داستانی دێرەلوک ١٩٨٧

ئەو داستانە لە ٥ى ئایارى ١٩٨٧ لە دێرەلوکى سەربە قەزاى ئامێدى ڕوویدا، هێزى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر بارەگاى فەوجی خەفیفەى (١١١)، دواى شەڕێکى سەخت توانیان دەست بەسەر فەوجەکە و (٨١) سەنگەرى دەورووبەریدا بگرن، هەروەها زیانى زۆری گیانى و ماددى بە هێزەکانى حکومەت بگەیەنن لە کوژراو و بریندار و بە دیل گیرانى سەرباز و چەکدارانى بەکرێگیراو.


      ئاشکرایە سیاسەتى دوژمنکارانەى حکومەتى عێراق بەرامبەر بە کوردستان لە ڕەفتارى هێزە سەربازیەکان و چەکدارانى بەکرێگیراو ڕەنگى دابۆوە کە بەردەوام هەلمەتى سەربازیان ئەنجام دەدا بۆ قڕکردنى کورد و وێرانکردن و سوتاندنى گوندەکانى کوردستان([1]) بەڵام هەموو جارێک هەڵمەتە سەربازیەکان لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە پەرپەرچ دەدرانەوە، هەر بەو هۆیەوە چالاکیەکانى پێشمەرگە لە دەڤەرى بادینان  لە ساڵى ١٩٨٧ پێى نابووە قۆناغێکى فراوان، حکومەتیان بە جۆرێک هەراسان کردبوو کە بەردەوام لە سەنگەرى شەڕ و پێکدادان دابن لەگەڵ پێشمەرگەدا، بەرەبەیانى ٥ى ئایارى ١٩٨٧ هێزێکى پێشمەرگە کە پێکهاتبوون لە پێشمەرگەکانى لیژنەى ناوچەى ئامێدى و سێ ڕێکخراوى سەربە لیژنەى ناوچەى گوڵان و دوو ڕێکخراوى سەربە لقى یەک و هێزێکى میللى بە فەرماندەیی د. ڕۆژ نوری شاوێس و عەقید عەلی و سەید سالح، هێرشێکى گەورە و بەرفراوانیان کردە سەر بارەگاى فەوجى خەفیفەى (١١١) کە مستشارەکەى شێخ نورى بەرزنجی بوو، لە ناحیەى دێرەلوکى سەربە قەزای ئامێدى([2])، دواى شەرێکى توند و سەختى خوێناوى بارەگاى فەوج و (٨١) سەنگەرى دەورووبەرى فەوج و ناوچەکە لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە دەستیان بەسەردا گیرا([3]).

      لەو چالاکیەى پێشمەرگە هێزەکانى حکومەت زیانى زۆرى گیانیان بەرکەوت کە بریتى بوو لە (٣٨) کوژراو و زیاتر لە (٤٠) دیلى دەستگیرکراو کەوتنە بەر دەستى پێشمەرگە، لەناو دیلەکاندا مولازمى یەکەم  عەبدولحەمید خەتاب عەبدوڵڵا فەرماندەى فەوج و سێ سەرباز و یەک جێگرى ئەفسەر (نائب ضابط) و سی چەکدارى بەکرێگیراو(جاش) هەبوون، (١٦) چەکدارى دیکەى بەکرێگیراویش خۆیان ڕادەستى هێزى پێشمەرگە کرد، وێڕای ئەوەش زیانە ماددیەکانى هێزەکانى حکومەت بریتى بوون لە سوتاندنى زریپۆشێک و (٩) ئۆتۆمبێلی سەربازى و (٢٠٠) پارچە چەکى جۆرى کلاشینکۆف و سەلیب و (R. P. G) و یەک هاوەنى ٨٢ ملم و یەک ٥.١٤ ملم و گرنۆفێک و (١٤) دەزگاى بێتەل و ژمارەیەکى زۆرى فیشەک و گوللە تۆپ و گوللەى (R. P. G) بوونە دەستکەوتى پێشمەرگە([4]).

      دواى کۆتایی هاتنى هێرشەکەى پێشمەرگە لە کاتژمێر یەکى دواى نیوەڕۆى هەمان ڕۆژ فڕۆکە جەنگیەکانى عێراق ناوچەکە و بنکەو بارەگاکانى پێشمەرگەیان بۆردومان کرد، لە کاتى بۆردوومانى فڕۆکەى عێراق هێزی بەرگرى ئاسمانى پێشمەرگە توانیان بە موشەکى سان حەوت فڕۆکەیەکى جۆرى هەلیکۆپتەر بخەنە خوارەوە، حەوت سەربازى ناو فڕۆکەکەش کەوتنە دەستى هێزەکانى پێشمەرگە، یەکێکیان عەقیدى فڕۆکەوانى بوو بەناوى حەمید سەعید و مولازمى یەکەمى فرۆکەوان نزار عەدنان، ئەوەشیان ڕۆل و کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر بەرز بوونەوەى ورەى پێشمەرگە لە بەرەکانى شەڕ، لەو هێرشەدا زیانى پێشمەرگە بریتى بوو لە شەهید بوونى پێشمەرگەیەک و بریندار بوونى (٣) پێشمەرگەى تر.

      شایانی باسه‌ هەر لەو هێرشەدا له‌ لایه‌ن تۆپخانەی شۆڕشه‌وە بنکە و سەربازگە و بارەگاکانى سوپا و هێزەکانى حکومەت تۆپباران کران، وەک ئاماژەى بۆ کراوە ڕۆژێک دواى هێرشەکەى پێشمەرگە بۆ سەر هێزەکانى عێراق واتا ٦ى ئایارى ١٩٨٧ سەرۆک مەسعود بارزانى ڕێبەرى شۆڕش لەسەر چیاى گارە بە ئامێری بێتەل پەیوەندى بە بەرپرسانى پێشمەرگەوە کرد بە مەبەستى دەستخۆشى کردن لە هێزى پێشمەرگە بۆ ئەو سەرکەوتنەى کە لەو هێرشەدا تۆماریان کرد([5]).      


سەرچاوەکان:

  1. مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021.
  2. شیمال زێباری: هنده‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – 2015.
  3. دێرەلوک https://fa.wikipedia.org/wiki/%D

[2] - دێرەلوک https://fa.wikipedia.org/wiki/%D

[3] - مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، 2021، ل٧٦.  

[4] - مه‌سعود بارزانی: هەمان سەرچاوە، ل٧٧.

[5] - مه‌سعود بارزانی: هەمان سەرچاوە، ل٧٧.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر