سەلام کامل مەحمود عەلی

سەلام کامل مەحمود عەلی، پێشمەرگەی شۆرشی گوڵان بووە، ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پێنجوێنى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کردووە، ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە کردووە، پلەی کارگێری ناوچەی پێنجوێنی وەرگرتووە و کارگێری بەشی سەربازی و دارایی بووە، ساڵی ١٩٨٧ لە شەری ئەحمدئاوا-سورێن شەهید دەبێت و لە گۆخڵان بە خاک دەسپێردرێت.


ژیاننامە

شه‌هید سەلام کامل مەحمود، ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی ئالوزەر سەر بە ناحیەی ناڵپارێز لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەکی شۆرشگێڕ و كوردپه‌روه‌ر پەروەردە بووە، باوکی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان بووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە گوندی ئالۆزەر خوێندووە، بۆ قوناغی ناوەندی و ئامادەیی چووەتە پێنجوێن، پاشان بۆ خوێندنی ئامادەیی پیشەسازی چۆتە شاری سلێمانی و لە ساڵی ١٩٨١ئەم قۆناغەی به‌سه‌ركه‌وتووی کۆتایی پێهێناوە. چەند مانگێک پێش شەهید بوونی لەگەڵ كچه‌ مامی خۆی ئەڵقەی ده‌زگیرانێتی گۆڕیوەتەوە و مارەی کردووە، بەڵام پێش زه‌ماوه‌ند شه‌هید بووه‌.


خەباتنامە

شه‌هید سەلام کامل مەحمود، ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە شێخ حەمەمینی زەڕگێرەوە کردووە و گروپێکیان لە خزمانی خۆیان دروست کردووە وەکو شانەی نهێنی کاری رێکخستنیان کردووە لە پێنجوێن کە راستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ کاک نادر هەورامی و سەرکردایەتی بووە .

ساڵی ١٩٨٢ دوای تەواوکردنی خوێندن بەهۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌منی شاری سلێمانی چاودێری كراوه‌ و گومانی له‌سه‌ر هه‌بووه‌ شاری جێهێشتووه‌، له‌ ڕێگای عه‌بدوڵڵا ئاغا په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشی گوڵان كردووه‌، بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی كانی ئیسكان. له‌وماوه‌یه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ بووبوون چه‌ندین چاڵاكی پارتیزانیان ئه‌نجام دابوو، پاشان گه‌ڕابوونه‌وه‌ ده‌ڤه‌ری شارباژێڕ.

ساڵی (١٩٨٢_١٩٨٣) پلەکانی ئەندامی رێکخراو و دواتر کارگێری لێژنه‌ رێکخراو و دواتر پلەی بەرپرسی لێژنه‌ رێکخراو و ئەندامی لێژنه‌ ناوچەی وەرگرتوە .

ساڵی ١٩٨٤ لێژنەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتیەوە کە پێکهاتبوون لە دکتۆر ڕۆژ نوری شاوێس و فەرەنسۆ هەریری دەچنە دەڤەری چاڵەخەزێنە و دەڤەری شارباژێر بۆ دووبارە دارشتنەوەیی هەیکەلیەتی حیزبی ئەو دەڤەرە، لەم گۆڕانکاریە، شه‌هید سلام كامل پلەی کارگێری لێژنه‌ ناوچە و سەرپەرشتیاری بەشی دارایی و سەربازی لێژنه‌ ناوچەی پێنجوێن وەردەگرێت .

ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ مەفرەزەیەکی پێشمەرگە دەچنە گوندی مۆریاس لە دەڤەری بەرزنجە، به‌ڵام به‌ر له‌گه‌یشتنیان هه‌واڵیان لێدەدرێت، له‌لایه‌ن جاشه‌كانی ناوچه‌كه‌ بۆسه‌یان بۆ داده‌نرێت، توشی شەڕێکی قورس دەبن، شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌ له‌گه‌ڵ جاشه‌كان ده‌كه‌ن، لەو شەڕەدا شه‌هید سلام كامل بە سەختی بریندار دەبێت و بە پەلە دەیگوازنەوە بۆ گوندی گرێزەی دەڤەری شارەزوور و لە ماڵی شێخ جەباری گرێزەیی چەند ڕۆژێک برینه‌كانی تیمار ده‌كرێن، پاشان لەلایەن برایەک و ئامۆزایەکییەوە دەگوازرێتەوە بۆ چاڵەخەزێنە و دوایی چەند ڕۆژێک ڕەوانەی وڵاتی ئێران دەکرێت بۆ چارەسەر، پاش وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر زوو گه‌ڕاوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ركی پێشمه‌رگایه‌تی خۆی.

 یەکێک بووە لەو پێشمەرگانەی کەلەگەڵ هەموو مەفرە پارتیزانییه‌كانی پێشمەرگە هاتۆتەوە ناو شاری سلێمانی، ساڵی ١٩٨٣ یه‌كێك بووه‌ له‌و پێشمه‌رگانه‌ی شەو ده‌چنه‌ ناو شاری سلێمانی و بە چەکی (ئارپێچی) لە پەیمانگاکەی ئازادی ده‌ده‌ن.

ساڵی ١٩٨٧ لە چیای قەرەداخ له‌ ئه‌رك ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی توشی نەخۆشی گورچیلە دەبێت، ده‌یه‌وێت بچێت بۆ وڵاتی ئێران بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری، بەڵام کە دەگاتە گۆخڵان هەواڵی ئەوەی پێدەگات کە لە ئەحمەدئاوا شەڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای ڕژێم دروست بووە، بۆیه‌ بۆ یارمه‌تیدانی پێشمه‌رگه‌ دەگەرێتەوە و بەژداری شەرەکە دەکات، لە ٨ی ئابی ١٩٨٧ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن شكست به‌ سوپای عێراق بهێنن، له‌گه‌ڵ پێنج پێشمه‌رگه‌ی تر هه‌وڵی گرتنی مله‌ قۆنده‌ره له‌ پشت چیای سورێن ده‌ده‌ن، به‌و پێیه‌ی ئه‌و شوێنه‌ شوێنێكی ستراتیژی بووه‌، كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ به‌ قازانجی هێزی پێشمه‌رگه‌، بۆیه‌ له‌كاتی هێڕشكردن بۆ شوێنه‌كه‌ تووشی به‌رگریه‌كی سه‌خت ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌ربازانی ڕژیم، هه‌رچه‌نده‌ شوێنه‌كه‌ ده‌گرن، به‌ڵام فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌كه‌ به‌ناوی سه‌ردار حاجی حسێن و شه‌هید ده‌بێت و شه‌هید سه‌لام و هه‌رسێ پێشمه‌رگه‌ی تریش بریندار ده‌بن، شه‌هید سه‌ڵام فیشه‌ك به‌ر سه‌ری ده‌كه‌وێت، بۆیه‌ برینه‌كه‌ی سه‌خت ده‌بێت، بۆیه‌ پێش گواستنه‌وه‌ی بۆ وڵاتی ئێران بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری گیان له‌ده‌ست ده‌دات و شه‌هید ده‌بێت، هه‌وڵ ده‌درێت ته‌رمه‌كه‌ی بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ شاری سلێمانی، به‌ڵام به‌هۆی ڕێگری حكومه‌ت ناتوانن بیگه‌ڕێننه‌وه‌، دواجار له‌ گۆخڵانی شاری مه‌ریوانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌خاكی ده‌سپێرن.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا حەسەن حەمەدۆک پیرانی

مستەفا حەسەن حەمەدۆک پیرانى، ساڵى ١٩٦٩ لە ناحیەى پیران قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بەڕیزەکانى یەکێتى قوتابیان کردووە. ساڵى ١٩٨٧ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٩٦ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

عەبدوڵا ئەحمەد فەقۆ بیەیی

عەبدوڵا ئەحمەد فەقۆ بیەیی لە ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی بیێ دەڤەری بارزان سەربە قەزای مێرگەسۆر لە دایكبووە. ساڵی ١٩٤٥ لە نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) و لە تەمەنی مندالیدا لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

زانیاری زیاتر

تاهر ئه‌حمه‌د برایم مسته‌فا خه‌لانی

تاهر ئه‌حمه‌د برایم مسته‌فا خه‌لانی، ساڵى ١٩٧٦ له‌ گوندی خه‌لانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، قه‌زای چۆمانی پارێزگای هه‌ولێر له‌ دایكبووه‌. ساڵی ١٩٩١ پەیوەندى بەڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە. ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ڕە‌حیم برایم مسته‌فا خه‌لانی

ڕەحیم برایم مسته‌فا خه‌لانی، ساڵی ١٩٦٦ له‌ گوندی خه‌لانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، قه‌زای چۆمانی پارێزگای هه‌ولێر له‌ دایكبووه‌. ساڵی ١٩٨١ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان، ساڵی ١٩٨٣ بۆتە‌ به‌رپرسی لێژنە ڕێكخراوی حه‌سه‌ن برایم، ساڵى ١٩٨٨ لە وەرتێ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر