ژیاننامە
بەدرۆ لەشکری حسێن، ساڵی ١٩٣٠ له گوندی بێسترێى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. هاوسەرگیرى لەگەڵ کوردستان محەمەد حالی کردووە و چوار کوڕ و کچێک‌یان بە ناوەکانی سەرکەوت، مەتین، هەڵکەوت، ڕێکەوت، عائیشە هەیە. لە یەکێتى سۆڤیەت خوێندوویەتى و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه. ساڵی ١٩٧٥ وەک پەنابەر ڕوودەکاتە وڵاتی ئیران و ساڵی ١٩٩٥ دەگەڕێتەوە کوردستان.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە كردووه و له ٦ی تشرینی دووه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی گۆڕه‌توو و له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه. له ڕێكه‌وتی ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی له‌به‌ر به‌شداریكردنی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، تەواوى داراییە گواستراوه و نه‌گواستراوەکانی زه‌وتده‌كرێت.
له ١١ى تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ناوبراو له‌گه‌ڵ دوو برای به ناوه‌كانی ئه‌حمه‌د له‌شكری و شه‌ریف له‌شكری له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تیان كردووه و له‌گه‌ڵ هێزی ساڵح مسته‌فا بوون له به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان.
له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى له ناوچه‌ی سه‌قز کردووە و له ٣ی ئایاری ١٩٤٦ به‌شداربووە لە شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی. دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٣ی ئاداری ١٩٤٧ لە شه‌ڕی نه‌لۆس و له ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆی ڕۆژهەڵاتى کوردستانى كردووه.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دوای ئەوەى کۆمارى عێراق لە ساڵى ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا، له ڕێى به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦٣ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و سه‌رپه‌ل بووه و لە شه‌ڕه‌كانی چیایی پیرس و سه‌ری ئاكرێ بەشداربووە. له‌گه‌ڵ مه‌لا مستەفا بارزانی چووەتە ناوچه‌ی سۆران، تا ساڵی ١٩٧٥ له لقی شه‌ریف له‌شكری برای بووه.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته ئێران. سه‌ره‌تا له كۆمه‌ڵگای زێوه بووه و پاشان گواستراوه‌ته‌وه بۆ ئەسفه‌هان و دواتریش بۆ ته‌ورێز. ساڵی ١٩٨٠ به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووه و له مه‌كته‌بی جه‌نابی سه‌رۆك مەسعود بارزانی پێشمه‌رگه بووه.
ساڵی ١٩٩٥ ده‌گه‌ڕێته‌وه باشوری كوردستان و له ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، یاوەریکردنى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بەرەو یه‌كێتی سۆڤیەت، بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، له‌لایه‌ن سه‌رۆك ممەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی پێ به‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر و دوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- به‌درۆ له‌شكری حسێن، فۆرمی هەڤالانی بارزانی (بارەگای بارزانی – لێژنەی ناوچەی بارزان).
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.
-