داستانی دۆڵی هیران

پاش ئەوەی کەوا دەڤەرەکانی باڵەکایەتی و سیدەکان کەوتنە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگە، مستەفا بارزانی ڕێبەری شۆڕشی کورد بە هێزێکەوە ڕووی کردە ناوچەی خۆشناوەتی، بە مەبەستی ئەوەی کەوا چالاکییەکانی شۆڕش بگەیەنێتە گشت ناوچەکانی کوردستان کە لە زاخۆوە تا خانەقین بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە.


لە ٨ی ئابی ١٩٦٢ هێزی پێشمەرگە بەرەو دەڤەری خۆشناوەتی دەستی بە جووڵە کرد، بە فەرماندەیی سەرکردە سەربازیەکان مستەفا نێروەیی، تێلی ئاغا، عەلی شەعبان، حاجی بێرۆخی، مەحمود کاوانی، خورشید شێرە، مقەدەم عەزیز ئاکرەیی. لە ژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بارزانی کە بارەگای لە گوندی خەتێ دانا لە دۆڵی بالیسان، دیارە لەو ماوەیەدا دۆڵی بالیسان لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدا بوو، لە ١٠ی ئاب بارزانی فەرمانی بە فەرماندەکانى پێشمەرگە کرد کە هێرش بکەنە سەر دۆڵی هیران، بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە بە دیاریکراوی گوندی سپیندارە لە باکووری ناحیەى هیران بناری چیاى هەورێ و هەموو ئەو شوێنانەی کە هێزی چەکدارى بەکرێگیراوان (جاش)ی سەر بە سابیر ئاغای لێ جێگیر کرابوون.

بارزانی مەحمود کاوانی ڕاسپارد کە ڕێنموونی هێزەکانی تریش بکات بێجگە لە هێزەکەی خۆی کە شارەزای ناوچەکە نەبوون، بەو پێیەی ناوبراو خەڵکی ناوچەکە بوو شارەزایی تەواوی کون و کەلەبەرەکانی دەڤەرەکە بوو، کاتژمێر ٤ی بەیانی ١١ی ئابی ١٩٦٢ پێشمەرگە هێرشی سەر ڕەبایەکانی گوندی سپیندارەی دەستپێکرد، لە ماوەی یەک کاتژمێری شەڕدا زۆربەی بەکرێگیراوان و ڕەبایەکانیان بەرگریان نەما و خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کرد، تەنها دوو خاڵ نەبێ لە بەرزاییەکانی سەر ڕێگای ئاقوبان و هیران هێشتا بەرگریان بەردەوام بوو، دوای ماوەیەکی کەم ڕەبایەکەی گردی سەر ڕێگای ئاقوبانیش خۆی دا بە دەستەوە.

هێزێکی پێشمەرگە بە فەرمانی مقەدەم عەزیز ئاکرەیی بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگای هیران - سپیندارە دانایەوە کە ڕێگا لە هێزی پشتیوانی بەکرێگیراوان (جاش) بگرێ ئەگەر نیازی بە هاناوە هاتنیان هەبێ بۆ ئەو ڕەبایانەی کە کەوتبوونە بەر پەلاماری پێشمەرگە، دیارە دوای ماوەیەک دەستەیەکی بەکرێگیراوان لەگەڵ ئاغا کۆرە ئامۆزای سابیر ئاغا کەوتنە ئەو بۆسەی پێشمەرگە، لە ئەنجامدا ناو براو و چوار كه‌سى تر کە لەگەڵی بوون کوژران.

دوای ئەوەی کەوا هێزی پێشمەرگە گوشاری زۆریان خستە سەر ئەو ڕەبایەی کە لەبەردەم هەڵمەتى پێشمەرگە چەقی بوو لە ماوەی نیو کاتژمێردا ئەویش ئاڵای سپیان بەرز کردەوە و ڕادەستی پێشمەرگە بوون، ئیتر تەواوی گوندی سپیندارە کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە، سابیر ئاغا و پیاوەکانی توانای بەرگریان نەما و سەنگەرەکانیان چۆلکردن و ڕایان کرد، ١٨ لاشەی کوژراویان لە دوای خۆیان بەجێهێشت لەگەڵ شەش بریندار، لەو شەڕەدا و لە گرتنى گوندى سپیندارە سێ پێشمەرگە شەهید بوون.

لە دواى دەست بەسەرداگرتنى گوندی سپیندارە بڕیار درا کەوا هێرش بکرێتە سەر گوندى ئاقوبان و ناحیەى هیران کە هێزێکى زۆرى چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) و پۆلیسى لێ جێگیرکرابوو، سەرەتا هێزێکى پێشمەرگە تەرخانکرا بۆ گرتنى ئاقوبان کە دەکەوێتە نێوان هیران و شەقڵاوە بۆ پچڕاندنى ڕێگاى سەرەکى کە نەهێڵن هیچ یارمەتى و هاوکارییەکى حکومەت لە شەقڵاوەوە بگاتە هێزەکانیان لە هیران، کە بارزانى خۆى لە نزیکەوە چاودێرى هێرشەکەى دەکرد.

ئەو هێزەى کەوا تەرخان کرابوو بۆ گرتنى ئاقوبان دەستى بە جووڵە کرد و هێرشى بۆ سەر ئەو خاڵانەى کە بۆیان دیاریکرابوو دەست پێکرد، بەڵام کە گەیشتنە شوێنى مەبەست تەواوى هێزى چەکدارى بەکرێگیراوى حکومەتى عێراق گوندەکەیان بەجێ هێشتبوو ڕایان کردبوو، هێزی پێشمەرگەش دەستى گرت بەسەر ئاقوبانى سەروو و خواروو و ئاقوبان کە دەڕوانێتە سەر شەقامى سەرەکى شەقڵاوە- هیران و ناوچەکەیان سەنگەربەند کرد و بارەگایان لەناو گوندى ئاقوبان دانا.

دواى ئەوەى کەوا پێشمەرگە زاڵ بوو بەسەر ڕیگاى سەرەکى نێوان هیران- شەقڵاوە، هێرشى سەر ناحیەى هیران دەستى پێکرد بە سەرپەرشتى ڕاستەوخۆى بارزانى ڕێبەرى شۆڕش، ماوەى چەند ڕۆژێک پێشمەرگە قشڵى هیران و نازەنینى ئابلۆقە دا کە پۆلیسەکان لە ژوورەوە پەنایان گرتبوو خۆیان بەدەستەوە نەدەدا، سەرکردایەتى شۆڕشیش پێى باش بوو تا بکرێ پلانەکە بێ خوێنڕشتن کۆتایی بێ، لەلایەکى دیکەش هەوڵى نێوەندگیرى کەسایەتى و پیاوماقولانى شارۆچکەکە واى کرد کە پۆلیسەکان بە بێ شەڕ خۆیان ڕادەستى هێزى پێشمەرگە بکەن بە تەواوى چەک و جبەخانە و کاڵا و کەلوپەلەکانیان، پاشان هەر لەسەر داواى کەسایەتى و پیاو ماقولانى ناوچەکە  گشت پۆلیس و ئەفسەر و پلەدارەکان بە فەرمانى سەرکردایەتى شۆڕش ئازاد کران و چوونەوە ناو ماڵ و منداڵەکانیان کە زۆربەیان خەڵکى ناوچەکە بوون.              

ئیتر بارزانى بارەگاى خۆى گواستەوە هیران و هێزەکانى تری پێشمەرگەش لە گوندەکانى دۆڵى خۆشناوەتى وەک ئاقوبان، سپیندارە، کەوەرتیان و بەرەکە جێگیر بوون، بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە لەو داستانەدا چیاى هەورێ تا دەگاتە بنارى چیایى سەفین لە ڕێگاى هیران بەرەو شەقڵاوە کە بە دۆڵى هیران ناو دەبرێ بە تەواوى کەوتە دەستى هێزى پێشمەرگە و بەرامبەر بە هێزەکانى حکومەتى عێراق سەنگەریان گرت.    

حکومەتى عێراق دواى لەدەستدانى پانتایی ناوچەیەکى فراوان لە دەڤەرى خۆشناوەتى هیچی بۆ نەمایەوە جگە لەوەى کە پەنای بردە بەر بۆردومانکردنى چڕى ناوچەکە بە تۆپ و هاوەن و فڕۆکەى جەنگى لە شەقڵاوە و سەرى چیاى سەفین، لە ئەنجامى ئەو بۆمبارانەوە لە ١٥ى ئابى ١٩٦٢ فەرماندەى پێشمەرگە مەحمود کاوانى و سێ پێشمەرگە شەهید بوون.      


سه‌رچاوه‌كان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢- حاجی میرخان دۆڵەمەری، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم ٢٠٢١.

٣- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگادەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٤- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٥- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.

٧- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر