سۆران ئیسماعیل حەمەوەیس ڕەسوڵ

سۆران ئیسماعیل ناسراوە بە مامۆستا سۆران، کادر و پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی خەڵکی کوردستان بووە، لە ژیانی پێشمەرگایەتی یەک جار بریندار بووە و پلەکانی ئەندام و کارگێری لیژنە ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٩١ لە هێرش بردن بۆ ڕەباییەی سەربازی ڕژێمی بەعس لە سەرتەکی بەمۆ شەهید بووە.


سۆران ئیسماعیل حەمەوەیس ڕەسوڵ کە ناسراوە بە مامۆستا سۆران لە ساڵی ١٩٥٧ لە شارەدێی تەوێڵەی سەربە ناحیەی بیارەی دەڤەری هەورامان لە دایکبووە، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی لە تەوێڵە خوێندووە، ساڵی ١٩٨١بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری كشتوكاڵی له‌ زانكۆی موسڵ وه‌رگرتووه‌.

شه‌هید سۆران لە کاتی خوێندنی قۆناغی ناوەندی لە تەوێڵە پەیوەندی به‌ ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە، دوای چوونی بۆ شاری موسڵ دوو شانەی ڕێکخستنی لە ناو زانکۆی موسڵ درووست کردووە، لە هەمانکاتدا لەناو شاری سلێمانی کادری شانە نهێنییەکان بووە و دوو خوشکی بە ناوەکانی نەرمین و کەژاڵ یارمەتیدەری بوونە بۆ گەیاندنی نامە و پەیامەکانی بۆ شانە نهێنیەکانی ناو سلێمانی.

شەهید سۆران دوای تەواوکردنی زانکۆ و لە ساڵی ١٩٨٢ بۆتە پێشمەرگە  لە ڕێکخراوی تەوێڵەی سەربە لێژنە ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەوکاتەدا شەهید کامیل بەرپرسی ڕێکخراو بووە، بەهۆی چاو کراوەیی و ئاست بەرزی لە کاری ڕێکخستندا هەر زوو نادر هەورامی بەرپرسی لقی چوار دەیگوازێتەوە نزیک خۆی لە بارەگای لق.

ساڵی ١٩٨٣ بۆتە ئەندامی لێژنە ناوچەی هەڵەبجەی سەربە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ هەریەک لە دیاری حسێن و حەمە تەقێ دووبارە دەگوازرێنەوە بارەگای لقی چوار، لە هەمانکاتدا لە ساڵانی هەشتایەکان ئەوکاتەی کە نادر هەورامی گوازراوەتەوە بۆ لقی دووی پارتی و بووە بەرپرسی لق، شەهید سۆران بووە بە هاوەڵی نادر هەورامی لە سنوری لقی دوو تا ساڵی ١٩٨٧، ساڵی ١٩٨٧ لە داستانی ئەحمەد ئاوا بەشداری کردووە و بە پارچەی گولە (ئار- پی- جی) سەری بریندار بووە.

ساڵی ١٩٨٨ بۆتە کارگێڕی لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی سەربە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتر بۆتە بەرپرسی خاڵەسنوری قاسمە ڕەش، ساڵی ١٩٩١ لە کاتی هێرشبردن بۆ گرتنەوەی ڕەبایەی سەرتەکی بەمۆی سەربازانی ڕژێمی بەعس، لە نزیک ڕەباییەکە مینی چێندراوەیان پێدا تەقیوەتەوە و شه‌هید سۆران و هاوسەنگەرێکی بەناوی سەید نەسرەدین حامید شەهید بوونە و عەباسی هاوسەنگەریان بە سەختی بریندار بووە. زمانی عه‌ره‌بی و فارسی به‌باشی زانییوه‌.


سەرچاوە:

- ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر