داستانى ملێ ساریجێ ١٩٦٣

ئەو داستانە لە ٤ى ئابى ساڵى ١٩٦٣ لە نێوان بارزان و بلێ و دەوروبەرى ڕوویدا، حکومەتى عێراق هێرشى کردە سەر بارزان و گوندەکانى دەوروبەرى بۆ ئەوەى دەستى بەسەردا بگرێ و وێرانى بکات و شۆڕشى کورد له‌و دەڤەرە پەک بخات، بەڵام هێزى پێشمەرگە بە سەرکردایەتى ڕاستەوخۆى بارزانى ڕێبەرى شۆڕش بە توندى بەرەنگاریان بوونەوە و نەیانهێشت پلانەکەیان سەر بگرێ، دواى چەندین پەلامار و بەرکەوتنى زیانی گیانى گەورە بەر هێزى هێرشبەر، شەڕ و پەلامارەکان بە وتووێژ و ئاشتى کۆتایی پێهات.


 حکومەتى عێراق لە مانگى حوزەیرانى ١٩٦٣ تەواى هەوڵەکانى چڕ کردەوە بۆ ئەوەى کۆتایی بە شۆڕشى کورد بھێنێ لە ڕێگاى دەسپێکردنەوەى هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش لە دەڤەرە جیاجیاکانى کوردستان، دواى ئەوەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە بەرەى ئاکرێ توانیان دەست بەسەر سەرێ ئاکرێ و چیاى پێرسدا بگرن، کە بە هۆى بۆردومان و تۆپبارانى خەست و هێرشى یەک لە دواى یەک فەرماندەى هێزى پێشمەرگە مەلا شنى و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون، ئه‌وە کاریگەرى نەرێنى لەسەر مۆڕاڵى پێشمەرگە هێنایە بوون، هێزى پێشمەرگە ئه‌و سەنگەرانەى چۆل کرد و بەرەو بلێ و ڕێزان کشانەوە بۆ ئەوەى هێڵێکى بەرگرى دیکە دروست بکەن تاکو نەهێڵن سوپاى عێراق پێ بخاتە بارزان کە هەموو مەرامەکانى ئەوە بوو دەستى بگاتێ و خاپوور و وێرانى بکات. 

لە ٣١ى تەمووزى ١٩٦٣ فیرقەى یەکى سوپاى عێراق کە لە لیواى یەک و چوار پێک هاتبوو هەروەها بەشدارى حەوت هەزار چەکدارى بەکرێگیراو (جاش)ى زێبارى و سورچى و گۆران و هەرکى و شەرەفانى و ئێزدى و کۆچەر و بەروارى، لە دامێنى چیاى پێرس شۆڕ بوونەوە بەرەو بلێ و لە زێی گەورە پەڕینەوە، دەستیان بەسەر بلێ و دەوروبەریدا گرت و ئەم بەر و ئەوبەرى زێیان قایم کرد. لەو کاتەدا هێشتا بارەگاى بارزانى لە گەلى داڵاش بوو کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى گوندى سەفتێ، سوپاى عێراق بە چەند فرۆکەیەکى جەنگى بۆردمانی بارەگایان کرد و پەلاماریاندا، بەو مەبەستەى کە ئابلۆقەى بدەن و مستەفا بارزانى ڕێبەرى شۆڕش و مەسعود بارزانى کە هاوەڵى بوو لەگەڵ ١٥ پێشمەرگەى پاسەوانیان دەستگیر بکەن، بەڵام توانیان بەرەنگاریان ببنەوە و پارێزگارى لە خۆیان بکەن و لەو پەلامارەى سوپا و جاشەکان ڕزگاریان ببێ.

له‌و ئان و ساتەدا بروسکەیەکى سوپاى عێراق کەوتە دەستى سەرکردایەتى شۆڕش کە لە ٤ى ئاب سوپاى عێراق نیازى هێرشی هەیە بۆ سەر بارزان، بارزانى فەرمانى کرد کەوا هێڵێکى بەرگرى لە ملێ ساریجێ دامەزرێنن لە نێوان بلێ و بارزان بۆ ئەوەى نەهێڵن سوپاى عێراق پێ بخاتە بارزان و خاپوورى بکات و حکومەت بە مەرامەکەى شاد بێ، چونکە بارزانى خۆى لەوێ ئامادە بوو ڕاستەوخۆ سەرپەرشى شەڕەکەى دەکرد. بۆ دانانى هێڵى بەرگرى فەرماندەى پێشمەرگە حسێن مێرگەسۆری ڕاسپارد کە بەرپرسیاریەتى ئەو میحورەى شەڕ بگرێتە ئەستۆ لە ملی ساریجێ سەنگەرەکانیان قایم بکەن و نەهێڵن پێشڕەوییەکانى سوپا و جاشەکانیان بگەنە بارزان.

حسێن مێرگەسۆرى  پێشمەرگەکانی ڕاسپارد و دابەشى سەر سەنگەرەکانى کرد و خۆشى لە ناوەڕاستى هێڵى بەرگرى چاوەڕوانى کاتژمێرى سفریان دەکرد، بەر لە دەسپێکردن هێرش بۆ ماوەى شەو و ڕۆژێک حکومەت سەنگەرەکانى پێشمەرگەى بە تۆپ و فڕۆکەوە بۆردومان کرد، پاشان لە بەرەبەیانى ڕۆژى ٤ى ئابى ١٩٦٣ بە هێرشێکى گەورە و فراوان و هەموو جۆرە چەکێکى قوڕس و سووکەوە  پەلامارى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیدا، پێشمەرگەکانیش بەو چەکە سووکەى کە لەبەر دەستیان بوو کە بریتى بوو لە ڕەشاشێک و ژمارەیەک بڕنۆى ئینگلیزى ڕووبەڕوویان بوونەوە، دواى ١٠ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان هێزى پێشمەرگە توانیان هێرشى سوپا و جاشەکان بە زیانى دەیان کوژراو و بریندارەوە تێکبشکێنن پاشەکشەیان پێ بکەن کە لاشەى ٤٠ کوژراویان لە مەیدانى شەڕەکە بەجێ هێشت، بەڵام لە هێزى پێشمەرگەش حسێن مێرگەسۆرى فەرماندەى پێشمەرگە و سێ پێشمەرگە شەهید بوون و یەکێکى تریش بریندار بوو. 

پاش دوو ڕۆژ واتا لە ٦ى ئاب هێزەکانى حکومەت بەرەو ڕۆژهەڵات وەرچەرخان و مەبەستى گرتنى ڕێزانیان کرد کە قۆڵێکى دیکەى هێڵى بەرگرى بوو لەژێر فەرماندەیی عوزێر دۆڵەمەرى و عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى و حالى دۆڵەمەرى کە نزیکەى هێزێکى ٢٠٠ پێشمەرگەیان لەگەڵ بوو، دواى بۆمبارانێکى خەستى دەوروبەرى پردی ڕیزان ئینجا هێزى سوپا و جاش بەرەو پردەکە دەستیان بە جووڵە کرد، پێشمەرگەکانیش لە سەنگەرەکانیان خۆیان مەڵاس دابوو تا سەرباز و جاش گەیشتنە سەر پردەکە و هەندێکیشیان پەڕینەوە ئینجا لە پڕێکا لێیان هاتنە دەست و دایانە بەر ڕێژنەى گوللە، سەربازان و چەکدارە بەکرێگیراوەکان دووچارى سەر لێ شێوان بوونەوە و ڕیزەکانیان لێ تێک چوو هێرشەکەیان تێکوپێک شکاو ڕایانکرد، ئه‌و جارەش لاشەى ٣٦ کوژراویان لە مەیدانى شەڕەکە بەجێ هێشت کە ١٤ لاشەیان کەوتنە زێیى گەورە و ئاو بردنى. 

دیارە له‌و داستانەى ئه‌و میحوەرى شەڕ هێزى پێشمەرگە تۆپێکى هاوەنى ئەندازە ٣ گرێیان هەبوو کە تەنها ١٢ گوللەیان لەبەر دەست بوو ئەویش ٦یان بە دوژمندا تەقاندبوو ٦ى تریشیان هەڵگرتبوو، بەڵام بۆ بەختى پێشمەرگە گوللەى یەکەمیان کەوتبووە ناو کۆمەڵە جاشێک و هەندێکى کوشتبوون ئیتر دۆخێکى پڕ مەترسی بۆ سوپا و جاشەکان دروست کردبوو. 

دواى شکستى هێزەکانى حکومەت له‌وهێرشەشدا بیریان لە هێرشێکى دیکە کردەوە بۆ سەر گوندى هۆستان لە ڕۆژهەڵاتى بارزان، هێزەکانى پێشمەرگە بە فەرماندەى ساکۆ کانیەلنجى کە شوێنى حسێن مێرگەسۆرى گرتەوە لەگەل بەرپرسانى ترى پێشمەرگە سەنگەرەکانیان قایم کردن و هێڵى بەرگریان دامەزراند، بەڵینیاندا کە ئه‌و جارەش نەهێڵن سوپاى حکومەت نەخشە و پلانەکانى جێبەجێ بکات، سەرەتا وەک هەموو جارێک سوپاى عێراق دەستى کرد بە تۆپبارانى خەستى سەنگەرەکان و بۆردومانى فڕۆکە، پاشان لە بەرەبەیانى ٨ ى ئابى ١٩٦٣ دەستیان بە هێرشێکى بەربڵاوى فراوان کرد، ئه‌وجارەشیان هێزى پێشمەرگە بەرسینگیان گرتن و لێنەگەڕان خەونەکەیان بێننەدى و هەر زوو هێرشەکەیان تێکشکاندن و بە دەیان کوژراو و بریندارەوە لە مەیدانى شەڕەوە ڕایان کرد، هێزى پێشمەرگە تەنها شەهیدێک و دوو بریندارى هەبوو.

دواى ئه‌و هێرشە لە ١٠ى ئاب و ڕۆژانى دواتر دوو هێرشى دیکەى سوپاى عێراق و چەکدارە بەکیریگیراوەکان (جاش) هەڵمەتیان برد بۆ بەرزاییەکانى پشت گوندى ئاستە بۆ ئەوى لەوێوە بتوانن بەسەر گوندى ڕێزاندا زاڵ بن، بەڵام لەو هەردوو پەلامارەشدا نەیانتوانى سەر بکەون بەڵکو بە سەختى تێکشکان و کوژراو و برینداریان لێ کەوتەوە لەگەڵ بەدیل گرتنى ٤ سەرباز، شایانى باسە لەو هەمو هێرشانەى ئەو داستاندا بارزانى ڕێبەرى شۆڕش هەمیشە لەنزیکەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى شەڕەکانى دەکرد. 

حکومەتى عێراق لە درێژەى شەڕ و هێرشکاریدا و لە تۆڵەى ئەو هەموو شکستە یەک لەدوایەکانەى کە دووچارى بوو، هیچیان بۆ نەمایەوە جگە لەوەى بەردەوام تۆپباران و بۆردومانى بارزان و گوندەکانى دەوروبەرى دەکرد تا کاول و وێرانى کردن.

دواى ئەو شکست و تێشکان و زیانە گەورەیەى لە هەردوو بەرەى شەڕى بارزان و شێروان سوپاى عێراق دووچارى بوو، بارودۆخى سوپاى عێراق تا ڕادەیەکى زۆر شێوا و شپرزە بوو بۆیە لیوا ڕوکن ئیبراهیم فەیسەڵ ئەنسارى فەرماندەى فیرقەى دوو لە میحوەرى چامە و شێروان مەزن بە بروسکە تاهیر یەحیاى سەرۆکى ئەرکانى سوپاى ئاگادار کردەوە و پێشنیارى چارەسەرى ئاشتى و وتووێژى بۆ کرد، سەرۆکى ئەرکانیش لاری نەبوونى خۆی بۆ دەربڕى پێی ڕاگەیان کە پەیوەندى بکەن بە شێخ ئەحمەد بارزانى شێخى بارزان، ئەوە بوو ئەنسارى لە ٢٢ى ئەیلوولى ١٩٦٣ نامەیەکى لە ڕێگەى سەعید ئەسعەد شێتنەوە گەیاند بە شێخ ئەحمەد کە تێیدا داواى لێ کرد کە شاندێک بنێرێ بۆ لاى خۆى و پارێزگارى هەولێر بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن، شێخ ئەحمەدیش دواى پرس و ڕاوێژ لەگەڵ مستەفا بارزانى ڕێبەرى شۆڕش بڕیاریاندا کەوا بە نامەیەک وەڵامى ئەنسارى بدەنەوە. 

لە ئەنجامى وتووێژى نێوان شێخ ئەحمەد و حکومەتى عێراقیدا کە داواى چەکدانانى بارزانییەکانیان کربوو، شێخ ئەحمەدیش داواى چوونە دەرى سوپا و جاشى لە حکومەت کرد، لە ئەنجامدا ڕێککەوتن کەوا بارزانى لەسەر داواى شێخ ئەحمەد لە ١٠ى تشرینى یەکەمى ١٩٦٣ دەڤەرى بارزانى بەجێهێشت و هاتەوە بۆ سۆران و ناوچەى باڵەکایەتى، ئیتر هێرش و پەلامارى سەربازى حکومەت لەسەر دەڤەرى بارزان هەڵگیرا و کۆتایی پێهات، ئاشتى و ئارامى باڵى بەسەر ناوچەکەدا کێشا.        


سەرچاوەکان:

١. هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٢. حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.

٣. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٤. وەلى زبێر هۆستان، چەند ڕووداو و بەسەرهاتێک لە شۆرش و ڕاپەڕینەکانى بارزاندا، چ: یەکەم، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٧.

٥. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٦. غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٧. هاشم شێڕوانى،  دەڤەرا بارزان، جوگرافیا- دیرۆک-کەلتور، چاپى یەکەم چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشەنبیرى، هەولێر، ٢٠٠٨.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر