حسۆ ساڵح

حسێن ساڵح نادر (١٩٠٠-١٩٩٣ )، ناسراو بە حسۆ ساڵح، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشى ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) و شۆڕشى گوڵان (١٩٧٦-١٩٩١) کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا پلەی سەرلقی وەرگرتووە.


ژیاننامە

حسۆ ساڵح، ساڵی ١٩٠٠ له‌ گوندی سیدانى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی بارزان له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت خێزاندار بووه‌ و خێزانه‌كه‌ی ‌ناوی هاجر عه‌بدوڵا ته‌مه‌ر بووە، كوڕێكیان به ‌ناوی محه‌مه‌د لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٧ هەبووه‌، ساڵی ١٩٩٣ له‌ گوندی سیدان كۆچی دوایی كردووه.


خەباتنامە

لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ و پاش کۆبوونەوەی فراوانی گوندی درێ و بڕیاری ڕۆیشتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ هێزەکە دەڕوات، له‌ ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوده‌وڵه‌تی ئێران لەگەڵ یه‌كێتی سۆڤیەت په‌ڕیوه‌ته‌وه‌، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

 ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه‌، ساڵی ١٩٧٧ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه و سه‌رلق بووه‌‌، ساڵی ١٩٨٨ وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و ساڵی ١٩٩١ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).
  3. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
  4. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
  5. گۆڤاری هه‌تاو، ژماره‌ ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
  6. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
  7. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
  8. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).

بابەتی پەیوەندیدار

وەسمان شێخۆ ئەحمەد

وەسمان شێخۆ ئەحمەد (١٩٢١- ١٩٩٨)پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ١٩٩٨ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

وەیسى عەلى حەدۆ

وەیسى عەلى حەدۆ (١٩٣٣- ١٩٩٢)پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ١٩٩٢ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

یاسین حەسەن تاژدین

یاسین حەسەن تاژدین (١٩٢٨- ١٩٦٢)پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ١٩٧٨ لە ئێران کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

یاسین میکائیل یاسین

یاسین میکائیل یاسین (١٩٢٥- ٢٠٠٩)پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ٢٠٠٩ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

مەحۆ حەسەن مەحۆ دۆڵەمەرى

مەحۆ حەسەن مەحۆ دۆڵەمەرى (١٩٢٠- ٢٠١٠) پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ٢٠١٠ کۆچى دوایی کردووە. هەڵگرى میدالیاى بارزانى نەمرە.

زانیاری زیاتر