داستانی چیاى سەفین (نیسانى ١٩٦٥)

حکومەتى عێراقى لە ناوەڕاستى مانگى کانوونى یەکەمى ١٩٦٤ ەوە کەوتبووە بیانوو گرتن و شەڕ فرۆشتن، بە پاساوى ئاژاوەگێڕى شاڵاوى گرتن و ئازاردانى خەڵکى شاروشارۆچکەکانى کوردستانى دەست پێکردبوو...


حکومەتى عێراقى لە ناوەڕاستى مانگى کانوونى یەکەمى ١٩٦٤ ەوە کەوتبووە بیانوو گرتن و شەڕ فرۆشتن، بە پاساوى ئاژاوەگێڕى شاڵاوى گرتن و ئازاردانى خەڵکى شاروشارۆچکەکانى کوردستانى دەست پێکردبوو، هاوکات جموجۆڵى سوپا هەبوو، لە سەرەتاى ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى نێوان سەرکردایەتى شۆڕشى کورد و حکومەت بەرەو لێکترازان و ئاڵۆزى هەنگاوى دەنا، تەنانەت پێشهاتەکان ئاماژەبوون کەوا عەبدولسەلام عارف لە جێبەجێکردنى بەندەکانى ئاگربەستى شوباتى ١٩٦٤ و بەڵێنەکانى بەرەو پاشگەزبوونەوە دەرۆیشت و لە هەوڵى بە دەستهێنانى بیانوویەک بوو بۆ هەڵگیرسانەوەى شەڕ، دەکرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەى ئەمە ئاماژە بە وتەى ڕۆژنامەنووسێکى بیانى بکەین کە مانگێک دواى ئاگربەستى ناوبراو سەرى کوردستانى داوە، وەکو خۆى دەڵێت: "جگە لە کاولکارى و وێرانى چ شتێکى ترى نەبینیوە" هەروەها دەڵێت: "هەموو گوندەکانى کەنارى ڕێگا و جادە سەرەکییەکانى سلێمانى بۆردومان کرابوون و بە ناپاڵم سوتێنرابوون و ببوون بە خاک و خۆڵەمێش و لە ماوەى پێنج مانگ ٣٠٠٠ گوند وێران بوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستى خستنەڕووى ناڕەزایی جەماوەرى کوردستان و بە بۆنەى تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر ئاگربەستەکە بانگى مانگرتنێکى گشتیدا لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەى مانگرتنەکە لە زۆرێک لە شاروشارۆچکەکانى کوردستان سەرکەوتنێکى بەرچاوى بەدەستهێنا. بەڵام ئەم هەوڵانە هیچ ئاکامێکى لێنەکەوتەوە، لە کۆتایی مانگى ئاداری ١٩٦٥ جارێکى تر سوپاى ڕژێمى عێراق ئاگرى شەڕى بەسەر کوردستان سەپاندەوە، لەو بڕوایەدا بوون بەهۆى کەرتبوونى پارتى و شۆڕشى کوردستانەوە لەڕووى سیاسیى و سەربازییەوە، کاتێکى گونجاوە بۆ سەپاندنى شەڕ کە چانسى سەرکەوتنیان زیاتر دەکات.

حکومەتى عێراق پیلانى هەبوو چیاى سەفین لە دەست هێزەکانى پێشمەرگە بهێنێتەدەر، چونکە بە گرتنى ئەو شاخە مەترسى سەر ڕێگاى گشتى هەولێر – ڕەواندز نەهێڵێ کە هەمیشە هێزەکانییان لەسەر ئەو ڕێگایە دەکەوتنە بۆسەى هێزەکانى پێشمەرگە، لەلایەکى تر دەبووە هۆى دوورخستنەوەى هێزى پێشمەرگە لە دەشتى هەولێر کە دانیشتووانى ئەم دەشتە ڕۆڵى کارایان هەبوو لە دابینکردنى خۆراک و پێداویستییەکانى پێشمەرگە، دەبێت ئەوەش بگوترێت ڕێگاى نێوان هەولێر – شەقڵاوە درێژدەبێتەوە بەرەو ڕەواندز، کە ڕێگاى سەرەکى سەربازگەى سپیلک و سەربازگەى (حامیە)ى ڕەواندز و دەیان پۆلیسخانەى ترە، کە پێویستە مەترسییەکانى لەسەر دووربخاتەوە، لەبەر ئەوە سوپاى عێراق بە مەبەستى نەهێشتنى ئەم مەترسییانە ئامادەسازییەکى تەواوى کرد بۆ هێرشکردنە سەر چیاکە و پێکانى ئامانجەکانى، سوپاى عێراق ژمارەیەکى زۆرى لە یەکە سوپاییەکانى فیرقەى دوو لە ناوچەکەدا کۆکردەوە لەوانە لیواى١، لیواى ١٤، لیواى ١٥ و لیواى٢٠ و ٩.  جێگاى سەرنجە گرتنى چیاى سەفین و دوورخستنەوەى چالاکى پێشمەرگە ئەوەندە مەبەست بوو لەلایەن بەرپرسە سەربازییەکانى حکومەتەوە، کار گەیشتە ئەوەى خودى سەرۆک کۆمار عەبدولسەلام عارف بێتە شەقڵاوە لە نزیکەوە سەردانى بەرەکانى جەنگ بکات.

بە هۆى ڕێکخستنەکانى پارتى لە نێو سوپاى عێراقى زانیارى سەبارەت بەو جموجۆڵە سەربازییانە بە بەرپرسەکانى پێشمەرگە دەگەیشت، لەگەڵیشى هەواڵى هاتنى نێزیکەى ٣٠٠٠٠ جاشى بە کرێگیراوى ناوچەى سۆران و بادینان هەبوو، شەڕى سەفین شەڕێکى گەورە بوو، بەرەیەکى بەرفراوانى لە ناوچەى کۆیە بەرەو دەربەندى گۆمە سپان و سەفین و ناوچەى شەقڵاوە و بەرەو چیاى هەورێ و زینەتیر گرتبووە.  لە بەرانبەردا هێزەکانى شۆڕشگێڕى کوردستان لە چیاى سەفین پێکهاتبوون لە نزیکەى ١٠٠٠ پێشمەرگەى هێزى سەفین و ٣٠٠ پێشمەرگەى هێزى دەشتى هەولێر و هێزى بێتواتە.  شایانى باسە هەندێک لە یەکە سەربازییە شەڕکەرەکانى وڵاتى میسریش کە لە دەوروبەرى بەغدا نیشتەجێ کرابوون هێنران و بەشدارى ئەم شەڕەیان پێکرا.

لەبەرانبەر ئەم هێزە زۆرەى سوپاى عێراق، ئەم دەڤەرە پارێزگارى کردنى لە ئەستۆى هێزى سەفین دابوو، کە هێزی سەفین پێکهاتبوو لە سەرکردەى گشتى بەرە ڕەشید سندى، فەرماندەى هێز مولازم تاهیر عەلى والى کە بارەگاکەى لە شارەدێى هیران بوو، بەتالیۆنى یەک بە فەرماندەى واحید کوێخا عەزیز، بەتالیۆنى دوو بە فەرماندەى مەلا غەریب، بەتالیۆنى سێ بە فەرماندەى مام برایم کاکۆ، بەتالیۆنى دەشتى هەولێر بە فەرماندەى فارس باوە. هەموو ئەم هێزانە بەسەر چوار میحورە دابەش ببوون کە میحوەرى یەکەم لە گوندى زیارەت، میحوەرى دووەم لە سەرمەیدان، میحوەرى سێیەم لە سەرى ڕەش و میحوەرى چوارەم لە حوجران بوو.

یەکەم هێرشى سوپاى عێراق شەوى ١٢ لەسەر١٣ی نیسانی ١٩٦٥ دەستى پێکرد، کە توانیان کەپکى سۆر بگرن و دواتر بۆ ماوەى ٨ ڕۆژ بەبەردەوامی لە هەموو بەرەکانى سوپاى عێراقى تۆپبارانى چیاى سەفینى دەکرد، گەورەترین هێرشییان بۆ سەر چیاى سەفین لە ٢١ى نیسانى ١٩٦٥ لە بەرەى دەربەندى گۆمەسپان و زیارەت دەستى پێکرد، لە هەمان کاتیشدا سوپاى عێراق بە مەبەستى زیاتر فشار خستنەسەر بەرەکە و ڕیگەگرتن لە بەهاناچوونى هێزى پێشمەرگە لە بەرەکانى تر بۆ سنوورى هێزى سەفین، لەو هێرشانەى سوپاى عێراق بۆ چیای سەفین، نەیتوانى پێشڤەچوون بە دەست بێنى و بە چەندین جۆر چەک و تەقەمەنى و فڕۆکە و تانک و زرێپۆشى تێدا بەکارهێنا، سەرەڕاى ئەمەش تووشى شکستێکى گەورەهات، ئەم شکستانە واى لە حکومەت کرد چاوخشاندنەوە بە داڕشتنەوەى پلان و پیلانەکانى پێشووى بکات، بۆ ئەم مەبەستە شتێکى نوێیان داهێنا ئەویش بە پێدانى خەڵات (پارە) لە بەرانبەر گرتنى هەر لوتکە و بەرزایی و قۆپکە شاخێک، نرخەکەى بە گوێرەى سەختى و بایەخى ستراتیژى شوێنەکە دیاریدەکرا، بۆ نموونە لەو شەڕە سەرۆک جاش زێڕۆ هەرکى وەک بەڵێندەرێک لەگەڵ حکومەت ڕێککەوتبوو بە بڕى ٢٠٠٠٠ دینار چیاى سەفین لە پێشمەرگە وەربگرێتەوە، هەروەها هەر لەم شەڕە سەعید تەها زێبارى ڕێککەوتبوو لە بەرانبەر ١٠٠٠٠ دینار قۆپکى گەرۆتە بگرێت کە شوێنێکى سەخت و ستراتیژى بوو لە چیاى سەفین، هەر چەندە ئەم پلانەى حکومەت کاریگەرى لەسەر درێژەکێشانى شەڕەکە هەبوو، بەڵام دواجار چارەنووسى هەردووکیان کوژران بوو.

بەردەوامى هێرش و پەلاماردان و تۆپباران و بۆمبارانکردنى سەنگەرەکانى پێشمەرگە هاوشانى جاشە بەکرێگیراوەکان و گۆڕینى پلانى سوپاى عێراقى لە بەرانبەردا بارودۆخى گشتى پێشمەرگە شپرزە ببوو لە ڕووى چەک و تەقەمەنى و زیانى گیانى و بارى خراپى تەندروستى بریندارەکان، هەروەها بە هۆى سەختى چیاکە گەیشتنى هاوکارى پێداویستى پێشمەرگە لە خواردن و تەقەمەنى و کەرەستەى پزیشکى بۆ گواستنەوە ئاسان نەبوو، ئەمە وایکردبوو مانەوە و بەرگریکردن لە چیاکە ئەستەم بێت، بۆیە فەرماندەکانى پێشمەرگە بۆ ماوەیەک بڕیارى پاشەکشەیان دا.

 لە تێکڕای ئەم شەڕانەى چیاى سەفیندا زیانى سوپاى عێراق ١٥٤ کوژار و ٣٤٨ بریندار و ٣٢ دیل بوو، زیانەکانى هێزى شۆڕشگێڕى کوردستان گیان لەدەستدانى ٢٢ پێشمەرگە و برینداربوونى ٨٦ پێشمەرگە بوون.

بە شێوەیەکى گشتى شەڕى چیاى سەفین شەڕێکى گرنگە، چونکە درێژترین شەڕە لە مێژووى شەڕەکانى شۆڕشی ئەیلوولدا، کە لە١٢ی نیسان تا ١٧ی تەموز لە ساڵی ١٩٦٥ درێژەى کێشا بۆ ماوەى ٩٥ ڕۆژ بەردەوام بوو، سوپاى عێراق هەموو جۆرە چەکێکى زەمینى و ئاسمانى بەکارهێنا، کە خۆى لە پێشکەوتووترین چەکەکانى سەردەم دەبینییەوە، ژمارەى پێشمەرگە لەبەرەى جەنگدا هەزار پێشمەرگە زیاتر بوو کەچى ژمارەى سوپا و جاش دەگەیشتە ٤٠٠٠٠، ڕاستە لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان بە هۆى ئەو شەڕە نابەرابەرەوە چیاى سەفینى لەدەستدا، بەڵام لە هەندێ کاتى جەنگدا کەمکردنەوەى زەرەر و زیان و ژمارەى قوربانییان یان پاشەکشەکردن بەسەرکەوتن لەقەڵەم دەدرێت.

 


سەرچاوەکان:

١- شوان محەمەدئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانى 1963 – 1970، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، 2016، ل 190.

٢- کریس کۆچێرا، کورد لە سەدەى نۆزدەو بیستدا، و: حەمە کەریم عارف، چاپى چوارەم، خانەى چاپ و بڵاوکردنەوەى ئاوێر، 2007، ل 319.

٣- هاوکار کەریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، هەولێر، 2012، ل 179.

٤- محەمەد مەلا قادر، سەربردە – کورتەیەک لە بیرەوەرییەکان، بڵاوکراوەى ئاراس، هەولێر، 2009، ل 37.

٥- عصمت شریف وانلي، كردستان العراق هوية وطنية (دراسة في ثورة 1961)، ت: سعاد محمد خضر، مطبعة شڤان، السلیمانیة، 2012، ص 353 – 354.

٦- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، چاپى سێیەم، چاپخانەى حاجى هاشم، هەولێر، 2015، ل 143 – 144.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر