ژیاننامە
لە تەمەنی لاوەتیدا لە حوجرەی فەقێتی دەستی بە خوێندن کردووە و هاوشانی خوێندن، سەرقالی کاری جوتیاری و کشتوکاڵەوە بووە بۆ دابین کردنی ژیان و گوزەران لەو سەردەمە سەختەی ساڵانی بەر لە دووەم جەنگی جیهانی
خەباتنامە
دوای شۆرشی تەمووز و گەڕانەوەی بارزانی نەمر بۆ کوردستان، لە سالی ١٩٥٨ بۆتە ئەندامێکی کاراو چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێکخراوی پیرمام. بەهۆی چالاکی بەرچاوی لە ناو ریزەکانی پارتیدا ، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەوسای بەغداوە، ئەمری گرتنی بۆ دەردەچی.
لەسەرەتای ساڵی ١٩٦١ و شەش مانگ بەر لە هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول، دوای ڕووکردنە شاخەکان، دەست بە چالاکی پێشمەرگایەتی و پارتیزانی ئەکات و دواتر لە یەکەم بلێسەی شورشی ئەیلوولدا، لە ناوچەی خۆشناوەتی و سەفینی سەرکەشدا، یەکێک دەبێ لەو پێشمەرگانەی بەشداریەکی چالاکانەی کردووە لە شۆڕشدا. لەبەر کارایی و لێهاتووییەوە پلەی سەرلقی پێ دەبەخشرێ و بەشدار کردووە لە زۆربەی چالاکیەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری هەولێر و دوەروبەریدا .
بە درێژایی تەمەنی زۆر بەرپرسیارەتی هەستیار و گەورەی پێ بەخشراوە و سەرکەووتوانە ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و جێی متمانەی پارتی و جەنابی بارزانی نەمر بووە .
سالی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) لە گەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی ئێران و دواتربۆ شاری کاشان دەگوازرێنەوە.
هاودەم لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆرشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، بەرەو رۆژهەلاتی کوردستان گەراوتەوە و چالاکانە بەشدار دەبێ لەو شۆرشە و وەکوو ئەندام و دواتر کارگێری لقی دوو و بەرپرسی بەشی سەربازی لقی دوو بووە.
راپەرینی بەهاری ١٩٩١ خالید ئاژگەیی چالاکانە وەک فەرماندە بەشداری راپەڕین دەکات و یەکێک لە فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکانی پرۆسەی ئازادی هەولێری کردووە. شەڕە خوێناوی و دەستەویەخە مێژووییەکەی کۆرێ دەبێتە خاڵێکی تری وەرچەرخان لە مێژووی خەبات و بەرەنگاری زەبروزەنگی بەعس.
دوای ڕاپەرین یەکەم جار لە لقی دوو و دواتر وەکوو فەرماندە و ئەندامی فەرماندەیی لەشکری کوردستان درێژە بە رەوتی تێکۆشان دەدات و لە میانەی وەرگرتنی بەرپرسیارەتی جۆراوجۆری سەربازیەوە جێ پەنجەی بەسەر کۆی گشتی ژیانی سیاسیەوە دیارە.
خالید ئاژگەیی لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دوو جار بریندار بووە. سالی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لایەن جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە
١٩ی تەمووزی ٢٠٠٤ لە تەمەنی ٧٣ سالیدا بە نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوە:
١- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.




