هەوڵی تیرۆرکردنى ئیدریس مستەفا بارزانى

ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن.


ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن. هەروەها دواى ئەوەى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانیى ڕابەرى شۆڕشى ئەیلوول، لەگەڵ حکومەتى عێراق کەوتنە گفتوگۆ بۆ هێنانە ئاراى ئاشتى، ڕۆڵى ئیدریس بارزانی لەم گفتوگۆیانەشدا نکۆڵى لێ نەدەکرا، بۆیە دوژمنان کەڵکەڵەى ئەوەیان دەکەوێتەسەر کە ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ لەناوبردنى و بۆ ئەمەش هەر ڕێگایەک دەگرنەبەر و زیاتر لە هەوڵێک دەدەن.

دواى ڕێکەوتننامەى یازدەى ئادار، سەرکردایەتى حزبى بەعس داوا لە سەرۆک مستەفا بارزانى دەکەن کاک ئیدریس بکات بە جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق، بەڵام بارزانى بەمە قایل نابێ، هەروەها ئیدریس بارزانی سەردانى ئەمریکا دەکات و لەوێ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانى ئەم وڵاتە کۆدەبێتەوە، لەوانە: ریچارد هیڵمز سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و جێگرانی وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەمریکا، ئەگەرچى ئەم سەردانە بە نهێنى بوو، بەڵام نازانرێ دەزگاى هەواڵگرى عێراق پێى زانیوە یان نا، ئەم دوو هەنگاوە سەلمێنەرى ئەوەن ئیدریس بارزانی نەک تەنیا لە ڕووى کۆمەڵایەتى و سەربازییەوە ڕۆڵ و کاریگەریى هەبووە، بگرە لە ڕووى سیاسیشەوە بووەتە ناو و پشتى پێبەستراوە.

هەموو ئەو ناووناوبانگ و ڕۆڵە کارایەى، وا لە ڕژێمى بەعس دەکات هەوڵى لەناوبردنى ئیدریس بارزانى بدات و تیرۆرى بکا. ڕۆژی یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٠ بۆ بەدواداچوون و تاوتوێكردنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و بەتایبەتی چارەنووسی پێشمەرگە و پێكهێنانی هێزی زێرەڤانانی سنوور (حرس الحدود) لە پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول، ئیدریس بارزانی سەردانی بەغدای کرد و چاوی بە ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆك كۆماری ئەوسای عێراق و سەدام حوسێن كە ئەوكات جێگری سەرۆك كۆمار بوو دەکەوێت، بەڵام لەوێ هەوڵى تیرۆکردنى دەدرێ، سەرۆک مەسعود بارزانى لە کتێبى (بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد) ئەم ڕووداوە بەمشێوەیە تۆماردەکات:

بە مەبەستی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئادار، بە تایبەتی بابەتی پێکهاتەی پاسەوانی سنور،  لە ١ی کانوونی یەکەم ١٩٧٠ز ئیدریس بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی پێشمەرگە لەوانە حەمید بەرواری،  سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و جێگرەکانی و هەندێک بەرپرسان کۆبووەوە،  وابڕیار بوو سێ ڕۆژ لە بەغدا بمێنێتەوە، بەڵام نامەیەکی نارد و لەنامەکەیدا هاتبوو، سەرۆک کۆمار داوای لێ کردووە چەند ڕۆژێکی زیاتر بمێنێتەوە، بەڵام شێخ بابۆی ماممان کە مەبەستی سەردانی کردنمان لە حاجی ئۆمەران بوو،  ویستی بگەڕێتەوە بۆ بارزان و چاوەڕێی هاتنەوەی ئیدریسی دەکرد بۆئەوەی لەگەڵی بڕوات بۆ بارزان،  لە ٦ی کانونی یەکەم مامم لێی پرسیم دەکرێت بڕیاری ئیدریس بزانیت سەبارەت بە هاتنەوەی؟  ئەگەر دوای سێ ڕۆژ بێتەوە چاوەڕێی دەکەم و ئەگەر زیاتر بمێنێتەوە، ئەوا من بەتەنیا دەڕۆمەوە، هەوڵمدا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسە لەگەڵ ئیدریس بکەم، بەڵام هێڵی تەلەفۆن لاوازبوو و هیچ تێ نەگەشتم و دواتر تەلەفۆنم بۆ شێخ ڕەزا گوڵانی بەڕێوبەری پۆلیسی هەولێر کرد و پێم گوت، هەوڵ بدە پەیوەندی بە ئیدریسەوە بکە و پێی بڵێ، مامم پەلەیەتی لەگەڕانەوە بۆ بارزان،  ئەگەر لەماوەی سێ ڕۆژی تر بێتەوە، ئەوا چاوەڕیێ دەکات و ئەگەرنا مامم بەتەنیا دەگەڕێتەوە بارزان،  ویستی خوای لەسەر بوو کە شێخ ڕەزا وا لەقسەکەم تێ بگات کە گەڕانەوەی ئیدریس زۆر پێویستە و دەبێت دەست بەجێ بگەڕێتەوە.

  ئیدریس ئەو ئۆتۆمبێلە مارسیدسەی کە سەرۆک کۆماری عێراق پێی بەخشیبوو ناردبووی بۆ گەراج بۆ چاکردنەوەی هەندێك کەموکورتی  ئۆتۆمبێلەکە، بۆیە چاوەڕێی چاکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نەکردوو بە تەکسی گەڕابووەوە هەولێر، بێ ئەوەی کەس بزانێت،  لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئۆتۆمبێلە مارسیدسەکەیان هێنابووەوە و وابڕیار بوو کە لەڕۆژی دواتر هەریەکە لە حەمید بەرواری و مەحەمەد عەزیز کە لەگەڵی هاتبوون بۆ بەغدا و لەوێ مابوونەوە بگەڕێنەوە،  لەئێوارەی ئەو ڕۆژەی کە ئیدریس بەغدا بەجێ دەهێڵێت لە ٦ی کانونی یەکەم،  هەریەکە لە حەمید بەرواری و مەحەمەد عەزیز بە ئۆتۆمبێلە مارسیدسەکە دەڕۆن بۆ میوانداریەک بۆ نان خواردن،  دیارە هەندێک لە جاشەکان بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوبەری ئاسایشی گشتی نازم گزار،  پیلانێکیان داڕشتبوو بۆ لەناوبردنی ئیدریس،  من خۆم بە دووری نازانم کە هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی عێراق دەستیان هەبووە لەم پیلانە،  تیمی جێبەجێکاری پیلانەکە لەچەند خاڵێکی ستراتیژی بۆسەیان دانابوو بۆ ڕێگری کردن لە ئۆتۆمبێلەکە و پێیان وابوو ئیدریس لەناو ئۆتۆمبێلەکەیە،  لە کاتژمێر ١٠ی شەو ئۆتۆمبێلەکە درایە بەر دەست درێژی گوولە و پێیان وابوو حەمید بەرواری ئیدریسە، چونکە شێوەی هەردووکیان کەمێک لەیەک دەچوو،  حەمید بەرواری بەسەختی بریندار بوو، دواتر ئەو برینەی لێی بووە نەخۆشی و پێوەی دەناڵاند،  زیاتر لە ٥٠ فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوت، بەڵام مەحەمەد عەزیز و شۆفێرەکەی هیچیان بەسەر نەهات کە بەڕاستی  ڕزگاربوونەکەیان موعجیزە بوو،  شۆفێرەکە کە ناوی حەسەن کاوانی بوو، شۆفێرێکی خێرا و وریابوو هەر زوو بە خێرایی پێ لە ئۆتۆمبێکلەکە دەنێت و دەڕوات بۆ شوێنێکی دەرەوەی مەودای شوێنی بۆسەکە. بەم شێوەیە چارەنوسی ئیدریس وابوو کە لە پیلانی تیرۆرکردنەکەی ڕزگار بێت، چونکە ئەوەی پیلانەکەی داڕشتبوو پێی وابوو ئیدریس لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە سەرۆک کۆمار پێی بەخشیبوو، لەکاتێکدا ئیدریس لە ڕێگای گەڕانەوە بوو بۆ نیشتمان بێ ئەوەی کەس بزانێت.

هەوڵە تیرۆرستییەکە بۆ کوشتنى ئیدریس بارزانی سەرینەگرت و تەنیا حەمید بەروارى برینداربوو، حکومەتى عێراق، وەک هەر جارێکى دیکە، خۆى بێبەری کرد لە ڕووداوەکە و داواى لە سەرکردایەتیى شۆڕش کرد، چى زانیارییان هەیە، پێیان بدەن، تا تاوانباران بدۆزنەوە و سزایان بدەن و پارتیش لە ڕێى لقى بەغداى حزبەکەوە هەرچى زانیاریى هەیە، بە سەدام حوسێنى دەدەن.

سەدام نامەیەکى دەستنووس بۆ سەرۆک مستەفا بارزانى دەنێرێت و دڵنیاى دەکاتەوە کە ئەوەى کراوە لە دژى ڕێککەوتنى یازدەى ئادارە و خەڵک هەن، خواستى جێبەجێنەکرانى ئەو ڕێککەوتنامەیان هەیە.

ئەو کەسانەى هەوڵى تیرۆرى ئیدریس بارزانیان دا، ئاشکرا کران و لەڕێى مەحکەمەى سەورەوە سزاش دران، بەڵام ئەوانەى بڕیارى تیرۆرکردنەکەیان دابوو، بە نهێنى مانەوە، تا کودەتاکەى نازم گزار لە ساڵى ١٩٧٣، ئەوکات حکومەتى عێراق دانى بەوەدا نا کە نازم گزار کارەکەى کردووە.


سەرچاوە:

١. مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی یەکەم (هەولێر- چاپخانەی وەزارەتی پێشمەرگە- ٢٠٠٤).


بابەتی پەیوەندیدار

هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.

زانیاری زیاتر

هەوڵەکانی تیرۆرکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی

هەمیشە ئەو باوەڕە لە ناوەوەیە کە بە مردن یان لەناوبردن یان تیرۆرکردنى سەرکردەیەک، ڕەنگە شۆڕشێک یان دۆزى نەتەوەیەک کۆتایى بێت، بەڵام ئەمە هەموو کات و لاى هەموو نەتەوەیەک وەڕاست ناگەڕێت. دوژمنانى گەلى کورد زۆر لە مێژبوو لەو ڕاستییە تێگەیشتبوون کە سەرۆک مستەفا بارزانى بڕیاردەر و چەقى قوڕسایى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردە، بۆیە چەند جارێک هەوڵى تیرۆرکردنى درا.

زانیاری زیاتر

تۆپخانەی شۆڕش

تۆپخانەی شۆڕش بەشێکى گرنگ و کاریگەرى ناو هێزى پێشمەرگە بوو، بە شێوەیەکى گشتى لە ساڵى ١٩٦٥ بە دواوە گەشەسەندنێکى زۆرباشى بەخۆوە بینى لە دابینکردنى ئەفسەر و پێشمەرگەى ڕاهێنراو لە ڕێى ئەنجامدانى خولى تایبەت و پەیوەندى هەندێک ئەفسەرى سوپاى عێراق کە لە تۆپخانەدا شارەزاییان هەبوو.

زانیاری زیاتر

هێزی زاخۆ

دامه‌زراندنی هێزی زاخۆ بۆ ئه‌وكاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك مسته‌فا بارزانی و ٤٠٠ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بارزانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ڤه‌ری بادینان، چوونی بارزانی و هێزه‌كه‌ی بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ سه‌ره‌تاییه‌كی گرنگ و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو بۆ ناوچه‌كه‌.

زانیاری زیاتر