سیامەند عەزیز عارس

سیامەند عەزیز عارس، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە مێرگەسۆر لەدایکبووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا فەرماندەى بەتالیۆن بووە، ساڵى ١٩٦٦ لە چەرمەگا شەهیدبووە.


ژیاننامە

ساڵی ١٩٢٠ له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، دواى چوونى بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت ساڵی ١٩٥٢ له‌ زانكۆی تاشقه‌ند لە پەیمانگاى مامۆستایان وەرگیراوە، دواتر دوو ساڵیشی له‌ فیته‌ری له‌ شاری رۆسۆژ خویندوویەتى، هه‌ر له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ ڤالیا میكایلوڤ پێكهێناوه‌ و خاوه‌نی كوڕێك بوونه‌ به‌ناوی حه‌سه‌ن سیامه‌ند، مامۆستای زمانی رووسی بوو له‌ زانكوی به‌غدا و له‌ كۆلێژی عه‌سكه‌ری له‌ به‌غدا چارەسەری پزیشکى ده‌دایه‌ ئه‌فسه‌رانی عێراق.


خەباتنامە

له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌. 

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد. 

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدا دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون. 

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و لە چەند شه‌ڕێکدا بەشداریى كردووه‌، له‌ ٣ی ئاداری ١٩٦٣ له‌ به‌غدا وە  چووه‌تە سلێمانی، ساڵی ١٩٦٤ دوای كونفرانسی له‌شكه‌ری له‌ ڕانیه‌، چووەتە‌ كه‌ركووك و له‌ چه‌مچه‌ماڵ و توزخورماتوو بووه‌ بە به‌رپرسی له‌شكر له‌و ناوچه‌یه‌، له‌ شۆڕشی ئەیلوول ناوبراو ئامر به‌تالیۆنی ٩ی هێزی قه‌ره‌داغ بووه‌، ناوبراو له‌گه‌ڵ عومه‌ر شه‌ریف و مه‌لكۆ زێرۆ له‌لایه‌ن ڕه‌ئیس كه‌مال ده‌ست به‌سه‌ر كراون، ساڵی ١٩٦٦ له‌ چەرمەگا شه‌هید بووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه‌ دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.

  2. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).

  3. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - ١٩٩٦ز).

  4. شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان، ژیان و به‌رخودان د.سه‌عید ئه‌حمه‌د نادر كه‌ مێژوو سه‌روه‌ریی ده‌نوێنی، بڵاوكراوه‌كانی برایه‌تی، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری- ١٩٩٧ز).

  5. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).

  6. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).

  7. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).

  8. عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).

  9. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).

  10. محه‌مه‌د توفیق ووردی، چوونی بارزانیانی قاره‌مان بۆ سۆڤێت، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی هاوسه‌ر - ٢٠٠١ز).

  11. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).

  12. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٦١ - ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ - ٢٠٠٤ز).

  13. ناجی طه‌ به‌رواری، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه‌ دگێریت، پشكا سیێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٩، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، شوات ١٩٩٦ز.

  14. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).

  15. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئەسعەد خۆشەوی

ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش، پێشمەرگە و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣- ١٩٤٥)بەشدار بووە، لە بەرگریکارانی کۆماری دیموکراتی کوردستان (٢٢کانوونی دووەمی- ١٥ کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، بەشداری کارا و چالاکی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوای کردووە.

زانیاری زیاتر

عومەر ئاغای دۆڵەمەری

عومەرئاغا محەمەد عومەرئاغا شوان ناسراو بە (عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە، هەڵگرى میدالیای بارزانی یە، لە ڕێکەوتى ١٠ی تەمووزى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر