سلێمان ئەحمەد دۆلەمەری

سلێمان ئەحمەد ئیسماعیل عومەر، ناسراو بە سلێمان ئەحمەد دولەمەری، پێشمەرگەی شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین بووە، ساڵى ١٩٦٧ لەتەمەنى ١٤ ساڵییەوە پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ڕۆژى ١٥ى کانوونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٠ لە کۆنگرەى سێزدەیەم، بەهۆى خزمەت و چالاکییەکانى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى پێبەخشراوە.


سلێمان ئەحمەد ئیسماعیل عومەر دۆلەمەری، ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی خەراى سەر بە قەزاى مێرگەسۆرى پارێزگاى هەولێر لە دایک بووە، ساڵی ١٩٦٧ لەتەمەنى ١٤ ساڵى پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە و لەگەڵ عوزێر دولەمەری بۆتە پێشمەرگە و لە دیلمان بۆ ماوەی سێ ساڵان خزمەتی پێشمەرگەکانی کردووە.

دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ١١ى ئازاری ساڵی ١٩٧٠ لە دیلمانەوە گواستراوەتەوە بۆ قەسرێ و لەوێ بەشدارى خولى بەکارهێنانى دۆشکەى کردووە، ساڵى ١٩٧٤  کاتێک شەڕى ڕژێمى عێراق دژى شۆڕش دەستی پێکرد، لەگەڵ عومەر ئاغاى دۆلەمەرى لەیەکەى دۆشکەی شۆڕش بووە و لەسەر دۆشکەى شۆڕش بەرگرى لە خاکى کوردستان کردووە.

ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، سەرەتا لەنەغەدە و دوایی چۆتە ئۆردوگاى زێوە و لەوێ نیشتەجێ بووە، پاشان سەرەتا لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە گواستراوەتەوە بۆ جەهرم و دوای دوو ساڵ ڕەوانەى لاهیجان کراوە، دواى دووساڵ مانەوە لە لاهیجان لەسەر داوای خۆی چۆتە شارى قەزوێن لەبەر ئەوەى ماڵى برای لەوێ بووە.

ساڵی ١٩٧٩  کاتێک ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران ڕووخا، سلێمان ئەحمەد و  ڕەشیدی برای پێکەوە پەیوەندییان بە ڕیزی شۆڕش کردووەتەوە و بەشێوەى مەفرەزە گەڕاونەتەوە بۆ باشوورى کوردستان بۆ ئەنجامدانى چالاکى سەربازى دژى ڕژێمى عێراق. لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ سوپاى عێراق هەمان ساڵ ڕەشیدى براى لە کەندى ناحیەى دیانا شەهید دەبێت.

ساڵی١٩٨٠ لەگەڵ ئیدریس بارزانی و شێخ محەمەد خالد لە زێوەوە چووەتە دەشتی بەرازگر لە سنوورى ناحیەى سیدەکان، دواى ئەنجامدانى گەشتەکە و بەسەرکردنەوەى هێزى پێشمەرگەى بارزان لە دەڤەرەکە بۆ ئۆردوگاى زێوە گەڕاوتەوە. هەمان ساڵ دواى گەڕانەوەى لە ڕاژانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەشدارى خولێکى بەکارهێنانى تۆپی ٥٧ى ملم کردووە، دواى تەواوبوونى خولەکە لەگەڵ عوزێر دۆلەمەرى چووەتە باشوورى کوردستان، چەند چالاکییەکیان دژى پێگەکانى سوپاى ڕژێمى عێراق لە گۆڕێ گۆمێ و پردى لێلوک و گەروى سارکێ لە قەزاى مێرگەسۆر ئەنجام داوە. هەمان ساڵ بە فەرماندەیی ئەحمەد سەعید سپیندارى بەشدارى شەڕى گەورەى مێرگەسۆرى کردووە.

ساڵى ١٩٨٨ بەشدارى شەڕى قەبرى زاهیرى داستانى خواکوڕک لە سێگۆشەى سنوورى ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوورى کوردستانى کردووە، پاش ئەنجامدانى هەڵمەتى ئەنفال و کیمیاباران لەلایەن حکومەتى عێراق دژى خەڵکى سڤیلى کوردستان، گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى خەڵکی باشووری کوردستان گەڕاوەتەوە و لە گوندی شێخانى سەر بە قەزاى مێرگەسۆر نیشتەجێ بووە،  ساڵی ١٩٩٤ کراوە بە جێگری هێزی ١٠٠ی سوپاى بارزان، چوار جار لە شەڕەکانی بەرگریکردن لە خاکى کوردستان بریندار بووە وەک شەڕی گەلی سۆری دەڤەرى دۆلەمەرییان ساڵى ١٩٨٠، ساڵى ١٩٩٥ شەڕى سپیلک، ساڵى ١٩٩٦ شەڕى گۆمەسپان، ساڵى ١٩٩٧ شەڕى شەکرۆک.

ڕۆژى ١٥ى کانوونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٠ لە کۆنگرەى سێزدەیەم، بەهۆى خزمەت و چالاکییەکانى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیاى بارزانى پێبەخشراوە.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


بابەتی پەیوەندیدار

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر

خالید تەها عەلی

خالید تەھا عەلی ساڵی ١٩٤٥ لە پارێزگای دھـۆک لەدایـــــک بـــــووە. ڕۆژی ٤ی نیسانی١٩٦٢ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، ساڵی ١٩٧٠ بووەتەسکرتێری سەندیکای کرێکـارانی دھـۆک، دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوول لەساڵی ١٩٧٥ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەساڵی ١٩٨٩ چووەتە وڵاتی نەمسا، ساڵی ١٩٩٩ گەراوەتەوە بۆ کوردستان، لە رۆژی ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەمید حەیدەر ئەرگوشی

حەمیـد حەیـدەر ئەحمەد، ناسراو بە (حەمید ئەرگۆشى)، لە دایک بووی گوندى ئەرگۆشى ناحیەى شێروان مەزنە، ساڵى ١٩٥٩ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پـارتی دیمـوکراتی کوردسـتان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەمەد بارزانى

خەمەد میـــرحەمەد فەتـــاح، ناسراو بە (خەمەد بارزانى)، ساڵى ١٩٤٩ لە ناحیەى گۆڕەتووی قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٢ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٤ گوازراوەتە بۆ هێزى کاوەى لەشکرى کوردستان، ساڵى ١٩٧٧ لەلایەن هەواڵگرى ڕژێمى عێراق دەستگیرکراوە، لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە کۆنگرى ١٣ى پارتی دیموکراتی کوردستان، میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە

زانیاری زیاتر

جەوهەر ئاغاى غەفور ئاغاى لێوژە

جەوهەر غەفور ئیسماعیل، ناسراو بە (جەوهەر ئاغاى غەفور ئاغاى لێوژە)، ساڵى ١٩٢٨ لە گوندی لێوژە لە ناحیەى ناودەشت لە قەزاى قەڵادزێ سەر بە پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر