ژیاننامە
ساكۆ كانیه‌لنجی، ساڵی ١٩١٠ له گوندی كانیەلنج سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ی ناوی فاتیمه حه‌دۆ كه‌ریم بووە، دوو كوڕ و كچێكیان هەبووە به ناوه‌كانی هه‌مین و به‌یاز کە لە ساڵى ١٩٤٢ لەدایک بوون و کوڕەکەیتریان ناوى مووسا بووە. هه‌روەها له یه‌كێتی سۆڤیەت دووبارە ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ نی‌نا پێكهێناوه، هەر لە یەکێتى سۆڤیەت له‌به‌ر زۆری ته‌مه‌نی نه‌یتوانیوه بچێت بۆ زانكۆ و له كاركردن به‌رده‌وام بووە. هەردوو زمانی كوردی و ڕووسی زانیوە. له ٨ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٠٢ له گوندی خێره‌زۆك كۆچی دوایی كردووه و له گوندی كانیەلنج به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٣٢ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان كردووه و له شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووه، دوای نسكۆی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان له‌گه‌ڵ خه‌لیل خۆشه‌وی، ئه‌حمه‌د نادر و عه‌بدوڵا كركه‌مویی له شاخه‌كانی نزیك گوندی تاتكێ ماوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كانی له كۆماری توركیا یارمه‌تی مەلا مستەفا بارزانی داوه.
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و سه‌ر لق بووه. له ٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و له ٢٠ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شێروان مه‌زن و له ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌زنێى کردووە، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریك-ی كردووه، له ١٤ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ له كاتی كشانه‌وه‌یان بۆ چیای پیرس، بریندار بووه.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه و فه‌رمانده‌ی سریه بووه. له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی قاراواى کردووە لە ناوچه‌ی سه‌قزى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و سه‌رقۆڵ بووه.
ساڵی ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی سۆفیان، حه‌رب و كوێكانى کردووە، دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٣ی ئاداری هەمان ساڵدا به‌شداریی شه‌ڕی نه‌لۆسی كردووه و فه‌رمانده‌یی گرتنی یه‌ك فه‌وجی عەسکەری بووه و له ١٩ی ئاداریش به‌شداریی شه‌ڕی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ی كردووه.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان. دواى گەڕانەوەى لە هەمان ساڵ نوێنه‌ری شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی بووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له ناوچه‌ی بارزان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه و به‌رپرسی میحوه‌ری پیرس بووه. ساڵی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی پیرس و سه‌ری بوك وزاوای كردووه، له ١٤ له‌سه‌ر ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سه‌ری ئاكرێی كردووه.
له دوای ڕێكه‌وتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠ ده‌بێته پاسه‌وانی سنوور له ناوچه‌ی مێرگه‌سۆر. ساڵی ١٩٧٤ فه‌رمانده‌ی چیای گوڕه‌ز بووه. ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول له گوندی كانیەلنج نیشته‌جێ بووه و ساڵێک دواتر وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته ناوچه‌ی گه‌ردییان لە باکوورى کوردستان. ساڵی ١٩٧٩ به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووه و فەرماندەى هێز بووه. ساڵی ١٩٨٠ چووەتە كۆماری ئیسلامی ئێران و به مه‌فره‌زه به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی سیده‌كان، لۆلان، خرینه و خواكوڕكی كردووه.
ساڵی ١٩٩١ گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان، له ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٩ له كۆنگره‌ی دوازده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشەکانی یه‌كه‌می و دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، یاوەرى بارزانى به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه. بە درێژایى خەباتى ٢٧ جار بریندار بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم – ٢٠١٥).
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم – ٢٠١٥).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة – ٢٠١٦).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری – ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات – ١٩٩٨).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی نادیار – ٢٠١٢).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٦١-١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).