داستانى بابەگوڕگوڕ ١٩٦٩

ئەم داستانە بە فەرمانى سەرکردایەتى شۆڕش ئەنجام درا، بە سەرکردایەتى سامی عەبدولڕەحمان و چەند فەرماندەى تر، هەستان هەڵمەتێکى پێشمەرگەییان کردە سەر کۆمپانیاى نەوتى بابەگوڕگوڕ لە کەرکووک، دواى تەواوبوونى ئامادە کاریەکان لە ١ى ئادارى ١٩٦٩ دامەزراوەکانی کۆمپانیاى نەوتیان زۆر بە چڕى بە تۆپى ١٢٠ملم و ١٠٦ملم تۆپباران کرد، لە ماوەیەکى زوو ئاگر یان لە کارگەى تەرکیز هەڵسان و زیانى زۆر گەورەیان پێ گەیاند، پاشان هێزى پێشمەرگە فەرمانى کشانەوەی دا و بەبێ زیان گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان.


بەپێی ئاماژەى مەسعود بارزانی لە کتێبى بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، ماوەیەک بوو سەرکردایەتى شۆڕش بیرى لە لێدانى دامەزراوەکانى نەوت دەکردەوە، ئەمەش  لەبەر هەندێ هۆى دیار و ئاشکرا کە لەوانە سامانى نەوت گەلێک لایەن سوودیان لێ دەبینى بەڵام کورد لێی بێ بەش بوو، داهاتى ئەم نەوتە تەرخان دەکرا بۆ کڕینى چەک و بۆمباى وێرانکەر پاشان لەسەر کورد تاقی دەکرایە، هەروەها شۆڕشى کوردستان پێوستى بە چالاکى دیکەى نوێ هەبوو، بۆ ئەوەى بەهێزى خۆى بۆ ڕژێمى تازەى عێراق بسەلمێنێ، کە بەعسیەکان بوون لە ١٧ تا٣٠ تەمووزى ١٩٦٨ لە ڕێگەى کودەتاوە بۆ جارى دووەم دەسەڵاتیان گرتە دەست. ئامانج لێی ئەوە بوو کە کارێکى واتایی بە حکومەت بکرێ و زیانى گەورەى پێ بگەیەندرێ، پەیامێکی ئاشکراش بێ بۆ بەعسیەکان کە کورد دەتوانێ دەستى خۆى بگەیەنێتە گەورەترین سەرچاوەى ئابوورى حکومەت.   

 دیارە پێشتر پتر لە جارێک پێشمەرگە هێرشى کردبووە سەر بۆڕیەکانى گواستنەوەى نەوت، بەڵام نە حکومەت و نە کۆمپانیاى نەوت هێندە پێی ناڕەحەت نەبوون، بەڵام دواى ئەوەى سەرکردایەتى شۆڕش نائومێد بوو لەوەى کە لەگەڵ عێراق بگاتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گفتوگۆ و چارەسەرکردنى کێشەى کورد، ئینجا بڕیارى ئەنجامدانى چالاکى لەو جۆرەی دا و دەستکرا بە ئامادەکارى و جێبەجێکردنى نەخشەى هێرشەکە، ئەوەبوو لە ئێوارەى ١ى ئادارى ١٩٦٩ هێزێکى تایبەتى سەربە سەرکردایەتى شۆڕش توانیان هێرش بکەنە سەر کۆمپانیاى نەوتى کەرکووک و زیانێکى زۆرى پێ بگەیەنن و دەنگى ناڕەزایی کورد بە دونیادا بڵاو بکەنەوە. 

 ئەرکى سەرکردایەتى کردنى ئەم کردە چالاکییە بە سامی عەبدولڕەحمان سپێردرا لەگەل پۆلێک  فەرماندەى بە ئەزموون کە یارمەتیدەرى بوون وەک فاخیر مێرگەسۆرى و فارس باوە و حەمەسور حسێن و عزەدین قەرە محەمەد و عەریف دەروێش و قادر جەبارى، پاش لێکۆڵینەوەیەکى ورد نەخشەیەکى  تەواو دانرا، دەرکەوت کە دەبێ نیشانەى سەرەکى کارگەى تەرکیز بێ کە نەوت لە هەموو چاڵە نەوتەکانەوە کۆ دەکرێتەوە دواى تێپەڕینى بە وێستگەکانى گاز جیاکردنەوە کە بەردەوام کار دەکەن ئینجا دەچێتە ئەو کۆگایانەی کە نەوتى لێوە هەناردە دەکرێ.

لە چاوپێکەوتنێکدا سامی عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات و دەڵێت: بۆ وەرگرتن و کۆ کردنەوەى زانیارى سوودیان لەو کوردانە بینیوە کە لە کۆمپانیاى نەوت کاریان دەکرد، دواى لێکۆڵینەوەیەکى ورد بۆیان دەرکەوت کە نەوت لە گاز جیا کرایەوە لە وێستگەکانى جیاکردنەوە هەمووى دەچیتە کۆگایەک پێی دەڵین کارگەى تەرکیز (معمل ترکیز) لە باکورى شارى کەرکووک، هەموو نەوتەکە لەو ١٠ تا ١٢ وێستگەیەى گاز دێتە کارگەى ناوبراو ئەنبار دەکرێت، ئینجا پاڵدەدرێ بۆ کەیوان لەوێش بە بۆڕی بەرەو سوریا بۆ سەر دەریاى ناوەڕاست ڕەوانە دەکرێت. لە ئاماژەکەیدا پێی وایە ئەم کۆگاى کۆکردنەوەى نەوتە کاریگەرترین شوێن بووە کە زەبرى کوشندە بەر بکەوێ. 

ئامادەکارییەکان بۆ ئەو چالاکییە ماوەى دوو مانگى خایاند، چەند جار کەسانى شارەزا و پسپۆر لە بوارى چالاکى لەم چەشنە چوون بۆ سەیرکردنى ناوچەکە تاکو شوێنێکى گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئەوەى ئەم چالاکییە بە سەرکەوتووى تێدا ئەنجام بدەن، پلانى چالاکییەکە بەوپەڕى نهێنیەوە نەخشەى بۆ داڕێژرا و زانیاریەکان بە هیچ شێوەیەک دزەى نەکرد بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانى حکومەت، دواى ئەنجامدانى چەندین کۆبوونەوە بە بەشدارى ئیدریس بارزانی بەرپرسى یەکەمى سەربازى شۆڕش، کۆمەڵێک لە لاوانى هێزى هەڵگورد خرانە خولێکى تایبەت بۆ ڕاهێنان لەسەر ئەو چەکانەى کە بۆ ئەو کارە تەرخان کرابوون، وەکو تۆپى ١٢٠ ملم و ١٠٦ملم بەتایبەتى پشت بە تۆپى ١٠٦ملم بەسترا بەو پێیەى کە گڕدارە و سووتێنەرە، بەر لە دەستپێکردنى چالاکییەکە کێوماڵێکى مەیدانى ئەنجام درا سامى عەبدولڕەحمان و فاخیر مێرگەسۆرى لە گەڵاڵەوە بەڕێکەوتن، لە هەولێر فارس باوە فەرماندەى هێزى دەشتى هەولێر و حەمەسوور حوسێن فەرماندەى بەتالیۆنى شوانى نزیک دامەزراوە نەوتیەکان چوونە پاڵیان، ئینجا ئەو شوێنەیان دەستنیشان کرد کە تۆپەکانى لێ دامەزرێنن.

ئامادەکارى کۆکردنەوەى زانیارى لە کۆتایی مانگى کانوونى دووەمى ١٩٦٩ کۆتایی هات، هەروەها ١٥ى شوبات دوایین قۆناغى مەشقکردن بوو ئەمیش کۆتایی هات. بە پێی ئاماژەى قادر جەبارى لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ لە چۆمانەوە بەڕێکەوتین کە زستانێکى زۆر سارد بوو بەفرێکى زۆر باریبوو، لە ڕێگاى خانەقاوە بۆ وەرتێ دووچارى زەحمەتى زۆر بووین لە گواستنەوەى تۆپەکان و گوللەى تۆپەکان تا گەیشتینە زینی ئەستێرۆکان، بەڵام ئەوەى جێگای دڵخۆشکەر بووە خەڵکى وەرتێ هاوکاری زۆریان کرد بوون. چونکە بارى زیاتر لە ١٠٠ هێستر لە تۆپ و جبەخانەى جۆربەجۆر بە ڕێگاى شاخاویدا گواسترانەوە بۆ دەشتى هەولێر.

پاش تەواوبوونى ئامادەکاریەکانى دەستپیکرن، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٦٩ بۆ فریودانى حکومەت دەزگاى پاراستنى شۆڕش بە شێوەى تایبەتى خۆى هەستا بە بڵاوکردنەوەى چەند هەواڵێک، کە گوایە پێشمەرگە نیازى وایە لە دەشتى هەولێر هەڵمەتێکى فراواني چالاکى پارتیزانی ئەنجام بدات، مەبەست لەوەشدا ئەوە بوو کەوا سەرنجى حکومەت بۆ دەشتى هەولێر ڕاکێشێ و زۆرترین هێز بگوازێتەوە ئەو بەرەى شەڕ و بەرەکانى دیکە لە ڕووى هێزەوە لاواز بکات، ئەنجامى ئەو هەڵمەتە پڕوپاگەندە فێڵ ئامێزە سەربازیە گواستنەوەى فەوجێکى سەربازى لێکەوتەوە لە ڕێدار کە سەرچاوەیەکى سەرەکى دڵەکوتە بوو بۆ پێشمەرگە، چونکە بەربەستێکى ترسناک بوو لەسەر سەرکەوتنى چالاکییەکە، بەو هۆیەوە فەوجەکە گوازرایەوە بۆ دەشتى هەولێر، ڕێگە بۆ پێشمەرگە ئاسانتر بوو لە ئەنجامدانى.

 شەوى ١ لەسەر٢ى ئادارى ١٩٦٩هێزەکانى پێشمەرگە گەیشتنە ئەو شوێنانەى کە بۆیان دەستنیشان کرابوو لە نەخشەکەدا، بە پێی ئەو پلانەى کە داڕێژرابوو کارەکان بە باشى بەڕێوە دەچوون، کاتژمێر ٩ى شەو تۆپەکان دەستیان کرد بە لێدانى دامەزراوەکانى کۆمپانیا و نزیکەى دوو کاتژمێر تۆپبارانیان کرد، ئاگریان لە کۆگاى تەرکیز بەردا و بلێسەى گەورەى ئاگر ئاسمانى ناوچەکەى داپۆشى، کاتژمێر ١١ى هەمان شەو بروسکەیەک لە سامی عەبدولڕەحمانەوە گەیشتە سەرکردایەتى کە کارەکەیان بە سەرکەوتووى ئەنجامداوە. هێزى پێشمەرگە تەواوى ئامادەکاریەکانى کردبوو لە ئەگەرى هێرشى پێچەوانەى حکومەت، نزیکەى ٨٠٠ پێشمەرگە لە ئامادەباشیدا بوون بۆ پارێزگارى کردنى تۆپەکان و بەرەنگاربوونەوەى هێرشى سوپا، بەسەر بەرەکانى یاروەیل و ئیستاپ لاین و بارۆتخانەى پشتى ڕەحیماوا و دارەمان و ڕێگاى تەقتەق و ئاڵتون کۆپرى.

دواى نیو کاتژمێر لە سووتانى کۆمپانیاى نەوت لە هەردوو میحوەرى ئیستاپ لاین و ڕەحیماوا سەربازان هێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە دەست پێکرد، هێزێکى ٣٠٠ پێشمەرگەیی بە چەکى قوڕسى وەک تۆپ و دۆشکەو ئاڕپیجى و ڕەشاش بەرەنگاریان بوونەوە، دوو جار هێرشیان هێنا کە بگەنە سەر تۆپەکان بەڵام تێکشکێندران، لە کاتژمێر ١٠ تا ١:٣٠ خولەکى شەو پێشمەرگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێرشى سوپا بەردەوام بوو زیانی زۆریشى پێگەیاندن، پاشان هێزى پێشمەرگە کشایەوە دواوە و فڕۆکە بۆردوومانى ناوچەى شوان و جەبارى دەکرد بۆ ڕۆژى دوایش هەر بەردەوام بوو، شایانى باسە دواى ئەنجامدانى ئەم چالاکییە گەورەیە لە شارى کەرکووک پێشمەرگە بەبێ زیان گەڕایەوە و بروسکەى سەرکەوتنیان ئاراستەى بارزانی ڕێبەرى شۆڕش کرد، بارزانیش بە بروسکە دەستخۆشى لێکردن و ڕێزو سوپاسى پێ گەیاندن.

دواى یەک ساڵ لە گۆڤارى (اهل النفط)دا هاتبوو کە کۆمپانیاى نەوت دەرى دەکرد باسى لە چاککردنەوەى ئەو شوێنانە کردبوو کە تێکشکابوون، یانزدە مانگى خایاند هەتا چاککرابوونەوە چونکە زەبرێکى هێندە گەورەى بەر کەوتبوو، ئەوەى شیاوى ئاماژە پێدانە ئەم لێدانەى کۆمپانیاى نەوت لە باباگوڕگور وێڕاى ئەوەى کە سەرکەوتنێکى گەورە بوو بۆ شۆڕش، پەیامێکى کراوەش بوو بۆ حکومەتى بەعس کە لە تواناى هێزەکانى شۆڕشدا هەیە دەستیان بگاتە قوڵایی ناوچەکانى عێراق و لێدانى بەرژەوەندییەکانیان، لە هەمان کاتدا دەنگدانەوەیەکى گەورەى لە ناوەوە و میدیا جیهانیەکاندا هەبوو، درێژەکێشانى شەڕى کوردستان و حکومەتى عێراقى خستبووە نێو قەیرانێکى گەورەى دارای و زۆربوونى قەرزەکان، چونکە ڕۆژانە شەڕەکان تێچوونیان چەندین ملیۆن دینار بوو جگە لە کوشتارێکى زۆر، ئەمانە هەموویان هۆکارى گرنگ بوون کە حکومەت بێتە ژێر بارى گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕش، کاردانەوەکانیشى تەنها بریتى بوون لە سەنگەربەند کردنى دەوروبەرى دامەزراوەکانى کۆمپانیا بە تانک و هێزى پیادە بۆ پارێزگاریکردنی.                    


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چ: یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٢- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.

٤- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک، ١٩٩٩.

٥- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٦- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر