ژیاننامە
بابەکر شێخ حسێن لاچین، ساڵی ١٩٣١ له گوندی كركه‌مۆى سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان له قه‌زای مێرگه‌سۆرى سەر بە پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. دواى نسکۆى شۆڕشى یەکەمى بارزان کە شێخ ئەحمەدى بارزانى و ژمارەیەکى زۆرى خاوخێزانى بارزانییەکان پەنا دەبەنە بەر باکوورى کوردستان، ئەویش له ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه کە ئەوکات تەمەنى تەنیا یەک ساڵ بووە، بەڵام دواى ئەوەى لە ساڵى ١٩٣٣ دەسەڵاتدارانى تورک شێخ ئەحمەدى بارزانى ڕادەستى حکومەتى عێراق دەکەنەوە، خانەوادەى ئەوانیش وەک تەواوى ئەو خانەوادانەى لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئاوارەى باکوورى کوردستان بووبوون، دێنەوە باشوورى کوردستان. بەهۆى نەبوونى قوتابخانە و بایەخنەدانى حکومەتى عێراق بە خوێندن و خوێندەوارى، لە خوێندن دوادەکەوێت، بەشێوەیەک ئەوکاتەى شۆڕشى دووەمى بارزان لە ساڵى ١٩٤٣ دا هەڵدەگیرسێت، ئەو پۆلى سێیەمى سەرەتایى دەبێت.
دواى ئەوەى یاوەرى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دەکات بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لەوێ بۆ ماوەى پێنج ساڵ لە زانکۆ دەخوێنێت، لە ساڵی ١٩٥٩ بڕوانامه‌ی دیپلۆمى له به‌شی ته‌كنیكی میكانیكی ئۆتۆمبێل لە زانکۆى ئیندۆسیرالى تیکنیکۆم وه‌رگرتووه. هەرسێ زمانى كوردی، فارسی و ڕووسی زانیوە. له ٥ی ئاداری ٢٠٢٠ له شارۆچکەی سه‌ڵاحه‌ددین كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گوندی كركه‌مۆ به خاك سپێردراوە.
خەباتنامە
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى دووەمى بارزان لە ساڵى ١٩٤٣دا و بەردەوامبوونى تا ساڵى ١٩٤٥، بابەکر شێخ سێن لەم ساڵەدا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشەوە كردووه و لاوێكی ته‌مه‌ن سێزده ساڵی بووە و بە گه‌یاندنی خواردەمەنى بۆ باره‌گاكان و مه‌یدانی شه‌ڕ خزمه‌تی پیشمه‌رگه‌ی کردووە، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزوورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چڵ ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت و شێخ حسێن له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
بابەکر لاچین له به‌غدای پایته‌ختی كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ مسته‌فا عه‌بدوڵا فه‌قێ نه‌بی و سه‌عید ئه‌حمه‌د پاسه‌وانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی بوونه. ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و سه‌رقۆڵ بووه و یه‌كه‌م جار له گوندی بێدارون له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانى بووه و دواتر چووەته به‌رواری باڵا لای مه‌لا مسته‌فا بارزانی و شه‌ریف عه‌بدوڵا فه‌قی نه‌بی به‌رپرسی بووه. ساڵی ١٩٦٢ له‌گه‌ڵ مه‌لامستەفا بارزانی چووەته ناوچه‌کانى قه‌ڵادزێ و بیتوێن و دوكان و به‌شداری شه‌ڕه‌كانی ئه‌و ناوچانەى كردووه.
له دوای ڕێكه‌وتنی ١١ى ئازاری ١٩٧٠ تا ١٩٧٤ ده‌بێته پاسه‌وانی سنوور و له ساڵی ١٩٧٤ ده‌گه‌ڕێته‌وه لای مه‌لا مسته‌فا بارزانی. ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته ئێران، له كۆمه‌ڵگای زێوه نیشته‌جێ ده‌بێت و هه‌مان ساڵ ده‌چێته جه‌هروم و پاشان دەگوازرێتەوە بۆ ساوه.
ساڵی ١٩٨٠ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه. لە ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ى باشوورى کوردستان بەشداربووە و لە شەقڵاوە نیشتەجێبووە و دواتر لە ساڵى ١٩٩٨ لە سەڵاحەددین نیشتەجێ دەبێت. لە كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموکراتی کوردستان میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە. له ٥ی ئاداری ٢٠٢٠ له شارۆچکەی سه‌ڵاحه‌دین كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گوندی كركه‌مۆ به خاك سپێردراوە.
سه‌رچاوه‌كان:
-
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤)
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- له یاداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ ڕۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٢، ٣ المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بابه‌كر شێخ حسێن لاچین، لە رێکەوتی١٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٦ – پیرمام.
-