بڵند ئیسماعیل شێخ وەسانی

یاساناس و سیاسەتمەدار، بڵند ئیسماعیل جه‌رجیس، ساڵی ١٩٨٢ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ساڵی ١٩٨٧ په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پێشمه‌رگەی شۆڕشى گولان‌ كردووه‌، ئەندامی کۆنگرەکانی یازدەیەم ١٩٩٣ و دوازدەیەم ١٩٩٩ بووە و لە کۆنگرەی سێزدەیەم ٢٠١٠دا به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.لە کۆنگرەى چواردەیەم ٢٠٢٢ بۆتە ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان.


ژیاننامە

بڵند ئیسماعیل جەرجیس، ناسراو بە بڵند شێخ وەسانى، ساڵی ١٩٦٥ لە گوندى شێخ وەسانان لە قەزاى شەقڵاوە پارێزگاى هەولێر له‌دایكبووە‌، قۆناغى خوێندنى سەرەتایی لە گوندی شێخ وەسانان خویندووە، دواتر لە بالیسان قۆناغى ناوەندى خوێندووە، پۆلى نۆی بنەڕەتی لە ناحیەى حەریر تەواو کردووە، ساڵى ١٩٨٤ خانەى مامۆستایانى لە هەولێر  تەواو کردووە. ساڵی ٢٠٠٦ به‌كالۆریۆسی یاسای لە به‌شی یاسای ئێوارانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین-هه‌ولێر وه‌رگرتووه‌. ساڵی ١٩٨٨ دوای پرۆسه‌ی ئه‌نفال ئاواره‌ی وڵاتی ئێران بووه‌، شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسیه‌.


خەباتنامە

ساڵی ١٩٨٢ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە و لە شانە سەرەکى هێرش سەر بە لێژنە ناوچەى شەقڵاوە بۆتە ئەندام، ساڵى ١٩٨٤ بۆتە بەرپرسی لێژنە ڕێکخرواى ئاگرینى ڕێکخستنە نهێنییەکان لە سنوورى ناحەی حەریر، ساڵى ١٩٨٦ بەرپرسیاریەتى لێژنە ڕێکخراوى بەڵێنى سەربە یەکیەتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستانى وەرگرتووە. چەندین چالاکى جۆراوجۆرى لە ناحیەى حەریر ئەنجام داوە، وەک لێدانى پۆستەرى پارتى و بڵاوکردنەوەى بلاوکراوەکان.

ساڵی ١٩٨٧ په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشى گوڵان كردووه و لە لێژنە ناوچەى شەقڵاوە بۆتە پێشمەرگە، بەشداری چەندین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی دژی حکومەتی بەعس کردووە‌. ساڵى ١٩٨٨ دواى ئەنجامدانى شالاوى ئەنفال دژى خەڵکى سڤیلى کورد لەلایەن حکومەتى بەعس، ماوەى هەشت مانگ لە ناوەخۆى کوردستان ماوەتەوە و بەشدارى چەندین چالاکى پارتیزانى کردووە، لەوانە شەڕى دەرى زێوە، چالاکیەکى پارتیزانى لە ناو شارۆچکەى حەریر، لێدانى سەیارەیەکى سەربازى لە گوندى خەتێ، شەڕى دۆڵى بالەییان، لێدانى سەیارەیەکى سەربازى لە دۆڵى بالیسان.

ساڵى ١٩٨٩-١٩٩٠ لەوەرزى هاوین کادرى گوکرگى قەندیل بووە و چەندین جار وەک مەفرەزە بەنهێنى هاتوەتەوە ناو کوردستان. ساڵى ١٩٨٩ دەبێتە کارگێڕى لقى هەولێرى یەکیەتى قوتابیان و لاوانى دیموکراتى کوردستان، لە هەمان ئەندامى بەشى ڕاگەیاندنى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە، ئەندامى دەستەى نووسەرانى گۆڤارى سەفین بووە. ساڵى ١٩٩٠ دەبێتە کادرى لێژنە ناوچەى شەقڵاوە.

ساڵی ١٩٩١ به‌شداری ڕاپه‌ڕینی جەماوەرى باشووری كوردستانی كردووه و نوێنەرى پارتى بووە لە بەرى کوردستانى لە شەقڵاوە، ساڵى ١٩٩٢ بۆتە ئەندامى لێژنە ناوچەى دەشتى هەولێر، هەمان ساڵ بەشدارى خۆلى نۆیەمى کادیرانى کردووە و بە پلەى دووەم دەرچووە. ساڵى ١٩٩٣ دەبێتە کارگێڕى لێژنە ناوچەى دەشتى هەولێر، ساڵى ١٩٩٤ دەبێتە جێگرى بەرپرسی هەمان لێژنە ناوچە، دواى هەڵگیرسانى شەڕى ناوەخۆ سەرپەرشتى هێزەکانى لێژنە ناوچەى دەشتى هەولێرى کردووە لە دەورووبەرى باداوەى شارى هەولێر. ساڵى ١٩٩٥ دەبێتە بەرپرسی لێژنە ناوچەى شەقڵاوە و بەشدارى شەڕەکانى بەرگرى لە سەروەرى یاسا دەکات لە دەڤەرەکانى شەقلاوە، شەکرۆک، هیران، چیاى سەفین، مامە جلکە و شەڕ دژى چەکدارانى پەکەکە لە گوندى مێرۆزى دەفەرى مزورى.

ساڵى ١٩٩٦ دەبێتە کارگێڕى لقى٢، ساڵى ٢٠٠٤ دەبێتە بەرپرسی بەشى ڕێکخستنى هەمان لێژنە لق. ئەندامی کۆنگرەکانی یازدەیەم ١٩٩٣، دوازدەیەم ١٩٩٩، سێزدەیەم ٢٠١٠ و کۆنگرەى چواردەیەم ٢٠٢٢ بووە.  لە کۆنگرەى سێزدەیەمى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە ئه‌ندامی یه‌ده‌گی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌. ساڵى ٢٠٢٢ بە هۆى هەبوونى بۆشایی لە ئەنجوومەنى سەرکردایەتى دەبێتە ئەندامى هەمیشەیی سەرکردایەتى.

ساڵى ٢٠١٤ دەبێتە جێگرى بەرپرسی لقى١٦ی پارتى دیموکراتى کوردستان، ساڵى ٢٠٠٦ دەبێتە بەرپرسیى لقی٢٤ى سەفین لە قەواى شەقڵاوە، ساڵى ٢٠١٧ دەبێتە بەرپرسی لقى ١٦ی پارتى، ساڵى ٢٠٢٢ دەبێتە بەرپرسی لقى٢ و ساڵى ٢٠٢٥ دەبێتە بەرپرسی لقى١٠ی سۆران.

چەندین بڵاو کراوە و نامیلکەى شیعرى و وتارى سیاسى بڵاوکردوونەتەوە، ساڵى ١٩٨٩ نامیلکەى شیعرى بەناوى کارەساتى شێخ وەسانانی چاپ کردووە، ساڵى ١٩٩٠ نامیلکەیەکى شعرى لە بادینان چاپ کردووە بە ناونیشانى(دیتم قەندیل کڕنۆشى برد). چەندین کورتە چیڕۆکى بڵاوکراوەى هەیە لە پێش ڕاپەڕین چاپ و بلاوکردونەتەوە. چەند هۆنراوەیەکى لە بڵاوکراوەکانى: سەفین، ڕزگارى، هەڵوێستى ئەدەبى، کرمانج، سروە بلاوکردونەتەوە. دواى ڕاپەڕین لە گۆڤارى پێشکەوتن و ڕۆژنامەى برایەتى و خەبات، هۆنراوەی سیاسى بلاوکردوەتەوە، سەرنووسەرى گۆڤارى هەورێ و کۆیە بووە، خاوەنى ئیمتیازى گۆڤاری هەورێ بووە لە شارى کۆیە.


سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

سه‌رباز هه‌ورامی

سه‌رباز نادر عه‌لی موراد، ناسراو به‌ (سه‌رباز هه‌ورامی)، لە شارى هەڵەبجە لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٩ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٩٩ لە کۆنگرەى ١٢یەمى پارتی دیموكراتی كوردستان به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌.

زانیاری زیاتر

ساڵح پێداوی

ساڵح ئه‌حمه‌د فه‌تاح خدر، ساڵى ١٩٣٣ لە پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگەى شۆڕشى ئەیلوول كردووه‌، ساڵی ١٩٦٦ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنی چواری هێزی قه‌ره‌داغ سه‌ر به‌ له‌شكری سێی هێزى پێشمەرگە بووه‌، ساڵی ١٩٦٩ فه‌رمانده‌ی هێزی به‌مۆ بووه‌. ساڵی ١٩٧٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی نۆیه‌م به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.

زانیاری زیاتر

نه‌ژاد ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا

نه‌ژاد ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا، ساڵى ١٩٢٤ لە شارى سلێمانى لەدایک بووە، ساڵی ١٩٥٦ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ٤ی حوزه‌یرانی ١٩٩٢ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان. له‌ ڕێكه‌وتی ١ی تشرینی دووه‌می ١٩٩٧ به‌ هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌ له‌ شاری له‌نده‌ن كۆچی دوایی كردووه‌.

زانیاری زیاتر

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر