەوە لە مافە ڕەواکانى، دیارە لایەنێکى دیار و بەرچاوى چالاکییەکانى پێشمەرگە لە بەرنگاربوونەوەى هێزە سەربازیى و ئەمنیەکان بە درێژایی شەڕ و پێکدادانەکان، دانانەوەى بۆسە (کەمین) بوو لەسەر ڕێگاکانى هاتووچۆ و ئەو شوێنانەى کەوا ئەو هێزانە پێیدا تێپەڕ دەبوون بۆ بەرەنگاربوونەوەى پێشمەرگە و جێبەجێکردنى ئەرکى سەربازی، هێزى پێشمەرگەش لە توانایدا هەبوو بەو شێوازى ڕووبەڕووبوونەوەیە گورزى گەورە لەو هێزە سەربازی و ئەمنیانە بدات.
لەو سەردەمەى شۆڕشدا هێزى پێشمەرگە سەربە لق و ناوچە و ڕێکخراو بوون،هێزێکى پێشمەرگە کە نزیكهی ٢٠ كهس بوون سەربە لێژنەى ناوچەى دهۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژێر سەرپەرشتى محەمەد مراد لە یەکێک لە شەوەکانى بههاری ساڵی ١٩٨٣ بۆ ئهنجامدانی چالاكی و وەشاندنى گورزێک لە دامودزگا ئەمنیەکانى حکومەتى بەعس، ڕوویان لە ناوچەى سیناو شێخ خدرا کرد پاشان سەرکەوتن بۆ سەرووى گوندى سینا و ئینجا شۆڕ بوونەوە سەر بەرەو خوار بۆ ناو شارى دهۆک نزیک گەراجى گشتى گەڕەکى بەڕۆشکێ، هێزەکەى پێشمەرگە نەخشە و پلانیان داڕشت کە لەناو شارى دهۆک چالاکییەک ئەنجام بدەن کە بریتى بوو لە دانانەوەى بۆسەیەک بۆ دەزگا ئەمنیەکانى شار. دیارە بۆ ئەنجامدانى ئەو چالاکییە هێزى پێشمەرگە دابەش بوون بۆ سەر سێ دەستە، دەستەیەکیان چوون بۆ سەر بەرزاییەک بۆ پارێزگارى ڕێگاى گەڕانەوە، دەستەیەکی دیکەیان چوونە بەردەم بنکەى پۆلیسى بەڕۆشکێ بۆ چاودێرى هێزى پۆلیسى بنکە، دەستەی سێیەمیان لەو شوێنەدا جێگیر بوون کە دەستنیشان کرابوو بۆ دانانەوەى بۆسە.
هێزەکەى پێشمەرگە لەناو شاردا مانەوە تا نزیک کاتژمێر ٩ى شەو، لە کاتێکدا دوو ئۆتۆمبێلى هێزى پۆلیسى شار کەوتنە بۆسەکەوە، پێشمەرگەکان دەستبەجێ ڕووبەڕوویان بوونەوە و لە هەموو لایەکەوە دایانە بەر دەستڕێژى گوللە، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا گرت و ئاگریان تێبەردان و سووتاندیان، لە ئەنجامى ئەو شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەدا ١٠ پۆلیس کوژران و ٦ى تریش بەدیل گیران لەگەڵ ئەفسەرێک بەناوى سەلاح، پاشان دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرت، کە بریتى بوون لە ١٠ دەمانجە و یەک (ئاڕ. پی. جى) و هەندێ کەلوپەلى دیکەى سەربازى.
دواى ئەنجامدانى چالاکییەکە تەواوى هێزەکەى پێشمەرگە سەلامەت و بێ زیان بوون، ئینجا بە پلانێکى سەرکەوتوو بڕیارى دەرچوونیاندا لە شار، کشانەوە بۆ گوندى ئیتوتێ و لە گوندى بەرێ بەهارێ لە جادەى سەرەکى پەڕینەوە و چوون بۆ بارەگاى لێژنەى ناوچەى دهۆک، دیارە ئەو چالاکییەى پێشمەرگە دنگدانەوەیەکى گەورەى لە ناوشارى دهۆک و دەوروبەرى بە دواى خۆیدا هێنا، هەروەها ترسێکى گەورەشى خستە ناو ڕیزەکانى دەزگا ئەمنى و سەربازییەکانى حکومەتى بەعس لە دەڤەرەکە و بەتایبەتى لە ناو شارى دهۆک، چونکە حکومەت لەو باوەڕەدا نەبوو کە پێشمەرگە بتوانێ وەها چالاکییەک لەناو شارى دهۆک ئەنجام بدات.
سەرچاوەکان:
١- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ- زاخۆ- ٢٠٠٧).
٢- مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- ٢٠٢١).
٣- غازى عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، (تورکیا- ٢٠٢١).
٤- شیمال زێباری، هندەك ڕاستیێن ڤهشارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕۆژههڵات- ههولێر- ٢٠١٥).