خالید شلی

خالید محەمەد ئیبراهیم حسێن ناسراو بە (خالید شلی)، لە ساڵی ١٩٤٣ لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات و هەمانساڵ چووتە ڕیزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وەڵاتی ئێران بووە، بەشداری شۆڕشی گۆڵانی کردوە، لەگەڵ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ خەڵکی کوردستان گەڕاوتەوە باشوورى کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە ئاکرێ بووە، لە هەڵگرانی مەدالیای بارزانی یە.


خالید شلی لە ساڵی ١٩٤٣ لە گوندی شلی سەر بە ناحیەی ئامێدی لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەساڵی ١٩٧٥ گواستراوتەوە ئوردۆگای زێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرپرسی چاودێری ئاوارەکانی کۆمەڵگای زێوە بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ پارێزگای ئەهواز و شاری شوشتەر، ساڵى ١٩٩١ لەکاتى ڕاپەڕینى جەماوەرى کوردستان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی هاتۆتە شارۆچکەى دیانا، و بەشدارى ڕاپەڕینى جەماوەرى باشوورى کوردستانی کردووە، دواتر لە پارێزگاى دهۆک نیشتەجێ بووە. ساڵی ١٩٩٨ کراوە بە ئەندامی دەزگای ئەیلوول، و ساڵی ٢٠٠٤ بووتە بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە ئاکرێ و ساڵی ٢٠١٣ خانەنشین کراوە.

لەساڵی ١٩٦٢ سەربازی عێراق بووە کاتێک پەیوەندی کردووە بە شۆڕشی ئەیلوول و لە بەرواری ژێری و لەلای فەرماندە مەحمود  ئاغای چەمانکێ بۆتە پێشمەرگە، لەهەمان ساڵدا و دوای دەرکردنی سوپای عێراق و جاشەکانی لەدەڤەری بادینان، بارزانی ئەو هێزانەی بادینان لە سێ هێزدا ڕێکخست و بەرپرسیارێتی دەڤەرەکەی بە ئەسعەد خۆشەوی سپارد، عیسا سوار و عەلی خەلیل و حەسۆ میرخانی کردە فەرماندەی ئەو سێ هێزانە، خالید شلی کرا بە سەرقۆڵ لە هێزی ئاکرێ و شێخان کە حەسۆ میرخان فەرماندەی بوو. ساڵی ١٩٧٣ کرا بە سەرپەل لە بەتالیۆنی یەکی هێزی شێخان کە ئیسماعیل موسا فەرماندەی بەتالیۆن بووە، ساڵی ١٩٧٤کراوە بە فەرماندەی بەتالیۆنی هێزی بەرگری میللی لە ڕۆژهەڵاتی شارى موسڵ.

ساڵی ١٩٧٩ بە ڕاسپاردەی ئیدریس بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ ئوردۆگای  زێوە، لەهەمان ساڵدا و دوای کۆنگرەی نۆی پارتی، لەگەڵ دکتۆر جەرجیس حەسەن  ناسراو بە (دکتور جەرجیس خنسی) و ٢٥ پێشمەرگەی تر گەڕاوەتەوە بۆ لقی یەک لە کۆماتە لەسەر سنووری باشوور و باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٨٠ کراوە بە ئەندامی لێژنەی ناوچەی شێخان و بەرپرسی ڕێکخراوی شەهید فازڵ شلی لە ناوچەی شێخان و وەک مەفرەزەی گەڕۆک دەستیان لە دوژمن وەشاندووە و چەندین چالاکى پارتیزانییان ئەنجام داوە. لە ساڵی ١٩٨١ گەڕاوەتەوە بۆ زێوە، ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و بەشێک لەئەندامانی مەکتەب سیاسی هاتووەتەوە بۆ لقی یەک لە ناوچەی نێروە و دووتازە، ساڵی ١٩٨٨ گەڕاوەتەوە بۆ زێوە، لەهەمان ساڵدا چووەتە ناوچەی خواکوڕک بۆ بەشداریکردن لەداستانی خواکوڕک و لە شەڕەکانی سەری کۆراوە و قەبری زاهیر بەشداری کردووە و دوای کۆتای هاتنی ئەم شەڕە گەڕاوەتەوە بۆ ئۆردوگاى زێوەی ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ساڵى ١٩٩١ لە سەروبەندى ڕاپەڕینى جەماوەرى کوردستان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى هاتۆتە شارۆچکەى دیانا، دواتر ڕەوانەی دەڤەری ڕێکان کراوە و بە فەرماندەیی هێزێکی ٥٠ کەسی چووەتە زاخۆ، لەساڵی ١٩٩٢ کراوە بە فەرماندەی بەتالیۆنی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی لە شێخان، لەمانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ بەرپرسی سەربازی بووە لە لەشکری پێنجی شێخان، ساڵی ١٩٩٨ کراوە بە ئەندامی دەزگای ئەیلوول.

خالید شلی لەژیانی پێشمەرگایەتیدا لەچەندین شەڕدا بەشدار بووە و لە ساڵی ١٩٨١ لە شەڕی کۆنەلاجان و دەربەند لە ورمێ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بریندار بووە.حازمی برای لەشەڕی خواکوڕک (١٩ی تەمووز- ٥ی ئەیلوولی ١٩٨٨) شەهید بووە، ساڵی ٢٠١٤ لە سەرەتای شەڕی داعش ( ٢ی ئابی٢٠١٤- ١٧ی تشریتی یەکەمی ٢٠١٦) جەمیلی برای شەهید بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبیلی زێڕینی پارتی بەهۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی کورد و کوردستان و ڕێبازی بارزانی کردووە، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی پێ بەخشرا، ساڵی ٢٠٠٤ بەرپرسی دەزگای ئەیلوولە لە ئاکرێ بووە، لە ساڵی ٢٠١٣ خانەنشین کراوە.


سەرچاوە:

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئامینە خالید ئەمین مامەند

ئامینە خالید ئەمین مامەند، ساڵى ١٩٥٧ لە پارێزگاى سلێمانى لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦٤ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ بۆتە ئەندامى لێژنە ناوچەى پارتى لە واشنتۆن، ساڵى ١٩٩٨ بۆتە بەرپرسی لێژنە ڕێکخراوى واشنتۆن. لە ١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

فەتحوڵڵا حەسەن عەلى

فەتحوڵڵا حەسەن عەلى، ساڵى ١٩٤٥ لە پارێزگاى کەرکووک لەدایک بووە. ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى یەکیەتى قوتابیان و لاوانى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٦٥ پلەى ئەندامی لقى لە لقى ٣ی کەرکووک وەرگرتووە. ساڵى ١٩٧٧ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە. ساڵى ١٩٩٦ کراوەتە قایمقامى چەمچەماڵ و ساڵى ١٩٩٧ پۆستى جێگرى پارێزگاى کەرکووکى وەرگرتووە. لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

ئەحمەد محەمەد عەلى

ئەحمەد محەمەد عەلى، ساڵى ١٩٤٢ لە شارى کەرکووک لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦٢ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٦٦ بۆتە سەرلق، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، دووجار بریندار بووە، ساڵى ١٩٧٩ کراوەتە بەرپرسی لێژنە ناوچەى چەمچەماڵ. لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل ئەحمەد مەناف حەبیب

ئیسماعیل ئەحمەد مەناف حەبیب، ساڵى ١٩٤٣ لە پارێزگاى دیالە لەدایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى یەکیەتى قوتابیانى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ١٩٨٠ پلەى کارگێڕی لێژنە ناوچەى خانەقینى وەرگرتووە. لە ١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حیکمەت عەلى عەبدولکەریم

حیکمەت عەلى عەبدولکەریم، ساڵى ١٩٣٦ لە شارى هەڵەبجە لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٤ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٧ پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووەتەوە، ساڵى ١٩٩٣ کراوەتە بەرپرسی بەشى شەهیدانى پارێزگاى سلێمانى، لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر