بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.


 چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان چەند جۆر و شێوازێک بوون، بەپێی ڕەخسانى هەلومەرجى شوێنى جوگرافى و دۆخى هێزى پێشمەرگە، یەکێک لە جۆرى چالاکییەکان دانانەوەى بۆسە بوو لەسەر ڕێگا و جادەکانى کە هێزە سەربازى و ئەمنیەکانى حکومەت هاتووچۆیان پێدا دەکرد بۆ ڕایی کردنى ئەرکى کە پێیان دەسپێردرا، بەشێک لەو ئەرکانە هەڵمەتە سەربازیەکان بوون بۆ سەر پێشمەرگە و گوند و لادێکانى کوردستان، دیارە بۆ ڕووبەڕوونەوەى ئەو هێزانە لەلایەن پێشمەرگەوە بۆسە دانانەوە بژاردەیەکى گونجاو بوو، وەک لە ئاماژەدا هاتووە چەندین چالاکى پێشمەرگەیی لەو چەشنە بەدی دەکرێن و زیانى زۆریان بە هێزە عێراقیەکان گەیاندووە.     

 هێزێکى بیست پێشمەرگەیی بە فەرماندەى زێرەڤان لە ناوچەى بامەڕنێ دەڤەرى بادینان لە جەولەدابوون، لە ١١ی شوباتی ١٩٨٨، کە گەیشتنە گوندى دهێ دواى پشوودانێکى کورت کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا چۆنیەتى ئەنجامدانى چالاکییەکى پێشمەرگەییان تاوتوێ کرد، بڕیاریان دا کەوا بۆسەیەک لە شوێنێک بۆ هێزەکانى ڕژێمى بەعس دانێنەوە، دواى تێڕوانینێکى خێرا نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بە شوێنێکى گونجاو زانرا، ئامانج لەو چالاکییە پێگەیاندنى زیانێکى گەورە بوو بەو هێزانەى کە لەو ڕێگایەدا هاتووچۆیان دەکرد لەلایەک، لەلایەکى دیکەشەوە بوونى هێزى پێشمەرگە لە ناوچەکە بسەلمێنن و ترس و دڵەڕاوکێى زیاتر بخەنە ڕیزەکانى ڕژێمى بەعس، هێزەکەى پێشمەرگە شەو چوونە بامەڕنێ و مانەوە تا کاتژمێر ٤ى بەیانى، ئینجا بەرەو شوێنى بۆسە بەڕێکەوتن، دواى بڕینى ڕێگا بۆ ماوەى ٢ کاتژمێر، نزیک ٦ى بەیانى ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ گەیشتنە شوێنى مەبەست، لەسەر ڕێگا بە نەخشەیەکى توکمە دابەشى سەر خاڵەکان بوون و خۆیان مەلاسدا لە چاوەڕوانى هاتنى هێزەکانى حکومەت تاکو لە پڕێکا هێرشیان بکەنە سەر و زیانیان پێ بگەیەنن، بۆ هێزەکانی حکومەتیش بسەلمێنن کە شۆڕش بەهێزە و هەرکاتێ و لە هەر شوێنێ بێ دەتوانێ گورزى گەورەیان لێبدات.

  دواى ئەوەى بۆ ماوەى سێ کاتژمێر لە چاوەڕوانى هاتنى هێزەکانى سوپاى عێراق، بە دیاریکراوى کاتژمێر ٩ى پێش نیوەڕۆ ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنیەکانى بەعس بە ڕێگادا هات و ٨ سیخوڕى تێدابوو، پێشمەرگەکان کە لە دوورەوە بینیان خۆیان ئامادەکرد و لوولەى چەکەکانیان ئاراستەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکە کرد، هەرکە گەیشتە شوێنى بۆسەکە لە هەموو لایەکەوە لێیان ڕاپەڕین و دایانە بەر دەستڕێژی، بە چەکى کلاشینکۆف و بیکەیسى و ئاڕ پی جى بۆ ماوەى ١٦ خولەک لە شەڕێکى بەردەوام بێ ئەوەى بوار بە هێزەکەى حکومەت بدەن، کە بتوانن تەنانەت پارێزگارى لە خۆشیان بکەن، بەڵکو لەو ماوە کورتەدا بێدەنگیان کردن، لەو ٨ سیخوڕە چواریان کوژران و چوارەکەى تریش بەدیل گیران، کە دوانیان بریندار بوون و دوانەکەى تریش هیچیان بەرنەکەوتبوو ساغ بوون، چالاکییەکە لە ماوەیەکى کەمدا کۆتایی هات، هەموو چەکەکانیان دەستى بەسەردا گیرا، کە بریتى بوو لە ٧ کلاشینکۆف و یەک ئار پی جى، پاشان کە شەڕەکە کۆتایی هات و پێشمەرگە سەرکەوتنى بەدەست هێنا و ئامانجى پێکا بێ ئەوەى هیچ زیانیان پێ بگات، ئیتر مانەوەى پێشمەرگە لەو شوێنەدا هیچ سوودى نەبوو، بەڵکو پێویست بوو شوێنەکە زوو بەجێ بێڵن و خۆیان بگەیەننەن ناوچە ئازادکراوەکان لەگەڵ گواستنەوەى دیل و دەستکەوتەکانیان، بڕیارى کشانەوەیان دا و شوێنەکەیان جێهێشت.


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

٢-محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر