ژیاننامە
خدر مه‌لا وه‌سمان ساڵی ١٩٢٣ له ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌رى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، به‌ڵام به بنەچە خه‌ڵكی گوندی بنێبیانه، هه‌روه‌ها له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی، ساڵی ١٩٥٤ بڕوانامه‌ی په‌یمانگای له زانكۆی تاشكه‌ند لە به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه، دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی سه‌رچنار دامه‌زراوە. پاش هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلوول کارەکەى بەجێدێڵێت و دواتر دوای واژوكردنی ڕێككه‌وتنامه ساڵى ١٩٧٠، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر كاری پێشووی خۆی له سه‌رچنار. دواى نسکۆى ساڵى ١٩٧٥ ئاوارەى ئێران دەبێ، بەڵام ساڵی ١٩٧٦ له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له سلێمانی بوون به‌هۆی كه‌ڵك وه‌رگرتن له لیبۆردنی گشتی و به ئیزنی سه‌ركردایه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سلێمانی، سه‌ر له نوێ له ئیداره‌ی كشتوكاڵ وهرگیراوەتەوە و دواتر گواستراوه‌ته‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی مێرگه‌سۆر، له ١٢ى نیسانی ٢٠١١ له هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌م له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان-ى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه، له ٢٩ی نیسان به‌شداریی شه‌ڕی قاراوا له ناوچه‌ی سه‌قز کردووە.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ڕێكه‌وتی ١٩ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ی كردووه، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ كه شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق گیراوە و بۆ ماوه‌ی ٥٩ ڕۆژ له زیندان بووە و دواتر ئازاد كراوە، به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستی، نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوە و دوای چاكبوونه‌وه به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه بۆ ماوه‌ی سێ مانگی تر له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق دەستگیرکراوەتەوە و به لێبوردنی گشتی ئازادكراوه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناوچه‌ی مێرگه‌سۆر، دواتر له‌گه‌ڵ هێزی حسۆ میرخان چووەته ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ و چوارقوڕنه، تا ساڵی ١٩٧٠ له‌و هێزه بووه، له ٢٤ى نیسانی ١٩٧٤ به هۆی بۆردومانی ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانی عێراق، ناوبراو هاوكاری كۆكردنه‌وه‌ی شه‌هید و برینداره‌كانی كردووه له مزگه‌وتی قه‌ڵادزێ.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول، بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته ئێران و لە كۆمه‌ڵگای زێوه نیشته‌جێ بووه، ساڵى ١٩٩١ به‌شداریی ڕاپه‌ڕینی هه‌ولێر و كه‌ركووكی كردووه، له‌گه‌ڵ هێزی بارزان له خه‌لیفان و كانی شه‌كران و سارداو بووه، ساڵی ١٩٩٤ بەهۆى شه‌ڕی ناوخۆ له سه‌ڵاحه‌ددین نیشته‌جێ بووە، له ١٦ى كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕین له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پلان دانان، یه‌كه كارگێڕییه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌ی خێزانه‌كان و دانیشتوان، هه‌ولێر، ٢٠٠٩ز.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- سه‌فه‌ر یوسف میرخان، مام خدر مه‌لا وه‌سمان: ئه‌گه‌ر بارزانی نه‌مر نه‌بووایه ئێستا هیچ كه‌سێك له ئێمه به زمانی كوردی قسه‌مان نه‌ده‌كرد، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره ٣٤٥٠، هه‌ولێر، ٢٠ نیسانی ٢٠١٠ز.
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).