ژیاننامە
خورشید نه‌بی خالد ساڵی ١٩٠٠ له گوندی ئوره‌مار (باكووری كوردستان) له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت دوو خێزانی هه‌بووه، خێزانی یه‌كه‌می ئه‌رمه‌نی بوو به‌ناوی حه‌لیمه عه‌بدوڵا خاوه‌نی دوو كوڕ و دوو كچ بووه به‌ناوه‌كانی جبرائیل خورشید (١٩٢٤)، میكائیل خورشید (١٩٢٥)، ئامینا و مریه‌م، خێزانی دووه‌می جوله‌كه بوو به‌ناوی فاتیمه عه‌بدوڵا خاوه‌نی كچێك بوونه به‌ناوی به‌هار خورشید (١٩٣١)، ساڵی ١٩٢٩ له‌به‌ر هێرشی سوپای به‌ریتانیا هاتووته باشووری كوردستان له گوندی باڵندا (قەزای مێرگەسۆر- پارێزگای هه‌ولێر) نیشته‌جێ بووه، له ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه‌تەوە، ساڵی ١٩٤٣ پۆلیس بووه له بنكه‌ی پۆلیسی سیده‌كان (هه‌ولێر)، شاره‌زایی له زمانه‌كانی كوردی و ڕووسی هه‌بووه. ساڵی ١٩٤٩ له یه‌كێتی سۆڤیەت كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٥ بنكه‌ی پۆلیسی سیده‌كانی چه‌ك كردووه و په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە (١٩٤٣- ١٩٤٥) كردووه و له شهڕەكان به‌شدار بووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان (ئێران)، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌گه‌ڵ كوڕەكهی به‌ناوی جبرائیل خورشید له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و له شهڕەكانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، خێزانه‌كه‌ی له ١٥ی نیسانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی له ڕووباری گاده‌ر كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوده‌وڵه‌تی شانشینی ئێران و پاشایەتی عێراق په‌ڕیوه‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگ له سێمی دیانا (هه‌ولێر) ده‌ست به‌سه‌ر بووه.
هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى باکوورى کوردستاندا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزوویی پارێزگای هەولێر.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە یان چۆن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و هه‌ر له ده‌سپێكی ڕێڕەو له گوندی درێ به هۆی بوردۆمانی فرۆكه‌كانی هێزی ئاسمانی پاشایەتی عێراق بریندار بووه و دوای چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی به‌رده‌وامی ڕێڕەوهكه ده‌دات، له شهڕەكانی ڕێڕەوی یه‌كێتی سۆڤێت به‌شدار بووه، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
ساڵی ١٩٤٩ به هۆی کاریگەری برینەکەی له یه‌كێتی سۆڤیەت كۆچی دوایی كردووه.
سەرچاوە:
١- ئەرشیفى دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
