ئەمەی بەردەستت لەلایەن سەعید کاکی ئامادەکراوە کە لەبنەڕەتەوە وتووێژێکە دە ساڵ لەمەوپێش لە لایەن کاک بێهروزی ڕەحیمییەوە وەریگێڕدراوە، بەڵام دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە لە چاپی بدات، لە دیدارێکمدا لەگەڵیدا، وتی منیش وتارێکم هەیە لەبارەی شۆڕشی بارزانییەکان کە گفتوگۆیەکە لەگەڵ مورتەزا زەڕبەخت کە خۆی شایەدحاڵی خەباتی بارزانییەکان بووە و لەگەڵیاندا ژیاوە، دواتر گوتی نەخشەی ڕێپێوانەکانی ژەنەڕاڵ بارزانیشم هەیە، تەنانەت مامۆستایەکم پەیدا کرد و ناوی ئەو گوندانەی بارزانییەکان پێدا ڕۆیشتوون، هەمووم لێ پرسی، منیش نەخشەکەم وەکوو خۆی دانایەوە و وتی دەزانی ئەو ڕێپێوانە لە کاتی خۆیدا یەکێک لە ڕێپێوانە سەربازییە گرنگەکان ناسێنراوە و ڕەزم ئارا[1] لە کاتی خۆیدا دەستووری داوە وەکوو وانەی سەربازی لە کۆلێژی سەربازی بخوێنرێت. جێی باسە ئەم گفتوگۆیە لەلایەن د. هێڤین هیوا ئەحمەد مستەفا بۆ دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە.
هاوكاری له‌گه‌ڵ ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی و چاوپێکەوتن له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د
لەسەرەتاوە زەڕبەخت باسی لە هاوکاری مەلا مستەفا بارزانی و دیداری خۆی لەگەڵ قازی محەمەد کرد و گوتی: پێش ئه‌وه‌ی به‌ره‌و گوندی سه‌را ڕێبكه‌وین مه‌لا مسته‌فا سه‌روو ئافتاماتێك[2] و بڕێ فیشەکی پێداین. کاتژمێر 8ی شه‌وی ڕێكه‌وتی 21ی تشرینی دووەمی 1325(١٩٤٧ز) یه‌كه عه‌سكه‌رییه‌كان ئاماده‌ی ڕۆیشتن بوون. تیوای هاوڕێمان گوتی: به ملازم حهقپهرهستدا لۆریه‌ك گۆشت و نۆك و لۆبیا و نان و برنج و ... بۆ به‌ڕێ كردوون بۆ بۆكان، تا پێش گه‌یشتنتان خواردنێكی گه‌رم بخۆن. له‌م شوێنه‌وه تا بۆكان نزیكه‌ی هه‌ژده كیلۆمه‌تره و هه‌واش زۆر سارده. پاش سێ کاتژمێر ڕێپێوان، له‌گه‌ڵ تیپ گه‌یشتینه بۆكان و «ئیحسانی»، ئیستی[3] داین. كاتێک له نزیك قه‌ڵا ڕاوه‌ستاین، كورده‌كان ده‌وری یه‌كه عهسكهرییهكهیان دا و به چپه به سه‌ربازه‌كانیان گوت: وه‌رن با بتانشارینهوه، پاشانیش ده‌ربازتان ده‌كه‌ین. كه‌سانی یه‌كه عهسكهرییهكه، سه‌رباز بوون. تیوای هاوڕێشمان هیچ ئه‌زموونێكی له كوردستان نه‌بوو، نه‌ڕاندنی به‌سه‌ر كورده‌كاندا و فه‌رمانی دا زوو له ده‌وروبه‌ری یه‌كه دووركه‌ونه‌وه، ئه‌گینا ته‌قه‌تان لێ ده‌كه‌م. دوایش، به شه‌ست تیره‌كه‌ی به‌ره‌و ئاسمان ته‌قه‌ی كرد. خه‌ڵكه‌كه دووركه‌وتنه‌وه. له بۆكان له ناو قه‌ڵاكه‌دا، تیپێك جێگیر ببوو، ڕائید«خاكزادی» فه‌رمانده‌ی ئه‌و تیپانە بوو، كه چووینه ناو قه‌ڵاكه كورده‌كان خه‌ریكی تاڵانكردنی ئەمبارەکان بوون. سندووقی ته‌قه‌مه‌نی و قوتووی كونسێڕو و هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی له‌ناو قه‌ڵاكه‌دا بوون، هه‌ڵیانگرتن و بردیاننه ده‌ره‌وه. ئێمه هیچمان پێ نه‌كرا، هه‌ر نه‌شمانده‌زانی چییه. دوایی تێگه‌یشتین فه‌رمانده‌ی تیپیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه و سه‌ربازه‌كانیان چه‌ك كردووه و به‌ره‌ڵایان كردوون، ئێستا خه‌ریكی تاڵانكردنی ئەمبارەکانن. كورده‌كانی بۆكان ڕائید «خاكزادی» ـ فه‌رمانده‌ی تیپی قه‌ڵای بۆكانیان ـ ڕاده‌ستی سوپای شا كرد و له مه‌هاباد له دادگایه‌كی سه‌رپێیی ئیعدامیان كرد. پاشان ئێمه ئه‌فسه‌ران له‌و بشێوییه‌دا له قه‌ڵا هاتینه ده‌رێ هه‌تا بچینه‌وه ناو تیپ، به‌ڵام له‌وپه‌ڕی سه‌ر سوڕمانه‌وه دیمان تاقه سه‌ربازێكیش دیار نییه، هه‌ر ده‌تگوت به‌فر بوون و تواونه‌ته‌وه. له‌م بگره و به‌رده‌یه‌دا كورده‌كانی بۆكان ته‌ماحیان كردبووه چه‌كه‌كانیان و هه‌موویانیان چه‌ك كردبوو. ئێمه دیسان گه‌ڕاینه‌وه ناو قه‌ڵا.
هه‌ر له‌و كاته‌دا، لۆریه‌ك له ناو قه‌ڵا ڕاوه‌ستا بوو، ته‌نه‌كه‌ی به‌نزینی بار كردبوو ده‌یبرد بۆ مه‌هاباد. شۆفێری لۆریه‌كه نەقیب تیوای ده‌ناسی. پێی گوت: لێره ڕامه‌وه‌ستن گیانتان له مه‌ترسیدایه. نەقیب تیوا گووتی: چی بكه‌ین؟ گووتی: سواری ئه‌م لۆریه بن و ده‌ڕۆینه ده‌رێ. سوار بووین و له سه‌ر ته‌نه‌كه به‌نزینه‌كان دانیشتین و له قه‌ڵا هاتینه ده‌رێ.
ئێمه‌ی بێ ئه‌زموون، نه زمانی كوردیمان ده‌زانی، نه شاره‌زای شوێنێ بووین و نه كه‌سیشمان ده‌ناسی، گه‌نج بووین و له‌م ناوچه‌یه‌دا غه‌ریب و چاره‌نووسیشمان نادیار كه‌وتبووینه به‌ر شاڵاوی كاره‌سات. كاتێک له«سه‌را»وه ڕێكه‌وتین ئیدی خه‌به‌رمان له ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا نه‌ما، ته‌نیا ڕێگای به‌ره‌و ڕوومان بۆكان بوو، لۆریه‌كه به‌یانی زوو گه‌یشته مه‌هاباد. شۆفێره‌كه ئێمه‌ی له ته‌نیشت ڕووباری مه‌هاباد دابه‌زاند و پرسیاری ماڵی قازی محه‌مه‌دمان كرد. حه‌وت ئه‌فسه‌ر بووین ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 1325(١٩٤٧ز) چووینه مه‌هاباد. ئێحسانی، تیوای، ئه‌رته‌شیار، نیكلا ماركاریان، عه‌لی ئه‌سغه‌ری، ته‌وه‌كولی و من (زەڕبەخت) سێ كه‌سی دیكه‌ش ته‌فرشیان، ره‌ئیس دانا، ده‌باغزاده كه تۆپیان پێ‌بوو و ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا داڵده‌ی دابوون و هێنایانی بۆ مه‌هاباد و نه‌غه‌ده. له مه‌هاباد مەکتەبی قازی محه‌مه‌دیان پیشان داین و چووین بۆلای.
ئه‌حمه‌دی: هه‌ر حه‌وت كه‌ستان پێكه‌وه چوونه ناو ده‌فته‌ری قازی محه‌مه‌د و چاوتان پێی كه‌وت؟
زه‌ڕبه‌خت: به‌ڵێ، سڵاومان كرد؛ گشتمان به چه‌ك و جلوبه‌رگی ئه‌فسه‌ری فیرقه و پله‌ی عه‌سكه‌ری له‌سه‌ر شان. قازی محه‌مه‌د به‌ڕێز و حورمه‌ته‌وه فه‌رمووی لێ كردین، ئێمه‌ش دانیشتین. پرسی له كوێوه هاتوون؟ گوتمان، له سه‌قز بووین ئه‌م هه‌واڵه‌مان پێ گه‌یشت ـ ته‌لگرافی پیشه‌وه‌ری بۆ یه‌كه عه‌سكه‌رییه‌كان ـ ئێمه‌ش هاتین بۆ ئێره. قازی محه‌مه‌د گوتی: به‌ر قلیانتان خواردووه؟ گوتمان: شێویشمان نه‌خواردووه.
ناردی، نان و په‌نیر و چای شیرینیان بۆهێناین. ده‌ستمان كرد به خواردن و قسه‌كردن. گوتمان: بۆ چی وای لێهات؟ گووتی: پێرێ شه‌و ـ ٢٠ی تشرینی دووەم ـ پیشه‌وه‌ری ته‌له‌فونی بۆ كردم و گوتی، فه‌رمانیان پێ داوین بچین بۆ جوڵفا. ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌كانمان ده‌چین بۆ جوڵفا. ئێوه‌ش ژن و منداڵه‌كانتان هه‌ڵگرن و وه‌رن بۆ «جوڵفا» و له‌وێشه‌وه ده‌ڕۆین بۆ سۆڤیەت. قازی محه‌مه‌د گوتی: پێم گوت: «نا، من نایه‌م، لێره ده‌مێنمه‌وه، هه‌ر به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌مدا هات، با به‌سه‌ر منیش‌دا بێت».
قازی محه‌مه‌د، له ئێمه‌ی پرسی، ئێستا ئێوه ده‌تانه‌وێ چی بكه‌ن؟ گوتمان: ئێمه دڵمان پێوه‌یه بچین بۆ سۆڤیەت. چونکە ڕێگاچاره‌یه‌كی دیكه‌مان نییه. به‌ڵێ ئه‌وكات هه‌ر به خه‌یاڵیشماندا نه‌ده‌هات كه كارگێڕانی سۆڤیەت بێخه‌وش نین. وامان ده‌زانی سۆڤیەت، ئه‌و «به‌هه‌شته» به‌ڵێن پێدراوهیه كه به باوشی ئاوه‌ڵاوه وهرماندهگرێ. تۆزقاڵێ گومانمان له سۆڤیەت و سیاسه‌تی نه‌بوو. ستالینمان به ڕێبه‌ری زه‌حمه‌تكێشانی دنیا ده‌زانی. لەهەرحاڵدا قازی محه‌مه‌د گوتی: ئێوه له‌م بارودۆخه‌دا ناتوانن بڕۆن. هه‌ر ئه‌م چه‌كانه‌تان بكوژی گیانتانه. جلهكانیشتان ده‌بێ بگۆڕن و جلی كوردی له‌به‌ركه‌ن. پاش ئه‌م ڕاسپێریه، گوتی: كاغه‌زێكیش بۆ سه‌رۆك عه‌شیره‌كانی كورد ده‌نووسم، ڕەنگە به كارتان بێت. كاغه‌زه‌كه‌ی نووسی، پێم وایه به‌م ناوه‌ڕۆكه: «برایان! ئه‌مانه ئه‌فسه‌رانی ئارەربایجانن، بۆ یارمه‌تی ئێمه هاتوون. هه‌ر یارمهتیێكیان ده‌وێ بۆیان دابین بكه‌ن». حه‌یف نازانم ئه‌و كاغه‌زه چی لێهات. ڕەنگە به‌دیل گیراین. كاغه‌زه‌كه‌یان لێ ستاندین یا خۆمان فه‌وتانمان.
قازی محه‌مه‌د ناردی جلی كوردی‌یان بۆ هێناین، ئێمه‌ش له‌به‌رمان كرد. قازی محه‌مه‌د یه‌كی دووسه‌ت تمه‌ن پاره‌ی پێداین. پاشان، تێگه‌یشتم، ئه‌و مرۆڤێ بوو له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بێ هه‌ڵچوون و به‌و تایبه‌تمه‌ندی و هێورییه‌وه قبووڵی كرد بمێنێته‌وه و بكوژرێت، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ته‌نیا جێ نه‌هێڵێت. كاتێک هێرشی سوپا بۆ ئازه‌ربایجان ده‌ستی پێكرد، له مه‌هاباد مایه‌وه و له‌گه‌ڵ سوپای ناوه‌ندی هاوكاری كرد تا سوپا هاته مه‌هاباد، نه‌یهێشت خوێن له لووتی كوردێكه‌وه بێت، واته مایه‌وه و هاوڕێکەی هێشته‌وه. پاشان خۆی و براكه‌ی و ئامۆزاكه‌یان گرت و دادگایی كران و له سێداره دران.
لایه‌ك قازی محه‌مه‌د و لایه‌كی دیكه پیشه‌وه‌ری. نامه‌وێ له‌م به‌راورده‌دا بڵێم پیشه‌وه‌ری مرۆڤێکی خراپ بوو، نا، ئه‌و مرۆڤێك بوو باوه‌ڕی به پاڵپشتی بوو. دوایی تێگه‌یشت پشتیان به‌رداوه و هیچ ڕێگایه‌كی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌و قسه‌ی «قولی ئۆف» له ته‌ورێز پێی گوتبوو. كاتێک هاتبوو به‌رگری بكا. قولی ئۆف پێی گوت: کاتژمێر هه‌شتی شه‌و له ئاجی چای ئاماده بن، ده‌بێ بچن بۆ جوڵفا! پیشه‌وه‌ری گوتبووی، بۆچی؟ ئێمه خه‌باتمان كردووه، به‌ڵێنمان به نه‌ته‌وه‌كه‌مان داوه، ده‌بێ بمێنینه‌وه و به‌رگری بكه‌ین. «قولی ئۆف» له كونسولخانه‌ی سۆڤیەت له ته‌ورێز پێی گوت: «سه‌نی گیاترهن سه‌نه دییرگێت.» واتە ئه‌و كه‌سه‌ی تۆی هێناوه پێت ده‌ڵێ ده‌بێ بڕۆی. به‌ڵێ هه‌ر به‌م چه‌شنه، پیشه‌وه‌ری «چهككرا» بوو. ئه‌و به‌و بڕوایه‌ی به سۆڤیەتی هه‌بوو، قبووڵی كردبوو بڕوا.
به‌ڵێ، له خۆوه نه‌بوو له سه‌ره‌تای شۆڕش و ساڵڕۆژی مه‌رگی قازی محه‌مه‌د له مه‌هاباد ـ به‌و جۆره‌ی له ڕۆژنامه‌كاندا نووسرابوو و له بیرمە ـ سه‌ت هه‌زار كه‌س له سه‌ر گڵكۆی قازی محه‌مه‌د كۆبوونه‌وه و ڕێزیان لێ گرت. حیزبی دیموکراتی كوردستانی ئێران وه‌ها پاڵپشت و بایه‌خی په‌یدا كرد. به‌ڵێ قازی محه‌مه‌د وه‌ها هێزێكی مه‌عنه‌وی هه‌بوو. پاش شۆڕش گه‌وره‌ترین مه‌یدانی شاری مه‌هاباد به ناو ئه‌وه‌وه ناونرا. نازانم ئه‌م ناوه ئێستاش هه‌ر ماوه یان لایانبردووه، به‌ڵام تا ماوه‌یه‌ك ئه‌م مه‌یدانە به ناوی قازی محه‌مه‌ده‌وه بوو، حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ڕێزی لێ ده‌گرت، چونكه خه‌ڵك باوهژیان وابوو، به‌ڵام پاش شۆڕش دیمان فیرقه‌ی دیموكرات له ئازه‌ربایجان پێی نه‌گرت. لایه‌نگری نه‌بوو. خه‌ڵك ئیدی ئه‌و هۆگری و بڕوایه‌یان به فیرقه نه‌ما.
ئه‌حمه‌دی: پاش مه‌هاباد به‌ره‌و كوێ ده‌چوون؟
زەڕبەخت: بڕیارمان دا له مه‌هاباده‌وه بچین بۆ ورمێ. له‌م كاته‌دا، به‌ته‌واوه‌تی له بارودۆخی ورمێ بێ ئاگاین و نازانین له‌وێ كوشت و كوشتاره و بێت‌و بچین بۆ ئه‌وێ، ئێمه‌ش له‌ت و په‌ت ده‌كه‌ن.
ئه‌و ڕۆژە كه له مەکتەبی قازی محه‌مه‌د هاتینه ده‌رێ و گه‌یشتینه مه‌یدانی مه‌هاباد، مه‌حموود ته‌وه‌كولی گوتی: له سمێڵی ستالین به‌م، ئێمه‌ی تووشی چ ڕۆژێ كرد. گشتمان به‌م قسه‌یه‌ی مه‌حموود ته‌وه‌كولی ڕاچڵه‌كاین و به گژی‌دا هاتین و ناڕەزاییمان ده‌ربڕی. ئه‌وه چیت گوت؟ ئه‌ویش ئاوای وەڵام داوه: ستالین هات و حكومه‌تێكی دامه‌زراند، فیرقه‌یه‌كی دروست كرد و ئێمه‌ی بۆ ئێره ڕاكێشكرد. نه‌ته‌وه‌یه‌كیان هه‌روا به‌ره‌ڵا كرد و به شه‌وێ په‌ڕینه‌وه ئه‌وبه‌ری ڕووباری ئاراس. ئێمه دیسان ڕاچڵه‌كاین. هێشتا بڕوامان له جێی خۆی و ده‌ست لێ نه‌دراو بوو. گوتمان، جارێ بهرژەوهندی له‌مه‌دایه.
ئه‌حمه‌دی: ئه‌م ڕەخنهیه ده‌ریخست مه‌حموود ته‌وه‌كولی بڕوای پێشووی نه‌مابوو، یا لانی كه‌م وه‌ك ڕابردوو بڕوای نه‌مابوو.
زەڕبەخت: مه‌حموود بڕوای نه‌مابوو، به‌ڵام نه‌ی ده‌دركاند، كاتێک دیتی ئێمه هه‌روه‌ك ڕابردوو به بڕواین؛ ئیدی له به‌رامبه‌رماندا ڕانه‌ده‌وه‌ستا. بیرم نییه، له ئاواره‌ییدا بوو یا به‌ندیخانه‌ی عێراق، به‌سه‌رهاتی كامبهخشی بۆ گێڕاینه‌وه.
ئه‌حمه‌دی: چۆنیه‌تی ئاشكرا كردنی تاقمی ئهفسەرانی ناسراو به 53 كه‌س؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ ئه‌و گوتی: كامبه‌خش خیانه‌تی به 53 كه‌س كرد و ئاشكرای كردن و كه‌وتنه داوی پۆلیس. ئێمه باوه‌ڕمان نه‌كرد. به‌ڵام ته‌وه‌كولی مرۆڤێکی تایبه‌ت بوو، زۆر زوو تێگه‌یشت.
ئه‌حمه‌دی:ته‌وه‌كولی كه‌سێ بوو له ساڵی 1339دا (١٩٦١ز)كتێبێكی شیكاری پێنجسه‌د لاپهڕەیی له‌سه‌ر بیروبۆچوونی حیزبی تووده بێناوی دانه‌ره‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بڵاوكرده‌وه. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بوو له ئاستی زانستی ڕوناكبیرانی سیاسی ئه‌وكاتی ئێران‌دا.
زەڕبەخت: دواتر لەبارەی ته‌وه‌كولی و بیروباوه‌ڕ و دادگاییكردنی له دادگا قسه ده‌كه‌ین.
به‌ڵێ ئێمه له مه‌هاباده‌وه به‌ره‌و ورمێ ڕێكه‌وتین، نیوه‌ڕۆ گه‌یشتین، چووینه چایخانه‌یه‌ك ناوی شوێنه‌كه‌م له بیر نییه، له‌وێ نانی نیوه‌ڕۆمان خوارد. چه‌ند سوارێكی كورد هاتن و گوتیان وه‌رن بتانبه‌ینه لای سه‌رۆكی هۆزه‌كه‌مان سه‌ید ته‌ها. ئه‌و ئاگای لێتان ده‌بێت، تا بارودۆخه‌كه به لایه‌كدا ده‌كه‌وێ. ده‌ترساین بمانبه‌ن چه‌كمان بكه‌ن. ئه‌وان زانییان ئێمه خه‌ڵكی ئێره نین. له‌م كاته‌دا لۆریەك لای ورمێ هات و له‌به‌ر چاخانه‌كه ڕاوه‌ستا. چه‌ند چه‌كدارێكی بارزانی له‌ناو لۆریەكهدا دانیشتبوون. یه‌كیان دابه‌زی، ناسیاوی ئه‌رته‌شیار بوو، ناوی كاك ساڵح بوو. ئه‌و گه‌وره‌ی ئه‌و تاقمه چه‌كداره بوو. سڵاوی كرد و گوتی: بۆ كوێ ده‌چن؟ ئه‌رته‌شیار گوتی: ده‌چین بۆ ورمێ. گوتی، له‌وێ سێڵاوی خوێن هه‌ستاوه. له ورمێ ئازاد وه‌ته‌ن، به‌رپرسی فیرقه‌یان جنجن كردووه. ئێوه به‌م ڕێگادا مه‌ڕۆن، زۆر مه‌ترسیداره. له‌م ڕێگایه ده‌تانگرن و ده‌تانكوژن. گوتمان ئه‌ی چی بكه‌ین؟ گوتی: بگه‌ڕێنه‌وه بۆ نه‌غه‌ده. ئێستا نه‌غه‌ده شوێنێكی ئه‌مینه. حكومه‌تی نه‌غه‌ده به‌ده‌ست ئێمه‌وه‌یه. ئێستا بچن بۆ نه‌غه‌ده، تا بزانین چ ده‌بێت. ئێمه‌ش قه‌بوڵمان كرد، چۆن ڕێگای ترمان نه‌بوو. له ڕاستیدا ڕووداوه‌كان وه‌ك تۆپی فووتباڵی لێ كردبووین. توانای بڕیاردانمان نه‌مابوو، له‌وكاته‌دا هیچ ئیرادهیهكمان نه‌بوو. كه‌وتبووینه شوێنێكی غه‌ریب و نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین. سواری ئه‌و لۆریه بووین و چووین بۆ نه‌غه‌ده. ئه‌و شه‌وه له نه‌غه‌ده له چاخانهیهكدا ماینه‌وه. له‌وێ حكومه‌ت به‌ده‌ست بارزانییه‌كانه‌وه بوو. داوای چایمان كرد. هیلاك و شه‌كه‌ت بووین، من و عێزه‌ت عه‌لی ئه‌سغه‌ری له هه‌موویان شپرزه‌تر بووین. له بۆكانه‌وه تا مه‌هاباد له‌سه‌ر ته‌نه‌كه به‌نزینه‌كان دانیشتبووین، ته‌نه‌كه به‌نزینه‌كان لێیان ده‌ڕژا و قوونمانی ته‌واو بریندار كردبوو. ئه‌م برینانه لەكاتی ڕێپێوان ئازاری ده‌داین و نه‌مانده‌توانی چاك بڕۆین.
کاتژمێر هه‌شت و نیوی شه‌و بوو، بیستمان جاڕچی جاڕ ده‌دا به شاردا: «حوكم، حوكمی شێخ محه‌مه‌د سەدیق بارزانییه. حكومه‌ت حكومه‌تی نیزامییه. له کاتژمێر نۆی شه‌و به‌دواوه، هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌یه. هه‌ڵبه‌ت به زمانی كوردی جاڕی ده‌دا. بەبیستنی ده‌نگی جاڕچی كه به جێگای بڵندگۆی ئه‌مڕۆ بوو، هه‌ستمان به ئه‌منیه‌ت كرد و له‌به‌ر ماندووبوونێکی لە ڕادەبەدەر، له‌سه‌ر سه‌كۆی چاخانه‌كه خه‌و بردمانیهوه.
دیلی قهرهپاپاخهكان
ئه‌حمه‌دی: له‌م ناوچه‌یه‌دا ته‌نیا هۆزی بارزانی لێ بوون؟
زەڕبەخت: نا، هۆزێكی دیكه‌شی لێ بوو، تورك بوون، له ده‌وره‌ی ئه‌فشار، یا ده‌وره‌ی سه‌فه‌ویه، یا ده‌وره‌یه‌كی دیكه، دووریان خستبوونه‌وه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه به‌ناوی هۆزی قه‌ره‌پاپاخ. هۆزێكی بهڕەگهز تورك له ناوه‌ڕاستی كوردستاندا.
ئیمه به‌م ڕوانینه‌وه كه ئه‌م ناوچه‌یه زۆر ئه‌مینه و به‌ده‌ست بارزانییهكانهوهیه، به ئاسووده‌ییه‌وه خه‌وتین و ئێشكچیشمان دانه‌نا.
نیوه‌شه‌و بوو، له ده‌نگی چه‌خماخه‌ی تفه‌نگ و به فه‌رمانی «هه‌ستنه سه‌رپێ!» ڕاچڵه‌كاین. دیمان چه‌ند كوردێكن. هه‌ڵبه‌ت دوایی زانیمان ئه‌مانه كورد نین و ته‌نیا جامانه‌ی كوردی‌یان له‌سه‌ر بوو. چه‌كداره‌كان ڕوو به ئێمه نیشانه‌یان گرت و به فه‌رمانی ده‌ستان هه‌ڵهێنن، له جێی خۆتان نه‌جووڵێن! یه‌كیان هاته پێشه‌وه و ده‌مانچه‌كانیان لێ ئه‌ستاندین و گوتیان: پێشمان كه‌ون! به‌فرێكی چاك ده‌باری، ڕێچكه‌یان پێ به‌ستین و به‌ناوی دیل، بردیانینه مزگه‌وتی نه‌غه‌ده. چه‌كدارانی قه‌ره‌پاپاخ یاساوڵمان بوون و پێیان گوتین: ئێوه به‌ندین. سبه‌ینێ دهردەكهوێ چیتان لێ ده‌كه‌ن. بهڕەی ناو مزگه‌وته‌كه‌مان به‌سه‌ر خۆماندا دا و خه‌وتین.
ئه‌حمه‌دی: ئه‌و نامه‌ی قازی محه‌مه‌د كه بۆ سه‌رۆك هۆزه‌كانی نووسیبوو، ئێوه‌ی وه‌ك دۆستانی خۆی ناساندبوو لێره‌دا به‌كارتان هات؟
زەڕبەخت: ئه‌مانه، هۆزی قه‌ره‌پاپاخ بوون، كورد نه‌بوون. هاتبوون ئێمه قۆڵبه‌ست بكه‌ن و ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تمان بكه‌نه‌وه. یه‌كێ له‌وانه مێداڵی 21ی تشرینی دووەمی دابوو له سینگی.
ئه‌حمه‌دی: مه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵ حكومه‌تی قازی محه‌مه‌د له كوردستان ئه‌مانه یارمه‌تی حكومه‌تی قازی محه‌مه‌دیان نه‌ده‌دا؟
زەڕبەخت: له‌و یه‌ك ساڵه‌دا هاوكاری حكومه‌تی قازی محه‌مه‌د و فیرقه‌ی دیموکراتی كوردستانیان كردبوو، به‌ڵام كه وه‌ره‌ق هه‌ڵگه‌ڕا بووه، پاڵیان دابوو به حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه. سه‌رۆكی هۆزی قه‌ره‌پاپاخ عەقید «ته‌قی بورچالوو» له‌و یه‌ك ساڵه‌دا، له حكومه‌تی كوردستاندا پله‌ی عەقیدی بوو.
به‌ڵێ سبه‌ینێ ئه‌و ڕۆژە، چه‌كدارانی قهرهپاپاخی نه‌غه‌ده ئێمه‌یان به دوای یه‌كدا ڕیزكرد و به كۆڵانه‌كاندا بردیانین بۆ ماڵی به‌رپرسی ناوچه‌ی نه‌غه‌ده. به‌رپرسی ناوچه ئه‌میر فه‌لاحی قه‌ره‌پاپاخ بوو كه ئێستا تیكه‌ی چه‌وری وه‌چنگ كه‌وتبوو تا بیدا لهكهفارهی ئه‌و یه‌كساڵ هاوكارییه‌ی حكومه‌تی كوردستان، ئه‌ویش به‌ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئێمه به سوپای پاشایه‌تی بۆئه‌وه‌ی مێداڵی پێ وه‌ربگرێت. زۆربه‌ی سه‌رۆك عهشیرهتەكانی كوردستان وا بوون، له‌هه‌ر كوێیه‌كه‌وه بای هاتبا شه‌نیان ده‌كرد. كاتێک گه‌یشتینه ماڵی به‌رپرسی ناوچه، له داڵانی ماڵی به‌رپرسی ناوچه ئێمه‌یان پشكنی و پاره و کاتژمێر و قه‌ڵه‌م، چی دار‌و نه‌دارمان بوو لێیان ستاندین و گوتیان: لێره بمێننه‌وه تا به‌رپرسی ناوچه بهرقلیانهكهی ده‌خوا و پاشان دهتاننێرێ بۆ شوێنێكی ئه‌مین! لەڕێگە كه ئێمه‌یان له مزگه‌وته‌وه ده‌هێنا بۆ ماڵی به‌رپرسی ناوچه، چاومان كه‌وت به لاوێكی ئاشووری به ناوی میكائیل كه هاوڕێكانی ئێمه‌ی ده‌ناسی. پرسی، بۆكوێتان ده‌بن؟ گوتمان: دوێنێ شه‌و كاتێک خه‌وتبووین له‌به‌رده‌م چاخانه قۆڵبه‌ستیان كردووین، ئێستاش ده‌مانبه‌ن بۆ لای به‌رپرسی ناوچه.
ئه‌و لاوه ئاشوورییه ڕۆیی و خێرا هه‌واڵی قۆڵبه‌ستكردنی ئێمه‌ی به شێخ محه‌مه‌د سدیق، برای مه‌لا مسته‌فا دابوو. له‌مكاته‌دا كه له ماڵی به‌رپرسی ناوچه ئێمه‌یان له ناو ژوورێكی ته‌نگ و تاریك ڕاگرتبوو، عه‌لی محه‌مه‌د سدیق كوڕی شێخ محه‌مه‌د سدیق به دوو چه‌كداره‌وه هاتنه ژوورێ و چوونه نهۆمی سه‌رێ بۆ لای به‌رپرسی ناوچه.
له‌پڕ شانۆ گۆڕا و ئێمه‌یان برده ژووری میوان. عه‌لی محه‌مه‌د سدیق له به‌رپرسی ناوچه‌ی پرسی، بۆچی ئه‌مانه‌تان ڕاگرتووه؟ به‌رپرسی ناوچه كه‌وته پرته‌پرت و گوتی: ده‌مانویست بیانپارێزین تا ده‌ست درێژییان نه‌كه‌نه سه‌ر. گوتمان چ پاراستنێ؟ هه‌رچی دار‌و نه‌دارمان بوو، گرتیان. چه‌كیان کردین به‌گژیاندا چووین. ده‌مانچه و پاره و كه‌لوپه‌له‌كانیان پێ داینه‌وه. هه‌واڵی قۆڵبه‌ست كردنمان له لایه‌ن ئه‌و لاوه ئاشوورییه بوو بەهۆی ڕزگاریمان. ئه‌مه سێ جار بوو بارزانییه‌كان له‌و هه‌لومه‌رج و بارودۆخه‌دا كه باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشابوو، گیانی ئێمەی ئه‌فسه‌رانی بێ ئه‌زموونیان له‌م وڵاته غه‌ریبه كه زمانی خهڵكهكهیمان نه‌ده‌زانی، ڕزگار كردبوو.
له ماڵی به‌رپرسی ناوچه، له‌گه‌ڵ عه‌لی محه‌مه‌د سدیق هاتین بۆ لای باوكی. شێخ محه‌مه‌د سدیق برای مه‌لا مسته‌فا فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی نه‌غه‌ده بوو. ئێمه له‌وێ ماینه‌وه. بۆ نانی نیوه‌ڕۆ ناردیانینه ماڵی سه‌رۆكی شاره‌وانی له‌وێ كورسییان دانابوو. له ژێر كورسی دانیشتین و نانی نیوه‌ڕۆمان له‌وێ خوارد. دوو سێ شه‌و له‌وێ ماینه‌وه تا ته‌فرشیان، ره‌ئیس دانا و ده‌باغزاده به تۆپ و یه‌كه‌كانیانه‌وه كه له‌گه‌ڵ ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فادا بوون، گه‌یشتنه نه‌غه‌ده.
ئه‌حمه‌دی: بۆچی ئه‌وان زۆریان پێچوو؟
زەڕبەخت: ئه‌مانه به فه‌رمانی مه‌لا مسته‌فا له سه‌قزه‌وه ڕێكه‌وتبوون، له نیوه‌ی ڕێگا به‌فرێكی زۆر باریبوو، تۆپه‌كانیان له نێو به‌فر و قوڕدا چه‌قی بوو. زۆری خایاند تا توانیبوویان تۆپه‌كانیان له‌م ناوچه‌وه به هێستر بگه‌یه‌ننه ئێره. هۆی دره‌نگ هاتنه‌كه‌یان ئه‌مه بوو. ته‌فرشیان، به‌رپرسی ئه‌و تۆپانه بوو، فه‌رمانده‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بوو، سه‌ربازی یه‌كه‌كانی ڕازی كردبوو، تا مه‌هاباد و نه‌غه‌ده له‌گه‌ڵیان بێن و له‌وێ، له خزمه‌تی سه‌ربازی بپه‌ڕنه‌وه و بچنه‌وه لای بنه‌ماڵه‌كه‌یان. ئه‌وان سه‌رباز بوون. ته‌فرشیان له نه‌غه‌ده بڕێ پاره‌ی بۆ ڕێگا پێدان و ڕەوانهی كردن و كاغه‌زیشی بۆ نووسین كه ئه‌مانه سه‌ربازییان ته‌واو كردووه.
ئه‌حمه‌دی: ئه‌مانه سه‌ربازی فیرقه‌ی دیموكراتی ئازه‌ربایجان بوون؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ، ئه‌و سه‌ربازانه‌ی لەتهورێز هاتبوونه نێو فیرقه بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی دووجۆر بوون، یه‌كیان فیداییەکان بوون كه به ویستی خۆیان هاتبوون، ئه‌وانی دیكه له چوارچێوه‌ی یاسای سەربازیدا بوون. سه‌رۆكی به‌شی سه‌ربازی ئه‌وێ عەقید «شه‌فایی» له ئه‌فسه‌رانی ڕاپه‌ڕینی خۆراسان بوو.
ڕۆیشتنی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بۆ تاران
ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژەی مه‌لا مسته‌فا و ته‌فرشیان و یه‌كه‌كانیان چووبونه نه‌غه‌ده، عەقید غه‌فاری به نوێنه‌رایه‌تی عەمید هۆمایوونی فه‌رمانده‌ی سوپای ناوچه‌كه، بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا هات بۆ نه‌غه‌ده و داوایان كرد، بەمەبەستی دانووستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی بێتە تاران. ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا هاوڕێ له‌گه‌ڵ عەقید میرحاج و عەقید عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز دوو ئه‌فسه‌ری كوردی عێراق چاویان به عەقید غه‌فاری كه‌وت.
ئه‌حمه‌دی: میرحاج ئه‌ندامی حیزبی كۆمۆنیستی عێراق بوو؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ، میرحاج ئه‌ندامی حیزبی كۆمۆنیستی عێراق (هیوای كوردستان) بوو. ئه‌مانه له ڕاستیدا ڕاوێژكارانی مه‌لا مسته‌فا بوون كه له سوپای عێراقه‌وه پاڵیان به ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فاوه دابوو.
ئه‌حمه‌دی: له ڕاستیدا، ئامانجی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌م بانگهێشتە قۆزتنه‌وه‌ی كات بوو، پێده‌چێ، له‌و قۆناغه‌دا بۆ بهڕەنگاربوونهوه له‌گه‌ڵ بارزانییه‌كان ئاماده‌یی ئه‌وتۆیان نه‌بووبێ. بۆیه ده‌یانویست به تێپه‌ڕكردنی كات، خۆیان بۆسه‌ركوتكردنی ئه‌وان تهیاركهن، ڕای ئێوه چییه؟
زەڕبەخت: وایه، مه‌به‌ستی سوپا له‌م بانگهێشتە، ده‌رفه‌تێک بوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و ئامادەكاری بۆ سه‌ركوتكردنی یه‌كجاره‌كی بارزانییه‌كان. هه‌ڵبه‌ت بارزانییه‌كانیش له‌م مه‌به‌سته تێگه‌یشتبوون. ئه‌وانیش له بیری قۆزتنه‌وه‌ی كات بوون، چونكە ژن و منداڵه‌كانیان ده‌ستیان به‌ستبوون و ده‌یانویست هه‌رچۆنێك بێ زستان تێپه‌ڕكه‌ن. ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا دوای وه‌دسهێنانی ڕەزامهندی شێخ ئه‌حمه‌دی براگه‌وره‌ی، كه سه‌رۆك و ڕێبه‌ری رۆحانی خێڵه‌كه بوو، به هاوڕێیه‌تی عەقید میرحاج ئاکرەیی و عەقید عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، له‌گه‌ڵ عەقید غه‌فاری چوون بۆ تاران بۆ دیتنی شا و دانووستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیر ئه‌حمه‌د قه‌وام (قه‌واموسه‌ڵته‌نه) و ڕەزم ئارا سه‌رۆكی سوپا.
ڕێپێوان به‌ره‌و شنۆ
هه‌ر له‌م ماوه‌دا، شێخ محه‌مه‌د سەدیق كه هه‌میشه له‌گه‌ڵ ئێمه میهرەبان بوو، گوتی: نه‌غه‌ده بۆ ئێوه شوێنێكی ئه‌من نییه، كه‌وایه بهرژەوهندی ئێوه له‌وه‌دایه بچن بۆ شنۆ كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمەیە.
كۆتایی تشرینی دووەمی 1325دا(١٩٤٧) بوو ئێمه ١٠ ئه‌فسه‌ره ئاواره‌كه: ته‌فرشیان، ئێحسانی، ئه‌رته‌شیار، تیوای، ره‌ئیس دانا، زەڕبەخت، عه‌لی ئه‌سغه‌ری؛ ته‌وه‌كولی، مەركەزیان و ده‌باغزاده به دوو تۆپی 75 میلیمه‌تری چووین بۆ شنۆ.
له شنۆ له ماڵێكی كاگڵیدا، ژورێكمان به كرێ گرت. ژنێك بوو به ناوی دۆرا باجی. ژنێكی كورد بوو، نزیكه‌ی چوار مانگ، هه‌ر ده كه‌سمان له‌م ژووره‌دا ده‌ژیاین. ئه‌م ژنه، نانی بۆ ده‌كڕین، چێشتی بۆ لێده‌ناین، ئێمه‌ش ڕۆژێ دووتمهنمان پێ ده‌دا بۆ كرێ و خزمه‌ته‌كانی.
هه‌لومه‌رجی ژیان یه‌كجار دژوار بوو. خاوێنی و حه‌مام و ئاودهس هه‌ر نه‌بوو، ئه‌سپێ و كێچیش زۆر بوو، لاو بووین. ئه‌گه‌ر ئه‌سپێ بوو، پێكه‌نینیش بوو.
ڕۆژانه زۆرجار ده‌چووین بۆ ژووری ئه‌نجومه‌ن و ڕاوێژ‌مان له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د ده‌كرد. له‌وێ به چای میوانداریان لێ ده‌كردین، ئه‌گه‌ر هه‌وا خۆش بوایه، ته‌فرشیان، ره‌ئیس دانا و ده‌باغزاده له‌گه‌ڵ چه‌كداره لێهاتووه‌كانی بارزانی ده‌چوونه ده‌رێ و باركردن و دابه‌زاندنی تۆپ و مه‌شقی سه‌ربازیان فێر ده‌كردن.
له شنۆ بووین، ڕۆژێ لاوێكی كوردی كه‌ڵه‌گه‌ت هاتە لامان و خۆی به ناوی سه‌عیده‌وه ناساند. گوتی له لای حیزبی دیموکراتی كوردستانی عێراقه‌وه هاتووه بۆ شنۆ تا چاوی به ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بكه‌وێ و په‌یامێكی خۆشیشی له لایه‌ن كومیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌و حیزبه‌وه بۆ ئێمه هێنابوو. ئه‌و تا ده‌سپێكی شه‌ڕی نێوان سوپای ئێران و بارزانییه‌كان، 24ی ڕەشهمهی 1325(١٩٤٧)، چه‌ندجارێ هات بۆ شنۆ و جارێ كه به‌فرێكی قورس باریبوو، سه‌عید به زنجیره كێوه‌كانی زاگرۆس‌دا، كه ده‌یگوت له زۆر جێ‌دا تا پشتێنه ده‌چه‌قییه ناو به‌فر، خۆی گه‌یاندبووه شنۆ و په‌نجا دیناری عێراقی یارمه‌تی حیزبی دیموکراتی كوردستانی بۆ ئێمه هێنا. لاوێكی دلێر و ئازا بوو. دواتر كه شه‌ڕی فەڵەستین ده‌ستی پێكرد و حكوومه‌تی نیزامی له عێراق ڕاگه‌ێنرا، سه‌عیدیش قۆڵبه‌ست كرا و عه‌لی ئه‌سغه‌ری له به‌ندینخانه‌ی ناوه‌ندی به‌غدا ئه‌وی دیبوو.
یارمه‌تیدانی بارزانییه‌كان
كاری ئێمه‌ش یارمه‌تی بارزانییه‌كان بوو له كاری ئیداریدا. ئێحسانی ببوو به سه‌رۆكی دادگای سه‌رپێچی له یاسا. كه‌سێک شكاتی بوایه، ده‌هات بۆ لای ئه‌و. بۆ نموونە: دوو جوتیاری خه‌ڵكی شنۆ، ئه‌گه‌ر شه‌ڕێكیان ده‌بوو یا كه‌سێک دزی كردبایه، ده‌هاتن بۆ لای ئێحسانی، ئه‌ویش حوكمی ده‌دان. هاوڕێمان ئه‌رته‌شیار به‌رپرسی گومرك بوو، واته ئه‌و شتانه‌ی له ورمێ ده‌هاتنه شنۆ، بۆ بارزانییه‌كان گومركی لێدهستاندن، تا بتوانن پێی به‌ڕێ بچن. منیش ببوومه شاره‌وانی شنۆ. كاری شاره‌وانیش كارێكی ئه‌وتۆ نه‌بوو، واتە كاری ئاوه‌دانی نه‌بوو. من نرخی شتومهكم داده‌نا و ده‌مدا به جاڕچی تا به ده‌نگی به‌رز به خه‌ڵكی ڕاگهینێ. بۆ نموونە ده‌مگوت ئه‌مڕۆ گۆشت كیلۆی به ئێسقانه‌وه ئه‌وه‌نده و بێ ئیسقان ئهوهندەیە. نرخی كه‌بابم داده‌نا بۆ نموونە دوو شیش كه‌باب له‌گه‌ڵ نانێك پێنج قڕان. بارزانییه‌كان له به‌رامبه‌ر ئه‌م خزمهتانەی ئێمه، ڕۆژانه سه‌روو دوو تمه‌نیان جیره پێ ده‌داین. له‌و هه‌لومه‌رجه دژواره‌دا باشیش بوو زیندوو ماین. هه‌ڵبه‌ت دۆخی بارزانییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێمه جیاوازی هەبوو. ئه‌وان به هۆی ساڵانێكی زۆری ده‌ربه‌ده‌ری و ئاوارهیییەوە، ده‌چوونه هه‌ر لادێیه‌ك چه‌ند گولەیان به‌ره‌و ئاسمان ده‌ته‌قاند و به‌ڕێنوێنی كوێخا یا پێ خۆش بوونی خۆیان به‌سه‌ر ماڵه‌كانی لادێ‌دا دابه‌ش ده‌بوون، خه‌ڵكی لادێكانیش خۆراك و جێ خه‌ویان بۆ دابین ده‌كردن. هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ی جووتیارانی كوردستان له هه‌ژاریدا ده‌ژیان و خانووه‌كانیان خشتی كاڵ و قوڕ بوو، ڕێگه‌ی دیوه‌خان و گه‌وڕی مه‌ڕوماڵاتیان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه بوو، به هۆی هه‌ڵمی گهورەكانهوه، ژووره‌كانیان گه‌رم ده‌بوو، هه‌روه‌ها له ده‌ست دزیی شه‌وانه‌ی مه‌ڕوماڵات ڕزگاریان ده‌بوو.
ئه‌م هاووڵاتیانه‌مان له وه‌ها هەژاری، نه‌بوونی ژینگەی ته‌ندروستدا دەژیان، ئێمه‌ش بهوباوهڕ و هه‌سته پاكمانهوه له برسا بمردایهتین نه‌مانده‌توانی خۆمان به‌سه‌ر بنه‌ماڵه ڕەنجدهركاندا بسه‌پێنین. ئێمه ده‌مانویست ڕەفتارێكی دادپەروەرانەمان ببوایه و پێداویستیه‌كانمان به ڕەزامهندی و حه‌زی خۆمان بكڕین. ئه‌م بارودۆخه نزیك سێ مانگ درێژەی هه‌بوو، تا سوپای ئێران ڕۆژی 24ی ڕەشهمهی 1325دا (١٩٤٧) هێرشی خۆی بۆ سه‌ر بارزانییه‌كان ده‌ستپێكرد.
ئه‌حمه‌دی: دانووستانه‌كانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی تاران و قسه‌كانی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شنۆ چی بوو؟
زەڕبەخت: مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێكانی نیوه‌ی دووه‌می به‌فرانباری 1325(١٩٤٧) له تاران گه‌ڕانه‌وه. ژەنەڕاڵ مه‌لا مسـته‌فا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی، شه‌وێ ئه‌فسه‌ره‌كان و هێندێ له سه‌ركرده‌كانی بۆ میوانییه‌ك بانگهێشت كرد. له‌و میوانییه‌دا، کە ئه‌فسه‌ره‌كانی خۆی و تاقمێ له سه‌ركرده‌كانی بارزانی و ئێمه بووین. باسی دانووستانه‌كانی له‌گه‌ڵ شا، قه‌وامولسه‌لته‌نه سه‌رۆك وه‌زیر و ڕەزم ئارا سه‌رۆكی سوپادا كرد و گوتی: ئێمه‌یان بۆ دیتنی هێزی ئاسمانی، كارخانه‌ی چێكردنی ته‌قه‌مه‌نی و شوێنه‌كانی دیكه‌ی عه‌سكه‌ری برد، بەمەبەستی نواندنی ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌و جێگایانه‌یان پیشان داین. چاوپێكه‌وتنی دوایشمان له‌گه‌ڵ شا بوو. له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا شا گوتی: ئێمه ئاماده‌ین له ده‌وروبه‌ری هه‌مه‌دان شوێنێكی ئه‌منتان پێ بده‌ین و كشتوكاڵ بكه‌ن و چه‌كه‌كانتان دابنێن و خه‌ریكی ژیانی ئاسایی خۆتان بن.
ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا گوتی: له‌باره‌ی هاتن بۆ هه‌مه‌دان، گوتم : ئه‌م پێشنیاره‌م قبووڵه، به‌ڵام دواجار ده‌بێ براگه‌وره‌كه‌م شێخ ئه‌حمه‌د بڕیار بدا، چونکە ئه‌و سه‌رۆكی دنیایی و ڕووحانی خێڵهكهیه. ده‌بێ بۆ ئه‌م پێشنیاره قانعی بكه‌م. شا قبووڵی كرد ئه‌م كاره بكه‌م. پاشان به شام گوت: تا جێبەجێ كردنی ئه‌م پێشنیاره بڕێ خوارده‌مه‌نیمان پێ بده‌ن، چونکە بنه‌ماڵه‌كانمان له دۆخێكی یه‌كجار ناله‌باردا دەژین. شا گوتی: باشه به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی؛ ئێوه‌ش ده‌بێ ئه‌فسه‌رانی سوپای ئێران و تۆپه‌كانیان ڕاده‌ستی سوپا بكه‌نه‌وه. له وەڵامدا گوتم، قوربان! ئێوه نابێ ڕازی بن ئابڕوی عه‌شیره‌تی بارزانی بچێ و بكه‌وینه به‌ر ڕەهێڵهی جنێو و له‌عنه‌تی نه‌وه‌كانی داهاتوو. دابونه‌ریتی عه‌شیره‌تی بارزانی وا نییه؛ میوانه‌كه‌ی ڕاده‌ستی دوژمنه‌كه‌ی بكاته‌وه. ئاماده‌م به جێی ئه‌و شه‌ش ئه‌فسه‌ره هه‌ڵاتووه، هه‌ژده كه‌س له كوڕ و كوڕەزاكانم بده‌مه ده‌ست ئێوه، به‌ڵام له ڕادەست كردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ش ئه‌فسه‌ره ده‌بێ بمبوورن.
ئه‌حمه‌دی: ده ئه‌فسه‌ر بوون له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا، بۆ چی ناوی شهشیانت هێنا؟
زەڕبەخت: مه‌به‌ستمان ئه‌فسه‌رانی هه‌ڵاتووی سوپا بوو، ئه‌مانه جگه له ئه‌فسه‌رانی فیرقه بوون كه به بۆچوونی سوپاش، ئه‌فسه‌ری هه‌ڵاتوو له سوپا، به ئه‌فسه‌ر نا ناسرێته‌وه.
ئه‌حمه‌دی: پێشنیاره‌كه‌ی (خوارده‌مه‌نی) مه‌لا مسته‌فا قبووڵ كرا؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا له تاران به پێی ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی كرابوو، بارزانی له به‌رامبه‌ر بڕێ ئارد و دانه‌وێڵه، نه‌غه‌ده‌یان چۆڵ كرد و ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان به شنۆ و ده‌وروبه‌ری سنوردار كرا.
ئه‌حمه‌دی: مه‌لا مسته‌فا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له تاران، له به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری هێرشی ئێران له زستاندا چی كرد؟
زەڕبەخت: له‌و ماوه‌دا كه نزیكه‌ی سێ مانگ له نیشته‌جێ بوونی بارزانییه‌كان له شنۆ تێده‌په‌ڕی، هه‌ردوولا كارگهلێكیان كردبوو. سوپا ده‌ستی كردبوو به ئاماده‌سازی و چه‌كداركردنی عه‌شیره‌تی ئه‌و ناوچه كه لایه‌نگری حكوومه‌تی ناوه‌ندی بوون. مه‌لا مسته‌فاش بۆ قسەكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی خێڵی هه‌ركی و شكاك چوو بۆ باكوور (ناوچه‌ی ته‌رگه‌وه‌ر). مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو هاوكارییان بكه‌ن و ڕێگا به بارزانییه‌كان بده‌ن، تا له‌م ناوچه‌یه‌وه تێپه‌ڕن و خۆیان بگه‌یه‌ننه ناوچه‌ی باكوور. تیوای و من له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا تا سیلوانا چووین.
ئه‌حمه‌دی: ئامانجی چوونی بارزانییه‌كان بۆ ناوچه‌ی باكوور و ڕۆیشتن له‌و ناوچه‌وه، ئاماده‌كاری بوو بۆ ڕێپێوانه‌كه به‌ره‌و سۆڤیەت، یا هاتن بۆ ناو خاكی عێراق؟
زەڕبەخت: مه‌لا مسته‌فا له‌سه‌ر ڕۆیشتن بۆ سۆڤیەت ڕازی بوو، به‌ڵام براكه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د نه‌یار بوو. شێخ ئه‌حمه‌د پێگه‌ی ڕووحانی و سه‌رۆكی هۆز بوو، مه‌لا مسته‌فا بێ ڕەزامهندی ئه‌و نه‌یده‌توانی هیچ كارێ بكا. هه‌ڵبه‌ت، كاری سەربازی و گهڵاڵەدانانی کردە و هتد بوو کە مه‌لا مسته‌فا ده‌یكرد، له‌م جۆره كارانه‌دا ڕاوێژی له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرد. ئه‌و له مێژە پیشانی دابوو سه‌ردار و جه‌نگاوه‌رێكی چاكه، به‌ڵام له‌مه‌ڕ ئه‌م جۆره بڕیارانه و چوون بۆ وه‌ها ناوچه‌یه‌ك، دوا بڕیار به‌ده‌ست شێخ ئه‌حمه‌د بوو. ئێمه له‌گه‌ڵ چوون بۆ سوڤیه‌ت بووین. مه‌لا مسته‌فا ده‌یگوت: بچن براكه‌م ڕازی بكه‌ن.
ئه‌فسه‌رانی تووده‌یی دژ بە یه‌كتر
24ی ڕەشهمهی 1325 (١٩٤٧ز) پێكدادانێك له نێوان بارزانییه‌كان و یه‌كه‌كانی سوپا و عه‌شایری چه‌كدار، له ناوچه‌ی ته‌رگه‌وه‌ر ڕوویدا كه له‌و پێکدانەدا بارزانییه‌كان ناچار به پاشه‌كشێ بوون.
هه‌ر له‌و ڕۆژەدا له نه‌ڵۆس، نێوان نه‌غه‌ده و شنۆ پێكدادانێك ڕوویدا كه سی كه‌س له بارزانییه‌كان به پشتیوانی تۆپخانه‌ی ته‌فرشیان توانییان تیپێك له سوپا ته‌فرو توونا بكه‌ن و زۆریشیان به دیل بگرن.
كاتێک من و تیوا گه‌ڕاینه‌وه شنۆ، دیمان نزیكه‌ی سێ سه‌د كه‌سیان به دیل گرتووه و له مزگه‌وتی شنۆ‌دا به‌ندیان كردوون. كاتێ لێمان كۆڵینه‌وه، ده‌ركه‌وت ئه‌م تیپه له سووفیانهوه ڕێكه‌وتبوون، فه‌رمانده‌كه‌یان ڕائید كڵاشی بوو. له‌و پێکدانەدا بریندار ببوو، پێش ئه‌وه‌ی به دیل بگیرێ خۆی كوشتبوو. دواتر ده‌یانگوت ڕائید كلاشی له ئه‌فسه‌رانی حیزبی تووده بووه، ئێمه ئه‌و ده‌م زانیاریمان نه‌بوو.
به شكستی ئه‌م تیپه‌ی سوپا، پێنج ئه‌فسه‌ر و حه‌ڤده پله‌دار و سێ سه‌د سه‌رباز به دیل گیران. دوو قه‌بزه تۆپی 75ی چیایی و دوو قه‌بزه هاوه‌ن هاوێژ و بڕێ گولله تۆپ و هاوه‌ن و كه‌لوپه‌لی عهسكهرییان گرت. ئه‌فسه‌ره‌كان ئه‌مانه بوون: نەقیب پزیشك خودادۆست، ستوان یه‌كه‌م كه‌ماڵی فه‌رمانده‌ی ده‌سته‌ی تۆپخانه، ستوان یه‌كه‌می پیاده به‌سیره‌ت، ستوان یه‌كه‌می پیاده فاتحی، ستوان یه‌كه‌می پیاده میرحهمزهی یه‌عقووبی فه‌رمانده‌ی تیپی هاوه‌نهاوێژ.
ئه‌حمه‌دی: ڕائید میرحهمزهی یه‌عقووبی ئه‌ندامی سازمانی عه‌سكه‌ری حیزبی تووده و له به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه نه‌بوو؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ، ئه‌ندامی سازمانی عه‌سكه‌ری حیزبی تووده بوو، به‌ڵام وێده‌چێ له‌و كاته‌دا هێشتا نه‌بووبێته ئه‌ندامی سازمان یان ده‌ری نه‌ده‌خست تووده‌ییه.
به هه‌رحاڵ، مه‌حموود ته‌وه‌كولی ریزیان ده‌كا و له ناوچه‌ی نه‌ڵوسه‌وه ده‌یانهێنێ بۆ شنۆ. ئه‌فسه‌ره‌كان، پێش ئه‌وه‌ی بگیرێن، جلی ئه‌فسه‌ری دادهكهنن و جلی سه‌ربازی له‌به‌ر ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی نه‌ناسرێنه‌وه.
كاتێک ئێمه چووینه مزگه‌وتی شنۆ، ئه‌فسه‌ره‌كان له نێو ئه‌و سێسه‌د كه‌سه‌دا، نه‌ده‌ناسرانه‌وه، به‌ڵام ئێمه ئه‌وانمان ناسییه‌وه. ئه‌فسه‌ره‌كانمان دڵنیا كردووه، بارزانییه‌كان كاریان به‌وان نییه، چونکە سوپا ئه‌وانی ناردبوو، ئێستا به‌دیل گیرا بوون و له‌گه‌ڵ دیل كراویش خراپ هه‌ڵسوكه‌وتیان نه‌ده‌كرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، دڵنیامان كردنه‌وه تا ئێمه هه‌ین، بێ خه‌م بن. دڵخۆشیمان ده‌دانه‌وه.
له بیرمه، مریشكێكمان كڕیبوو، زۆرمان حەز له گۆشته‌كه‌ی بوو، دامان به‌وان.
له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م به دیل گیراوانه‌دا، بیرمه ڕۆژێ فڕۆكه‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ری جۆری هاین له ئاسمانی شنۆ ده‌ركه‌وت، له‌و به‌رزاییه‌وه سه‌رنشینی فڕۆكه‌كه تاقمێ له سه‌ربازه‌كان ده‌بینێ كه له حه‌وشه‌ی مزگه‌وت كۆببوونه‌وه، فڕۆكه‌كه سووڕێكی خوارد و نزم بووه‌وه تا گه‌یشته سه‌ر مزگه‌وته‌كه و شتێكی لوول كراویان خسته‌خوارێ، ئێمه‌ش هه‌ڵمانگرته‌وه و كردمانه‌وه، نامه‌یه‌ك بوو کە پیرۆزبایی له ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه ئازاكانی ئێرانی كرد بوو به‌بۆنه‌ی گرتنه‌وه‌ی شنۆ، ناوی فڕۆكه‌وان و دیده‌بانی فڕۆكه‌كه (نەقیب خوسره‌وی) كه له‌ژێر نامه‌كه‌دا نووسرا بوو، له بیرم ماوه. پێموایه له گه‌ڕانه‌وه‌یاندا، ڕاپۆرتی ئه‌م دۆزینه‌وه‌یان به ناوه‌ندی له‌شكر دابوو.
قۆناغی دوومی شه‌ڕی بارزانییه‌كان و سوپای ئێران
نزیكه‌ی ده ڕۆژ پاش تێكشكانی ئه‌و تیپه‌ی سوپا ـ ڕۆژی سێیه‌می خاكه‌لێوه‌ی 1326دا (١٩٤٨ز)تاقمێ سواری هێزی سوپا له شه‌ڕگه‌ی باكوور به فه‌رمانده‌یی ملازمی یه‌كه‌م ئیمامی كه له‌لایه‌ن گروپێكی ته‌یار به‌چه‌كی شه‌ست تیری قورس پشتیوانی ده‌كران به مه‌به‌ستی گرتنی به‌رزاییه‌كانی حه‌له‌ج، هێرشیان هێنا ئه‌م یه‌كه عه‌سكه‌رییه، له ناكاو بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیان كردبێ، به داگیرساندنی ئاگری بارزانییه‌كان ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه. له‌م کردەیەدا ئیمامی و سێزده كه‌س له هاوسه‌نگه‌رانی كوژران. فه‌رمانده‌ی تاقمی سوار، ستوانی دووه‌م حه‌مید جه‌هانبانی كوڕی سوپاسالار ئه‌مانۆڵڵا جه‌هانبانی و پازده كه‌س له سه‌ربازه‌كانی به‌دیل گیران و بۆ ئۆردووگای دیله‌كانی شنۆ نێردران.
جێوڕێدان به پتر له ٣٠٠ دیل، پاراستنیان و دابینكردنی خوارده‌مه‌نی، گیروگرفتێكی گه‌وره بوو بۆ بارزانییه‌كان. ڕۆژی نۆیه‌م یا ده‌یه‌می خاكه‌لێوه پاش گه‌ڕانه‌وه‌مان (ئه‌فسه‌ران) له به‌رزاییه‌كانی سووفیان ـ كه شه‌ڕگه‌ی عه‌مه‌لیاتی ڕۆژهەڵاتی شنۆ بوو ـ چووینه لای شێخ ئه‌حمه‌د. پێشنیارمان پێ كرد بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی گرفتی خوارده‌مه‌نی و پاراستنی دیله‌كان ڕازی بێ. سه‌رباز و پله‌داره‌كان ئازاد بكرێن، ته‌نیا ئه‌فسه‌ره‌كان ڕابگیرێن. شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌م پێشنیاره‌ی په‌سه‌ند كرد. سه‌رباز و پله‌داره‌كان نزیك شه‌ڕگه‌ی نه‌غه‌ده ئازاد كران.
دوایین قۆناغی کردەی سەربازی له خاكی ئێران‌دا
ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا له شه‌ڕگه‌ی باكوور بوو، ئێمه له باشوور. فه‌رمانده‌ی شه‌ڕگه‌ی شنۆ، تهفرشیانی ڕاسپارد به‌یه‌ك قه‌بزه تۆپی 75 له به‌رزاییه‌كانی ڕۆژئاوای سووفیان سه‌نگه‌ر بگرێ و به ئاگری خۆی پشتیوانی عه‌مه‌لیاتی بارزانییه‌كان بۆ گرتنی سه‌ربازگه‌ی سووفیان بكا. من له‌و ماوه‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵ تهفرشیاندا بووم، تۆزێ فێری تۆپ هاوێشتن ببووم، ته‌فرشیان یه‌كێ له‌و تۆپانه‌ی كه گرتبوومان، دای به من و له‌گه‌ڵ ده‌باغزاده و چه‌ند كه‌س له بارزانییه لێهاتووه‌كان كه ئه‌وانیش فێری تۆپ هاوێشتن ببون ـ چووین بۆ ناوچه‌یه‌ك به ناوی سوولدووز.
عەقیدی تۆپخانه، عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز و ملازمی یه‌كه‌م ره‌ئیس دانا به تۆپهكانیانهوه، له شوێنه جیا جیاكانی شه‌ڕگه چالاك بوون، به‌ڵام گوشاری سوپای ئێران، چاكی چه‌كه‌كانیان و كه‌ڵگ وه‌رگرتنیان له تانك و فڕوكه، بارزانییه‌كانی رووبه‌ڕووی كه‌می خوارده‌مه‌نی، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كێشه‌ی بنه‌ماڵه‌كانیان كردبووه‌وه، ئه‌م كۆسپانه ناچاری كردبوون به‌ره به‌ره پاشه‌كه‌شێ بكه‌ن. ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی نێردرا بوون بۆ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ، دایمه له بیری بنه‌ماڵه‌كه‌یاندا بوون. زۆرجار بۆ ڕاگه‌یشتن به كاری و باری ژیانی ڕۆژانه‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان له شه‌ڕ ده‌گه‌ڕانه‌وه، تا بزانن چیان به‌سه‌ردا هاتووه. له‌م بارودۆخه‌دا، تاقمێكی دیكه به جێگای ئه‌وان ده‌چوونه شه‌ڕ و هه‌میشه ئه‌م ئاڵوگۆڕە به‌رده‌وام بوو.
به‌رەبه‌ره بازنه‌ی گه‌مارۆ ده‌هاتە یەکتر و هێزه‌كانی سوپای ئێران ده‌هاتنه پێش. ڕۆژی چوارده‌ی خاكه‌لێوه من و ده‌باغزاده و گروپی تۆپخانه چووینه شنۆ، شه‌و چووینه ماڵی دۆراباجی و له‌وێ خه‌وتین ـ له ڕاستیدا، هاتبووین تۆپه‌كان له باخه‌كانی شنۆ دابنێین بۆئه‌وه‌ی به‌رگری له هێرشی سوپای ئێران بكه‌ین. به‌یانی كه له خه‌و هه‌ستاین، دیمان كه‌س نه‌ماوه. ته‌نیا هه‌ر ئه‌م تۆپچییانه مابوون كه له‌گه‌ڵ ئێمه بوون، شنۆ وه‌ك شارێكی مردووی لێهاتبوو. كه‌سی لێ نه‌مابوو. تۆپه‌كه‌مان له داوێنی بهزاییهكانی شنۆ له پاڵ داره‌كاندا دابه‌زاند.
به‌یانی ئه‌و ڕۆژە، دیمان گروپێ له سواره‌كانی عه‌شایر كه له خزمه‌تی سوپادا بوون ـ پێم وابێ هۆزی مامه‌ش بوون ـ خه‌ریكه وه‌ده‌ر ده‌كه‌ون. له ڕاستیدا، سوپا ئه‌مانه‌ی وه‌پێش ده‌خست كه له چۆنیه‌تی کردەکە بكۆڵنه‌وه و پاش وه‌رگرتنی زانیاری له ڕێگای ئه‌مانه‌وه، گه‌ڵاڵه‌ی هێرشه‌كه دابڕێژن. پاش ته‌قاندنی چه‌ند گولله‌یه‌ك و پاشه‌كه‌شێ و ترساندنیان، تۆپه‌كه‌مان له هێستر نا و له داوێنی ڕۆژئاوای شارۆچكه‌ی شنۆ كه له زنجیره به‌رزاییه‌كانی زهردكێو و لقێ له زاگرۆس بوو، ده‌گه‌یشته سنووری عێراق، به كێوه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتین. نزیك نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه گه‌ڵاز كه گوندێكی چكۆله‌یه له سه‌ر سنوور. شێخ ئه‌حمه‌د له‌وێ بوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌كان به‌ره‌و ڕووباری گاده‌ر ده‌چوون كه هێڵی سنووری ئێران و عێراق بوو.
ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا له ده‌شتی ته‌رگه‌وه‌ر له شه‌ڕگه‌ی باكوور بوو. له ڕاستیدا له رەوتی عه‌مه‌لیاتدا ئه‌ركی پاشه‌كێشی له‌سه‌ر شان بوو، تا به‌م جۆره بنه‌ماڵه‌كان به بێوه‌ی بگه‌نه سنوور. بنه‌ماڵه‌كان به كهلوپهلهكانیانهوه، له‌و به‌فر و سه‌رما و سۆڵه‌دا، كوێره ڕێیەكیان له‌و به‌رزاییانه بۆ خۆیان كرده‌وه و به‌ره‌و دۆڵی گاده‌ر ڕێكه‌وتن. ئێمه‌ش له گه‌ڵیان بووین. ڕێپێوانهكهمان له‌و به‌رزاییه هه‌ڵه‌مووت و بهفرگرتوانهی زاگرۆس دا سه‌رجه‌م یازده ڕۆژی خایاند.
ئه‌حمه‌دی: له‌و هه‌لومه‌رجه دژواره‌دا، دابینكردنی خوارده‌مه‌نی و پاشهكشێتان چۆن بوو؟
زەڕبەخت: له‌م یازده ڕۆژەدا، نهجێگایهك بوو لێی بخه‌وێن و نهخواردهمهنییهك بشێ له برسییه‌تی ڕزگار ببین. شه‌و و ڕۆژ له ده‌رێ بووین. تووبهرهیهكمان له جا‌و دروست كردبوو و گه‌نمی برژاومان تێكردبوو و به جێی خۆراك ده‌مانخوارد. كورده‌كانیش نان ساجییان دروست كردبوو و ده‌یانخوارد، ئێمه‌ش پێمان ده‌گوتن. ئێمه به‌رپرسانی تۆپخانەین و میوانی ئێوه‌ین و نانمان نییه بیخۆین. ژنه‌كانیان یه‌ك دوو نانیان پێداین. نیوه‌ڕۆیه‌ك سفره‌مان ڕاخستبوو و خه‌ریك نان خواردن بووین، هێرشی ئاسمانی فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی هایند ده‌ستی پێكرد.
شێخ ئه‌حمه‌د به سه‌ید ته‌های گه‌یلانی سه‌رۆكی عه‌شایری كوردی ههركیدا په‌یامی بۆ فه‌رمانده‌ی سوپا ناردبوو، كه، ئاماده‌یه ئه‌فسه‌ره دیله‌كان ، ڕاده‌ستی سوپا بكاته‌وه. به‌و مه‌رجه‌ی فڕۆكه بۆردمانیان نه‌كه‌ن. سوپا ئه‌فسه‌ره‌كانی وه‌رگرته‌وه، به‌ڵام به‌ڵێنه‌كه‌ی جێبەجێ نه‌كرد. ئه‌و ڕۆژە كه خه‌ریكی خواردنی نانی نیوەڕۆ بووین، فڕۆكه‌یه‌ك له‌سه‌ر سه‌رمان ده‌ركه‌وت. فڕۆكه‌كه به‌ره‌و خوار شۆڕ بووه‌وه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ته‌قه یا بۆردمان بوو. یه‌كه‌م جار، له ده‌وری سفره‌كه دوور كه‌وتینه‌وه و خۆمان كرد بهكوونه به‌رده‌كاندا. من و مه‌حموود ته‌وه‌كولی له كونه به‌ردێكدا بووین. كاتێ فڕۆكه‌كه شۆڕ بووه‌وه و هه‌ستایه‌وه، دیتم دوو بۆمبی دوازده كیلۆیی به‌ردایه‌وه. ته‌وه‌كولی خه‌ریك بوو هه‌ستێ، خێرا ڕامكێشاوه، چونکە فڕۆكه‌كه هێشتا كاره‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردبوو. هه‌ر له‌م كاته‌دا، بۆمبه‌كان كه‌وتنه سه‌ر به‌فر و ته‌قینه‌وه. پیره پیاوێكی بارزانی كه به پێوه ڕاوه‌ستابوو، له‌ته بۆمبێك به سه‌ری كه‌وت و ده‌ست به‌جێ كوژرا. ئه‌مه‌مان به چاوی خۆمان دی. خێرا ڕامان كرد بۆ خوارێ به‌ره‌و تاشه‌به‌رده‌كان و تاقمێكی دیكه‌ش به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵاتن. جاری دووه‌میش، بۆمبه‌كان له نزیك ئێمه ته‌قینه‌وه. دیسان دووپات بووه‌وه. ژنێ كه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی ده‌ڕۆیشت، له‌ته بۆمبێك له ده‌ستیدا و ده‌ستی شۆڕ بووه‌وه. دیسان، خۆمان كرده‌وه به كوونهبهردهكاندا. بۆ جارێ تریش دوو بۆمبی دیكه‌ی به‌ردایه‌وه و ڕۆی.
دوای ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه ڕۆی، ئێمه له كوونهبهردهكان هاتینه ده‌رێ و عێزه‌ت عه‌لی ئهسغهریمان دی پارچەیەک ئاسن چۆته ناو ڕانیه‌وه. بارزانییه‌كان برینپێچێکیان بوو وه‌ك برینپێچەكانی لای خۆمان. به‌ڵێ ئه‌م برینپێچە هات و سیخێكی له توره‌كه‌كه‌ی ده‌رهێنا و كردی به ناو ڕانی عه‌لی ئه‌سغه‌ری، هه‌رچه‌ند سووڕی دا، نه‌یتوانی له‌ته ئاسنه‌كه ده‌ربێنێ.
ئه‌حمه‌دی: كه‌رسته‌ی سڕكردنی پێستیان پێ بوو؟
زەڕبەخت: نا، عه‌لی ئه‌سغه‌ری هاوار و ناڵه‌ی لێ هه‌ستا. نه‌یده‌توانی بجووڵێته‌وه. ڕانی ماسیبوو و به قه‌د باڵنجێكی چكۆله‌ی لێهاتبوو. وامان پێ چاك بوو له سنووری عێراق، ڕاده‌ستی عێراقییه‌كانی بكه‌ینه‌وه. سواری هێسترمان كرد و دامان به هه‌وه‌ڵ پاسگه‌ی عێراقی هه‌تا چاره‌سه‌ری بۆ بكه‌ن.
بردیانه به‌غدا و نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ كرد و چاك بووه‌وه. دواتر ئه‌مه‌مان زانی. پاش چاكبوونه‌وه‌ی، دادگایه‌كی به‌غدا به‌هۆی سنوور به‌زاندنه‌وه، سێ مانگ حوكمیان دا. پاش ئه‌م ماوه، گوێزتیانهوه بۆ به‌ندینخانه‌ی ئه‌بوغه‌ریب بۆ لای ئێمه.
دیسان، به‌یانی ئه‌و ڕۆژەش فڕۆكه‌یه‌ك له ئاسمان وه‌ده‌ركه‌وت. له‌و ڕۆژانه‌ی له شه‌ڕگه بووین، فڕۆكه ده‌هات، به‌ڵام بۆمب و گولله‌ی له جێگای دیكه به سه‌ر مه‌زراكاندا به‌رده‌دایه‌وه و كاری به ئێمه نه‌بوو. به هاوڕێكانمان ده‌گوت: فڕۆكه‌وانی ئه‌م فڕۆكه‌یه له ئه‌فسه‌رانی تووده‌یه. بۆیه هێرش ناكاته سه‌ر ئێمه، ته‌نیا ئه‌ركه‌كه‌ی له‌كۆڵ خۆی ده‌كاته‌وه.
ڕۆژی سێیه‌می عه‌مه‌لیاتی هه‌وایی، فڕۆكه‌یه‌ك له به‌رزاییه‌كی حه‌وت سه‌د ـ هه‌شتسه‌د مه‌تری ئاسمانه‌وه‌یه. كورده‌كانی بارزانی به ڕاده‌یه‌ك له‌و بۆردمانه‌ی دوێنێ تووڕە ببوون گشتیان ته‌قه‌یان له‌م فڕۆكه ده‌كرد.
به هاوڕێكه‌مان گوت: له‌م مه‌ودایه‌وه ته‌قه كردن له فڕۆكه بێ كه‌ڵكه. ئه‌گه‌ری پێكانی، یه‌ك له ملیۆندایه. ئه‌مه به فیڕۆدانی گولله‌یه. له‌م كاته‌دا فڕۆكه‌كه به‌ره‌و خوارێ بۆ دهشتیاییهكان شۆڕ بووه و كه‌سێ به پەڕەشووت خۆی به‌ردایه‌وه. فڕۆكه‌كه كه‌وته خواره‌وه و بوو به پارچه‌یه‌ك ئاگر. گوتم گولله به‌ر جێگایه‌كی هه‌ستیاری كه‌وتووه و فڕۆكه‌كه‌ی بۆ كۆنترۆڵ نه‌كراوه و كه‌وتووه‌ته خوارێ یان فڕۆكه‌وانه‌كه گولله‌ی وهبهركهوتووه. به‌ڵێ دواتر بۆمان ده‌ركه‌وت؛ كه نائب زابت له جێی دیده‌بان دانیشتبوو، به پەڕەشووت خۆ به‌رده‌داته‌وه و و فڕۆكه‌وانه‌كه‌ش ملازمی یه‌كه‌م غوڵامحسه‌ین نه‌جمی بوو كه له هاوڕێیانی توودهییمان بوو.
ئه‌حمه‌دی: ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه به‌شێ له‌و تراژدیا گه‌وره‌یه كه ئه‌فسه‌رانی سازمانی عه‌سكه‌ری حیزبی تووده چۆن به‌بێ ویستی خۆیان له به‌رامبه‌ر یه‌كدا ڕاده‌وه‌ستن.
دواین وتووێژ له‌گه‌ڵ ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا
زەڕبەخت: له درێرەی ڕێپێوانه‌كه، ڕۆژانی كۆتایی مانه‌وه‌مان له ئێران له ڕۆخی ڕووباری گاده‌ر تێپه‌ڕی كه هێڵی سنووری بوو. مه‌لا مسته‌فا یه‌كێ له چه‌كداره‌كانی نارد به‌شوێن تهفرشیاندا. ته‌فرشیان وتەبێژی ئێمه بوو. مه‌لا مسته‌فا به تهفرشیانی گوت: «بنه‌ماڵه‌ی من و شێخ ئه‌حمه‌د و تاقمێ له پیره‌پیاو و پیرێژن ده‌چنه‌وه عێراق، خۆ به‌ده‌سته‌وه بده‌ن، به‌ڵام من و تاقمێ له پێشمه‌رگه‌كان واناكهین و ده‌مانه‌وێ چه‌كدارانه بچینه‌وه خاكی عێراق و درێژە به خه‌بات بده‌ین؛ به‌ڵكو كارێ وابكه‌ین ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان به‌ده‌ستی عێراقهوهدا، بتوانن بێن و له ناوچه‌ی بارزان بژین. ئێوه ئاماده‌ن له‌م شهرڕەدا له خاكی عێراق له‌گه‌ڵ ئێمه بێن؟ ته‌فرشیان گوتی: «ئێمه ڕێگەیه‌كی ترمان نییه، بۆ هه‌ر شوێنێ بچن، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵتانین.» مه‌لا مسته‌فا گوتی: « ئێمه به ڕێی مه‌رگدا ده‌ڕۆین. تیكه نانێكمان هه‌بێ، پێكه‌وه ده‌یخۆین. مردن و ژیانمان پێكه‌وه ده‌بێ.» ته‌فرشیان گوتی: « ئاغای بارزانی! مه‌گه‌ر تا ئێستا هه‌ر وا نه‌بووه. ئێمه به‌وپه‌ڕی پێخۆش‌بوون پێشوازی له‌م پێشنیاره ده‌كه‌ین.» مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێیانی ویستیان چه‌كدارانه بچنه ناو خاكی عێراق. ده‌یانگوت: ئێمه ده‌بین به «ئهشقییا». وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیان به‌كار دێنا كه هه‌ر مانای وشه‌ی یاخی ده‌دا.
ئه‌حمه‌دی: له فه‌رمانده‌یی ته‌فرشیان له‌شه‌ڕ به تۆپ، له‌ناو خاكی عێراقیشدا كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرا؟
زەڕبەخت: نه‌ده‌كرا تۆپ له‌گه‌ڵ خۆمان به‌رین. تۆپه‌كان قورس بوون و ده‌بوو به هێستر بیانبه‌ین. ته‌نیا به چه‌كی سووكه‌وه چووینه ناو خاكی عێراق. ته‌فرشیان تۆپه‌كانی له كارخست بۆئه‌وه‌ی سوپای ئێران، نه‌توانێ كه‌ڵكیان لێوه‌رگرێت.
گشتمان پێشوازیمان له‌م پێشنیاره‌ی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا كرد، بێگومان له ئێران ئیعدام ده‌كراین.
عێراقیش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی بریتانیا بوو. متمانه‌مان نه‌بوو، دڵنیا بووین ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی شامان ده‌كه‌نه‌وه.
ڕۆژی 25ی خاكه‌لێوه‌ی 132٥(١٩٤٧) هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌كان له پردی سنووری گادهرهو تێپه‌ڕین و خۆیان به‌ده‌ست عێراقه‌وه دا، مه‌لا مسته‌فا به ئێمه‌ی گوت: «من باوه‌ڕم وایه ئێوه له عێراق ببنه په‌نابه‌ر. یاسای عێراق پشتیوانی‌تان لێده‌كا، ئه‌وان ناتوانن ئێوه به‌ده‌سته‌وه بده‌ن، چونکە ئێوه له عێراق تاوانێكتان نه‌كردووه، به‌ڵام دۆخی ئێمه جیاوازه له هی ئێوه. ئێمه له سێ وڵات به ئیعدام مه‌حكومین، چونکە له‌گه‌ڵ سوپای عێراق و ئێران و توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ین. به ڕای من واباشه بچن له عێراق ببنه په‌نابه‌ر.
پاش بیستنی ئه‌م قسانه‌ی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا، هاتین و پێكه‌وه قسه‌مان كرد و وامان به چاك زانی ئه‌م كاره نه‌كه‌ین و به شوێن ئه‌واندا بڕۆین.
عەسری ئه‌و ڕۆژە، ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا و پێنجسه‌د كه‌س له هاوڕێیانی به سه‌ر به‌رزاییه‌كانی باكووری دۆڵی گاده‌ر سه‌ركه‌وتن. ئێمه‌ش به دوایاندا ڕۆیشتین.
ئه‌حمه‌دی: هۆی گۆڕینی باوه‌ڕی مه‌لا مسته‌فا له دانیشتنی دووه‌مدا كه پێشنیاری كرد، بچن و له ده‌وڵه‌تی عێراق داوای په‌نابه‌ری سیاسی بكه‌ن، چی بوو؟
زەڕبەخت: ئێمه له‌و ڕۆژەدا به‌مه گه‌یشتین یه‌كه‌م، ئیدی له لایه‌ن سەربازییه‌وه ئه‌و بایه‌خه‌ی زوومان بۆ بارزانییه‌كان نییه. چونکە تۆپه‌كانمان له كارخست و له‌ناومان بردن. له پێگه‌ی چریكیشدا به‌ڕاده‌ی چه‌كدارانی بارزانی بایه‌خمان نه‌بوو، له ڕاستیدا به‌ر ده‌ستمان ده‌گرتن. سێیه‌م، ئێمه مۆركی كۆمۆنیستی به ناوچاوانمانهوه بوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕەنگ بوو پێگه‌ی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا له ئه‌گه‌ری دانووستانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق ـ كه ده‌ست نیشانی بریتانیا بوو ـ لاواز بكا. ئه‌گه‌ر ڕێكکهوتنێ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كرا، ناچار بوو ئێمه ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق بكاته‌وه. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دابونه‌ریتی هۆزی بارزان و پشتیوانی له په‌نابه‌ران بوو كه په‌نایان بۆ ده‌هێنان.
ئه‌حمه‌دی: ئه‌م پرسیاره لای من سه‌ر هه‌ڵده‌دا، ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا كه ده‌یویست بێته په‌نابه‌ر له سۆڤیەت و هه‌ر واشی كرد، به تایبه‌ت كه‌لای ئێوه ئه‌م پێشنیاره‌شی پێ كرابوو. بۆ چی پێشنیاری كرد ئێوه له عێراق ببنه په‌نابه‌ر؟
زەڕبەخت: له‌و كاته‌دا مه‌لا مسته‌فا بڕیار نه‌بوو بچێ بۆ سۆڤیەت. تێدەكۆشا له‌وكاته‌دا، پێگه‌ی خۆی له عێراق پته‌و بكا تا بتوانن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق دانووستان بكه‌ن كه تێگه‌یشت له‌م باره‌وه سه‌ركه‌وتوو نابێت و خیانەتی لێ دەکەن و له مه‌ترسیدان، نزیك به مانگێك و چه‌ند ڕۆژێ دواتر، ناچار بوون به ڕێپێوانێك بگه‌نه سۆڤیەت.
به‌ڵێ هه‌ر وا كه گوتم، ئه‌و ڕۆژە ئێواره به دوای ئه‌واندا ڕۆیشتین. ئه‌و شه‌وه ته‌فرشیان تای هه‌بوو، خه‌ریك بوو ده‌سووتا. شه‌وێكی سارد بوو و گه‌یشتینه شوێنی ڕەشماڵی ههركییهكان. سه‌یری ههركوێمان ده‌كرد ئاگرێكی لێ داگیرساوه و پڕە له مرۆڤ، بەڵام شوێنێكمان نه‌دۆزیه‌وه. شێخ سلێمان مامی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا كه ڕاوێژكاری سیاسی بوو، دۆزیمانه‌وه و پێمان گوت ته‌فرشیان نه‌خۆشه و تای هه‌یه. ئه‌و شه‌وه هه‌ر چۆنێ بوو تهفرشیانمان له‌و به‌فر و سه‌رما و سۆڵه‌دا ته‌پانده خێوهتێكهوه و خۆمان تا به‌یانی لەبه‌ر سه‌رما لهرزاین.
داوای په‌نابه‌ری سیاسی له عێراق
له تاریك و ڕوونی به‌یاندا، دانیشنێكمان ساز كرد، وامان به چاك زانی به جێی مه‌ترسی له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئێران، داوای په‌نابه‌ری سیاسی له عێراق بكه‌ین.
هه‌ر ئه‌و ڕۆژە، به‌ره‌و دۆڵی گاده‌ر شۆڕبووینه‌وه. تیوا كه پله‌ی ڕائیدی هه‌بوو به نوێنه‌رایه‌تی له گروپه‌وه ناردمان بۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سنوورداری عێراقی. ڕائیدی عێراقی داواكه‌ی ئێمه‌ی به ته‌له‌گراف به وه‌زارەتی ناوخۆ ڕاگه‌یاند. پاش چه‌ند کاتژمێر، وڵامه‌كه‌مان به‌م شێوه‌یه بوو: «داواكاری په‌نابه‌ری ئه‌فسه‌رانی ئێرانی قه‌بووڵی ده‌كرێ و به پێی یاسا هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ. واژۆ: وه‌زیری ناوخۆ ساڵح جه‌بر»
ڕۆژی 26 خاكه‌لێوه‌ی 132٥ (١٩٤٧)چه‌كه‌كانمان دا به پاسگه‌ی سنووری عێراق و به داواكاری په‌نابه‌ری سیاسی، خۆمان به چاره‌نووسێكی نادیار سپارد. له‌و ده‌مدا نووری سه‌عید سه‌رۆك وه‌زیری عێراق و ساڵح جه‌بر وه‌زیری ناوخۆ بوو. دواتر ساڵح جه‌بر بوو به سه‌رۆك وه‌زیر و نووری سه‌عیدیش له پشت په‌رده‌وه بوو.
پاشان ئێمه‌یان به ڕێزه‌وه برد بۆ یه‌كه‌م پاسگه‌ی جه‌ندرمه، شه‌و له‌وێ خه‌وتین. به‌یانی ئه‌و ڕۆژە دووكه‌س كه‌له‌بچه‌یان كردین و هێنایانین بۆ شوێنێ به ناوی باپشتیان كه سه‌ربازگه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری بوو. له‌وێوه سواری سەیارەیان كردین و هێنایانین بۆ كه‌ركووك.
له كه‌ركووكیشه‌وه به شهمهندەفهر كه كهلهبچهكانیان به كورسییه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌وه بەستبوو، بردیانین بۆ به‌غدا بۆ به‌ندیخانه.
ڕێپێوانی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا و پێشمه‌رگه‌كانی بۆ سۆڤیەت
ئه‌حمه‌دی: ڕۆژی 26ی خاكه‌لێوه‌ی 132٥(١٩٤٧ز) چاره‌نووسی ئێوه ده‌كه‌س ئه‌فسه‌ر و شێخ ئه‌حمه‌د و به‌شێ له بارزانییه‌كان كه خۆیان به ده‌ست ده‌وڵه‌تی عێراقهوهدا و چاره‌نووسی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێیانی، هه‌ر یه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك بوو. ده‌كرێ، بفه‌رموون دواتر ئاگه‌داریتان له چاره‌نووسی ئه‌وان بوو؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ، زۆر به كورتی بۆتان باس ده‌كه‌م. شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی پاش خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی به ده‌وڵه‌تی عێراق تا ساڵی 1958 له به‌غدا و به‌سره به‌ندكرا و كاتێک عه‌بدولكه‌ریم قاسم كوده‌تای كرد، ئازاد كرا. هه‌ڵبه‌ت به‌ندیخانه، خانووه‌یه‌ك بوو كه كرابوو به به‌ندیخانه. شێخ محه‌مه‌د سەدیقی برای، حه‌مه ئاغای مێرگه‌سۆری و بنه‌ماڵه‌كه‌یان له ئۆردوگای مووسڵ و كه‌ركووك له ژێر چاودێریدا بوون. چوار ئه‌فسه‌ری عێراقی كه له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د خۆیان به‌ده‌سته‌وه دابوو، واتا عەقیدی ستاد عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، ڕائید مسته‌فا خۆشناو، نەقیب خێڕوڵڵا بابان، ملازم محه‌مه‌د مه‌حموود، پاش مه‌حكه‌مه كردن، ئیعدام كران. لەبارەی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا و هاوڕێیانی كه چوون بۆ سۆڤیەت، دواتر هه‌ندێ به‌ڵگه‌م به‌ده‌ستهێنا، له كتێبێكدا بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه.
ئه‌حمه‌دی: كارێ سه‌رنج ڕاكێشه، هیوادارم به‌رده‌ستی خوێنه‌ران بكه‌وێ، هه‌ڵبه‌ت من هه‌ندێ شتی گشتیم له غه‌نی بلووریان بیست.
زەڕبەخت: له چه‌ند لاوه، كاره‌كه‌م ده‌ست پێكرد. كۆكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كان، له ڕێگه‌ی به‌ڵگه و گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ كه‌س و به‌ڵگه‌ی ده‌وڵه‌تی. بۆ وێنه: له ڕێگه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رتیپ وسووقی كه دواتر سوپاسالار و وەزیری شه‌ڕ بوو. ئه‌و ئه‌ندامی كۆمۆسیۆنێ بوو له كێشه‌ی هه‌ڵاتنی بارزانییه‌كانی ده‌كۆڵییه‌وه كه چۆن توانیان به‌سه‌ر هه‌موو كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كاندا زاڵ بن و له ئاراس بپه‌ڕنه‌وه. ئه‌ندامانی ئه‌م كۆمۆسیۆنه بریتی بوون له: سوپاسالار شابه‌ختی، سه‌رله‌شكه‌ر خوسره‌وانی، سه‌رتیپ وسووق و سه‌رتیپ گورزهن. ڕاپۆرته‌كانی سه‌رله‌شكر هۆمایوونی كه فه‌رمانده‌ی هێز بوو له ناوچه و ڕاپۆرته‌كانی عەقید فیووزی سه‌رۆكی ناوه‌ندی ئه‌و هێزه بوو، چنگم كه‌وتن. پاش ئه‌مانه‌ش، له عه‌زیمییه‌ی كه‌ره‌ج تاقمێ له بارزانییه‌كانی لێ‌بوو، له‌گه‌ڵ دوو كه‌سیان وتووێژم كرد.
ئه‌حمه‌دی: واته هه‌ر له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌م كارانه‌ت كرد و وێڕانهت ڕێكخست؟
زەڕبەخت: به‌ڵێ، ساڵی 1372 (١٩٩٤ز)واته دوو ساڵ پێش ئێستا كه له‌وكاته 48 ساڵ تێده‌په‌ڕێ. له‌گه‌ڵ دوو كه‌سیان وتووێژمان كرد، یه‌كیان پێشمه‌رگه‌یه‌ك بوو، ئه‌وكات هه‌ژده ساڵی ته‌مه‌ن بوو به ناوی كازم شانه‌ده‌ری، ئێستا 66 ساڵ ته‌مه‌نیه‌تی. ئه‌وی كه‌شیان كاكه حه‌سۆمیرخان لاوێكی 23 ـ24 ساڵان بوو، ئێستا نزیك 70 ساڵی ته‌مه‌نه. ئێستا كورته‌یه‌ك له‌و ڕێپێوانهتان بۆ باس ده‌كه‌م:
بارزانییه‌كان له‌و كاته‌دا به پێی لیسته‌كه‌ی من، 502 كه‌س بوون. له پێشدا ده‌چنه خاكی عێراق و ناوچه‌ی بارزان و بڵاوە دەکەن. هیچ شه‌ڕ و پێكدادانێكیان له‌گه‌ڵ هێزه سنووریه‌كانی سوپای عێراق نابێت. ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا چاوه‌ڕوان بووه تا بزانێ عێراقییه‌كان چ ده‌كه‌ن. له لایه‌ن سوپای عێراق دێن و له‌گه‌ڵی پێوه‌ندی ده‌گرن. ته‌نانه‌ت دوو كه‌س له بارزانییه‌كان كه له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د خۆیان به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه دابوو له‌گه‌ڵ خۆیان دێنن. هاتبوون بزانن چه‌كداره‌كانی ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا چه‌ند نەفەرن. له ڕاستیدا ده‌یانویست هه‌ڵیانسه‌نگێنن.
پاش تێپه‌ڕبوونی مانگێك، ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا گه‌مارۆ ده‌درێ و ده‌زانێ به‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه كه‌مه‌وه، ده‌ره‌قه‌ت نایه و شێخ ئه‌حمه‌د له به‌ندیخانه‌دایه، خۆی ڕاسته‌وخۆ لەبارەی ئه‌م 502 كه‌سه‌وه بڕیار ده‌دا به‌ره‌و سۆڤیەت به‌ڕێ كه‌ون. ئه‌مانه له گوندی بێداڤ [دووه‌می جۆزه‌ردانی 132٥] (١٩٤٧ز)له سنووری عێراق و توركیاوه ده‌چنه خاكی توركیا، دواتر دێنه خاكی ئێران و له كوردستانی ئێران، ده‌چنه دێی جێرمی. له‌م ڕێپێوانه‌دا به به‌رزاییه‌كان، ڕووباره‌كان و شاخه به‌فراوییه‌كان و به درووست كردنی پێپلیكانی به‌فری له كوێستانه‌كانی توركیا، دێنه‌وه خاكی ئێران [شه‌شی جۆزه‌ردانی 132٥] (١٩٤٧ز).
سوپای ئێران ده‌زانێ بارزانییه‌كان چه‌كدارانه هاتوونه‌ته خاكی ئێران له ناوه‌ندی سوپاوه فه‌رمان ده‌ده‌ن له سێ ناوچه‌ی جیا جیادا له به‌رده‌میاندا هێڵی به‌رگری ساز بكه‌ن. گرنگترین ناوچه‌ی سازكردنی هێڵی به‌رگری له قتوور چای بوو. فه‌رمانده‌كانی سوپای ئێران له ناوچه‌كه‌دا هێزه‌كانیان بڵاوكردبووه تا له جێیه‌كدا وه‌به‌ر هێرشی بارزانییه‌كان نه‌كه‌ون. چونکە پێشتر زه‌بری بارزانییه‌كانیان چه‌شتبوو. سوپا تا دێ سه‌قامگیر بێ، بارزانییه‌كان له شی‌و و دۆڵهكانهوه تێده‌په‌ڕن. به ڕۆژ له ژێر تاشه به‌رددا خۆیان ده‌شارده‌وه، تا هێزی ئاسمانی نه‌یانبینێته‌وه و بتوانن به‌شه‌ودا درێژە به ڕێپێوانه‌كه‌یان بده‌ن. ده كه‌سیان لێ بریندار ببوون. به‌داره مه‌یت له‌م دێ بۆ ئه‌و دێ ده‌یانبردن. له شوێنێ به ناوی شووت [جۆزه‌ردانی 132٥] ل(١٩٤٧ز) لەگه‌ڵ سوپای ئێران تێ هه‌ڵده‌چن و نزیكه‌ی سی ـ چل كه‌س له سوپای ئێران ده‌كووژرێن. بارزانییه‌كان ئه‌و پرده ده‌گرن و شه‌وانه له وێوه ده‌په‌ڕنه‌وه و ده‌گه‌ن به گوندێ به ناوی هاسوون. سێ ڕۆژی دیكه ده‌گه‌نه ڕووباری ئاراس، سنووری ئاوی ئێران و سۆڤیەت.
نەقیب میرحاج له بیری درووست كردنی خییە بوو له پێستی بزن؛ خییهكان پڕ ده‌كه‌ن له با و پێی ده‌په‌ڕنه‌وه و له‌گه‌ڵ سنوورپارێزانی سۆڤیەت پێوه‌ندی ده‌گرن، مۆسكۆش پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نن ئێمه ناتوانین له پهڕینهوهتان له ڕووباره‌كه هیچ چه‌شنه یارمهتییهكتان بده‌ین؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆتان په‌ڕینه‌وه، ئه‌وا هیچ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك له‌به‌رده‌متاندا نییه بۆ هاتنه ناو خاكی سۆڤیەت.
له پێشدا میرحاج و دوو كه‌سی دیكه ده‌په‌ڕنه‌وه، پاشان كه‌سانی دیكه و له دوای هه‌مووشیان مه‌لا مسته‌فا ده‌په‌ڕێته‌وه.
- مورته‌زا زەڕبەخت ساڵی 1300ی هه‌تاوی (١٩٢٢ز) له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خێزانداری تاران له دایك بوو. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له قوتابخانه‌ی نیزام ته‌واو كرد و ساڵی 1319ی هه‌تاوی (١٩٤١ز) چووه زانكۆی ئه‌فسه‌ری به‌شی فڕۆكه‌وانی. رەزبهری ساڵی 1321ی هه‌تاوی (١٩٤٣ز) به پله‌ی ستوان دووه‌م، زانكۆی ته‌واو كرد و بووه به فه‌رمانبه‌ری هێزی فڕۆكه‌وانی ئیسفه‌هان.
خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 1325دا (١٩٤٧ز) به پله‌یه‌ك به‌رزتر و به هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی دیموکراتی ئازه‌ربایجان پێویستی به فڕۆكه بوو، جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ی له ئه‌ستۆ گرت و له‌گه‌ڵ ستوان یه‌كه‌م عه‌لی جوودی به دوو فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر به‌ره‌و ئازه‌ربایجان هه‌ڵفرین و تێكه‌ڵ به حكومه‌تی دیموکراتی ئازهربایجانبوون و هێزی ئاسمانی قشوونی فیرقه‌یان دامه‌زراند.
له 19ی تشرینی دووەم ساڵی 1325دا (١٩٤٧ز) بۆ ئه‌ركێكی پێ سپێردراو، خۆی و دوو هاوڕێی فڕۆكه‌وانی، ده‌چن بۆ سه‌قز و له‌وێ هه‌واڵی ڕووخانی حكومه‌تی ئازەربایجان و هه‌ڵاتنی جه‌عفه‌ری پیشه‌وه‌ری دەبیستن. له‌و ڕۆژەوه (19/9/1325) (١٩٤٧ز)، چاره‌نووسی ئه‌و و نۆ كه‌سی تر له ئه‌فسه‌رانی هه‌ڵاتوو، به بارزانییه‌كان و ڕێبه‌ری سیاسی و عه‌سكه‌ری ئه‌وان، واته ژەنەڕاڵ مه‌لا مسته‌فا بارزانی گرێ ده‌درێت و بۆ ماوه‌ی چوار مانگ و نیو له ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی شنۆ و به‌رزاییه‌كانی سنوری زاگرۆس له‌گه‌ڵ بارزانییه‌كان به‌ره‌وڕووی سوپای پڕچه‌كوچۆڵی ئێران ده‌بنه‌وه. پاشان به ناچاری له عێراق ده‌بێته په‌نابه‌ر و ماوه‌ی سێ ساڵ له به‌ندیخانه‌كانی به‌غدا و سامەڕا به‌ند ده‌كرێ و خاكه‌لێوه‌ی 1329دا(١٩٥١) له‌سنووری خوسره‌وی ڕاده‌ستی سنوورپارێزانی ئێرانی ده‌كه‌نه‌وه.
[1] حاجی عەلی ڕەزم ئارا، ژەنەڕاڵ و کەسایەتی سیاسی و وەزیری شای ئێران بوو، هەروەها دەستی لە سەرکوتی شۆڕشی سمکۆی شکاکدا هەبوو، دواتر لە لایەن خەلیل تەهماسپی یەکێک لە ئەندامانی گروپی (فیداییەکانی ئیسلام) تیرۆر دەکرێت.
[2] ئافتامات چه‌كێكی ڕووسییه له شێوه‌ی یووزی كه فیشهكدانهكهی وه‌ك شهیتانۆك وایه.
[3] دایگرتین