حەمەی خۆرشە

محەمەد حەمەکەریم ناسراوە بە حەمەی خۆرشە پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، لە ساڵی ١٩٨٤ لە چەمی مەنجەری بریندار بووە، لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە سێدارە دراوە.


شەهید محەمەد حەمەکەریم ناسراوە بە حەمەی خۆرشە، لە ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی زێڕۆنی بناری چیای سورێن لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بووە، ئاستی خوێندەواری سەرەتایی بووە. محەمەد حەمەکەریم خێزاندار بووە و خێزانی ناوی کەژاڵ لایەق بووە و خاوەنی یەک کوڕ و یەک کچ بە ناوەکانی ئازاد و کەوسەر بووە.

شەهید محەمەد حەمەکەریم لە ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان کردووە و لە بەتالیۆنی ئەنوەری حاجی عوسمانی سەربە هێزی سورێنی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆتە پێشمەرگە، هەروەها لە کاری ڕێکخستندا بۆتە بەرپرسی شانە نهێنیەکانی سنووری مەجموعەی شانێری و بەشێکی قەزای سەیدسادق، کە سەربە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە ساڵی ١٩٨٤ لە چەمی مەنجەری نزیک شاری هەڵەبجە بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکەی ڕژێمی بەعسەوە بە سەختی بریندار بووە.  

دوای ئەنجامدانی چالاکییەکی گرنگ لە نزیک قەزای سەیدسادق لە ساڵی ١٩٨٨، محەمەد حەمەکەریم ئاشکرا کراوە و لە لایەن ئەمنی ڕژێمی بەعس لە گوندی باریکەی دەشتی شارەزوور دەستگیر کراوە، لە هەمانکاتدا لە ساتی دەستگیرکردنی چەکێکی جۆری (ئار-پی-جی) پێ گیراوە، هەر بۆیە هەرزوو گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەبو غرێب و سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە، لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە سێدارە دراوە و شەهید بووە. 


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان. 

 


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر